هاوسەرگیری لەشاری هـەولێر رووی لە زیادبوونە

هاوسەرگیری لەشاری هـەولێر رووی لە زیادبوونە
پرۆسەی ژنهێنان ئەو پرۆسەیەی كە لەهەموو جیهاندا لەهەموو سەردەمێكدا بوونی هەبووە، هەموو ئایینە ئاسمانییەكان پێداگیریان لەسەر كردووە و گرنگی خۆیان پێداوە، هەر كۆمەڵگەیەك ئەگەر پرۆسەی ژنهێنانی تیادا زۆربێت، ئەوا لەرووی كۆمەڵایەتیەوە بە كۆمەڵگەیەكی سەقامگیر و ئارام ناودەبرێت، ئەمڕۆ لەهەرێمی كوردستاندا رێژەی ژنهێنان لەبەرزبوونەوەی بەردەوامدایە، بەپێی ئەو ئامارە فەرمیانەی كە لەبەردەستدان تەنیا لەشەش مانگی یەكەمی ساڵی (2010) تەنیا لەدادگای باری كەسی هەولێر (4188) گرێبەستی مارەبڕین‏ ئەنجامدراوە و كۆی گشتی ئەو گرێبەستانەی كە لەپارێزگای هەولێردا لەماوەی شەش مانگی یەكەمی (2010) ئەنجامدراوە دەگاتە(7609) گرێبەستە، لەكاتێكدا ئەم رێژەیە لەچاو ساڵانی رابردوودا بەشێوەیەكی زۆر بەرچاو زیادی كردووە، رێژەی تەڵاقش لەسنووری پارێزگای هەولێر تەنیا (857) حاڵەتە و لەناوشاری هەولێریش تەنیا(588) حاڵەتە. بەرزبوونەوەی رێژەی گرێبەستی هاوسەرگیری هەنگاوێكی دڵخۆشكارانەیە، ئەمە قسەی بەڕێز كۆدۆ بایز سەعید پارێزەری راوێژكاربوو، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە رێژەی گرێبەستی هاوسەرێتی لە شاری هەولێر بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە كە ئەمەش هەنگاوێكی دڵخۆشكارانەیە و نیشانەی ئەوەیە كە كوڕ و كچە گەنجەكان زۆربەیان دەچنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە و لەژیانی رەبەنی رزگاریان دەبێت، ناوبراو وای دەبینی ئەم رێژە زۆرەی گرێبەستی مارەبڕین‏ لەمساڵدا نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی بژێوی هاووڵاتیانە.

دیار سالار

بەڕێز كۆدۆ بایز سەعید پارێزەری راوێژكار ئەوەشی خستەڕوو پێویستە حسابێك بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاقیش لەشاری هەولێر بكرێت، بەڵام رێژەی زەواج زۆر زیاترە لەچاو رێژەی تەڵاقدا و دەتوانرێت بوترێت رێژەی مارەبڕین زۆر زیاترە لەتەڵاق.

ناوبراو لەدرێژەی قسەكانیدا وای دەبینی كەمبوونەوەی رێژەی مردنی منداڵان نیشانەی ئارامی كۆمەڵگەو بەرەوباشتربواری تەندروستی وبایەخدانی تەندروستی دایكانە بەكۆرپەلەكانیان ئەوەی شایەنی وتن بێت ئەمە بەشێكە لەهەنگاوەكانی بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگە، چونكە پەرەسەندن و پێشكەوتنی بواری رۆشنبیری خێزانەكان و پێشكەوتنی بواری تەندروستی و كەمبوونەوەی ئەو نەخۆشیانەی كە تووشی منداڵان دەبن هۆكاری سەرەكین بۆكەمبوونەوەی مردنی منداڵ.

زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی رێژەی گرێبەستی مارەبڕینە ئەمە رای بەڕێز پارێزەر ئومێد عەبدولسەلام بوو، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتوان كارێكی زۆری كردۆتە سەر زیادبوونی گرێبەستی هاوسەری، چونكە ئێستا لەشاری هەولێردا رێژەیەكی زۆر لەدانیشتوان نیشتەجێبوون و بەراورد بەچەند ساڵی رابردو رێژەی دانیشتوان بەشێوەیەكی زۆر خێراو چاوەڕوان نەكراو بەرزبۆتەوە، لەبەر ئەوە شتێكی روون و ئاساییە شانبەشانی ئەو بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتوان گرێبەستەكانی هاوسەریش رێژەیان بەرزبێتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە یاسای باری كەسێتی لەكۆتایی ساڵی (2008)دا تۆماركرایەوە و سزایەكی توندی بۆ ئەو پیاوانە داناوە كە لەدەرەوەی دادگاكان ژن مارە دەكەن، لەم یاسایەدا ئەو خاڵە فەراهەمكراوە كە نابێت كەس لەدەرەوەی دادگاكاندا ژن مارە بكات و ئەگەر كردی سزادەدرێت و تووشی لێپرسینەوە دەبێت، لەبەر ئەوە هەموو پیاوەكان بۆ مەبەستی مارەبڕین‏ روو لەدادگا دەكەن، لەبەر ئەوە دەتوانم بڵێم كە ئەمە خاڵێكی سەرەكییە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی گرێبەستەكانی مارەبڕین، ئەمە لەلایەك لەلایەكی ترەوە لەكاتی ئێستا بەشێكی زۆری خێزانەكان وشیارییەكی تەوایان لەلا دروست بووە بەهیچ شێوەیەك قایل نابن كوڕ و كچەكانیان لەدەرەوەی دادگادا گرێبەستی مارەبڕین‏ بكەن، لەبەر ئەوە زۆربەی هاووڵاتیان ئیستا دێن لەدادگاكان گرێبەستی هاوسەرگیری دەكەن، بۆیە رێژەكەی بەم شێوەیە بەرزبۆتەوە.

