بڵاوبوونەوەی كێشانی نێرگەلە لەلایەن ئافرەتانەوە خەریكە دەبێتە دیاردەیەك

بڵاوبوونەوەی كێشانی نێرگەلە لەلایەن ئافرەتانەوە خەریكە دەبێتە دیاردەیەك
لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەی لەم سەردەمەدا كە كۆمەڵگەی كوردی بەخۆیەوەی بینیوە، كە بەشێكیان ئەرێین و گۆڕانكاری بەسەر جۆر و ستایلی ژیانماندا هێناوە، بەڵام ئەم گۆڕانكاریانە هەندێ دیاردەی نێگەتیڤیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، یەكێك لەو دیاردە نێگەتیڤانەش نێرگەلە كێشانی ئافرەتانە، كە بەرادەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و تەنانەت لە شوێنە گشتییەكانیش لێرەو و لەوێ ئافرەت دەبینرێت نێرگیلە دەكێشێ . تەشەنە كردنی كێشانی نێرگیلە لەلایەن ئافرەتانەوە كە خوویەكی خراپ و زیانبەخشە بە تەندرووستیان، هۆكار و دەرەنجامی خۆی هەیە، لەم راپۆرتەدا هەوڵدەدەین ئەم دیاردەیە تاوتوێ بكەین و هۆكاری بڵاوبوونەوەكەی لە زاری ئەو ئافرەتانەی كە خۆیان ئێستا خوویان پێوە گرتووە بابەتەكە بخەینەروو .
(سەبریە ئەحمەد) كە دانیشتووی شاری سلێمانییە و دەمێكە فێری نێرگەلە كێشان بووە، سەبارەت بە چۆنییەتی خوو گرتنی بە نێرگەلە دەڵێت « لەگەڵ هاوسەرەكەم زۆرجار دەڕۆین بۆ ڕێستۆرانت و شوێنی گشتی نێرگەلە دەكێشم هەر بەهۆی ئەویشەوە فێر بووم چونكە لە ماڵەوە بۆ خۆم ئامادەی دەكەم بۆ هاوسەرەكەم. ئەوە هۆكار بوو بۆ ئەوەی فێری نێرگەلە كێشان ببم. هەر بۆیە ئەو جێگانەی كە بۆی دەچین شوێنە ڕاقیەكان و پێشكەوتوەكانن، جا لەم شوێنانە ئەوەندە ئافرەتی دەرەوەی وڵات و ئافرەتە عەرەبی لێن و بە ئاشكرا و بە بەرچاوی خەڵكەوە ئەم چڕە دووكەڵە هەڵدەمژن بەڕاستی ئەو شەرمەیان شكاندوە بۆ نێرگەلە كێشان، بە تایبەت بۆمن دوو هاوڕێی ئافرەتی عەرەبم هەیە كە ئەوانیش دەكێشن لەو شوێنە گشتیانەدا . ئینجا زۆر شەو دەڕۆینە پاركەكان بۆ بەسەر بردنی كاتێكی خۆش نێرگەلەكەش لەگەڵ خۆمان دەبەین . تائێستاش كەس نەیوتوە عەیبە نێرگەلە بكێشین. لای كوردیش ئەوەندەی عەیبە كە هاوسەرەكەت ڕەزامەندی لەسەر شتێك نەبێت، بەڵام من هاوسەرەكەم ڕازییە بۆ ئەوەی بیكێشم، نێرگەلە كێشانیش زۆر تایبەتترە لە جگەرە كێشان بۆیە زۆر ئاساییی و ئاسانە بۆ ئافرەتان بەڵام ئەوەی ناڕەحەتم ئەكات منداڵەكانمە ئەیانەوێ دووبارەی هەڵس و كەوتەكانی ئێمە بكەنەوە، بۆ نموونە كوڕەكەم 16ساڵە پێیدەڵێم مەیكێشە، ئەڵێت خۆت و بابم مەكێشن بۆئەوەی ئێمەش نەكێشین.
