گرفتەكانی كاركردنی ئافرەتان لەكەرتی تایبەت

گرفتەكانی كاركردنی ئافرەتان لەكەرتی تایبەت
شتێكی روون و ئاشكرایە كە لەرۆژگارێكی وەك ئەمڕۆماندا ئافرەتان وەك پیاوان بەردەوام گشت جۆرە كارێك ئەنجامبدەن و لە هەمووشوێنەكاندا كاربكەن.
دەتوانم بڵێم لەگشت كۆمەڵگەكانی جیهاندا لەئەنجامی زۆربوونی داواكارییەكانی تاك و پێویستبوونی تاك بەداهاتێكی رۆژانە، بەشێوەیەكی گشتی رێژەیەكی زۆر لە مرۆڤـەكان بەهەردوو رەگەزەوە روویان لەكاركردن كردووە لەبوارەكانی كەرتی تایبەتدا.

بێگومان ئافرەتانی كوردیش لەهەرێمی كوردستاندا لەم ساڵانەی دواییدا كەوتوونەتە هەوڵدان بۆ كاركردن لەبوارەكانی كەرتی تایبەتدا.
ئەوەی مەبەستمە زیاتر هەوڵدەدەم لەم ریپۆرتاژەدا كە بەشێوەیەكی ورد لە رەوشی بەڕێوەچوونی ژیانی رۆژانە و كێشەو گیروگرفتی ئەو ئافرەتانەی كە لەبواری كەرتی تایبەتدا كاردەكەن و زیادبوونی رێژەی ئەو ئافرەتانەی كە لەشوێنە گشتیانەدا كاردەكەن، بەتایبەتی سوپەرماركێتەكان و دامەزراندنی ئافرەتەكان لەم جێگایانەدا و زۆر خاڵی سەرەكی تر كە دەمانەوێت دەستنیشانی بكەین.

(س) یەكێكە لەو ئافرەتانەی كە لەیەكێك لە مینی ماركێتەكانی ناو شاری هەولێر كاردەكات، ئەو زیادبوونی ئافرەتانی لەكاركردنی ناو سوپەرماركێتەكان گەڕاندەوە بۆ دوو هۆكاری سەرەكی كە یەكەمیان پێویستبوونی ئەو جێگایانە بەئافرەتان، لەبەر ئەوەی ئەم جێگایانە پێویستیان بەوەیە ئافرەت كاری تێدا بكات، چونكە ئافرەتان زیاتر سەرنجڕاكێشترن لەپیاوان و كاتێك ئافرەت لەم جێگایانەدا كاربكات جۆرە رەواجێك بۆ ئەو جێگایە دروست دەبێت و كڕیاری زیاتر دەبێت، هۆكاری دووەمیان خاڵێكی زۆر گرنگ و سەرەكییە كە ئافرەتان زۆر بایەخ بە پاكوخاوێنی دەدەن و زۆر بەشێوەیەكی جوان و رێكخراو كەلوپەلەكانی ناو سوپەرماركێتەكان دەڕازێننەوە و بایەخێكی زۆر بە پاكوخاوێنی ناو سوپەر ماركێتەكان دەدەن و رێزی زۆر لە كڕیارەكان دەگرن.
هەروەها ئەو كاركردنی خۆی بەپێویست زانی لەو مینی ماركێتەدا، چونكە ئەو ئێستا داهاتێكی سەربەخۆی هەیەو هاریكاری باوكی و دایكی دەكات، چونكە باوكی نەخۆشیەكی درێژخایەنی هەیە و توانای كاركردنی نەماوە و دایكیشی لەبەر خراپی باری تەندروستی ناتوانێت كار لەدەرەوەی ماڵدا بكات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ناوبراو دوو خوشك و برایەكی لەخۆی بچووكتری هەیە كە لەقوتابخانە دەخوێنن، بەڕای ئەم كچە كاركردنی ئەو لەبواری كەرتی تایبەتدا راستە تاراددەیەك توانیویەتی خزمەتێك بەخێزانەكەی پێشكەش بكات، بەڵام گەلێك كێشەی بۆ دروست كردووە، لەوانە: لەرووی كۆمەڵایەتیەوە هەمیشە لەلایەن خەڵكانێكی كۆنەپەرست و نەفز نزم و دەروون پڕ لەنەخۆشەوە بەچاوێكی نزم تەماشادەكرێن و زۆرجار لەلایەن دراوسێكانیەوە بە توانج و قسەی ناشرین ئازاری دەروونی دەدەن، ناوبراو تەئكیدی لەسەر ئەوەش كردەوە كەزۆر جاران لەلایەن كڕیارەكانەوە كە بەداخەوە هەندێكیان مرۆڤی خوێندەوار و بەناو رۆشنبیرن، مامەڵەی خراپی لەگەڵدا دەكەن كە مامەڵەكانیان دوورە لەكرداری مرۆڤانە.
