زۆر پەشیمانم لەوەی خۆم سووتاند

زۆر پەشیمانم لەوەی خۆم سووتاند
ژیانی من هەرلەوكاتەی كە بڕیاری لەسەر درا هاوسەرگیری لەگەڵ عادلدا بكەم، كەوتمە چارەنووسێكی رەشەوە . تەنانەت ئەوەم پێنەبڕا قسەیەكیش لەسەر ئەو مەسەلە گرنگە بكەم . باوكم پێی راگەیاندنم عادل لەبەرئەوەی بنەماڵەیەكی دیاری شاری هەڵەبجەن دەبێت هەر شووی پێبكەیت . من جارێك لەخوشكەكەی بیستبووم كە نەخۆشی پەركەمی هەیە، ئەوجا كە تووشی ئەو حاڵەتەش یەكەسەر دەبێت دەبوورێتەوە . زۆر بەمە خەفەتبار بووم لەبەر هەندێ ئەمەم بە نیگەرانییەوە بەدایكم وت، كەچی ئەو وتی : رۆڵە تۆ بۆچی لەقە لەبەختی خۆت دەدەیت، كوڕی واچاكت لە كێ دەستدەكەوێ . پێی وابوو كە ئەمە لەوانەیە دواین كەس بێت لەدەرگای بەختی (شوو كردنی)من بدات . بەداخەوە ئەو وەڵامەی دایكم وایلێكردم كە بگەمە ئەو بڕوایەی ئەگەر لەخێزانەكەتدا دایك و باوك گوێت لێنەگرن و پشتگیریت نەكەن، هەرچییەك بڵێیت بێ سود دەبێت.

منیش بەناچاری رازی بووم و لەماوەیەكی كەمدا پرۆسەكەمان بەكۆتا گەیشت، جا لەبەرئەوەی عادل ئەو نەخۆشییەی هەبوو خێزانەكەیان پێیان خۆش نەبوو ماڵی جیا دروستبكات، بۆیە پێكەوە لەماڵێكدا دەژیاین . نیوەڕۆیەك بوو كە عادل ئەو حاڵەتەی بەسەردا هات، بۆماوەیەك بێهۆش بوو، تەنها من و دایكی لەماڵ بووین، زۆر ترسام كاتێك بەو شێوەیە بینیم، نەمدەزانی چی لێبكەم ئەوەندەم پێكرا هاواری خەسوم بكەم تا فریای بكەوێت . پاش كەمێك بەهۆش خۆی هاتەوە و ئاسایی بۆوە، ئیتر ئەوەندەی دیكە من توشی دڵەڕاوكێ و نائارامی بووم چونكە بۆم روون بۆوە كە عادل نەخۆشیەكەی هەرماوە و چاك نەبۆتەوە .