(لەیلا ئەبوبەكر) كارمەندە لە نەخۆشخانە تەمەنی 36 ساڵە كە نزیكەی شەش مانگێگە فێری كێشانی نێرگەلە بووە دەڵێت: بۆ ماوەی شەش مانگە فێری نێرگەلە كێشان بووم هۆكارەكەشی ئەو بۆنەیەتی كەهەیەتی چونكە بۆنەكانی زۆر تایبەتن بۆشم ئاساییە و لە زۆر شوێنی گشتی دەكێشم بەتایبەت دوای نان خواردن پێم خۆشە بكێشم . هەر بەوهۆیەشەوە دەچمە ئەو ڕێستۆراتانەی كە نێرگەلەیان هەیە. ئەو سەردەمە بەسەر چووە كە پێمان شەرم بێت نێرگەلە بكێشین. بگرە ئێستا وەك پۆزێك زۆربەی ئافرەتان دەكێشن نەك ئەوەی كەشەرم بێت . ئێمەی ئافرەتان بەو هەموو دەستكەوت و توانایەی خۆمان گەیشتوین بۆچی ئەوەندە تەسك بیربكەینەوە كە شەرم بێت ئەگەر بێت و نێرگەلە بكێشین. بەڵام ئەگەر بێت و شوێنێكی تایبەت بە ئافرەتان دروستبكرایە بۆ مانەوە و حەسانەوەی ئافرەتان و دانیشتنە تایبەتەكانی ئافرەت خۆیان ئەوا گونجاوتر و تایبەت تر دەبوو. چونكە ئاساییە ئەگەر بڵێین ئافرەتان لەو شوێنانە دڵنیاترو خۆشحاڵتر دەبن كە ئافرەتان بەڕێوەی دەبەن زۆر ئاشكراش دیارە كە هەڵسوكەوت كردن لەو شوێنانە لەگەڵ ئافرەتان خۆشترە تا پیاوان .
(شنۆ عەلی) تەمەنی 33 ساڵەو دەڵێت : كە چوومە ژیانی هاوسەرییەوە و لەگەڵ هاوسەرەكەم ئەو بڕیارەمان دا كە نابێت بێتە ناو ماڵەوە جگەرە بكێشێ ئەوەندە بێزار بووم لە جگەرە كێشان. بەڵام كە وردە وردە لەگەڵی دەڕۆشتم بۆ سەردان و سەفەرە تایبەتیەكانی ئافرەتی برادەرەكانیم دەبینی كە نێرگەلە دەكێشن ئەوەندەی پێدەوتم بۆچی نایكێشی و بۆچی نایكێشی خۆت مەگرە چونكە لە كۆتایدا هەر فێردەبی ئیتر ئەوە بوو كەوتمە لاسایی كردنەوەی ئەوانی تر و منیش فێری بووم . ئێستا لە ماڵەوەش و لە شوێنە گشتیەكاندا دەكێشم و زۆر ئاساییە . لە شاری سلێمانی وردە وردە ئەو شتە دروستبووە كە ئەوە عەیب نەبێت نێرگەلە بكێشین . باشە بۆچی ئەو هەموو پیاو و گەنجە دەكێشن بۆچی كچان و ئافرەتانیش نەیكێشن . زۆربەشی تەنیا لاسایی دەكەنەوە چونكە ئێستا بووە بە خوو پیاوان بۆ زۆر كۆڕو كۆبوونەوەی تایبەت ئافرەتەكانیان دەبەن ئەوە یەكێكە لە هۆكارەكان بەو تێكەڵاوییەی ئافرەتان و پیاوانیش ئەو دابە دروستدەكات كە ئاساییی بێتەوە كە ئافرەتان نێرگەلە بكێشن وەك هەموو خواردن و خواردنەوەكانی تریش ئەگەرچی بۆ تەندروستی زۆر خراپە بەڵام ئافرەتانیش ئازادن و مافی خۆیانە چیان پێخۆش بوو بیكێشن و بیخۆنەوە.