خاتوو (هـ) قوتابی كۆلێژەو دوای دەوام ئەویش لەیەكێك لەسوپەرماركێتەكان لەناو شاری هەولێرە كاردەكات، ئەو زیادبوونی ئافرەتانی ناو ئەم شوێنانەی گەڕاندەوە بۆ دوو خاڵی سەرەكی، یەكەمیان: ئافرەتان بەشێوەیەكی گشتی زیاتر لەسەرخۆ و هێمنترن و بەشێوەیەكی جوانتر كارەكانیان دەكەن و رێز لە كڕیارەكان دەگرن، بەمەش كڕیار زیاتر روو دەكەنە ئەو جێگایانەی كەئافرەت تیادا كار دەكات، هەروەها خاڵی دووەمیان: كرێی كاركردنی ئافرەتان زۆر لەهی پیاوان كەمترە، لەبەر ئەوەی ئافرەتان لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا بواری كاركردنیان لەهەموو جێگایەكدا بۆ نەڕەخساوە و ناتوانن هەموو كارێكیش بكەن.
ئەو وتیشی: تائێستا رووبەڕووی زۆر كێشە بوومەتەوە، چونكە خەڵكانێكی كۆنەپەرست هەن دژی كاركردنی ئافرەتانن لە بوارەكانی كەرتی تایبەتدا و بیروڕای ئەم خەڵكانە دواكەوتووە و ناتوانن بیر و هزری خۆیان بەرەو پێش بەرن. كاركردنی من لێرەدا گەلێك كێشەی بۆ دروست كردووم، بۆیە تاراددەیەك ماندوبوونی دەروونیمان پێوە دیارە. (ع) یەكێكە لەو ئافرەتانەی كە لەبەر قورسی و گرانی باری ژیان ناچار بووە لەقۆناغی شەشەمی وێژەیی واز لەخوێندن بهێنێت و كارێك بۆخۆی بدۆزێتەوەو لەیەكێك لەسوپەرماركێتەكاندا كاربكات و تارادەیەك خزمەتی خۆی كەسوكاری بكات، بەم شێوەیە هاتە ئاخاوتن و وتی: وەك كچێك كە لەم بوارەدا كاردەكەم، رۆژانە لەگەڵ زۆر كەسدا تووشی كێشە دەبم، چونكە بەشێك لە ئەندامانی كۆمەڵگەی ئێمە هەندێكیش لە گەنجانی كۆمەڵگەی ئێمە بەچاوێكی نادروست تەماشای ئەو ئافرەتانە دەكەن كە لەم بوارانەدا كاردەكەن، كێشەی ئێمەش نەك لەگەڵ گەنجانی نەخوێندەواردا بێت، بەڵكو زۆرجار تووشی كێشە دەبین لەگەڵ گەنجانی قوتابی كۆلێژەكان بە توانج لێدان و قسەی هەرزەكارانە و مامەڵەی ناشایستە كە گونجاونیە لەگەڵ ئافرەتان دا بەكاربێت. ئەوەی جێگەی داخە هەندێك كچی نەفامیش مامەڵەكانیان لەگەڵماندا نادروستە و زۆر جاران خۆیان بەسەرمان دا تووڕەدەكەن و بە خۆبەزلزانی و دڵرەقیەوە قسەمان لەگەڵ دەكەن، ئەمەش ئازارێكی دەروونی بۆ ئێمە دروست دەكات. بەتایبەتی جارێك لەجارەكان كچێك زۆر نامرۆڤـــانە مامەڵەی لەگەڵمدا كرد، ئیتر راستەوخۆ دەستم بەگریان كرد ئەو رۆژە بڕیاری وازهێنانم لە كارەكەمدا، بەڵام كەچوومەوە ماڵەوە بینیم برا بچووكەكەم داوای لێكردم ئەم مانگە كە مووچەم وەرگرت جانتایەكی منداڵانەی بۆبكڕم، منیش بڕیارمدا واز لەكار نەهێنم و درێژە بەكارەكەم بدەم، چونكە خۆشەویستیم بۆ ئەو برا بچكۆڵانەیەم گڕوتینی پێبەخشیم بۆ درێژەدان بەكاركردن و بڕیارمدا گوێ نەدەمە هەڵسوكەوتی كەس و هیچ ئازارێكی دەروونی كارم تێنەكات.
