نامۆبوونی لاوان بەپرۆسەی هاوسەرگیری
January 29, 2011
کۆمەڵایەتی
نەبوونی متمانە لەناو گەنجاندا هۆكارە بۆ سەرنەكەوتنی ئەم پرۆسەیە، ئەمە باوەڕی خاتوو مەهناز عەلی بوو، ناوبراو وای دەبینی كەپرۆسەی هاوسەرگیری بەر لەهەموو شتێك پێویستی بەوە هەیە كە متمانە لەنێوانی گەنجەكاندا هەبێت بۆئەوەی كە ئەو پرۆسەیە بەشێوەیەكی سەركەوتوو و ئەكتیڤانە بەڕێوەبچێت لەبەر ئەوەی كە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا لەبەر هەرهۆیەك بێت متمانە لەنێوانی گەنجەكاندا كەم بووە و و كەسمان باوەڕ بەوی تر ناكەین، گەنجێگ كاتێك كە دەچێت بۆ داوای كچێك ئەگەر كچەكەو كەسوكاریشی بناسێت، هەر متمانە ناكات و پرسیار لەهەموو دنیاو هەموو كەسانێك دەكات كە دەیانناسێت، كچێكیش ئەگەر كوڕێك بێت بۆ داوای هەمان پرسیار و لێكۆڵینەوە لەسەر كوڕەكە دەكات، لەبەر ئەوە نەمانی متمانە گەورەترین قەیران و كێشەی بۆ هەموومان دروستكردووە، من خۆم باوەڕم بە كەس نەماوە و وەهام لێهاتووە زۆر زەحمەتە بتوانم بە كەسێك رازیبم، چونكە متمانەم بەهیچ كوڕێك نەماوە كە خاوەن رەوشت و كەسێكی باش بێت و چەندین جار كەسانێك هاتوون بۆ داوام و بەڵێنی زۆریان داوە، بەڵام من متمانەیان پێناكەم، واتە هۆكاری دواكەتن یان روونەدانی پرۆسەی هاوسەرگیری نەبوونی متمانەیە بەیەكتری.
كێشەی نێوان هاوسەرەكان هۆكارێكی سەرەكین بۆ روونەدانی هاوسەرگیری، ئەمە باوەڕی خاتوو بەناز حەسەن عەلی توێژەری كۆمەڵایەتی بوو، ناوبراو وای دەبینی كە لەرۆژگاری ئەمڕۆماندا هەزاران كەس هەن كەكێشەیان بۆدروست بووە لە دوای ئەنجامدانی پرۆسەی زەواج ئەویش خۆی لەچەند كێشەیەكدا دەبینێتەوە لەوانە لێكتێنەگەیشتن و متمانەنەبوون بەیەكتری و دڵپیسی هاوسەرەكان بەرامبەر بەیەكتری و رازینەبوونیان بەو واقیعەی كە دوای پرۆسەكە دروست دەبێت، ئەمانە هەمووی ئەو كێشانەن كە هەزاران هاوسەر واتە (ژن و مێرد) بەدەستیەوە دەناڵێنن، لێرەدا دەگەینە ئەنجامی ئەوەی كە گەنجەكانمان چ كوڕان چ كچان لەئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری دەترسن و ناوێرن ئەنجامی بدەن، لەبەر ئەو كێشانەی كەدوای پرۆسەكە رووبەڕوویان دەبێتەوە. لەبەر ئەمە هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی گەنجەكان لەپرۆسەی زەواج دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەوكەسانەی بەر لەوان پرۆسەكەیان ئەنجامداوە رازی نین بەو ژیانەی تیایدان، لەبەر ئەوە پرۆسەكە سەركەوتوو نەبووە، ترسێكیش لەلای ئەو كەسانە دروست دەبێت كە ئەو پرۆسەیەیان ئەنجامنەداوە بۆ ئەوەی خۆیانی لێ بەدوور بگرن، وەك زۆر جار من پرسیارێكم لەو كچانە كردووە كە تەمەنیان سەروو چل ساڵەو تا ئێستا نەچوونەتەوە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، واتە بوونەتە قەیرە كچ، كە لێم پرسیون ئایە ئامادەن شوو بكەن؟ ئەوان وتویانە ئامادە نابین، چونكە ژنەكان ناتوانن بەئاسوودەیی لەگەڵ مێردەكانیاندا بژین و زۆربەی ژن و مێردەكان نەیان توانیوە خێزانێكی ئاسوودە بۆخۆیان دروست بكەن، ئیتر ئێمە بۆ چاویان لێبكەین.
