ئەو چرایانەی دوای هاوسەرگیری دەكوژێنەوە

ئەو چرایانەی دوای هاوسەرگیری دەكوژێنەوە
***
كچ پێش ئەوەی ژیانی هاوسەری پێك بێنێت حەز دەكات هەمووكات بەجوانترین شێوە خۆی نیشان بدات و خۆی جوان بكات، بەڵام دوای ئەوەی كە ژیانی هاوسەری پێك دێنێت ڕۆژ بەڕۆژ وەك جاران بایەخ بەخۆی نادات، وەك ئەوە وایە چرایەك بێ بكوژێتەوە.
***

-بەهرە سدیق

ئافرەتانی فەرمانبەر زیاتر گرنگی بەخۆیان دەدەن نەوەك ژنی ماڵەوە
دەریا حەوێز ئەو ژنەیە كە بۆ ماوەی 6ساڵە ژیانی هاوسەری پێك هێناوە، دەریا پێی وایە، گرفتی هەرە سەرەكی ئافرەت ئەوەیە كە دوای شووكردن ئەو توانا و ئەو كاتەی پێشوو تر هەیبوو، نامێنێت. بۆیە دەڵێت: لە قۆناغی كچێتیدا بەئارەزووی خۆی دەتوانێت گرنگی بەخۆی بدات،دوای شووكردن بەهۆی زیادبوونی ئەركەكانی سەرشانی، بەتایبەتی دوای منداڵ بوون ناتوانێ وەك جاران گرنگی بەخۆی بدات، ئەوانەی كە فەرمانبەرن تا رادەیەك باشترن گرنگی بەخۆیان دەدەن لەبەرئەوەی تێكەڵاوی خەڵك دەبن و دەچنە دەرەوە زیاتر گرنگی بەجل و بەرگ و مكیاژیان دەدەن، بەڵام ئەوانەی لەماڵەوەن زیاتر هەر خەریكی ئیش و كاری ماڵەوەن و كەمتر گرنگی بەخۆیان دەدەن»

پیاو خۆی هۆكاری سەرەكی گرنگی بەخۆنەدانی ئافرەتە
پەروین ئەبوبەكر ماوەی چەند مانگێگە ژیانی هاوسەری پێك هێناوە گرنگی بەخۆنەدانی ئافرەت دەگەرێنێتەوە بۆ فەرامۆش كردنیان لەلایەن پیاوەكانەوە، پەروین پێیوایە، هۆكاری سەرەكی بۆ ئەو بابەتە، پیاوە چونكە ئەوان گرنگی زۆر بە خێزانەكانیان نادەن و فەرامۆشیان دەكەن، ئەمەش وادەكات ئەوان گرنگی بەخۆیان نەدەن بۆیە پیاوان دەورێكی گرنگیان دەبێت لەخۆجوانكردن و چاك كردنی خێزانەكانیان، ژنان پێویستیان بەقسەی خۆشەو دەبێ وایان لێ بكرێ و بۆیان روون بكرێتەوە كە گرنگن لای مێردیان، ئەوبایەخەی كەبەخۆیانی دەدەن لەوانەیە زیاتری بۆ پیاوەكانیان بێت ئەگەر پشتگیری لەلایەن ئەوانەوە نەبێت ئەوا دڵیان سارد دەبێت.

ژنان خۆیان دەبنە بەربەست لەبەر دەم خۆیان
هاژە سەباح توێژەری كۆمەڵایەتی دەڵێت: دیارە كچان پێش ئەوەی زەواج بكەن بوونی ئازادیەكی گەورە لەژیانیان هەیە، كچانی گەنج زیاتر گرنگی بەخۆیان دەدەن و بواری زیاتر هەیە بۆ چۆنییەتی هەڵبژاردنی ئەوجلو بەرگانەو ئەو ستایلەی كەلەبەری دەكات یان خۆی پێ دەرازێنێتەوە، بەشێوەیەك كە لەگەڵ حەزوو ئارەزووەكانی بگونجێت، نەبوون و نەڕەخسانی ئەو كەشە لەدوای پرۆسەی هاوسەرگیری هۆكاری زۆرە، لەوانە بوونی بەرپرسیاریەتی زۆر كە وا لەخانمان دەكات ئەوەندە گرنگی بەماڵ و مێردو منداڵیان دەدەن. ئەوەندە گرنگی بەخۆیان نەدەن ئەوەندە بیر لەخۆیان نەكەنەوە، نەبوونی كات هۆكارێكی دیكەیە، خانمان وەك پیاوان كاردەكەن چونكە ئێستا پێویستە بۆ بەرێوەبردنی ژیانی رۆژانە شان بەشانی پیاوان كاربكەن و بۆدەستەبەركردنی ژیانێكی باش بۆ منداڵەكانیان، كۆمەڵێ كێشە لەدوای پڕۆسەی هاوسەرگیری روودەدەن. ئەو كێشانە دەبنە هۆی ئەوەی ژنان نەتوانن بەپێی پێویست بیر لەخۆیان بكەنەوە وەك ئەوەی بیر لەكێشەكانیان بكەنەوە و ئەو حەزەشیان نامێنێ بۆ گرنگی دان بەخۆیان، لەسەردەمی كچێتی و ئەو كێشانەی نەبووە كە زۆر كەمترە لەو كێشانەی لەدوای پرۆسەی زەواجەوە روو دەدەن، زۆر لە پیاوان هەن حەز دەكەن لەدوای زەواج ژنەكانیان گرنگی بەخۆیان نەدەن و حەزیان لێیە رەفتە لەسەر بكەن ئەوەش بۆ دڵ پیسی دەگەرێتەوە، یان داب و نەریتی ماڵی مێردەكەی جیایە، پێویستە ژنەكە ئەو كەشە بگونجێنێ كەلەگەڵ داب و نەریتی ئەوان بڕوا، یان هەر مێردەكەی هۆكارە، زۆرجاریش ژنان خۆیان هۆكارن و دەبنە بەربەست لەبەردەم خۆیان وابیر دەكەنەوە تازە ژیانی هاوسەریان پێكهێناوە و پێویست نییە گرنگی بەخۆیان بدەن.

سامان محەمەد كە چەند ساڵێكە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە دەڵێت» لەبەر ئەوەی كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی تەقلیدییە بۆیە ئافرەت پێیوایە كە گەیشت بەو ئامانجەی بۆی هەوڵ دەدات پێویست ناكات ئەو هەوڵانەی كە پێشتر دەیویست بەدەستی بهێنێت و دووبارەی بكاتەوە، بەشێكی تری ئەوەیە ئەو ئافرەتانەی كە شوودەكەن گرێنتی ئەوەیان وەرگرتووە ئەو مێردەی پێی گەیشتوون وازی ئیزنیان پێنادەن، چونكە پرۆسەی هاوسەرگیری هەمیشەییە بۆیە ئافرەت كێشەی ئەوەی نییە گرنگی بەخۆی بدات یان نەیدات، پیاوەكانیش لەرووی هۆشیاری سێكسیەوە لاوازن و هەر چۆنێك بێت خێزانەكانیان بێنە بەردەستیان ئارەزووەكانیان لێ بە تاڵدەكەنەوە، ئەمانە وای كردووە كە ژنان گرنگی نەدەن بە جوانكردنی خۆیان.
Top