ژنێكی دووگیان دەخنكێندرێت و فڕێدەدرێتە بیرێكەوە
July 9, 2011
کۆمەڵایەتی
نووسراوێك لە لیژنەی بەرگری لە مافی ئافرەت لە 19/5/2011 ئاڕاستەی پەرلەمان دەكرێت بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر كوشتنی ژنێك كە كۆرپەلەی لە سگی بووەو خنكێندراوە .
كچێكی تەمەن 20 ساڵە لە 12 ساڵی بەشوو دەدرێتە كوڕە مامێكی، دوای ئەوە باوكی بە تەڵاقدانی دەدات و لەلایان كەسوكاریەوە لە ساڵی 2010 دەكوژرێ وبەدووگیانی فڕێدەدرێتە بیرێكەوە لە گوندی سەید ئەمین ئێستا بە نووسراوێكی ڕەسمی دەستەی لێژنەی ژنانی پەرلەمان لێكۆڵینەوە لەو بابەتە دەكات.
***
جووتە گوارەو وێنەكەم داوتە كورێك
كچێك بە ناوی (پ،خ،ر) لە تەمەنی 12 ساڵییەوە لە كوڕی مامێكی بەناوی (ن) كە پیشەی كرێكارە مارەدەكرێت و دەگوازرێتەوە دوای ئەوە ماوەیەك پێكەوە دەژین و كچەكە دووگیان دەبێت و ناڕەزایی (پ) بەرامبەر (ن) دروست دەبێت، باوكی (ن) تەمەن 44 ساڵە شوفێری تاكسیە دەڵێت» كوڕەكەم لەگەڵ كچی مامی ژیانی هاوسەرگیری پێكهێنا كێشەیەكیان نەبوو دوای ئەوە ڕۆژێك بووكەكەم گوارەی بزردەكات و كوڕەكەم لێیدەپرسێت و ئەویش دەڵێت: جووتە گوارەكەو وێنەیەكی خۆم داوەتە كوڕێك، پاشان (پ) ئەو بابەتەی لای (ب) خوشكی باس كردبوو دوای ئەوە هەواڵەكە گەیشتبووە باوكی و رۆژێك باوكی هات (پ)ی لەگەڵ خۆی بردەوە ماڵی خۆی لە دیبەگە، ئەوكات من و خێزانەكەشم لەگەڵیان چووین بۆ ئەوەی ئەزیەتی (پ) نەدات، دوای رۆژێك من و خێزانەكەم هاتینەوە، (پ) لە ماڵی باوكی مایەوە چونكە باوكی ڕازی نەبوو بەگەڕانەوەی، لەدوای سێ رۆژ من و خێزانەكەم دووبارە ڕۆیشتینەوە ماڵی براكەم بۆ ئەوەی بووكەكەم بگەڕێنمەوە،بەڵام هەر ڕازی نەبوو دوای ئەوە باوكی تەلەفۆنی بۆ كوڕەكەم كرد، ئەویش چوو بۆ ماڵیان ناچاری كردبوو كە كچەكەیان تەڵاق بدات، دوای 3 مانگ لە تەڵاقدانی (پ) كوڕەكەم ژنێكی تری هێناو ئێمە لەو كاتەی ئەو ژنە تەڵاقدراو هیچ پێوەندییەكمان لە نێوان نەماوە»
خاوەن 7كوڕیش بم لەگەل مێردەكەم ناژیم
دایكی (ن) ژنی ماڵەوەیە، تەمەنی 45 ساڵانە دەڵێت» لە ساڵی 2008 بوو ئێمە هاوسەرگیریمان ڕێكخست بۆ كوڕەكەم لەگەڵ (پ) ئامۆزای سەرەتا هیچ كێشەیەكیان نەبوو، دوای ئەوە بە كوڕەكەم رازی نەدەبوو، چونكە پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كوڕێكی تر هەبوو، نازانم ناوی چی بوو، چونكە جووتە گوارەی بزرببوو كە پرسیارمان لێ كرد وتی لەگەڵ وێنەكەم داومەتە كوڕێك هەروەها پ بەمنی وت ئەگەر خاوەنی (7) كوڕیش بم ناتوانم