دەستگرتن بەسەر باندێكی لەشفرۆش كە لە رێی ئینتەرنێتەوە دامەزراوە
July 9, 2011
کۆمەڵایەتی
لەو كاتەوەی سیستمی جیهانگەرایی هاتۆتە ئاراوە، ئینتەرنێت كاراترین كەناڵی كۆمۆنیكەیشنە، هەرچەندە سەرەتا لە شەڕی ساردا لە لایەن ئەمەریكاوە ئەم تۆڕە جاڵجاڵۆكەییە بە مەبەستی هەژموونگەرایی سەربازی دامەزرێنرا، دواتر بازنەی بەكارهێنانی فراوان بوو، ئەمڕۆش ئینتەرنێت بە ئامانجی بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاری بۆ كۆمەڵگە، دنیای خستۆتە ناو شووشەیەكی شەفافەوەو لە كەمترین ماوەدا و بە تێچوونێكی هاكەزایی و بێ چاودێری و فلتەرو سانسۆر، مرۆڤ دەتوانێت تەیمانی ئەمسەر بۆ ئەو سەری جیهان بكات، ئەم كەناڵە مەڵتی میدیایە وەك تەلەڤزیۆن نییە كە بە تەنیا وێنەو داتاو كەیسی زانیاری لێ وەربگیرێت، بەڵكو دەتوانرێت بەهۆیەوە بیرو حەزو شتەكانی خۆت بدەیت یان ببەخشیت، ئیتر وەك زۆربەی ئامڕازەكانی دیكەی زانستی وایە، كەسانێك هەن بۆ كاری جوان و جوامێرانەو باش جڵەوگیری دەكەن یان لەبڵاوكردنەوەی وتەو كردەو بیری سوودبەخشدا بەكاری دەهێنن، هەشن دەیكەنە ئامڕازێك بۆ پیلانگێڕی و تۆقاندن و بە داوەوەكردنی خەڵكی و پێشێلكردنی ئازادی خوڕەوشتی گشتی كۆمەڵگە و تاد..
چ بە بڵاوكردنەوەی بێ ئابڕوویی و تانەو تەشەرلێدان و داوێن پیسی یان بۆ بەفاقەوەكردنی كچان و كوڕان بەبزواندنی سێكسی لەژێر ناوی پێوەندی خۆشەویستی و گەڕان بە دوای هاوسەرگیریدا...
زۆربەی وڵاتانی دنیا بە ئەمەریكاشەوە لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ نەهێشتنی خراپ سوودوەرگرتن لەم ئامڕازە، وەك چۆن ساڵێكیان سیناتۆر (ئێدوار كینیدی) ڕایگەیاند (( پێویستە لەسەر وڵاتان كۆنترۆڵی باری سێكسی بكەن لەسەر تۆڕەكانی ئینتەرنێت، وەك چۆن كار بۆ رێنمایی كردنی نەهێشتنی تیرۆر دەكەن..))
ناهەمواری و تەشەنەسەندنی تاوانە سێكسییەكان لە جیهاندا، پسپۆرانی (یۆنسكۆ)ی هاندا، ساڵی 1999 لە ڤیێنا كۆنگرەیەك سازبكەن تا هاریكاری وڵاتان بێت بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوانە سێكسییانەی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە مناڵانی خوار تەمەن 18 ساڵی تێدا دەبنە قوربانی، تەنانەت لەسەر ئاستی باڵاوە هەندێك لە حكومەتەكان لەگەڵ مایكرۆسۆفت و گۆگڵ بە نهێنی دادەنیشن تا چەند پێگەیەك لۆك بكەن یان فیلتەریان بۆ دابنێن یان درەنگانێكی شەو بكرێنەوە، بە تایبەت ئەو پێگانەی كە واڕسكی ئیباحی لە ناخدا دەچێنن، مناڵان و هەرزەكاران بۆ كاری سێكسی لابەلا دەبزوێنن و لە ناو كۆمەڵگەدا بە تایبەتی لە كۆمەڵگە موحافزكارەكاندا كەتن و تاوانی لێ دەكەوێتەوە..
