بەسەربردنی ژیان لای كۆچەرییەكـان لە دەڤـەری حاجی ئـۆمەران

بەسەربردنی ژیان لای كۆچەرییەكـان لە دەڤـەری حاجی ئـۆمەران
ناحیەی حاجی ئۆمەران یەكێكە لەو ناوچە شاخەویانەی كە 180 كیلۆمەتر لەشاری هەولێر دوورە هاوینان خێڵەكان بۆمەبەستی كشتوكاڵ و بەخێو كردنی مەڕو ماڵات ڕوو لەم ناوچەیە دەكەن. بە بەمەبەستی بەسەركردنەوەی خێڵەكان سەردانی ناوچەی حاجی ئۆمەرانمان كرد.
كاتێك گەیشتینە حاجی ئۆمەران سەرەتا چاومان كەوت بە پیاوێك كە ناسرابوو بە (مام زرار) زۆر بەدڵێكی خۆشەوە پێشوازی لێكردین و وتی دەبێت بێن و بچینە ماڵی من بۆ ئەوەی كۆمەڵێك قسەتان بۆبكەم و ماستاوێكی سارد بخۆنەوە، ماڵی لەژێر رەشماڵدا بوو.
هەركە چووینە ماڵەكەی و دانیشتین مام زرار بانگی مناڵەكانی خۆی كرد بۆئەوەی پێشوازیمان لێبكەن. دواتر باسی ژیانی خۆی بۆكردین و وتی :تەمەنم 51 ساڵەو لەساڵی 1977 ژیانی هاوسەریم بەخۆشەویستی پێكهێناوە، هاوسەرەكەم بەناوی خەدیجەیە، ئێستا خاوەنی 9 منداڵین. ئێمە خۆی ماڵمان لەڕانیەیە، لەوێ خانووی خۆمان هەیە ساڵانە لەمانگی پێنجەوە دێینە ئێرە تاكو كۆتایی مانگی نۆ بۆ ئەوەی كشتوكاڵ بكەین و هەروەها بۆ بەخێوكردنی مەڕوو ماڵات.
كاتێك بینیم بووك لەسەر ئەسپ بوو وتم ئەوە هات خەجیج بۆلام
مام زرار دەڵێت «ئەو كاتە سەردەمی ژن بەژنی هەبوو وەكو ئێستا نەبوو كچ و كوڕە ڕازی بن بۆیەكتربن،سەرەتا باوكم رازی نەبوو كچی بدات بەوان، تاوەكو ژن بەژنی بكەین و بۆ ئەوەی خەدیجەم بدەنێ چونكە باوكم خۆی لەوان بەگەورەتردەزانی، بۆی نەدەهێنام لە كۆتاییەكەی من خوشكێكی گەنجی خۆمدا بە مامێكی پیری خەدیجە. ئەوكات ماڵمان لە گوندێك بوو ناوی (میر سەید) بوو ئەو رۆژە من لەگەڵیان نەبووم كە چوون بووكیان هێنا تەنیا ڕیشی خۆم تاشی و چوومەوە لای حەیوان بۆ شوان كردن، لە دوورەوە لەسەرگردێك وەستابووم، بینیم بووكیان هێنا. بە سواری ئەسپ و تەقەیان دەكرد ئەوكات تەقەی بڕنۆی دەكرا و چەند كەسێك بەسواری ئەسپ بەدوای یەك دەڕۆیشتن و بووك لە ناویان دیار بوو، بەجلی سور و زەرد سواری ئەسپ ببوو، بۆ لای من دەهات، منیش دڵم زۆر خۆش بوو وتم هات خەجیج، ئێوارە گەڕامەوە كە لەبن ڕەشماڵ بووكیان بۆم ئامادەكردبوو وتم یاخوا بەخێربێ خەجیج.
