لە كۆمەڵگەی كوردیدا ماوەی مانگی هەنگوینی لە هەفتەیەك كەمترە

لە كۆمەڵگەی كوردیدا ماوەی مانگی هەنگوینی لە هەفتەیەك كەمترە
مانگی هەنگوینی لە كەلتوری ڕۆمانیەكانەوە هات، بووك و زاوا بۆ ماوەی مانگێك لەسەر یەك هەنگوین و ئاویان تێكەڵ بەیەك دەكردوو ئەیان خواردەوە بۆ ئەوەی ئەو ماوەیە بەشیرینی و بەخۆشیی ببەنەسەر. پاشانیش ئەو كەلتورە بۆ ئەوروپیەكان گوازرایەوە و دواتریش بۆ هەموو دنیا. بەڵام لە كۆمەڵگەی كوردیدا ئەو ماوەیە كەمترە دەبێتەوە تا دەگاتە هەفتەیەك یان كەمتر.
كاروان محەمەد لە هەفتەی یەكەمی هەنگوینی خۆیدا دەڵێت « ماوەیەكی زۆر تایبەت و خۆشە چونكە یادگاریەكانی ئەو ماوەیە لای هەریەك لە ژن و پیاو زۆر تایبەتە بەڵام ئەگەر بێت و ئەو ماوەیە لە ناوبنەماڵەو خێزانەكان بەسەر ببرێت ئەوا ناتوانین ئەو یادگاری و ماوە خۆشە بەسانایی تۆماربكەین .
چونكە پەروەردەی ناو بنەماڵەكانی ئێمە لەسەر بنەمای شەرم و حەیا دروست بووە، هەربۆیە ناتوانین ئەو سەربەستیەمان هەبێت بە تایبەت بۆ كوڕان كە هەمیشە ماڵی باوكی لە دوای گواستنەوەی بووكەكە وا هەست دەكەن ئیتر ئەو كوڕە ئەوانی پشت گوێخستوە هەربۆیە زۆرجار كێشە ڕوودەدات.
هونەر حامید چەند ڕۆژێكە لە ماوەی هەنگوینی خۆیدایەو بەسەفەر لەگەڵ هاوسەرەكەی چونەتە شاری هەولێر و دەڵێت «ئەم سەفەرە ماوەیەكی زۆر خۆشە بۆ من بەتایبەت و بۆ هاوسەرەكەشم چونكە ئێمە هاوسەریمان لەرێگەی بنەماڵەوە دروست بوو نەماتوانی سەربەستیەكی وامان هەبێت لە یەكتر ناسین و قسەو باسیی دەزگیرانیمان بەڵام ماوەی چوار ڕۆژە لە سلێمانیەوە هاتوینەتە شاری هەولێر بۆ ئەوەی لەوێ ئەو ماوەیە بگوزەرێنین و دوور بین لە میوانی و كات گرتنی كەس و كارمان، ئێستا زۆر باشین بەیەكەوە ئەو شەرم و بێتاقەتیەی سەرەتامان ڕەویوەتەوەو زۆریش تایبەتە ماوەی هەنگوینی هاوسەران هەربۆیە پێویستە گرنگی پێبدرێت.
لەنجە فاتیح دەزگیراندارەو چەند مانگێكی تر دەچێتە مانگی هەنگوینیەوە و دەڵێت «زور جار كە باسیی گواستنەوە دەكەین ئەوە بە هاوسەرەكەم دەڵێم كە ماوەی مانگی هەنگوینیمان چەند دەبێت بەڵام هەندێك بیانوو دێنێتەوە كە لەوانەیە نەتوانین ئەو ماوەیە بە باشیی بگوزەرێنین چونكە كاری هاوسەرەكەم لەگەڵ باوكییایەتی و ڕۆژانە پێویستی بەسەردان كردن دەبێت هەر لەبەر ئەمەیە كە ناتوانین بچینە سەفەر ئەمانە هەموو ئەو موبەریرانەن كە دەزگیرانەكەم دەیهێنێتەوە هەر لەبەر ئەمەشە كچان بیانووی ئاهەنگی گەورەو پڕ خەرجی دەگرن، بۆیە من ناتوانم بیر لە مانگی هەنگوینی و سەفەر بكەمەوە پێموایە زۆربەی كچانی ئەم كۆمەڵگەیە ئەم كێشەیەی منیان هەیە.
هێشوو غەریب ئێستا لە ماوەی مانگی هەنگوینیدایەو دەڵێت «ئەم قۆناغەی سەرەتای ژیانی هاوسەریی زۆر گرنگەو پێویستە زیاتر گرنگی پێبدرێت، چونكە ئەم ماوەیە ماوەیەكی زۆر گرنگە بۆ ژیانی هاوسەری هاوسەر ئەتوانێت ئەوە بكاتە بنەمایەكی باش بۆ ژیانی داهاتوویان، بەڵام لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ئەمە زۆر گرنگی پێنادرێت چونكە نەبووەتە كەلتور. تائێستاش بەپێی داب و نەریتی بنەماڵەكان و خێزانەكان ئەو ماوەیە تێدەپەڕێنین تا ئێستاش هەندێك لە كچەكان شەوی بوكێنییان لە ماڵی خەزورانیان تەواو دەكەن چونكە بۆ هەندێك لە خێزانەكان جوان نییە چوونە ئوتێل بۆ ئەوشەوە یان سەفەركردن، ئەمانەش كاریگەری خراپیی دەبێت لەسەر دەروونی ئەو كەسە.
كەژاڵ محەمەد ماوەی پێنج مانگە چووتە نێو كەژاوەی هاوسەرییەوە بەڵام دەڵێت « دوای ئاهەنگی هاوسەریمان بۆ شەوەكەی چوینە ئوتێلێكەوە بەڵام ئەو شەوە نەمانتوانی پرۆسەیی كوڕو كچی خۆمان تێپەڕێنین بە هۆی سوڕی مانگانەی منەوە، بۆ بەیانیەكەشی گەڕاینەوە بۆ ماڵی خەزورم دوای سێ رۆژ لە گواستنەوەم ئەوسا من تەواو بووم. واتە بۆ یەكەمین جار كەهاوسەرەكەم هاتە لام لە ماڵی باوكی بووین ئەوشەوە خەریك بوو دەمردم لە ترسانا من بۆخۆم زۆردەترسام و زۆریشم شەرم دەكرد جا وەرە لەو ماڵەشدا بووین ژوورەكەی تەنیشتمان براكانی هاوسەرەكەمی تێدا بوو ئەوانیش شەوانە نەدەنووستن تا سەعات 2ی شەو، لێتانی ناشارمەوە مردم و زیندوو بوومەوە ئەوەندەم بێزاری چەشت لەدەست هەفتەو مانگی هەنگوینی ئاخر كورد كوا كەلتوری ئەوەی هەیە كە مانگی هەنگوینیمان بۆ بكەن جگە لەوەش هەر شەوانە هاوسەرەكەم دەبینی تەنیا ئەوكاتانەی كە دەچوینە سەر میوانی، لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە خێرا دێن و میوانداریت دەكەن، من بۆخۆم لەگەڵ ماڵی خەزورم نەكرابوومەوە جاوەرە ماڵی كەس و كاریان ئەمانەو زیاتریش قۆناغە بێزاركەرەكانی مانگی هەنگوینیە.
Top