دۆسیەی ئەم جارەمان تایبەتە بە قەزییەی ئافرەتێك كە ئێستا لە زیندانەو بە داخەوە بە تاوانی لەشفرۆشی بۆ ماوەی دوو ساڵێك بەندكراوە، كە لێرە یەكەمین قوربانی چەتەگەری سۆزو عاتیفەی سەر ئینتەرنێتە، ئەم ئافرەتە هەرلەوەتەی شووی كردووە، شەش ساڵان منداڵی نەبووەو مێردەكەشی بۆ كاسپی زۆربەی كاتەكانی بەسەفەری وڵاتانەوە بووەو دواتریش ژنی دووەمی هێناوەتەوەو بە تەواوی ئەم خانمەی لە ڕووی سۆزو عاتیفەو پێداویستی جەستەییەوە فەرامۆش كردووە، تەنیایی بەردەوام و خووگرتن بە ئینتەرنێتەوە بۆ ماوەیەكی زۆر بووەتە پیشەی ڕۆژانەی؛ تا لەو ڕێگەیەوە بەدوای گەرم و گوڕی ئەو حەزوسۆزەدا بگەڕێت كە پیاوەكەی لێی بڕیوە، بە مەسیج و چاتكردن زۆر هەرزەكارو گەنجی كردۆتە هاوڕێی خۆی و جار هەبووە شەو تا بەیانی بەردەوام لە پێوەندیدا بووەو تا پیاوێك بە ناردنی شیعرو وێنەو نامەی دڵدارییەوە زۆرترین كاتی بۆ تەرخان كردووەو ئەمیش بەو پیاوەوە گرفتار بووەو زۆر لە نهێنیەكانی ژیانی خۆی و مێردەكەی بۆ دركاندووە ..
دوای ماوەیەك ئەو پیاوە داوای لێ كردووە كە ئامادەیە ئەو بۆشاییە ڕۆحی و عاتیفیانەی بۆ پڕ بكاتەوە كە هەیەتی دواجاریش قەناعەتی پێ هێناوە تا بێت و لە نزیكەوە، هەر لە ماڵی ئافرەتەكە خۆی، لەو كاتانەی مێردەكەی لە سەفەر دەبێت یەكتری ببینن، ئیتر ئەم پیاوە هەموو جۆرە شێوازێكی دەروونی و فروفێڵێكی خۆی بە پلانەوە خستۆتەگەڕ تا قەناعەتی پێ هێناوە، بە ڕێگەی ناشەرعی سێكسی لەگەڵدا بكات، پاش تێپەڕینی چەند مانگێك، هەرچۆنێك دەبێت، بە وەرگرتنی ناوونیشانی ماڵ و گەیشتنی پیاوەی قۆرخكار بە ئافرەتەكەو فریودان و ڕازی كردنی بۆ ناو جێی خەوتن و وێنەگرتنی بە نهێنی لە كاتی خەوتندا و ئیتر دواتر كە لێی تێر بووە، بە ناوی هاوڕێیەتییەوە بە كابرایەكی تری ناساندووە، ئەویشی پێ فێركردووەو بە هەردووكیانەوە كردویانەتە كاڵایەك بۆ پەیدا كردنی پارەو پوول و دامركانەوەی چڵێسی..
كاتێك ئافرەتەكە لەم هەوەسبازی و خەونە سەرەڕۆو تووشەی خۆی بەخەبەردێتەوە، ئینجا دەزانێت كە چەند ساویلكانە لە ئینتەرنێتەوە هەڵخەڵەتێنراوە، بەڵام چی بكات، تازە كار لە كار ترازاوەو، هەم لە لایەن گەڕەك و هەندێك لە كەسوكاری مێردەكەیەوە گومانی خراوەتەسەرو هەم لە لایەن پیاوەكەوە گوشاری زیاتری بۆ دێت تا بەردەوام بێت لەگەڵ خۆی و برادەرەكەیدا كە هەردووكیان بوونەتە شەریكە بەش و ئەمیان كردۆتە كۆمپانیا تا غەریزەكانی خۆیانی پێ دامركێننەوەو جاربەجاریش لە ڕێی لەشی ئەمەوە دەخیلەكەیانی پێ پڕ بكەن..
پۆلیس لەوەڵامی شكایەتی بەردەوامی كۆڵان و دواتر برایەكی مێردەكەیدا بەسەر ماڵی ئافرەتەكەدا دەدەن و جگە لەو دووداوێن پیسەی لەگەڵی خەوتبوون، گەنجێكی هەرزەكاریش لەوێ دەگرن و دەست بەسەر مۆبایلی پیاوەكەشدا دەگیرێت كە چەندین گرتەی ئیباحی خۆی لەگەڵ ئەو ئافرەتەدا تێدا تۆماركردبوو، بەناوی باندی لەشفرۆشییەوە هەموویان دەدرێنە دادگا و چارەنووسی ئافرەتەكەش لە پشتەوەی شیشە ڕەقەكانی زیندانەوە تاریك بووە.