پەشیمان بوونەوەم لە ناپاكی دادی نەدام
January 16, 2011
کۆمەڵایەتی
تریفە، یەكێكە لەو نموونانەی بۆتە قوربانی خۆشەویستیەك لەدەرەوەی خێزانەكەی خۆی، بەڵام كاتێك پەشیمان بۆتەوە ئەو كاتە هەموو شتێكی لە دەستداوە..
تریفە دەڵێت: ئەو رۆژەی بریاڕمدا لەگەڵ ئومێددا زەماوەند بكەم، بەلامەوە رۆژێكی زۆر خۆش نەبوو، لەناخەوە پێم خۆش نەبوو ئەو مەسەلەیە سەربگرێت، بەڵام هەندێك هۆكار پاڵی پێوەنام وەك باشی لایەنی ماددی و دەوڵەمەندی و رەوشت بەرزی (ئومێد). لەگەڵ ئەوەشدا زۆر كەس پێیدەوتم ئاخر تۆ زۆر جیاوازتری لە (ئومێد) چۆن شووت پێكردووە..؟ بەڕاستی گوێم لەو قسانە نەدەگرت، بۆیە بڕیاری خۆمدا و خێزانی خۆمانمان پێكەوەنا.
(ئومێد) لەرووی بڕوانامە و خوێندن و جوانیشەوە وەك من نەبوو. ئەو بەردەوام سەرقاڵی كاركردن بوو، جاری وا هەبوو رێدەكەوت كە بۆ كاری بازرگانی بچێتە دەرەوەی وڵات و چەند هەفتەیەكی پێدەچوو، تا دەگەڕایەوە زۆر بێتاقەتی دەكردم. راستە نەیدەهێشت لەرووی مادییەوە پێویستم بەهیچ كەس هەبێت، بەڵام لەرووی سۆز و خۆشەویستییەوە هەستم بە بۆشاییەكی گەورە دەكرد.
ئەم هەستە رۆژ بەرۆژ زیاتر و گەورەتر دەبوو، كەمتەرخەمی (ئومێد) لەوەدابوو پێینەدەوتم تۆش وەرە باجارێك سەفەر بكەین، بەجێهێشتنەكەی هەر بەردەوام بوو. بێگومان ئەوە دەزانین هەریەك لەئێمە پێویستی بەو سۆزە هەیە كە لەنێوان ژن و پیاودا هەیە، من پێشمدەوت پارە هەموو شتێك نییە، منیش مرۆڤم و پێویستم بە سۆز و حەنانە، كەچی ئەو گرنگی بەم لایەنە رۆحییەی من نەدەدا و كاری خۆی دەكرد.
(ئومێد) دەیوست بەكڕینی ئۆتۆمبێلێك ئەو سۆزەم پێببەخشێت، ماوەی دوو هەفتەیەك بوو رۆیشتبوو، كە گەڕایەوە پێیوتم ئۆتۆمبێلێكت بۆ دەكڕم، بۆ رۆژی دوایی لەگەڵ هاوڕێیەكیدا چوو ئۆتۆمبێلێكی بۆهێنامە ماڵەوە، پێیوتم تریفە هەرچییەكت ویست بۆ ئۆتۆمبێلەكەت (شێروان) هاوڕێمە كوڕێكی باشە، ژمارە مۆبایلی (شێروان) وەربگرە، ئەو هەموو شتێكت بۆ مەیسەر دەكات. ئیدی ئەوە بوو من و (شێروان)، هەردووكمان ژمارە مۆبایلمان گۆڕییەوە.
ئەو شەوەی كە (شێروان) تەلەفۆنی بۆ كردم
شەوێك زەنگێكم بۆ هات بینییم (شێروان)ە، وەڵامم دایەوە، بەڵام ئەو هیچ قسەی نەكرد، دووبارە زەنگێكی تری كردەوە بەهەمان شێوە قسەی نەكرد، ویستم بە (ئومێد)ی هاوسەرم بڵێم دوایی بیرم كردەوە ئەگەر ئیشی بە (ئومێد) هەبوایە تەلەفۆنی بۆ خۆی دەكرد نەك بۆ مۆبایلەكەی من.