(ع) لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە كاركردنی ئافرەتان لە بوارە جیاجیاكانی ژیان و بەتایبەتی لەناو سوپەرماركێتەكاندا شتێكی زۆر پێویستە، چونكە بەشێكی زۆری كڕیارەكان ئافرەتن و وەهاش باشترە كە فرۆشیارەكەش ئافرەتبێت، بەتایبەتی زۆر شت هەیە كەتایبەتە بە شتومەكی ئافرەتان وەك جل و بەرگی ئافرەتان و كەرەستەكانی جوانكاری ئافرەتان و هەندێك شت كەتایبەتن بە ئافرەتان ئەوەش روون و ئاشكرایە كە ئافرەتان باشتر لەیەكتری تێدەگەن و دەتوانن باشتر مامەڵە لەگەڵ یەكتردا بكەن تاوەكو بتوانرێت كارەكە بۆ ئافرەتە كڕیارەكە ئاسن بكرێت.
(ش) لەیەكێك لە كۆمپانیاكانی شوێنی فرۆشتنی كەلوپەلی ناو ماڵ كاردەكات، ئەو تا راددەیەك وەك خۆی وتەنی ئافرەتێكی سەربەستە هەندێك جاران بەهۆی زۆری كڕیارەكان درەنگانێك دەچێتەوە ماڵەوە، لەگەڵ ئەوەش زۆر جار رووبەڕووی قسەو توانجی دەر و دراوسێ و خەڵكانێكی زۆر دەبێتەوە، ئەوەشی وت كە هەندێك لە دەر و دراوسێ و خەڵكانێك توانج ئاراستەی هاوسەرەكەی دەكەن و گلەیی ئەوەی لێدەكەن كەچۆن ئەو رێگە بەژنەكەی دەدات وادرەنگ بچێتەوە ماڵەوە، ئەو ئافرەتە ستایشی هاوسەرەكەی خۆی كرد كە تائێستا ئازادی تەواوی داوەتێ سەرباری قسەو توانجی دەر و دراوسێ و خەڵك هیچ جۆرە بەربەستێكی بۆ دانەناوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا كە تائێستا زۆر جاران كاتێك لەگەڵ هاوسەرەكەیدا رووبەڕووی قسەو توانجی دەر و دراوسێ و خەڵك و بگرە خزمەكانیشی دەبێتەوە، بەڵام ئەم و هاوسەرەكەی هەوڵدەدەن خۆیان لەو كێشەو گیروگرفتانە لابدەن و زۆر ژیرانە رووبەڕوویان دەبنەوە و لەسەر كارەكانیان سوورتر دەبن. ئەوەشی دووپات كردەوە كەپێویستە ئافرەتان خۆڕاگرتربن بەرامبەر بە دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكان و چیان بوێت بیكەن بۆ رزگاربوون لەو كۆت و بەندانە.
