ئاشكراكردنی نهێنییەكانی خۆشەویستی نیگەرانی دەخولقێنێ

ئاشكراكردنی نهێنییەكانی خۆشەویستی نیگەرانی دەخولقێنێ
خۆشەویستی ئەو هەستەیە كە لە ناخی مرۆڤ دروست دەبێت بۆ ڕەگەزی بەرامبەری، بۆیە زۆرجار وای لێدێت مرۆڤەكە ناتوانێت هیچ شتیكی ژیانی لە خۆشەویستەكەی بشارێتەوە، زۆرێك لە كچان و كوڕان كە دەكەونە داوی خۆشەویستییەوە بڕیار دەدەن ڕابردووی خۆیان بۆ یەكتر باسبكەن، كەچی ئاشكراكردنی رازەكان زۆرجار دەبێتە هۆی كۆتایی پێهنانی خۆشەویستییەكەیان.

-ئا: سانه
ویستم هەمووشتێك لە بارەی رابردوومەوە بزانێت
لارا نەبەز كچێكی تەمەن 23 ساڵانە و خوێندكاری كۆلێژی زمانە، ئەو كچە ئێستا دەسگیراندارە، لانە دەڵێت» سەرەتایی دەستپێكی پێوەندی نێوانمان، بڕیارماندا یەكتر زیاتر بەناسین و چونكە ئێمە بۆ هەمیشە پێكەوە دەژین ئەوكاتە بیرم لێكردەوە كە ڕابردووی خۆمی بۆ باس بكەم. ئەگەرچی ڕابردووی من ئەوندە گرینگ نەبووە، بەڵام هەر پێمباش بوو هەموو شتێك لە بارەی ژیانمەوە بزانێت، هەروەها دەستگیرانەكەشم بە هەمان شێوە هەر بابەتێك لە بارەی ڕابردووی خۆیەوە هەیبووە بۆ منی باس كردووە ئێستا هیچ شتێكی شاراوە لە نێوانمان نییە»
ئامۆژگاری كچان دەكەم نهێنییەكانیان باس نەكەن
سارا ناوی خوازراوی كچێكی تەمەن 24 ساڵە كە ماوەی 2 ساڵ پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كوڕێك هەبووە، كاتێك ڕابردووی خۆی بۆ خۆشەویستەكەی ئاشكرا دەكات. ئیتر دانپێنانی ئەو كچە لە ڕابردووی دەبێتە هۆی كۆتایی پێهینانی پێوەندی خۆشەویستییەكەیان، ئەو كچە دەڵێت» وەكو كچێك ئامۆژگاری هەموو كچان دەكەم كە هەرگیز بیر لەوە نەكەنەوە هەستن بە ئاشكرا كردنی ڕابردووی خۆیان لەلای مێردەكانیان، یان ئەو كەسەی كە خۆشیان دەوێ و بڕیارە لە داهاتوودا ببێتە هاوسەری ژیانیان، چونكە بە هیچ جۆرێك پیاوی ئێمە ناتوانێ ئەوە بەخۆی قبوڵ بكات كە بزانێت ئەو كەسەی دەبێتە هاوسەری، پێشووتر لەگەڵ كوڕێكیتر خۆشەویستی كردووە. چونكە ئەو گەنجەی من خۆشمدەویست دوای ئەوەی باسی پێشووی خۆم بۆ كرد، چونكە پێمباشتر بوو لە دەمی خۆمەوە رابردووی منی گوێ لێبێت نەوەك لە قسەوباسی خەڵك، دڵی لە من شكاو گوتی بە هیچ جۆرێك ناتوانم لەگەڵت بژیم.
بەشدار محەمەد كوڕێكی گەنجە، ئەو پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كچێك هەیە بەوتەی ئەو كوڕە لە خۆشەویستەكەی بەهیچ جۆرێك رابردووی خۆی نەشاردۆتەوە، چونكە هەر پرسیارێكی لێكردووە بە راستگۆی وەڵامی داوتەوە دوای ئەوە چووە لە بارەی ئەو كچە پرسیاری كردووە كە بۆی دەركەوتەوە خۆشەویستەكەی لە بارەی رابردوویەوە راستگۆ دەرچووە لەگەڵی بۆیە ئێستا زۆر عاشقییەتی و ئامادەیە بەهەموو شێوەیەك لەگەڵی بمێنتەوە.
ناتوانم كچێك بكەم بە هاوسەرم، وشەی خۆشەویستی بۆ كوڕێكی دیكە بەكارهێنابێت
رێدار مەحمود كە خوێندكاری دوا ناوەندییە دەڵێت» ناتوانم كچێك بێنم كە رابردووی لەگەڵ چەندین كەسی دیكە هەبووە و وشەی خۆشەویستی بۆ چەند كوری دیكە بەكارهێناوە، ئەوە بیر كردنەوەی من و هەموو پیاوێكە كە حەز دەكەن ئەو كچەی دەبێتە هاوسەریان، لەگەڵ هیچ كوری تر رازونیازی خۆشەویستی نەكردبێت، بۆیە ئەگەر هاتوو كچێكم زۆر خۆش ویست لە داهاتوو ئاگاداری دەكەمەوە كە بە هیچ جۆرێك باسی رابردووی خۆی بۆ من نەكات»
خۆشەویستی دەبێتە موڵك
خۆشەویستی لە درەختی سۆز و هەستە مرۆییەكاندا بەرزترین لوتكەی هەیە، خۆشەویستی گوزارشتی تەواوی لەسەرجەم ئەو هێزانە دەكات كە لە مرۆڤدا بەدریژای بوونی دوور و درێژ لەمێژوودا پەری سەندووە، بەڵام ئاخۆ دەبێت چ هۆكارێكی ڕابردوو هەبێت بتوانێ كاریگەری لەسەر ئەو هەموو خۆشەویستییە هەبێت كە دەروونی مرۆڤەكانیش ناتوانێ كۆنترۆڵی بكات و كۆتایی پێبینێت.
سیروان مەحمود توێژەری دەروونی لەو باریەوە دەڵێت»خۆشەویستی بە ناو قوڵترین كانگاكانی دەروونیدا رۆدەچێت، كە بەهیچ جۆرێك لە ژێر كۆنترۆلی مرۆڤەكەدا نییە، بۆیە كاتێك خۆشەویستی لەلایان دووكەسەوە سەر هەڵدەدات، ئەوانە وەكو موڵك سەیری یەكتر دەكەن، بەردەوام پاریزگاری لەیەكتر دەكەن، بەڵام هەندی جار ئەو خۆشەویستییە بوو بەجۆرێك كە وەكو موڵك سەیری یەكتر بكەن كۆمەڵێك تایبەتمەندی دروست دەبێت، كە زۆرجار دەبێتە مایەی كێشە. ئەویش بەتایبەت لە ناو كۆمەڵگای ئێمەدا وایە، چونكە دەروونی پیاو لە كۆمەڵگای ئێمە بە جۆرێك دروست دەبێت كە كاتێك كچێك هەڵبژیرێت بە چاوی كاڵایەك سەیری بكات و بەكار نەهاتبێت وەكو مرۆڤ بیری لێناكاتەوە كە بتوانی ژیان دروست بكات. بۆیە ئەوكات ئەگەر كوڕێك زانی خۆشەویستەكەی پێشتر خۆشەویستی هەبووە، ئامادەیە دەستبەرداری داهاتووی بێت، لە پێناو ئەوەی كە ناتوانی قبوڵی ڕابردووی بكات» ئەو توێژەرە دەڵێت» داوكارم لە هەموو گەنجان كاتێك بڕیاری ئەوە دەدەن لەگەڵ كەسێك ژیان بەسەر ببەن دەبێ بیر لە داهاتوو و ئەو كاتە بكەنەوە كە تێیدا دەژین نەوەك ئەوكاتەی بەسەر چووە، با رابردوو لەبیر بكەن»