هەنسك فەریق تەمەنی 21 ساڵەو دەڵێت: زۆربەی جار لە ماڵەوە نێرگەلە دەكێشم بەڵام تائێستا نەمهێشتوە باوك و براكانم بم بینن چونكە نامەوێ ئەوان ئاگادار بن دڵنیام پێیان ناخۆش دەبێت و لەناو خێزانی ئێمە زۆریان پێناخۆشە كچەكانیان نێرگەلە بكێشن تەنیا وەك پیاوەكان لاسایی دەكەمەوە دەشتوانێ كاتت پێبكوژێت بەس ئەوەندە، ئەگینا هیچ خۆشییەكی تری نییە و كەی بمەوێ وازی لێدەهێنم.
خوویەكی خراپ و زیانبەخش
ئەگەرچی هەندێ ئافرەت چ وەك چاولێكەری و چ وەك حەز و ئارەزوو فێری نێرگەلە كێشان بووینە، بەڵام رێژەیەكی زۆری ئافرەتانیش هەن كە بە عادەتێكی ناتەندروست و زیانبەخشی دادەنێن و هەندێ لە ئافرەتانیش تەنانەت بە عەیبەشی دەزانن كە ژن یا كچ نێرگەلە بكێشن، بۆ نموونە (د.سەیران جەباری) پێیوایە كە سەرەڕای زیانە تەندروستییەكانی، بە شتێكی ناشیرینیشی دەزانێ ئافرەت خوو بداتە فێربوونی هەڵمژینی ئەم چڕە دووكەڵە پیسە و دەڵێت : من نازانم هەڵمژینی ئەو هەموو دووكەڵە زیانبەخشە چ خۆشی و تام و لەزەتێكی هەیە كە نەك ژن تەنانەت كە پیاویش دەیكێشێ !! بەڕاستی عادەتێكی خراپ و بێزەوەرە، ئەسڵەن هەر شتێكی ناشیرینیشە كە دەبینی ئافرەتێك لە شوێنێكی گشتی نێرگەلەیەكی لە پێش خۆیەوە داناوە و خەریكی قوم لێدانییەتی . ئەوە جگە لەوەی كە لەسەرێكەوە زیان بە تەندروستی خۆی دەگەیەنێ، زیان بە تەندروستی كەسانی دەورو بەر و تەنانەت ژینگەش دەگەیەنێت . خۆزگە حكومەت ئەم دیاردە زیانبەخش و ناشارستانییەی قەدەغە دەكرد كە بەڕای من هیچ پەیوەندییەكی بە ئازادی شەخسییەوە نییە .
مامۆستا (ماردین شوانی)یش پێوایە فێربوونی ئافرەتان بەم عادەتە جگە لە چاولێكەرییەكی كوێرانە هیچی تر نییە و دەڵێ : بەڕای من بڵاو بوونەوەی ئەم خووە زیاتر بەهۆی چاولێكەری و كاریگەری تەلەفزیۆنە عەرەبییەكانەوە بووە، كە لە ریپۆرتاژەكانیان و لە زنجیرە تەلەفزیۆنی و دراماكانیانەوە ئەم نەریتە پەخش دەكەن . لای خۆشمان لێرە و لەوێ كە دەبینرێت هەندێ لە ئافرتان دەیكێشن ئافرەتی دیكەش چاویان لێدەكەن و لاساییان دەكەنەوە . بێجگە لەوەش گازینۆ و چایخانەكان و بازرگانە چاوچنۆكەكانیش رۆڵێكی خراپ و نالەباریان هەیە لە بڵاوبوونەوەی نێرگەلە كێشان . بەراستی هەقە هەموومان بەگژ ئەم دیاردە زیانبەخشەدا بچینەوە و هوشیارییەكی گشتی بڵاوبكرێتەوە كە نەك هەر ئافرەتان بەتەنیا بگرە پیاوانیش وازی لێبێنن و تەركی بكەن
Top