خاتوو(ن) كە لە یەكێك لە سوپەرماركێتەكان كاردەكات سەبارەت بە خراپی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی كە لەبواری كەرتی تایبەتدا كاردەكەن دەڵێت، كارێكە دوورە لەگشت بەها مرۆڤایەتییەكان و گشت نەریتەكانی نێو كۆمەڵگەی ئادەمیزاد. لەبەر ئەوە نابێت و ناكرێت ئافرەتێك كە لەبواری كەرتی تایبەتدا كاربكات، بەسووكی تەماشا بكرێت. چونكە ئەمانە خزمەتێكی بێ وێنە پێشكەش بە كۆمەڵگەی مرۆڤـایەتی دەكەن و خزمەت بەو كۆمەڵگەیە دەكەن كە ئەو مرۆڤـە تیادا دەژی، خاتوو(ن) ئاماژەی بەوەدا كە ئەمڕۆ زۆر جێگەی داخ و مخابنە كە خەڵكانێك دەروونیان نەخۆشە و مامەڵەی ناشایستە و نامرۆڤانە لەگەڵ ئەوانەدا دەكەن. ئاماژەی بەوەشدا كە تائێستا زۆرجار تووشی كێشە بووە لەگەڵ كڕیارەكانی و هەندێكجار لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵ لەلایەن چەند گەنجێكەوە تووشی كێشەبووە و هەراسانیان كردووە، ناوبراو ئەوەی بەباش زانی كە هەوڵبدرێت سەندیكایەك بۆ ئەو ئافرەتانە بكرێتەوە كە لەبوارەكانی كەرتی تایبەتدا كاردەكەن، بەتایبەتی ئەو ئافرەتانەی كە لەناو سوپەرماركێتەكان كاردەكەن، چونكە ئەگەر سەندیكایەك هەبێت باشتر دەتوانرێت ژیانیان بپارێزێت. هاووڵاتی هێمن عەلی وای بەباش دەزانی كە ئافرەتان لەم شوێنانەدا كارنەكەن، چونكە رووبەڕووی هەموو جۆرە كەسانێك دەبنەوە، تیایاندا هەیە خەڵكی نەزان و نەفامە، هەیە كە تیل و توانج دەگرێتە ئافرەتەكە و گێچەڵیان پێدەكات و ئازاری دەروونیان دەدات. لەبەر ئەمە واباشترە ئافرەتەكان لەو جێگایانەدا كارنەكەن بۆئەوەی رووبەڕووی كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتی نەبنەوە. (عەبدولكەریم) كەباوكی دوو كچە ئەوانیش لەبواری كەرتی تایبەتدا كاردەكەن، ئاماژە بەوە دەدات كە كاركردنی ئافرەتان لەم جێگایانەدا زەروورەتێكی كۆمەڵایەتیە، لەبەر ئەوەی دەبێت ئافرەتانی كوردیش ئەو كۆت و بەندانە بشكێنن كە بوونەتە رێگر لەبەردەم گۆڕانە كۆمەڵایەتییەكان شتێكی روون و ئاشكرایە كە هەموو نوێگەرییەك سەرەتا بەرهەڵستی لێدەكرێت و خەڵكانێك هەن دژی هەموو گۆڕانكارییەك دەوەستنەوە. كاتی ئەوە هاتووە كە ئافرەتانیش شانبەشانی پیاوان لە گشت شوێنەكاندا كاربكەن و بتوانن رۆلێكی بەهێزیان هەبێت لە بنیادنانی ژێرخانی ئابووری خێزاندا. خاتوو(و) دایكی دوو كچە كە لەیەكێك لە سوپەرماركێتەكان كاردەكات و ئەو وای بەباش دەزانی كاركردنی ئافرەتان لەم شوێنانەدا زۆر پێویستە وتی: لەبەر ئەوەی ئەو ئافرەتانەی كەلەم شوێنانەدا كار دەكەن دەتوانن هاریكاری دایك و باوكیان و خێزانەكانیان بكەن، چونكە وەك خۆتان دەزانن لەرۆژگاری ئەمڕۆماندا ژیان زۆر سەخت بووە و ئافرەتان پێویستیان زۆر بەوە هەیە داهاتێكیان هەبێت تاوەكو بتوانن هاریكاری خێزانەكانیانی پێبكەن و پاشەكەوتێكیشیان بۆ خۆیان هەبێت.
عەلی پیاوێكی بە تەمەنەو كچێكی لە یەكێك لە سوپەر ماركێتەكان كاردەكات و ئاماژەی بەوەدا كە لەرۆژگاری ئەمڕۆدا جیاوازی لە نێوان كاری كوڕ و كچدا نەماوە، چونكە كۆمەڵگە پێشكەوتنی بەرچاوی لەرووی كۆمەڵایەتیەوە بەخۆوە بینیوە و ئافرەتان دەتوانن بەكاركردنیان لەم جێگایانەدا خزمەتی بەرچاو بەو شوێنانە بكەن، لەهەمان كاتیش دەتوانن هاریكاری ماڵ و كەسوكارو خێزانەكانیان بكەن.
Top