ئەو بنەمایانەی بۆ هاوسەرگیری گرنگن
July 14, 2011
کۆمەڵایەتی
لە نێو پرۆسەی ژیانی ڕۆژانەدا وبە حوكمی تێكەڵاوبوونی كۆمەڵایەتی كچ یان كوڕ هەمیشە لە بۆسەدا خۆی دەبینێتەوە، هەر كاتێك هەستی كرد كە كەسێك لە بەرچاویدا هەیەو زۆربەی ئەوڕەوشت وتایبەتمەندییانەی كە لەسەر تابلۆ خەیاڵییەكەی كێشاویەتی لەو كچە یان ئەو كوڕە خۆی بەرجەستە دەكات، هەوڵدەدات لێی نزیك بێتەوە و ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ پێك بێنێت.
جیاوازی ئایینی بەلامەوە گرینگ نەبوو
موراد سەفار گەنجێكی تەمەن 33 ساڵە، 2 ساڵە لە بەریتانیا گەڕاوتەوە، هەر لەوێ لەگەڵ كچێكی مەسیحی، ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە، كچەكە بۆتە موسڵمان و ئێستاش لە هەولێر دادەنیشێت، موراد دەڵێت» سەرەتا من هیچ پێوەندیم بە ئاینی ژنەكەمەوە نەبوو، بەلاشمەوە گرینگ نەبوو پەیڕەوی چ ئاینێك دەكات، گرینگ ئەوە بوو لەگەڵی دەگونجام و خۆشمدەویست دواتر خۆی بڕیاریدا ببێت بەموسڵمان ئێستاش ژیانێكی زۆر خۆشمان هەیەو بەبێ كێشە دەژین»
گۆڤار گەردی كوڕێكی تەمەن 24 ساڵانە قوتابی پەیمانگای تەكنیكییە ئەو دەڵێت» من دەمەوێ كچێك هەڵبژێرم كە لە ڕووی رۆشنبیرییەوە زۆرتێگەیشتوو بێت، بەلای منەوە گرینگ نییە جوان بێت یا دەوڵەمەند، بەڵام پێویستە لە ڕووی ئایینیەوە وەكو خۆمان موسڵمان بێت ئەگەر نوێژ نەكات و بەڕۆژیش نەبێت كێشە نییە.
دەمەوێ ئاستی ڕۆشنبیری وەكو خۆم بێت
مەهاباد بەختیار كچێكی تەمەن 18 ساڵە قوتابی پەیمانگای هونەرەجوانەكانە، ئەو جوانیی و ئایین و و دەوڵەمەندی بەلاوە گرینگ نییە و دەڵێت» ئەو كەسەی دەبێتە هاوسەری ژیانم تەنیا دەمەوێ كورێكی تێگەیشتوو بێت، لە بواری هونەرەوە ڕێگا لە كاركردنم نەگرێت. ئەو كچە دەڵێت» هەوڵدەدەم ئەو كوڕەی شووی پێدەكەم وەكو خۆم لە بواری هونەری كاربكات و بڕوانامەی لە بواری هونەرەوە هەبێت، بۆ ئەوەی ئاستی تێگەیشتن و ڕۆشنبیرمان وەكو یەك بێت»
لانە حەمید دەروێش كە ئێستا ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ كوڕێكی هاوتەمەنی خۆی پێكهێناوە، دەڵێت»سەرەتا تەنیا حەزم دەكرد شوو بەكەسێكی دەوڵەمەند بكەم تەنانەت ئەگەر تەمەنیشی زۆر گەورە بوایە بەلامەوە گرنگ نەبوو، بەڵام ئێستا كە شووم بەكەسێكی هاوتەمەنی خۆم كردوە تێگەیشتم كە كچ و كوڕ دەبێ لە تەمەنیشدا لە یەك نزیك بن و تەنیا لەسەر بنەمای لێكەگەیشتن لەژیان، خێزان دروست بكەن.
مامۆستای ئایینی لەمبارەوە چ دەڵێت
بە گوێرەی شەرعی ئیسلام بە هیچ جۆرێك دروست نییە ئافرەتی موسڵمان شوو بە پیاوی مەسیحی یان جوولەكە بكات یا پەیڕەوی هەر ئاینێكی تر بێت، هیچ پیاوێك نابێت ئافرەتێك لەخۆی مارەبكات كە (اهل الكتاب) نییە، واتە خاوەن هیچ پەڕتوكێك نییە، بەڵام كوڕی موسڵمان بۆی هەیە كچێكی مەسیحی بخوازێت واتە (اهل الكتاب) بێت.
مەلا عەبدولرەزاق وتارخوێن و پێش نوێژی مزگەوتی رووناكی دەڵێت» ڕاستە لێك تێگەیشتن لە پێكهێنانی ژیانی هاوسەری گرینگە، بەڵام بە گوێرەی ئایینی ئیسلام بە هیچ جۆریك دروست نییە، ئافرەتی موسڵمان لە پیاوێك مارە بكرێت كافر بێت واتە خاوەن پەرتووك نەبێت هەروەها ئافرەتیشیان لێ مەهێنن «
مەلاعەبدولرەزاق دەڵێت» خوای گەورە دەفەرموێت بەهیچ جۆرێك ئافرەتی موسڵمان لە پیاوی خاوەن پەرتووكی تر مارە مەكەن تا دەبێتە موسڵمان، بەڵام دەكرێت ئافرەتێكی مەسیحی شوو بە كوڕێكی موسڵمان بكات و ئاینەكەی خۆشی نەگۆڕێت»
كۆمەڵگا ئەو بوارەی نەڕەخساندوە
بەهزاد محەمەد توێژەری كۆمەڵایەتی پێیوایە تاوەكو ئێستا لە كۆمەڵگای ئێمەدا كوڕو كچ بەر لە پێكهێنانی هاوسەرگیری باردۆخێكی وایان بۆ نەڕەخساوە تا بتوانن لە یەكتر بگەن و یا خۆیان ئەو هەلەیان وەگیر نەكەوتووە. ئەو توێژەرە دەڵێت» بەداخەوە ئێستا دەبینم، گەنجان كۆمەڵێك پێوەریان لەژیاندا بەلاوە گرینگترە لەوەی كەژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێك پێك بهێنن كە لەسەر بناغەی خۆشەویستی و لێك تێگەیشتن پێك هاتبێ. «
پێویستە بەر لە هەموو بنەمایەك لێك تێگەیشتن هەبێت
توێژەری دەروونی (د.یوسف عوسمان حەمە خۆشناو) دەڵێت» كچ و كوڕ لەناو كۆمەڵگا تەواوكەری یەكترن كە خێزان پێك دەهێنن، ئەویش تەنیا لەسەر بنەمای خۆشەویستی دروست دەبێت كە دەتوانرێت لەسەر كێشەكان زاڵ بێت. بۆیە پێویستە هەر گەنجێك كە بە نیازی پێكهێنانی ژیانی هاوسەگیرییە سەرەتا هەوڵبدات لە ڕەگەزەكەی بەرامبەری تێبگات بە تایبەتی لە بواری دەروونییەوە ئەگەر لە نێوان كوڕێك و كچێك لێكتێگەیشتن هەبوو، ئەوە دەتوانن بەسەر هەموو تەوەرەكانی ژیانیاندا زاڵ بن، بۆیە پێویستە لەئەنجامی پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیری سەرەتا لە هەموو روویەكەوە لێكتێگەیشتن هەبێت.