چەند رۆژێك تێپەڕی تەلەفۆنی نەكرد. رۆژێك دووبارە چەند زەنگێكی لێدایەوە و قسەی نەكرد، منیش خۆم تەلەفۆنم بۆ كردەوە دوای ئەحواڵ پرسین وتم بۆچی وەڵام نادەیتەوە؟ تەنیا ئەوەندەی وت: لەو رۆژەی كە هاتوومەتە ماڵتان زۆر سەرنجت راكێشاوم، ئەگەر دەكرێت رۆژێك پێكەوە قسە بكەین. ئەم قسەیەی زۆر سەیر بوو لام، چونكە ئەو ئەوەندە نەمایەوە تا سەرسامی من بێت.
ئەو مەلەسەیەم پشتگوێ خست، پاش چەند رۆژێكی دیكە دووبارە تەلەفۆنی كردەوە وتی: حەز دەكەم قسە بكەین. وتم: باشە گوێم لێتە بزانم چی دەڵێیت.(شێروان) كەوتە قسەكردن و باسی خۆشەویستی بۆ دەكردم. پێموت تۆ بۆچی ئەم باسانە لای من دەكەیتەوە من شووم كردووە؟ كەچی ئەو زۆر ئاسایی بوو بەلایەوە، بەڵام هەرچۆنێ بێت خۆشەویستی خۆی زۆر بۆ دەردەخستم، هەستم دەكرد ئەوسۆزەی مێردەكەم پێم نادات ئەم دەتوانێت پێمیبدات.
ئیتر لەمەوە رۆژانە نامەیەك یاخود زەنگێكی بۆ دەكردم بۆ هەواڵ پرسین تا وردە وردە زۆر شتی كەسێتی خۆمانمان بۆ یەك باس دەكرد. ئینجا داوای چوونە دەرەوەی لێمكرد، منیش قبووڵم كرد. بەمجۆرە رۆژێك چووینە دەرەوە، تەنانەت ئەو رۆژەی كە چووینە دەرەوە مێردەكەم لەماڵ بوو. چووینە دەرەوە تا ئێوارەیەكی درەنگ، لەمەوە تەواو هەست و سۆزمی بەلای خۆیدا راكێشا، واملێهات ئەگەر مێردەكەم بەمانگ نەهاتایەتەوە ماڵەوە بەلامەوە ئاسایی بوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو قسە و تەلەفۆنانە هیچ پێوەندییەكی (جنسی) لەنێوانماندا رووی نەدا، چونكە بەهیچ جۆرێك هیچ كاممان ئەو شتەمان نەدەویست.
رۆژێك كە چووبووینە دەرەوە (شێروان) پێیوتم: (تریفە) پێشنیارێك بكەم رات چۆن دەبێت؟ ئەگەر تۆ بەپارە یارمەتی من بدەیت و بچمە هاندەران و تۆش ئەو كاتەی من دەرچووم داوای جیابوونەوە لەمێردەكەت بكەیت؟ منیش زۆر شێتانە و هەردەمودەست وەڵامیم دایەوە و بریاڕمدا و وتم: ئەی بۆنا چاوەڕێی قسەیەكی وابووم، بەهەموو شێوەیەك یارمەتیت ئەدەم.
ئاشكرابوونی پێوەندییەكە
(شێروان) كە تەلەفۆنی بۆ كردم وتی: (تریفە) پارەكەت بۆ پەیدا كردووم؟ بەڵام من هێشتا هیچم بۆ نەكردبوو، چونكە ئەو بڕە پارەیەی داوای دەكرد زۆر بوو نەمدەتوانی بۆی ئامادە بكەم. بۆیە وتم جارێ ئامادەم نەكردووە سەبرێكم لێبگرە یەك دوو رۆژێك، وتی باشە. رۆژێك دواتر بەمێردەكەمم وت: بڕێك پارەم پێویستە دەمدەیتێ؟ وتی چەندت دەوێ؟ وتم نزیكەی (10) ملیۆنێك بێت دەمەوێت ئۆتۆمبێلەكەم بگۆڕم، بەراستی (ئومێد)یش یەكسەر رازی بوو و زۆر دڵپاكانە پارەكەی پێدام. كە پارەكەمم هاتە دەست دەستبەجێ تەلەفۆنم بۆ (شێروان) كردو پێموت پارەكەمم بۆت ئامادە كردووە و لەدەرفەتێكدا وەرە بیبە.
