بەسەرهاتی نەزیرەو ئاری
June 16, 2011
کۆمەڵایەتی
ئاری دوای ئەوەی بە بەشە میراتی ماڵە باوان نەزیرەی خواستبوو، ماوەی ساڵێك زیاتر بە كەماڵی ئیسراحەتەوە سەری خستبووە سەر سەرینی تەمەڵی و دەست بڵاوی و پارە بەهەدەردان بە گۆڕینی مۆبایلی گرانبەها و تەزبیح و جگەرەی چروود، زۆربەی شەوان لە یانەكانی خواردنەوە داوەتی برادەرانی خۆی دەكردن و بە گۆڕینەوەی ژمارە مۆبایلی كیژانەوەو بە توانج لێدان و دەسبازی گەعدەیان دەبردەسەر، هەر دوو مانگ جارێك ماشێنێكی دەگۆڕی و دواتر بە زەرەر دەیفرۆشتەوە، بەهارانیش لەگەڵ چەند هەرزەكارێكی هاوەڵیدا سەفەری ئەستەنبوڵ و بەیرووت و سقڵیەیان رێكدەخست، نەزیرەشی لە ژوورێكی نهۆمی سەرەوەی ماڵە باوكی خزاندبوو تا خزمەتی دوو دشەكەی بكات، زۆربەی شەوان درەنگ بەسەرخۆشی دەهاتەوەو جاری وابوو لە بەدمەستیدا هەر تاقەتی نەدەبوو بە پلیكانەكانا بچێتە سەرەوەو هەر لەسەر قەنەفەیەكی هۆڵی خوارەوە مرخە مرخی لێ هەڵدەستا و تا یازدەو دوازدەی بەیانی خەبەری نەدەبووەوە، هەر كاتێك نەزیرە بەو پەڕی ئارامی و سەنگینییەوە پێی بووتایە (خۆ گەر ئەو بەشە میراتییە بنی لە دەریاشدا بێت تەواو دەبێت، بۆ كارێك یان دوكانێك ناكڕیت و داهاتووییەكی خۆشگوزەران بۆ خۆمان دابین ناكەیت) ئاری بە فیزو تەوسەوە پێی دەوتەوە (حەدت نییە باسی پارەی من بكەیت، هەر بەو پارەیە تۆشم كڕیوەو سێیانی تری وەك تۆش بە هەرزانتر دەكڕم، بەدڵتە باشە، بەدڵیشت نییە دەرگا ئاچووغە و حوشتری پیا دەڕوات) دەمە دەمێی نێوانیان لەسەر ئەوەی وەك هەموو پیاوان ئەمیش دەستی لەكارو كاسپی گیر بێت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تەشەنەی دەسەند تا ڕۆژێكیان ئاری بە شەق و بۆكس لە نەزیرە بەربوو، كاتێك خوشكەكانی بە پەلە لە ژێر دەستیا دەریانهێنا و پێیان وت (خۆ لە خوێنا نەتگرتووە بۆ وای لێ دەكەیت؟) ئەویش دەینەڕاند (ئەمە شووڵی لێ ڕاكێشاوە بە تەمایە بمكاتە كەرو باركێشی بۆ بكەم، نەیخوات تاڵە، ئەوەی هەمە بۆ خۆشی خۆمەو سەرفی دەكەم و كەسیش بۆی نییە موحاسەبەم بكات، تێگەیشتن یان ئێوەش وەك ئەم تێبگەیەنم؟؟!!)
لەو مامەڵە توندوتیژانەوە نەزیرە وای لێ هاتبوو لەبەر خۆیەوە دەپەیڤی، وەك گوڵێك سیس و ژاكاو هەڵگەڕابوو، هەستی زۆری بە ئازار دەكردو دەرمانی ئارامبەخشی وەرگرتبوو، تا ڕۆژێكیان كاكی بینیبووی، پێی وتبوو (بۆ وا لاوازو بنیساوی بوویت؟ ) ئەمیش خۆی ڕانەگرتبوو لە پرمەی گریانی دابوو، ئەو دیمەنە غەمێكی جەرگبڕی لای كاكی نەزیرە جێهێشتبوو بۆیە بە ئاری وتبوو(وەزعی نەزیرم باش نایەتە بەرچاو، باشتروایە ئاگاداری بیت، ئەو خوشكەم باش دەناسم، لەگەڵ تۆدا بەخەسار چووە)ئەویش وتبووی(كەی من حەقی ماڵی تۆم بوو تۆش ئەو كاتە لە كاروباری ئێمە خۆت هەڵقورتێنە)، ئاری وای زانیبوو نەزیرەی خێزانی سكاڵای خۆی گەیاندۆتە كاكی بۆیە تا شەوێكی درەنگ وەخت لەشەرابی بادەی نۆشی بوو، دواتر كە گەڕبووەوە ماڵەوە هەر لەسەر جێی خەوتن بە پرچ بەرزی كردبووەوەو پێی وتبوو ئادەی بزانم تۆ لە چیت كەمە لەم ماڵەیا، چیت دەوێت ؟ ئەویش پێی وتبوو (دەمەوێت پیاو بیت) ئاریش وتبووی (دە جلەكانت دابكەنە تا پیاوەتیت پێ نیشان بدەم) نەزیر وتبووی (تا كارو كاسپییەك نەكەیت قەد نابیتە ئەو پیاوەی تەمەننای دەكەم) ئاری لە حەژمەتی ئەو قسەیە بۆرییەكی ئەلەمنیۆمی لە ژێر سیسەمەكە دەرهێناوەو نەزیرەی پێ كوتیوە و ماڵە جیرانان بە فریای كەوتون و نیوەی شەو گەیاندویانەتە ئیمرجینسی..