بەرزی رێژەی تەڵاق هۆكارێكە بۆ كەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری، ئەمەباوەڕی خاتوو هێرۆ عەلی ئیسماعیل بوو وەك پارێزەرێك وای دەبینی زۆر لەكچان و كوڕان ئەمڕۆ ناوێرن بچنە ناو پرۆسەی زەواجەوە لەبەر ئەوەی زۆربەی پرۆسەی زەواجەكان سەركەوتوو نابن و روو لە هەڵدێر دەكەن، لێرەدا ئەگەر تەماشایەك بكەین شاری هەولێر لە شەش مانگی یەكەمی ساڵ2010 دا نزیكەی سەدان حاڵەتی تەڵاق روویداوە لەكاتێكدا رێژەیەكی زۆر لەهاوسەرەكان هەن هەرچەندە كێشەو گیروگرفتیان هەبێت و ژیانیان پێكەوە زۆر زەحمەت بێت لەبەر دابونەریتی كۆمەڵایەتی پەنا نابەنە بەر ئەنجامدانی تەڵاق و هەوڵدەدەن هەر چۆنێك و بەهەرحاڵێك بێت بەیەكەوە بژین، لێرەدا من زۆر كەسم بینیوە لەپرۆسەی هاوسەرگیری پەشیمان بۆتەوە و جیابوونەتەوە، ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ ئەو كە گەنجانەی كە تازە پێدەگەن روونەكەنە ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری و خۆیانی لێبدزنەوە.
گەنجەكانمان روویان لەئایین نەماوە بۆیە زەواج ناكەن، ئەمە قسەی بەڕێز مامۆستا محەمەد عەلی ئیسماعیل بوو وەك زانایەكی ئایینی ئاماژەی بەوەدا كە زۆربەی گەنجەكان روویان لە رابواردن و گەشتوگوزار و گەڕان و چوون بۆ هەندەرانە، ئیتر بیریان لە زەواجكردن نییە، چونكە ئەگەر لەرووی ئایینییەوە تەماشا بكەین هەموو ئایینە ئاسمانییەكان بەگشتی و ئایینی ئیسلامی پیرۆز بەتایبەتی هانی زەواجیان داوە، بەڵام گەنجەكانمان ئەمڕۆ پشتیان كردۆتە ئایین و روویان كردۆتە رابواردن و خۆشی و گەڕان، ئەگەر بمانەوێت گەنجەكان هانبدەین بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی زەواج، ئەوا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ دەقە ئاسمانییەكان و جێبەجێكردنی بنەما پیرۆزەكانی ئایینی ئیسلامی پیرۆز كە كۆمەڵگە لە نەزانی و دواكەوتوویی رزگار دەكات و ئەوكات دەتوانین بەهۆی ئەوەی كە گەنجەكان بخەینە سەر رێگەی راست و زەواج بكەن، بەڵام هەتاوەكو گەنجەكانمان روویان لە علمانیەت بێت، ئەوا پرۆسەی زەواج لەناو كۆمەڵگەدا دوادەكەوێت، ئەگەر تەماشا بكەین ئەمڕۆ باری ئابووری و داهاتی خەڵك لەهەرێمی كوردستاندا لەچاو جاران زۆر لە وڵاتانی تر باشترە، بەڵام خەڵك پشتیان لەئایین و سەرجەم كۆڵەگەكانیشی كردووە كە یەكێك لەوانە پرۆسەی هاوسەرگیریە كە بنەمایەكی گرنگی ئایینی ئیسلامە.
