ئایا پیاوان دەخـوازن چ جۆرە هاوسەرێكیان هەبێت

ئایا پیاوان دەخـوازن چ جۆرە هاوسەرێكیان هەبێت
پیاوان هەمیشە هەوڵی بەردەوام دەدەن كە ئەو هاوسەرەی دەستنیشانی دەكەن بەئارەزووی خۆیان بێت، واتە دەیانەوێت ئەو ژنە كەسایەتییەكەی وەك كەسایەتی ئەوان بێت، ئەوان بە ئارەزووی خۆیان چییان بوێت پێی بكەن.
ئامادەكردنی: دیار

نازم ئەحمەد كورەچی دوكانداری جلوبەرگی ئافرەتان لەبازاڕی قەیسەری ناوشاری هەولێر وای بەباش دەزانی كە پێویستە ئافرەت لەماڵەوە دابنیشێت و خزمەتی ماڵ و مێردی خۆی بكات و دەبێت بە بەردەوامی خزمەتی میوانی مێردەكەی بكات، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە ئەو ژنەكەی لە ماڵەوە داناوە و تەنیا خزمەتی ماڵی پێدەكات و ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە ئەو تەنیا رێگەی بەژنەكەی داوە كەلە هەفتەیەكدا تەنیا رۆژێك بچێت بۆ ماڵی باوكی، واتە چوونە دەرەوەی بۆ ژنەكەی دەستنیشانكردووە و ناهێڵێت بچێت بۆ دەرەوە، لەبەر ئەوەی كەدڵی لە ژنەكەی پیسە و ئەو لەكاتی كاركردنیدا لەناو بازاڕدا زۆر شتی لەو ژن و كچانە دیوە كە دێنە دوكانەكەی شتی لێدەكڕن لەبەر ئەوە دەڵێت بۆ ژن باشترە لەماڵەوە بێت. مام حوسێن ئەحمەد كە خاوەنی دوكانی شتومەكی ماڵانی هەیە وای دەبینی كەدەبێت ژن لەماڵەوە بێت، چونكە ئەگەر ئافرەت بۆ دەرەوەی چوو، ئەوا چاوی دەكرێتەوەو داواكاری زۆر دەبێت و بەئارەزووی خۆی جلوبەرگ لەبەر دەكات و دەگەڕێت بۆیە بەرای مام حوسێن نابێت ژن چاوكراوەبێت و بچێتە دەرەوە، ناوبراو وای دەبینی ئەو كە ژنی بۆ كوڕەكانی هێناوە و هەمان مەرجی بەسەریاندا سەپاندووە و ئاماژەی بەوەدا كە ئەو زۆر بە شەرمەزاری دەزانێت كە زۆر ژن بەبێ مێرد و براكانیان دێن بۆ بازاڕو شتومەك لەو دەكڕن، ئەو وای دەبینی ئەوە هەڵەیە پیاو ژنەكەی بێتە بازاڕ و بچێت و بگەڕێت. بەڕای ئەو دەبێت هەمیشە ژن لەماڵ بێت و بەبێ مێردەكەی نەچێت بۆ هیچ شوێنێك. ئەمیر ئەحمەد خاوەنی كۆگای هێرش لە بازاڕی كوران وای دەبینی كە پیاوان كاردەكەن بۆ ئەوەی بژێوی ژیان بۆخێزانەكانیان دابین بكەن، با ئافرەتانیش كاری ماڵ بكەن و بەهیچ شێوەیەك دەستنەخەنە ناو ژیانی كاركردنی پیاوەكانیان، چونكە ئافرەت نابێت دەست بخاتەو ناو ژیانی مێردەكەی، بە وتەی ناوبراو ئەو وای بەباش دەزانی كەدەبێت پیاوان ئافرەتێك هەڵبژێرن كە ژنی ماڵ بێت و تەنیا خزمەتی ماڵ و مێردەكەی بكات، بەڵام ئەگەر ئافرەت فەرمانبەربێت و كاری دەرەوەی ماڵی هەبێت، ئەوا ناتوانێت بەشێوەیەكی بەرچاو خزمەتی مێردەكەی بكات و هەمیشە ئەو ئافرەتانەی كە لەدەرەوەی ماڵ كاردەكەن، كێشە بۆ مێردەكانیان دروست دەكەن و دەستدەخەنە ناو ژیانی مێردەكانیانەوە.