بۆ رۆژی دوایی كە (شێروان) هاتە ماڵەوە پارەكە بەرێت (ئومێد) لەماڵ نەبوو، بەڵام لەكاتی رۆیشتنیدا هاتەوە. وتی: (شێروان) خێرە هاتوویتە ئێرە؟ لەوەڵامدا وتی: وەڵڵا هاتووم ئۆتۆمبێلەكەی تریفە بەرم.
(ئومێد) بەلایەوە سەیر بوو، چونكە من پێموتبوو براكەم بۆم دەگۆڕێت. نەمزانی چی بڵێم. بۆئەوەی ئەو گومانەی نەمێنێت. شەو تەلەفۆنم بۆ (شێروان) كرد و پێموت: مێردەكەم گومانێكی كردووە لەبەرئەوەی من درۆم لەگەڵ كرد وریابە. هەر لەوكاتەی تەلەفۆنم بۆ كرد نەمزانی كە (ئومێد) لە پشت دەرگاوە گوێی لە قسەكانمە چی دەڵێم، بۆیە یەكسەر بە تووڕەییەوە مۆبایلەكەی لێوەرگرتم و هەندێ شەقیشی لێدام. ئیتر لەمەوە پێوەندی من و (ئومێد) زۆر خراپ بوو، رۆژانە كێشەو ناخۆشیمان هەبوو، هەستمدەكرد دڵی لە رق و كینە گومان لێم پاك نابێتەوە. تا وایلێهات وتی: تەڵاقت دەدەم، لەگەڵ ئەوەی پێشتر پێم خۆش بوو جیاببمەوە، بەڵام لەوكاتەدا نەمدەویست، چونكە هەرئەوەندە (شێروان)م بینیەوە كە هات بۆ ماڵمان و پارەكەی برد، ئیتر لەوە بەدوا تەنیا یەكجارنەبێت بەمۆبایل قسەم لەگەڵیدا كرد وتی: لەبەر (ئومێد) تەلەفۆنم بۆ نەكردویت و مۆبایلەكەشم دەكوژێنمەوە، ئیتر ئەمە دوا قسەم بوو لەگەڵ (شێروان)دا كردم و ئێستاشی لەگەڵ دابێت نازانم چی بەسەر هات ئایاسەفەری كردووە یان هەر لێرە ماوەتەوە.
هەڵەی من ئەوە بوو زۆر زوو متمانەم پێكرد و بێ هۆیەكی گرنگیش ناپاكیم لە مێردەكەم كرد و ماڵی خۆم بۆ ئەو تێكدا، كەچی ئەویش بەوشێوەیە پاداشتی دامەوە و بێباكانە خۆی لێم ون كرد و فریوی دام و دەستی بڕیم. راستییەكەی منیش زۆر هەڵبار و ساویلكە و نەزان و كەمتەرخەم بووم، بۆیەكە زوو باجی هەڵەی خۆمم وەرگرت. (ئومێد) تەڵاقی دام و لێكجیابووینەوە. تا ماوەیەكیش بەوە دڵی خۆمم دەدایەوە دەمووت: لەوانەیە (شێروان) رۆژێك بێت هەر بگەڕێتەوە، چونكە زۆری خۆشدەویستم. بەڵام رۆژان هات و رۆژان رۆیی كەچی نە (شێروان)م بینیەوە و نە دەنگوباسیشی ما. ئیتر با ئەوە بۆ كەسانی وەك من و هی دیكەش ببێتە پەند و عیبرەت كە باجی خیانەت كردن لە ماڵ و مێرد قورسە.