گەنجان لەو بەرپرسیارێتیە دەترسن كەلەدوای پرۆسەی هاوسەرگیری تووشیان دەبێت، ئەمە باوەڕی خاتوو نیان عەونی-یە وەك توێژەرێكی دەروونی ئاماژەی بەوەدا كە زۆر لەگەنجەكان لە رووی دەروونییەوە تووشی كێشەیەك بوونە و ناتوانن بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و دەترسن لەوەی كەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری تووشی ئەوەبن كە ژنەكەیان و منداڵەكانیان ئەركی زۆریان هەبێت و نەتوانن بەو ئەركانە هەڵبستن، چونكە تاكەكانی ناو كۆمەڵگەی ئێمە تووشی فۆبیایەك بوون كە ناوی جێبەجێكردنی ئەركەكانە، زۆربەیان و بگرە هەموویان لەجێبەجێكردنی ئەرك و فرمانەكان دەترسن، رەنگە ئەمەش كۆمەڵێك نۆرمی كۆمەڵایەتی لەپشتەوە بێت كە وایكردووە نەوەی نوێ نەتوانێت وەك پێویست بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت.
حەسەن عومەر كە كەسێكی زێڕنگەرە وای دەبینی گرانی خشڵ و ئاڵتوون هۆیەكی سەرەكیە لە دواكەوتنی گەنجەكان لەئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری لەبەر ئەوەی زۆر لەگەنجەكان هەركاتێك كەناوی ئەم پرۆسەیەیان لەلا دێت یەكسەر ترس دایان دەكرێت لە گرانی نرخی خشڵ و زێڕ لەبەر ئەوەی چەندین جار روویداوە كە بووك زاوا هەبوون كە كاتێك بۆ مەبەستی كڕینی ئاڵتوون هاتوون لەسەر هەڵبژاردن و جیاوازی نرخەكان لەنێوان شتەكاندا كێشە كەوتۆتە نێوانیان و ناخۆشی دروست بووە، ئیتر رۆیشتوون و من نەمزانیوە دواتر چی روویداوە.
زۆربوونی پێوەندیە سێكسییەكان هۆكاری كەمبوونەوەی پرۆسەی ژنهێنانە، ئەمە باوەڕی سامان عوسمانە كە ناوبراو وەك قوتابیەكی كولێژی شەریعە ئاماژەی بەوەدا هۆكارەكان زۆرن كە دەبنە هۆی دواكەوتنی ئەم پرۆسەیە، هەر لە گرانی شتوومەك و كەمی داهات و چەندین هۆكاری تر كە هەن، بەڵام سەرەكی ترینیان ئەوەیە كە زۆر لەگەنجەكان لەبەر ئەوەی كە بەئاسانی كاری سێكسیان دەستدەكەوێت، رووناكەنە پرۆسەی زەواج بە رێگەیەكی شەرعی و حەڵاڵ بەڵكو چەندەها برادەرم هەیە كە باری ئابووریشیان زۆر باشەوە هیچ كێشەیەكی تریشیان نییە، بەڵام وەك خۆیان وتەنی بە ئارەزووی خۆیان سێكس دەكەن و خۆیان بەدیار یەك ئافرەتەوە نابەستنەوە، بەڵكو لەگەڵ ژن و كچدا پێوەندی ناشەرعی دەبەستن بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە ئایین و مرۆڤایەتی. بەراستی ئەمە كارەساتە، نەك لای ئێمە لەهەموو جیهاندا، چونكە لەشفرۆشی زۆر بووە و گەنجەكان روو ناكەنە ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری.
لە كۆتاییدا من وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی گەیشتمە ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1- زۆربەی هاوسەرەكانمان لەبەر هەر هۆیەك بێت لەگەڵ یەكتردا ناگونجێن و ناتوانن خێزانێكی تەبا دروست بكەن، لەبەر ئەوە گەنجان واتە نەوەی نوێ تووشی ترس و دڵەراوكێ بوونە لە ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری.
2- نەمانی متمانە یەكێكە لەو هۆكارانەی كاریگەرە لە دروستكردنی خێزانێكی بەختەوەر لەدوای پرۆسەی هاوسەرگیری.
3- پرۆسەی هاوسەرگیری خەریكە پیرۆزی خۆی لەدەست دەدات لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق و زیادبوونی خیانەت لەنێوان هاوسەرەكاندا.
4- لە ئەنجامی زیادبوونی رێژەی لەشفرۆشی دا كە رێژەیەكی بەرچاو لەگەنجەكان روودەكەنە پێوەندییە سێكسییەكان و ناچنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە.