كریسمس ساتێك بۆ نوێ بـوونەوە

كریسمس ساتێك بۆ نوێ بـوونەوە
رۆژێك لەژیانی هەموو تاكێكدا دەبێتە بنەمایەك بۆ زیندووكردنەوەی یادەوەرییەكان، سەری ساڵی تازە(كریسمس) ئەو رۆژەیە هاوسەرەكان یان دوو هاوڕێ، دوو خۆشەویست تیایدا كارتێكی پیرۆزبایی و دیاری دەگۆڕنەوە، دەپرسین ئەو دیارییە لەزهنیاندا چەندە بەهاو گرنگی هەیە، بۆتە زیندووكردنەوەی یادەوەری خۆشەویستان؟ بەخشینی دیاری لەو رۆژەدا بۆچی بۆتە دیاردە و تایبەتمەندی خۆی هەیە؟ دەستنیشانكردنی رۆژەكە بۆئەوەیە كەهەموو كەسێك پابەندی ئەو رۆژەیە یان تەنیا لای ئەو دوو كەسەی دیاری دەگۆڕنەوە ئەو تایبەتمەندیەی هەیە؟
دەمانەوێت بۆچوونی چەند كەسێك وەربگرین كە گرنگی بەكریسمس دەدەن و لەئێستاوە دەستنیشانی دیاری كریسمسیان كردووە بۆ كەسی بەرامبەریان:
لە رۆژی كریسمسدا هەڵبژاردنی كەسێك و بەخشینی دیاری نیشانەیە بۆ ئەوەی كە هەستی خۆشەویستی تیاماندا زیندوووە، ئەمە باوەڕی شانۆ سیروانی راگەیاندنكارە، ناوبراو ئاماژە بۆ تایبەتمەندی كریسمس دەكات لەرووی گۆڕینەوەی دیارییەكان و دەڵێت: ئەگەرنا گرنگ نییە ئەو دیاریە دەبەخشیت بەچ كەسێك؟ رێدەكەوێت تەنیا بەكارتێكی پیرۆزبایی ئەو رۆژە زیندوو بكەیتەوە، نەك بەدیارییەكی گران بەها. پەسەندكردنی ئەو كارتە و هێشتنەوەی وەك یادەوەرییەك لای كەسی بەرامبەر زیاتر ئەو خۆشەویستیەی نێوان ئەو دووانە دەهێڵێتەوە.

بەڵام بەپێچەوانەی شانۆوە (بەیار عومەر)ی قوتابی زانكۆی سلێمانی بڕوای وایە تەنیا پێدانی دیاری مەرج نییە بەكەسی بەرامبەر، بەڵكو دەبێت بزانیت دەیبەخشیت بەچ كەسێك، چونكە ئەو رۆژە تایبەتمەندیەكی وەرگرتووە كە زۆرجار دوو كەسی خۆشەویست دیاری دەگۆڕنەوە، هاوسەرەكان بۆ هێشتنەوەی پێوەندییە خۆشەویستییەكەیان كارتی پیرۆزبایی دەگۆڕنەوە، بەدەر لەوەی كە لەوانەیە دیاری گەورەتریشی لەگەڵدابێت، كچ و كوڕێكیش وەك دوو خۆشەویست بۆ دروستكردنی پردی خۆشەویستی دیاری دەگۆڕنەوە، لەهەموو حاڵەتەكاندا بەهایەكی دیاریكراوی خۆی هەیە.
كچانیش وەك كوڕان خۆیان ئامادە دەكەن بۆ كڕینی دیاری و كارتی پیرۆزبایی بۆ كریسمس، لەكاتێكدا لەنێوان هاوڕێ كچەكاندا زیاتر ئەوە دەبیندرێت تا هاوڕێ كوڕەكان، لەمەوە (دێرین ئیسماعیل)ی رۆژنامەنووس پێیوایە تاكی كوردی یەكێك لەو بنەمایانەی پەیوەستە بەدروستبوونی خۆشەویستی لەبیری نەكردووە، چونكە كەم مرۆڤ هەیە بتوانێت بە وتن ئەو خۆشەویستیەی هەیەتی بۆ كەسی بەرامبەری دەرببڕێت، بەڵام دەتوانێت بەچەند دێرێك لەسەر كاغەزێك ئاماژەی پێبكات، هەرچەندە لەئێستادا بەهۆی مەسجێكەوە پیرۆزبایی خۆی دەنێرێت و گرنگی بەكارتی پیرۆزبایی نادات، بەڵام كچ لەبەرئەوەی لەڕووی سۆزەوە زیاتر هەست بەخۆشەویستی دەكات، حەز دەكات بەكارتێكی پیرۆزبایی ئەوەی لەناخیدایە تەنانەت بۆ هاوڕێیەكی كچیشی بێت، بینووسێت.
(ئاواز ئەنوەر صۆفی)ی چالاك لەبواری ئافرەتان و چالاكییە مرۆییەكاندا، دەڵێت: ئەگەر لەهەموو رۆژەكانی ساڵدا هاوسەرەكەم دیاریم بۆ بكڕێت، بەقەدەر رۆژی كریسمس لەلام گرنگی نییە، چونكە پێموایە ئەو رۆژە تایبەتمەندییەكی خۆی هەیە و دەستپێكی ساڵێكی نوێیە لەژیانماندا، ئیتر گرنگ نییە دیارییەكە هەرچییەك بێت، بەڵام لەبیركردنی دیاری لەو رۆژەدا كاریگەری سلبیم لەسەر بەجێ دەهێڵێت.
بۆیە پێم باشە كڕینی دیاری و گۆڕینەوەی كارتی پیرۆزبایی لەو رۆژەدا گرنگییەكی زیاتری پێبدرێت و هاوكات پارێزگاریشی لێ بكرێت، ئەوەندەی من ئاگاداربم ئافرەتان زیاتر خۆیان بۆ ئەو رۆژە ئامادە دەكەن و دیاری دەكڕن، پیاوان بەزەرووریەتی نازانن وەك دەڵێن دەبێت هەموو رۆژێك پێوەندی خۆشەویستی تازە بكرێتەوە نەك لەرۆژێكدا كۆبكرێتەوە یان یادی بكرێتەوە.
بیركردنەوەیان لەئاست رۆژی كریسمسدا جیاوازە، چۆن ئافرەتان پێیانوایە خۆیان دەستپێشخەرن بۆ پیرۆزبایی، پیاوانیش بەهەمان شێوە رایانوایە، كە ئافرەتان گرنگی بەو رۆژە نادەن: وەك (شێرزاد عەبدوڵڵا)ی مامۆستا دەڵێت: زۆربەی ساڵەكان دیاری یان كارتی پیرۆزبایی بۆ هاوسەرەكەم دەكڕم، ئەو كاتە بەبیری دێتەوە كە دەبوو ئەویش خۆی بۆ ئامادە بكردایە.
ئەو دیارییە گرنگی و خۆشەویستی خۆی هەیە، لای من نیشانەیە بۆ پابەندبوونی ئەو دوو كەسە بەیەكتر بەتایبەت هاوسەرەكان، چونكە لەژیانی ئەمڕۆماندا بەهۆی سەرقاڵیمان بەژیانەوە وای لێكردوین كەمتر ئاوڕ لەبۆنە تایبەتییەكان بدەینەوە، ئەگەر هاوسەرەكان لەساڵێكدا رۆژێك نەبێت بۆ زیندووكردنەوەی خۆشەویستی، ئیتر چۆن لەو خێزانەدا خۆشەویستی بەرەو كاڵبوونەوە ناچێت؟
توێژەرە كۆمەڵایەتیەكان جەخت لە كڕینی دیاری دەكەنەوە لەنێوان هاوڕێ و خۆشەویست و هاوسەرەكاندا، (سەفین جەزا)ی توێژەری كۆمەڵایەتی دەڵێت: بێگومان كڕینی دیاری لەنێوان خۆشەویستاندا بەهای خۆی هەیە، راستە ئەگەر دایكێك بۆ كچێكی یان كوڕێكی بكڕێت یان دوو خوشك لەنێوان یەكتردا بیگۆڕنەوە، بە ئەندازەی كوڕ و كچێك یان دوو هاوسەر گرنگی خۆی نییە، چونكە ئەو پێوەندییە خۆشەویستییە بەكڕینی دیاریەك لەزەینی بەرامبەردا هێشتا هەر بەزیندویی دەمێنێتەوەو جێگەی بایەخ پێدانیەتی.
كریسمس لە كۆمەڵگەی كوردیدا، ئەوەندە وەك رۆژێكە بۆ گۆڕینەوەی دیاری سەیری دەكەن ئەوەندەی وەك دەستپێكی ساڵی تازە گرنگی پێنادرێت. دروست بوونی غەریزەی خۆشەویستی لە مرۆڤەكاندا حاڵەتێكی سرووشتیە، بەڵام دەربڕینی بۆ كەسی بەرامبەر پێویستی بەهۆكار و رێگەیەك هەیە، خۆشەویستی لەنێوان هاوسەرەكاندا یان كوڕ و كچێكدا پاڵنەرە بۆ پتەوكردنی خۆشەویستییەكەیان، دەستنیشانكردنی ئەو رۆژەش وا دەكات ئەگەر پێوەندییەكەیان لاوازی بەخۆیەوە بینیبێت، بە گۆڕینەوەی دیاری پتەو دەبێتەوە، بۆیە گرنگ نییە ئەو دیاریە هەرچیەك بێت، ئەوەندەی كە گرنگە لەبیرماندا بێت دیاریەك بۆ خۆشەویستەكەمان بكڕێن.
Top