پێویستە گرینگی بە رابردوو نەدەن
بەهزاد محەمەد توێژەری كۆمەڵایەتی پێیوایە بەهۆی ئەوەی هەر لە كۆنەوە پیاو باڵادەست بووە و داواكار بووە، كچیش ئەوە بووە كە داواكراوەكەیە، بۆیە بەردەوام وا بووە كە كچەكە هەموو حەزەكانی بە دامركاوی بمێنێتەوە، ئەگەر هاتوو لەگەڵ كورێك خۆشەویستی كرد ناتوانێ بیدركێنی، چونكە دڵنیایە لەوەی كە لە داهاتوو ئەگەر لەگەڵ ئەو كەسە بەیەك نەگیشتن، دەبێتە لەكەیەك بەسەر ناوەكەی كوڕەكانی ئێمەش بەرگەی ئەو جۆرە بیر كردنەوە ناگرین» بەهزاد ئاماژە بەوەش دەدات، كە پێویستە گەنجانی ئێمە هەوڵبدەن ئەو جۆرە بیركردنەوە بگۆڕن تا ئەو كەسەی هەڵدەبژێرن ژیانی لەگەڵ دروست بكەن و گرینگی بە ڕابردوو نەدەن لە ڕابردووی یەكتر نەپێچنەوە»
Top