زیادكردنی پێشینەی هاوسەرگیری بازاڕی زێڕنگران گەرم دەكات

زیادكردنی پێشینەی هاوسەرگیری بازاڕی زێڕنگران گەرم دەكات
پێشینەی هاوسەرگیری ئەو ساڵ كە بە زۆرینەی دەنگ لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند كرا، لە یەك ملیۆنەوە كرا بە پێنج ملیۆن، ئەوەش خزمەتكردنێكی گەورەیە بۆ ئەو گەنجانەی كە بەنیازی پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیرن، بەڵام لەگەڵ زیادكردنی پێشینەی هاوسەرگیری كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی بازاڕی زێڕ كردووە.

پێویستە سوودلەو بڕە پارەیە وەربگیرێت
ئارام عبدولڵا ئەو گەنجەیە كە زیادكردنی پێشینەی هاوسەرگیری بە كارێكی زۆر باش دەزانێت، بەڵام ئەو گەنجە پێیوایە پێویستە كچان هەوڵبدەن سوود لەو پارەیە وەربگرن و دەڵێت «واباشترە هەوڵ نەدەن لەو كاتە زێڕێكی زۆر بكەن لەگەڵ ئەوەش من هەرگیز لەگەڵ ئەوە نیم كچ ئەو پارەیە گشتی بەزێڕ بدات، چونكە پێویستە سوود لەو بڕە پارەیە وەربگیرێت بۆ بەرژەوەندی پێكهێنانی ژیانیان نەوەك كڕینی زێڕ، بەڕاستی ئەگەر بێت و ئەو پارەیە بۆ زێڕ دابین بكرێت، ئەوە گەنج دووبارە ڕووبەڕووی كێشە دەبێتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ».
داوای تەنیا 20 مسقاڵ زێڕم كرد
لارە رەسول كچێكی تەمەن 24 ساڵە و ئێستا دەستنیشان كراوە و پێوایە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆتە هۆكارێك بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیەی لە پێشینەی هاوسەرگیری دەدرێت هەموو بەزێڕبدات و نەتوانێت بەشێوەیكی باش چارەسەری كێشەكانی تر بكرێت. لارە دەڵێت «لەكاتی مارە بڕینی خۆم داوای 20 مسقاڵ زێڕم كرد، چونكە دەزانم نرخی زێڕ بەرزبۆتەوە ئەگەرچی زێڕ بۆ ئافرەت گرنگە، بەڵام من بۆ پێكهێنانی ژیانم نامەوێ ئەو بڕە پارەیەی لە حكومەت وەریدەگرین وەكو پێشینەی هاوسەرگیری بە كەمێك زێڕی بدەم، هەوڵدەدەین بەشێوەیەكی تر سوودی لێ وەربگرین».
پێویستە ئەو بڕەپارەیە زیاتر بكرێت
هەورۆ خدر گەنجێكی تەمەن 26 ساڵانە دەرچووی پەیمانگای تەكنیكیە هێشتا دانەمەزراوە و دەڵێت «بڕیارمداوە دوای دامەزراندن ژن بهێنم بۆ ئەوەی بتوانم سوود لە پێشینەی هاوسەرگیری وەربگرم». ئەو پێوایە ئەو پێشینەیەی هاوسەرگیری پێویستە زیاتر بكرێت، چونكە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەل بەتایبەت زێڕ وادەكات كێشەكانی بەردەم گەنجەكان بەردەوام بێت».
لە هەموو جیهان نرخی زێڕ بەرزبۆتەوە
محەمەد ئەبوبكر خاوەن دوكانی زێڕنگرییە كە 15 ساڵە كاری زێڕنگری دەكات و دەڵێت «راستە ماوەیەكە نرخی زێڕ بەرز بۆتەوە، ئەو هۆكارەش دەگەڕێتەوە بۆ بۆرسەی جیهانی كە دواكاری لەسەر زێڕ زۆرە، ئەمڕۆ نرخی یەك مسقال بە 260 هەزارە لەگەڵ ئەوەی بڕیار وایە پێشینەی هاوسەرگیری ببێتە پێنج ملیۆن كە ئەمەش وایكردووە داوكاری لەسەر زێڕ زۆر بەرزبێتەوە و خواستی خەڵك بۆ زێڕكڕین زۆرە، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەوەش هۆكاری دووەمە كە كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەیە لە بازاڕی كوردستان».
بەهۆی داوكاری زۆرە لەسەر زێڕ
كەژاڵ محەمەد توێژەری ئابووری دەڵێت «دەمێكە نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە دایە، بەڵام دەتوانم بڵێم زیادبوونی پێشینەی هاوسەرگیری وایكردووە كە كاریگەری لەسەر بازاڕی زێڕ هەبێت ئەوییش بەهۆی دواكاری لەسەر زێڕ، چونكە لە كوردستانی ئێمە بازرگانەكان بەو جۆرە راهاتوون كە داوكاری لەسەر بابەتێك زۆربێت هەوڵدەدەن باشترین داهات بەدەست بێنن لەرێگەی ئەو شمەكەی دواكاری زیاتر دەبێت، بۆیە پێویستە كچان و كوڕان بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕە پاریە بكەن بۆ ئەوەی سوودی بۆیان هەبێت».
Top