كێـشەكـانی كـچان لەتـەمەنی هەرزەكاریدا

كێـشەكـانی كـچان لەتـەمەنی هەرزەكاریدا
قۆناغی هەرزەكاری بەقۆناغێكی تایبەتی دادەنرێت لەلای هەموو ئادەمیزادێك، چونكە لەڕووی بایلۆژیەوە كۆمەڵێك گۆڕانكاری زۆر بەسەر ژیانی تاكدا روودەدات كە كاریگەری دەبێت لەسەر بەرەوپێشچوونی كەسایەتی و كۆمەڵێك دەرئەنجامی دەروونی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دروست دەبێت و لەبەر ئەمەش لەم قۆناغەدا زۆرترین كێشە لەژیانی تاكدا روودەدات، ئەوەی شایەنی وتەنە ئەركی منە لەم راپۆرتەدا تیشك بخەمە سەر كێشەكانی ئافرەتان لە تەمەنی هەرزەكاریدا.

خاتوو هیڤار محێدین: ئەگەر كۆمەڵگە بەشێوەیەكی تەندروست مامەڵە لەگەڵ ئافرەتاندا لەقۆناغی هەرزەكاریدا بكات و رۆشنبری تەواویان بێبەخشێت، ئەوا هیچ جۆرە كێشەیەك دروست نابێت.

خاتوو هیڤار محێدین وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی: ئاماژەی بەوەدا كە نەبوونی رۆشنبیری گشتی هۆكارێكی سەرەكیە لە دروستبوونی كێشەكان لەتەمەنی هەرزەكاریدا، چونكە تەمەنی هەرزەكاری لەژیانی مرۆڤدا گرنگی خۆی هەیە، ئەگەربێت دایك و باوكەكان بەشێوەیەكی زۆر تەندروست مامەڵە لەگەڵ منداڵە كچەكانیاندا نەكەن، ئەوا گەلێك كێشەیان بۆ دروست دەبێت و كۆمەڵێك دەرئەنجامی سلبی لەدوای خۆی بەجێدەهیڵێت، ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە كۆمەڵگە بەشێوەیەكی تەندروست مامەڵە لەگەڵ ئافرەتاندا لەم قۆناغەدابكات بۆئەوەی كە كێشە دروست نەبێت، واتە ئەگەر تاكەكان رۆشنبیری تەواویان هەبێت، ئەوا لەم قۆناغەدا هیچ جۆرە كێشەیەك دروست نابێت
لە وڵاتە پێشكەوتووەكانیشدا كچان لە قۆناغی هەرزەكاریدا تووشی كێشەدەبن، لەبەرئەوەی بەشێكی زۆری كێشەكان لەم قۆناغەدا پەیوەستە بەلایەنی بایلۆژیەوە، چونكە گۆڕانكاری لە لەشی مرۆڤدا روودەدات.
خاتوو مەهناز عەلی وەك مامۆستایەك: رای جیاوازی هەبوو بەوەی كەكێشەی كچان لەقۆناغی هەرزەكاریدا زیاتر پێوەندی بەخودی تاكەوە هەبێ، بەڵكو كۆمەڵگەو خێزان ناتوانن رێگربن لەهەموو كێشەكان، لەبەر ئەوەی لە وڵاتە پێشكەوتووەكانیشدا هەیە كە كۆمەڵگەو خێزانیان خاوەنی رۆشنبیریەكی بەهێزن، كەچی كچانیان لەم قۆناغەی تەمەندا تووشی گرفت دەبن، لەبەرئەوەی بەشێكی زۆری كێشەكان لەم قۆناغەدا پەیوەستە بەلایەنی بایلۆژییەوە، چونكە گۆڕانكاری لە لەشی مرۆڤدا روودەدات.
خاتوو نڤین عەلی زۆربەی ئەو كچانەی كەتووشی كێشە دەبن دانیشتووی گەڕەكە میللیەكانن و ناوچە هەژارنشینەكانن، چونكە خێزانەكانیان هیچ جۆرە رۆشنبیرییەكیان نییە
خاتوو نڤین عەلی: ئاماژەی بەوەدا مەرج نییە كچ لەقۆناغێكی دیاریكراوی تەمەندا تووشی كێشە ببێت، زۆربەی ئەو كچانەی كەتووشی كێشە دەبن دانیشتووی گەڕەكە میللیەكانن و ناوچە هەژارنشینەكانن، لەبەر ئەوەی كە هیچ جۆرە شارەزاییەكیان نییە لەبارەی رەوتی ژیانەوە لەخێزانەكانیاندا هەموو جۆرە شتێكیان لێ قەدەغەكراوە، كاتێك كە دێنەناو كۆمەڵگاوە تووشی كێشەو گیروگرفت دەبن، لەبەر ئەوە دەتوانم بڵێم نەبوونی رۆشنبیری خێزان هۆكاری سەرەكی دروستبوونی هەموو گیروگرفتەكانە.

خاتوو نیان عەبدولواحید هۆكاری سەرەكی كێشەكانی ئافرەتان دەگەڕێتەوە بۆ خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی تەكنۆلۆژیا
خاتوو نیان عەبدولواحید وەك رابەری پەروەردەیی وای دەبینی كە: بەشێكی زۆری ئەوكچانەی كەتووشی كێشە دەبن زیاتر لەقۆناغی تەمەنی هەرزەكاریدان، بەڵام هەشیانە لەسەروو ئەوتەمەنەوەیە، بەڵام تووشی كێشەدەبێت، بەشێكی هەرەزۆری كچان كەتووشی گیروگرفت دەبن لەقۆناغی هەرزەكاریدا بەهۆی بەربڵاوی ئامێرەكانی تەكنۆلۆژیاوەیە، ناوبراو تەكنۆلۆژیای بە هۆكارێكی سەرەكی دروستبوونی كێشەكان تاوانبار دەكرد لەبەر ئەوەی كە لەناو زۆربەی كۆمەڵگەكانی رۆژهەڵاتداو كۆمەڵگەی ئێمە بەتایبەتی تائێستا نەتوانراوە سوود لەلایەنە ئیجابیەكانی تەكنۆلۆژیا ببینرێت و تەنیا بۆمەبەستی سلبی بەكاردەهێنرێت، رۆژانە سەدەها كچ وێنەیان لەناو ئامێرە تەكنۆلۆژیاكاندا بڵاودەكرێتەوە، واتە ئەوەندەی تەكنۆلۆژیا كێشەی بۆكچان دروستكردووە، ئەوەندە سوودی نەبووە، ئەوەتا رێژەیەكی زۆری ئەو كچانەی كە تووشی كاری هەڵە بوونە، لە ئەنجامی بوونی پێوەندی نادروستیان لەگەڵ كوڕان لەرێگەی مۆبایل یان ئینتەرنێتەوە بووە.
Top