لەگەڵ مێردەكەم بژیم، بەڵام دوای ئەوە باوكی بەو كێشانەی زانی و هات كچەكەی خۆی بەتووڕەیی بردەوەو هۆكاری توڕەبوونەكەشی ئەو جووتە گوارەیەبوو كە دایبوو بەو كوڕەی پێشوو، كە پێوەندی هەر لەگەڵ مابوو، ئەو كات ئێمە سكاڵامان تۆمار نەكرد، چونكە وتمان كێشەكە بەڕێگای عەشائیری چارەسەر ئەكەین، ئێمە چەند جارێك چووینەوە داوامان كرد بگەڕێتەوە، باوكی هەر ڕازی نەبوو بیگەڕێنێتەوە تا كچەكەی خۆی بە تەڵاقدان دا لە كوڕەكەم، لەو كاتەوە ئێمە هیچ پێوەندیمان بە (پ) نەمابوو هاتووچۆشمان نەمابوو»
دایكم وتی لەگەڵ كوڕێك لە بەردەرگا قسەدەكات
هاوسەری (پ) پیشەی كرێكارە دانیشتووی گوندی قەتەویە (ن،ف،ج) كە ئامۆزای خۆی خواستوە دەڵێت» مام واتە خەزورم ئەو رۆژە بۆیە هاتبووە ماڵمان چونكە من تەلفۆنم بۆ كردبوو بۆ ئەوەی ئامۆژگاری كچەكەی بكات كەچی هات كچەكەی خۆی بردەوەو بەتەڵاقدانی دا» ئەو كوڕە دەڵێت» لە ڕاستیدا من خۆم هیچ ڕەوشتێكی گوماناویم لە ژنەكەم نەبینی بوو، بەڵام دایكم چەند جارێك ئاگاداری كردمەوەو ئامۆژگاری دەكردم كە واز لەو ژنەم بێنم چونكە چەندجارێك لەبەر دەرگا لەگەڵ كوڕێك قسەی كردوە، جووتە گوارەكەشی پێداوە، ئەوكات خێزانەكەم دووگیان بوو منیش پێمگوت دەبێت ئەو منداڵەت هی من بێت!! ئەو كات سكی پێنج مانگ بوو بەڵام باوكی هات بردیەوە ماڵی خۆیان، ئەگەرچی دایك و باوكم و خۆشم چووین بۆ ئەوەی بیگەڕێنینەوە بەڵام باوكی رازی نەبوو، دوای ماوەیەك من هەواڵی كوشتنی (پ) لە (س) خەسووم گوێ لێبوو كە ژنەكەم كوژراوەو بەدەستی باوكی و گوێبیستیش بووم كە كەسێكی تر دەستی لە كوشتنەكەیدا هەبووە بە ناوی (ص،ر) ئیتر هیچ زانیاریم نییە لە كوشتنی ئەوكچە و ئاگاداریش نیم كە چۆن كوژراوە»
كوشتیان و فڕێیانداوەتە بیرێكەوە
لە 8/6/2011 شاهێدێك چەند وتەیك دەدات بە نهێنی و ڕازی نابێت ئاشكرا بكرێت وزانیاری هەیە دەربارەی كوشتنی ئەو ژنە و دەڵێت « بەر لە كوژرانی (پ) لەگەڵ پیاوێك گیراوە بەڵام كەسوكاری (پ) پیاوەكەیان جێهیشتووەو نەیانكوشتوە دوای 3 رۆژ كچەكەی خۆیان كوشتووە» ئەو كەسەی شاهیدی بەنهێنی دەدات و دەڵێت» بەگوێرەی زانیاریەكانی خۆم هەریەك لە باوكی و لەگەڵ 4 ئامۆزای تری بە ناوی (ش، ب، ف، ب) لەگەڵ چەندین كەسی تر لە خزم كەسوكاری كە ناوەكانم لە یاد نییە دەستیان هەیە لە كوشتنی (پ) ڕووداوەكەی بەباشی لەیادم نییە، بەڵام دەزانم ناوبراویان بردۆتە گوندی (سەید ئەمین) لە ناحیەی گوێر لە مەخمور لەوێ خنكاندویانە هەر لە بیری گوندی سەید ئەمین فڕێیانداوە.