خەجیجە ئیبراهیم هاوسەری مام زرارە دەڵێت» ئێمە هەر لەسەرەتاوە لە خانەوادەیەكی قەرەباڵغ بووین و خەریكی بەخێوكردنی ئاژەڵ بووین، كاتێك ژیانی هاوسەرگیریم كرد و بە ئەسپ و ماین منیان گواستەوە، بە جلی كوردی سپی و زێریكی زۆرم لەبەر كردو تولەیەكی سوورم لەسەر دانرا بوو
عاشقایەتیەكەی وەكو شیرین و فەرهاد بوو بەلایەوە
ئەو پیاوە باس لەوە دەكات كە چەندە عاشقی ژنەكەی بووە، بەقسەی خۆی زۆر ماندوو بووە تاپیانداوە، بەڵام پێش ئەوەی ژن بێنێت چەند ساڵێك عاشقی بووە، ئەو پیاوە عاشقاتی خۆیان وەكو شیرین و فەرهاد پێناسەدەكات كە ئەوەندە عاشقی بووە نەیتوانیوە بیبینێت و قسەی لەگەڵ بكات، تا ئەوكاتەی هێناویەتی .
خەدیجە وەك باسی دەكات و دەڵێت: بەیانیان زوو هەڵدەستین لەگەڵ نوێژی بەیانی منداڵەكانم و مەڕەكان دەبەین بۆشاخ و منیش سەماوەر پێدەكەم و و چایی بۆ منداڵەكان لێدەنێم و نانیان پێدەدەم دواترتا نیوەڕۆ خەریكی دروست كردنی پەنیرو ماست و كاركردنی ناو ماڵ دەبم، دوای ئەوە نیوەڕۆ دەگەڕێینەوەو مەڕەكان دێنینەوەو ئێنجا مەڕەكان دەدۆشم، دووبارە پەنیری لێ دروست دەكەین بەشێكی لۆخۆمان لێ دەگێرینەوەو ئەوەی تر دەفرۆشین.
پاسەوانەكان بوونەتە هۆی ئەوەی بێزارمان بكەن
ئەو شوێنەی مام زرار لێی دەژیت و مەڕەكانی لێ بەخێودەكات دەكەوێتە سەر سنووری ئیران كە لەو شوێنە خەڵكێكی زۆر كوردی ڕۆژهەڵاتن كەلوپەل دەگوزانەوە بۆ ناو وڵاتی ئیران لەسەر ئەو سنوورە، پاسەوان هەیە كە عەجەمن، ئەو پاسەوانانە بوونەتە هۆكاری بێزاركردنی ماڵی مام زرار كە رێگا لە ئاژەڵەكانیان دەگرن و ناهێڵن بۆ هەموو شوێنێكی ببەن و پێوەندی بە ئاسایشی حاجی ئۆمەران دەكەن و سكاڵا لە مام زرار دەكەن، ئەمە بۆتە هۆكاری ئەوەی كاریگەری لەسەر بەخێوكردنی ئاژەڵەكان دروست بێت و بێزارمان دەكەن.
توندوتیژی بەرامبەر بەژن باوی نەماوە
سەبارەت بەتوندوتیژی دژ بەژنان مام زرار وتی « ئێمە لێرە هیچ كێشەی توندوتیژمان نییە، لەگەڵ ئافرەتەكانمان وەكو پێشوو نەماوە، چونكە جاران ئەگەر كچێك بیووتبایە شوو بە كوڕێك دەكەم بەدڵی خۆم بێت، ئەوە خەنجەرمان لەسەر ملی دادەنا. بەڵام ئێستاوەكو ئەو كات نەماوین تێگەیشتوو بووین گوێ لە داواكاری كیژەكان و ژنەكانمان دەگرین. مام زراربەنموونە باس لەوەدەكات كاتێك كوڕەكەی عاشقاتی كردووە، ئەوان ڕازی نەبوونە بچنە خوازبێنی ئەو كچە چونكە خوێندنی هەبووە بەڵام كچەكە وتویەتی ئەگەر نەیەنە خوازبێنیم خۆم دەسووتێنم، مام زراریش دەڵێت كاتێك بینیم كوڕەكەمی ئەوندە خۆشدەوێ بەسێ ڕۆژ مارەمان كردو گواستمانەوە بە دەهۆڵ و زوڕنا، ئێستا وای لێهاتووە هەموو كچێك و كوڕێك بەدڵی خۆیان ژیانی هاوسەرگیری پێك دەهێنن.
دڵم دەچێتە سەر هەموو كچێك
مام زرار وەك باسی دەكات و دەڵێت « دڵم دەچێتە سەر هەموو كچێك، من ژنێكی ترم هێنا ئەو كات ماڵمان لە شاری بوو، هەر لە كۆڵانی ئەوان دەسوڕامەوە، دوای ئەوە بە حەفت مانگ هێنام و تەڵاقیشمدا، چونكە هەر خەجیجم خۆشدەویست .