خاتوو بنار ئەحمەد عەلی خاوەنی ئارایشتگای نیگار لەگەڕەكی نووسەران هۆكاری ئەوەی كەپیاوان هەمیشە حەزدەكەن هاوسەرەكانیان ژنی ماڵ بێت و حەزناكەن كاری دەرەوەی ماڵیان هەبێت دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە پیاوان حەزیان لە ئافرەتێك نییە خاوەن كەسایەتیەكی بەهێزبێت، بەڵكو حەزدەكەن كەسایەتییەكی بێهێزیان هەبێت بۆئەوەی كە نەتوانن بڕیاڕبدەن لەهیچ كارێك دا. دەتوانم روونتر بڵێم پیاوان جۆرێك دیكاتۆرن و حەزناكەن كە ژنەكانیان بتوانن هاوبەشی بڕیاریان بن و لەگەڵیاندابن بۆ بەڕێوەبردنی ژیان، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە ئەو سەرەتا یەكەم پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامدا لەگەڵ هاوسەرەكەی نە دەگونجا، چونكە هاوسەرەكەی پێی ناخۆش بوو ئەم كارە بكات لەدەرەوەی ماڵ، تا لە ئەنجامدا تووشی جیابوونەوە بوون، چونكە هاوسەرەكەی حەزی لە ژنی ماڵ بوو نەك ژنی كاركەر لەدەرەوەی ماڵ، واتە دەتوانین بڵێین رێژەیەكی كەم لە پیاوان ماف دەدەنە ژنەكانیان بۆ كاركردن و چوون بۆشوێنە گشتییەكان، خاتوو ژیلا عەبدولكەریم وای دەبینی كە پیاوانی ناو كۆمەڵگەی ئێمە زیاتر ئارەزوو دەكەن كە ژنەكانیان لەناو ماڵدا بژین نەك بچنە دەرەوەی ماڵ، هۆكاری ئەمەش ئەوەیە كە ئافرەتان لەوڵاتی ئێمەدا زیاتر رووبەڕووی قسەو قسەڵۆك دەبنەوە. ئەگەر بچنە دەرەوە لەبەر ئەوەی كە زیاتر ئێمە كۆمەڵگەیەكی تەقلیدین و نەریتین و زیاتر دیاردە كولتوورییەكان زاڵن بەسەر ژیانماندا، بۆیە پیاوان شەرمدەكەن كە ژنەكانیان لەدەرەوەی ماڵ كاربكەن لەبەر بوختان پێكردنی خەڵكی.
ژنان خۆیان هۆكاری سەرەكین ئەمەباوەڕی خاتوو بیخاڵ حەسەن كە توێژەری كۆمەڵایەتییە، ناوبراو وای دەبینی كە یەكێك لەوخاڵانەی كە هانی پیاوان دەدات كە هەمیشە حەزبەوە بكەن كە ژنەكانەكانیان وەك كاڵایەك وەهابێت لە ژێردەستیاندا ئەوەیە كە هەندیك ژن هەن دەبنە كۆیلەی مێردەكانیان ناتوانن لە قسەكانیان دەربچن و خۆشیان هۆكارن ئەگەر بێت ئەو ژنانە ئاوەها نەكەن ئیتر پیاوان ناتوانن بەو شێوەیەی ئێستا مامەڵە بكەن من زۆر جاربووە لەگەڵ مێردەكەم بووم دیومە كە برادەرەكانی باسی كۆیلایەتی ژنەكانیان دەكەن كە چۆن وەك كۆیلەوەهان هیچ جۆرە داواكاریەكیان نییەو تەنیا وەك ئامێرێكی جێبەجیكردن وەهان ئەمە هۆكاری سەرەكییە كە پیاوان چاولەیەكتری بكەن و هەموویان هەوڵ بدەن ژنەكەیان بكەنە كۆیلەیەك بۆ بەرژەوەندیەكانی خۆیان نەهێڵن بتوانێت هیچ بڕیاریك بدات، من ئەوەی تێبینیم كردووە، راستە هەموو پیاوێك حەزدەكات ژنەكەی بەقسەی بكات لەفەرمانەكانی دەرنەچێت بەڵام ئەگەر بێت هەموو ژنان خاوەن بڕێاری كۆمەڵایەتی خۆیان بن نەكەونە ژێر كۆنتڕۆڵی قسەی مێردەكانیان ئەوا پیاوانیش ناچاردەبن مافەكانیان بدەنێ ئەوكات كێشە نامێنێ ئایا پیاوەكان چ جۆرە ژنێكیان دەوێت لەبەر ئەوەی هەموو ژنەكان خاوەن هەڵوێست دەبن و ژنی كۆیلە نامێنێت.
خاتوو نیهال رای پێچەوانەی هەبوو ئاماژەی بەوەدا پیاوان لەرووی فسیۆلۆژیەوە حەزیان لەگەورەیە و دەیانەوێت هاوسەرێكیان هەبێت هەموو شتەكانیان بەقسە بكات بەهیچ شێوەیەك لەقسەكانیان دەرنەچێت ئەگینا من زۆر ئافرەت دەناسم بەر لەوەی كە بچنە ناوپرۆسەی هاوسەرگیریەوە خاوەنی كەسایەتی بەهێزبوون بەڵام ئێستا بوونەتە بەشێك لەجەستەی پیاوەكان چونكە پیاوەكان هەمیشە دەیانەوێت ئافرەتان بكەنە بەشێك لەو ژیانەی كەخۆیان دەیانەوێت .
Top