ئەمەم بۆ دایكم باس كرد وتی: قەینا باش دەبێت. لە راستیدا باوەڕیان پێنەدەكردم تارۆژێك لەگەڵ ماڵی باوكم چووین بۆ سەیران و لەوێ توشی ئەو حاڵەتە بوو باوكم و دایكم نەیاندەزانی چی لێبكەن و نەیاندەزانی چی بەمن بڵێن بەتایبەت دایكم زۆر هەستی بە ئیحراجی دەكرد . ئەم نەخۆشیەی عادل وردە وردە پەرەی دەسەند و رۆژ بەڕۆژیش خراپتر دەبوو، تاوای لێهات پزیشك چارەسەری بۆ دانا، من نەمتوانی بەو شێوەیە لای عادل بمێنمەوە بۆیە داوای جیابوونەوەم لێكرد، بەو حاڵەی تا توانیم قەتاعەت بە باوكم و دایكم بكەم تا لەعادل جیاببمەوە زۆر زەحمەتم كێشا چونكە پێیانوابوو ئەگەر من تەڵاق بدرێم دەبێتە لەكەیەكی تەواو عەیبە بۆ بنەماڵەكەم، بەڵام منیش پێموتن ئەگەر رازی نەبن خۆم دەسوتێنم.هەرچۆنێك بوو ئاخرییەكەی من و عادل جیابووینەوە.
حەوت مانگ بەسەر جیابونەوەكەماندا تێپەڕببو كە نووخشە خانی دراوسێمان رۆژێك هات بۆماڵمان و وتی : بۆچی شوو بە رزگاری برام ناكەی ؟ براكەی ساڵی پێشتر ژنی هێنابوو و كوڕێكیشی هەبوو، ئەوان پێكەوە نەگونجابوون بۆیە تەڵاقی دابوو.هەرچەند بڕیارم دابوو شوو بەكەسێك نەكەم كە مناڵی هەبێت بەڵام لەو بڕوایەدابووم كە چارەنووسمە كە لەگەڵ رزگار زەواج بكەم . راستییەكەی ئەم زەواجەم تەواو بە بڕیار و دڵی خۆم بوو، چونكە رزگار كوڕێكی سەرنجڕاكێش و هاوكات لایەنی ماددیشی زۆر باش بوو، خۆم رازی بووم كە كوڕەكەشی بۆ بەخێو بكەم، لەسەر ئەو شتانە رێككەوتین و هاوسەرگیریمان كرد.
رزگار بەهۆی كارەوە لە سلێمانی دائەنیشت و ماڵی لەوێ بوو، ژیانمان بۆ ماوەیەك تەواو ئاسایی بوو من زۆر خۆشحاڵ و ئاسودە بووم، بەڵام ئەوەی منی نیگەران دەكرد خۆ هەڵقورتاندنی خێزانەكەی بوو لەهەموو شتێك ژیانی ئێمە . لەوكاتەدا من بۆ یەكەمجار سكم بوو. چەند جارێك باری تەندروستیم خراپ بوو بەڵام ئەوان گوێیان پێنەئەداو بەچەندین رۆژ لەماڵمان دەمانەوە . سەرەتا كە زانیان سكەكەم كچە خەسووم خۆی لێ عاجز كردم هەروەك بڵێیت من خۆم دروستم كردووە . تامناڵەكەم نەبوو بەو ماڵەدا نەهاتەوە، رزگار لەهەموو شتێكدا پرسیی بەدایكی دەكرد بەبێ رای ئەو هیچ كارێكی ئەنجام نەئەدا، زۆر لەدایكی ناڕەحەت تربو كەكچمان بوو، دوای مناڵی یەكەم دووبارە سكم بۆوە ئەمجارەشیان هەر كچم بوو، ئەوەندەی تر شەڕەكەیان لەگەڵمدا قورس كرد، تەنانەت باسی هاوسەرگیری یەكەم جاری منیان دەكرد و بەچاویان دەدامەوە و رزگار پێی دەوتم : ئەگەر باش بوویتایە تەڵاق نەدەدرایت بەداخەوە رۆژ بەرۆژ خراپتر دەبوون لە هەڵسوكەوت كردن لەگەڵمدا . من نەشمدەتوانی بە دایكم و باوكم بڵێم لەبەرئەوەی بە بڕیار و دڵی خۆم شووم بەرزگار كردبوو.
رزگار هیچ گوێی بە كچەكان نەئەدا هەر كوڕەكەی خۆی لەباوەش دەگرت و نازی پێئەدا ئەگەر بتبینیایە وات هەستدەكرد كە ئەم كچانە مناڵی كەسێكی بێگانەن نەك هی خۆی . رۆژێك كچە بچوكەكەمان نەخۆش بوو داوام لێكرد بیبەین بۆ نەخۆشخانە، بەڵام نەهات لەگەڵمدا و وتی : خۆت بیبە، لەسەر ئەوە لێمان بوو بەناخۆشی بۆیە رزگار زۆر بی شەرمانە كەوتە لێدانم، منیش بەهۆی ئەو رقە ئەستورەی كە هەمبوو بڕیاری خۆ سوتاندنم دا، ودەستەبەجێ هەستام نەوتم بەخۆم داكرد و خۆم سوتاند . كە ئاگر لە جەستەم بەرز بۆوە لە تاو ئازاری سووتانی لەشم كردمە قیژە و هاوار، بەو جۆرە دراوسێكانمان گوێیان لەدەنگی هاوار و گریان بوون و فریام كەوتن و كوژاندیانمەوە . بەهۆی زۆری رێژەی سوتانەكەمەوە بۆماوەی 3 مانگ لەنەخۆشخانە مامەوە، دواتر لەنەخۆشخانە دەریانكردم و چوومەوە بۆماڵی خۆم . هەر ئەو كاتە لەنەخۆشخانە بووم رزگار پوری ناردبوو كە دەبێت جیا ببینەوە، بەبێ هیچ بیركردنەوەیەك قبوڵم كرد، سەرباری هەموو ئەو ناخۆشیانەی بەسەرمدا هات داوای مناڵەكانیشی نەكردەوە،منیش دڵم نەهات پێیان بدەمەوە، ئێستا بەجەستەی سوتاوەوە نازانم چ بڕیارێكی تر بدەم بۆ چارەنوسی ژیانی خۆم و بەخێوكردنی مناڵەكان چونكە لەلای خوشكێكم دامناون و ناتوانم بیانهێنمەوە بۆلای خۆم، لەبەرئەوەی نامناسنەوە كە من دایكی ئەوانم، بەهۆی سوتانەكەوە روخسارم تەواو شێواوە، ئەوەندەم پێدەكرێت رۆژانە تەمەنی خۆم بەفرمێسك و خەمەوە بەرێ بكەم.
Top