پرۆسەی هاوسەرگیریان بۆئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی تووشی كێشەی كۆمەڵایەتی نەبن ئەمە باوەڕی خاتوو پەرێز حامید وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەدا كە لەكاتی ئێستا زۆربەی خێزانەكان بۆ پاراستنی كوڕ و كچەكانیان لەكێشە كۆمەڵایەتییەكان زوو پرۆسەی هاوسەرگیریان بۆئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی تووشی كێشەی كۆمەڵایەتی نەبن، چونكە كۆمەڵگەی ئێمە كە لەم قۆناغەی ئێستادا بەدەست رێژەیەكی زۆر لە كێشە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەناڵێت و دەتوانم بڵێم تاكەكان بەشێكی زۆریان نوقمی كێشەو گیرو گرفتەكان بوون و ناتوانن خۆیانی لێدەرباز بكەن، لەبەر ئەوە تاكە رێگە بۆ پاراستنی خۆیان ئەوەیە كوڕ و كچەكانیان زوو دەخەنە ناو ئەم پرۆسەی هاوسەرگیریەوە،ناوبراو ئاماژەی بەوەدا لەئەنجامی بەرزبوونەوەی رێژەی مارەبرین رێژەی منداڵبوونیش بەرزبۆتەوە لەبەر ئەوەی گەنجەكان زوودەچنە پرۆسەی هاوسەریەوە منداڵیان دەبێت .

خاتوو بەناز ئەحمەد عەلی وەك توێژەرێكی دەروونی ئاماژەی بەوەدا كە رێژەیەكی بەرچاو لەگەنجەكان روودەكەنە ناو ژیانی هاوسەرگرییەوە، كە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كەئەو كەسانە دەیانەوێت لەرووی دەروونیەوە بە ئارامی بژین و تووشی قەیرانی جۆراوجۆر نەبن، چونكە تەنیایی و رەبەنی دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیران و كێشەو گیروگرفتە دەروونییەكان، زۆربەی حاڵەتەكان وەك نامۆبوون و گۆشەگیری و نائارامی دەروونی لەكاتی رەبەنیدا بە بەردەوامی روو لەزیادبوون دەكەن، بێگومان لەگەڵ زۆربوونی رێژەی هاوسەرگیریشدا رێژەی منداڵبوون زیاد دەبێت ئەمەسەر رای كەمبوونەوەی مردنی منداڵان لەم چەند ساڵەی دوایدا بەهۆی وشیابوونی خێزانەكان بۆپاراستنی كۆرپەلەكانیان.

هۆیەكانی یەكتر ناسین ئاسان بووە لەبەر ئەوە رێژەی مارەبڕین بەرزبۆتەوە، ئەمە باوەڕی خاتوو هیدایەت عومەر چالاكوان لەبواری كۆمەڵگەی مەدەنیدا ئاماژەی بەوەدا كە زۆبەی هەرزەكارانی ئەمڕۆ زوو دەچنە بواری هاوسەرگیریەوە لەبەرئەوەی كە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا و هۆیەكانی یەكتر ناسین زۆر ئاسان بووە، چونكە هۆكارەكانی تەكنۆلۆژیا كاری یەكتر ناسینیان ئاسانكردووە، بەجۆرێك رێژەیەكی بەرچاوی كوڕان و كچان لەرێگەی چاتكردنەوە یان مۆبایلەوە یەكتر دەناسن و پرۆسەی زەواج دەكەن.

بەهزاد حەمەسەعید كە خاوەنی كۆگای فرۆشتنی جلوبەرگی بوك و ئاهەنگێڕانە لەبازاڕی سیروان ئاماژەی بەوەدا كەلەكاتی ئێستا پرۆسەی زەواج بەراورد بەساڵانی رابردوو زۆر زیادی كردووە و رێژەیەكی زۆر لەئافرەتان سەردانمان دەكەن بۆكڕین یان بەكرێگرتنی جلوبەرگی بوكان، گوێش نادەنێ نرخەكەی هەرچەندێك بێت دەیبەن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە باری ئابووری كۆمەڵگە بەرەو پێشچووە و تاكەكان بەئارەزووی خۆیان زوو ژن دەهێنن و گوێ نادانە مەسرەف و تێچووی پرۆسەكە، بەڵكو هەموو گەنجەكانمان هەوڵدەدەن لەزووترین كاتدا بچنە ناو قەفەزی زێڕینەوە.

خاتوو بەناز حەمەسەعید كە یاریدەدەری بزیشكیە لەنەخۆشخانەی لەدایك بوون ئاماژەی بەوەدا كەخێزانەكان لەكاتی ئێستادا زۆربایەخ بەمنداڵ بوون دەدەن و هەمیشە هەوڵدەدەن بەباشترین شێواز منداڵیان ببێت و منداڵەكانیان دەپاریزن لەنەخۆشیەكان ئەمەسەرەرای ئەوەی كەژمارەیەكی بەرچاوی منداڵان ئەوانەی كەباری تەندروستیان نالەبارە لەنەخۆشخانە دەمێننەوە تا باری تەندروستیان باشدەبێت.
Top