هەندێك جار دڵ پیسی لەمێردەكەی دەكات
خەجیج ئەوە دەخاتەڕوو كە هەندێك جار دڵپیسی لە زرار دەكات بەتایبەت ئەوكاتانەی كە بە مۆبایل قسە دەكات، بەڵام دەڵێت جارێك ژنی هێناوە بۆیە ترسم لەسەر نییە كەجارێكی تر ژن بێنێتەوە.
كەخۆم دەڕازاندەوە ئەوكات خەجیج زانی ئاشق بوویمە
مام زرار لەبارەی ژنی دووەمی دەڵێت «كە ژنم هێناوە ئەوكات من هەر خۆم جوان دەكردو دەچوومەبازار ئینجا خەجیج ئەوكات زانی من ئاشقی ژنێكی ترم. خەجیج گەڕایەوە ماڵی باوكی چوومەوە بە دوایدا و هێنامەوە، پەنیریشم لیان وەرگرت بۆ ژن هێنانەكەم .
بەمۆبایل ئاشقایەتی دەكات
ئەو پیاوە دەڵێت : تا ئێستاشی لەگەڵ بێت هیوایەتم ژنی جوانە، زۆرجار بە مۆبایل ئاشقاتی دەكەم و داوای خۆشەویستی لە ژنان دەكەم و بەتایبەت ژنەكانی سەر سنوور زۆر جوانن هەندێكجار ڕازی دەبن و هەندیكجار ڕەفزم دەدەنێ.
بە هیچ جۆریك قبوڵم نییە كچەكەم حەزحەزۆكێ بكات
مام زرار لەبارەی ئەوەی گەر كچەكەی خۆشەویستی بكات وتی» بە هیچ جۆریك قبوڵم نییە كچەكەم حەزحەزۆكێ بكات و لەبن سەری من خەریكی دڵداری بێت، بێ ئەوەی من بزانم، بەڵام ئەگەر كچەكەم كوڕێكی خۆشویست، ئەوە بابێت بە دایكی بڵێت بۆ ئەوەی من ڕازی بم و كچەكەی خۆمی بدەمێ.
حەزم بەژیانی شارە نەك ژیانی خێڵایەتی
بەشدار زرار تەمەن 27 ساڵە خوێندنی واز لێهێناوەو لەگەڵ باوكی كاردەكات، ئەو گەنجە بیركردنەوەی پێچەوانەی باوكیەتی ئارەزووی لەو جۆرە ژیانە نییە و دەڵێت» لە منداڵییەوە لەو جۆرە ژیانە دەژیم، زۆر ئارەزووی ژیانی شاردەكەم؛ ئەگەرچی لێرە لەڕووی تەكنەلۆژیاوە هەمووشتێكمان هەیە وەكو ئەنتەرنێت و تەلەفزیۆن، بەڵام من وەكو خۆم هەر حەزم بە ژیانی شارە»
شەوانە كاتی ئەوەمان نییە سەیری تەلەڤزیۆن بكەین
چنار عزیز دانیشتووی حاجیەوە چوار ساڵە ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە، خاوەن یەك منداڵە بەهۆی ئەوەی شووی كردوە لەگەڵ ماڵی خەزووری لە حاجی ئۆمەران لە ژێر رەشماڵەكان ژیان بەسەردەبات و ماڵی خەزووری خەریكی چاندنی تەماتەو خەیار و كولەكەن ئەو ژنە دەڵێت» سەرەتا زۆر ناخۆش بوو كە لەگەڵ مێردەكەم بێمە ئەو شوێنە بۆ كاركردن بەڵام ئێستا فێربوومەو ڕاهاتووم، زۆرم حەز بەو ژیانەیە، رۆژانە من خەریكی كاركردن و چێشت لێنان دەبم تا ماڵی خەزوورم و هاوسەرەكەم دەگەڕێنەوە، دوای ئەوە دووبارە دەست بە چاندن دەكەنەوە، شەوانە زوو دەخەوین بەهۆی ئەوەی رۆژانە هیلاك و ماندوین كاتی ئەوەمان نییە خۆمان بە تەلفزیۆن و ئەو بابەتانەوە خەریك بكەین.
Top