هەموو مرۆڤێك، بەبێ جیاوازی پێویستی بە خۆشەویستی هەیە

هەموو مرۆڤێك، بەبێ جیاوازی  پێویستی بە خۆشەویستی هەیە
خۆشەویستی پێناسەی جۆراوجۆری لە هەموو رەهەندە فكری و فەلسەفییەكانی بۆ كراوە، بەڵام ئەوەی لەهەموان زیاتر گرنگی بە بوونی عەشق داوە عیرفانە كە تیایدا عەشق و خۆشویستن بە یەكێك لە كۆڵەگە سەرەكییەكانی عیرفان ناو دەهێندرێت و بە رێگەی گەیشتن بە خودا ناو دەبرێت، هەر بۆیەش عەشق لای عارف و سۆفی دەستەواژەیەكی پیرۆزە.بۆ ئەوەی پتر بەناو رەهەندەكانی ئەم هەستە ئینسانییەدا قوڵ بینەوە، لەم راپۆرتەدا ئەم دنیا ئەفسووناوییە بەسەر دەكەینەوە...
(هاوژین محەمەد) لێكۆڵینەوەیەكی دەروونناسی لەسەر رەهەندەكانی خۆشەویستی ئەنجام داوە كە تیایدا بە وەڵامی كۆمەڵێك پرسیاری هەستیار گەیشتووە.
هاوژین دەڵێ: لای من خۆشەویستی ئەو هەستەیە كە لە نەستی تاكدا ئامادە دەبێت و وەك وزەیەكی گەورەی لێدێت بۆ ژیان و هەندێك جار خۆشحاڵت دەكات و هەندێك جاریش دەتگەیەنێتە پلەی میحنەت و ئازار، هەموو مرۆڤێك بەبێ جیاوازی پێویستی بەم هەست و خۆشەویستییە هەیە، زۆر جار خۆشەویستی لە مرۆڤدا بەرز دەبێتەوە و دەگاتە پلەیەك كە دەشێ ناوی عەشقی لێ بنێین.
(نازە رەئوف) قوتابی زانكۆیە و دەربارەی سەربووردەی عەشقی خۆی دەڵێت: ماوەی پێنج ساڵە كوڕێكم خۆشدەوێت، ژوانمان پێكەوە هەیە و هەندێكجار سەردانی خوشكەكانی دەكەین، زۆربەی كەس و كارەكەی لەنزیكەوە دەمناسن و رەزامەندی خۆیان نیشان داوە لەوەی كە ژیانی هاوسەریی دروستبكەین، بەڵام كە باس دێتە سەر پڕۆژەی هاوسەرگیری خۆشەویستەكەم پێمدەگۆڕێت و دەڵێت : با كەمێك لەزەت و خۆشی لەم پەیوەندییەمان ببینین، لەبەر ئەوەی دوایی بەرپرسیارێتی ژیان ناهێڵێت بیر لە خۆمان بكەینەوە. (نازە) بەردەوام دەبێ لە ئاخاوتن و دەڵێ: بەردەوام لە نائارامی دەرونیدا دەژیم چونكە هەمیشە دڵە خورپەی ئەوەمە كێشەیەكمان بۆ بێتە پێش و ببێتە هۆی ئەوەی لەیەكتر داببڕێین. دڵە خورپەكەم زیاتر لەبەر ئەوەیە ئەگەر شتێكی لەم شێوەیە روو بدات، ئیتر ناتوانم جارێكی تر متمانە بە كەس بكەمەوە و خۆشەویستیم بۆ كوڕێكی تر هەبێت. ئێمە مێژوویەكی درێژمان لە خۆشەویستی تۆمار كردوە و هەمیشە خەون بەو ساتەوە دەبینم كە تێیدا بە ئارامی بسرەوم.كارەكتەری نازە بە شێوەیەكە كە زۆربەمان ئەزموونمان كردووە، (هاوژین محەمەد)، پسپۆری دەروون ناسی دەربارەی ئەو هەستەی نازە بۆ گەیشتن بە ئارامی دەڵێت ئەو هەستەی نازە لە ئەنجامی درێژبونەوەی زیاد لە پێویستی ماوەی خۆشەویستیاندایە و هەر بۆیەش بەم شێوەیە حەسرەت بۆ گەیشتن بە خۆشەویستەكەی دەخوازێت و هەڕەشەی ئەوە لە خۆی دەكات كە ناتوانێت و نابێت كەسی دووهەم بكەوێتە ناو ژیانیانیانەوە و دەوری كاراكتەری مەعشوقەی بۆ بگێڕێت. خۆشەویستی لای كچان ئەزمونێكی زۆر هەستیارە لەبەر ئەوەی كچان عاتیفیترن لە چاو كوڕاندا و هەر ئەمەش هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی هەمیشە هەڕەشەی جۆراوجۆر لە خۆی بكات كە ئەمەش تەنها مەترسی بۆسەر خودی خۆی دەبێت.
سەناریا كچی ماڵەوە و لەسەر پەیوەندییە پچڕاوەكەی ئازارێكی گەورە لەدڵی دایە و بە كوڵەوە دەڵێ: لەگەڵ كوڕە خاڵەكەم پەیوەندیی خۆشەویستیمان هەبوو، زۆرم خۆشدەویست، ئامادە بووم نان نەخۆم ئەگەر بیوتایە مەیخۆ، زۆری پێباش بوو ژیانی هاوسەری دروستبكەین، لە ماوەی دوو ساڵی پەیوەندیماندا دامان نابوو هاوینی ئەمساڵ زەماوەند بكەین بەڵام لە مانگی شەشدا لەخۆوە بیركردنەوەم گۆڕا لە بەرانبەر ئەو هاوسەرگیرییە چەندین بیانووی جۆراوجۆرم پێگرت بۆ ئەوەی ئەو هاوسەرگیرییە سەر نەگرێت . هۆكارەكەشی ئەوە بوو كە ئەزموونێكی لەم شێوەیەم لەناو بنەماڵەكەماندا بینیبوو كە بەهۆی هاوسەرگیری خزمایەتییەوە برازایەكم هەڵگری نەخۆشی تالاسیما بوو هەر بۆیە ڕاستەوخۆ بە كوڕە خاڵەكەم وت كە براكانی ئەو نەخۆشیەیان هەیە . بەڵام خاڵۆزاكەم نەیدەویست باوەڕ بەمە بهێنێت و پێداگری لەسەر هاوسەرگیری دەكرد بەڵام لە كۆتاییدا توانیم بە قەناعەتی بگەیەنم و وازمان لە یەكتر هێنا.زۆر جار هەندێك پاڵنەر هەیە كە مرۆڤەكان تووشی چارەنووسێكی نادیار دەكات كە لەوانەیە تا كۆتایی ژیانیان لە دۆخێكی ناجێگیری وادا بژین كە لەخۆیان خۆش نەبن.
(هاوژین محەمەد) ئەو هەڵوێستەی سەناریا بە هەڵوێستێكی ژیرانە وەسف دەكات و دەڵێ «بڕیارەكەی (سەناریا) بڕیارێكی دروستە، چونكە مرۆڤ نابێ لە پێناوی هەستیدا منداڵێكی نوقسان بهێنێتە دنیاوە و تا كۆتایی تەمەنی هەم خۆی پێوەی گیرۆدە ببێت و هەم ئەو منداڵەش ئازار بچێژێت. ئەوە جۆرە سەركەوتنێكە كە ئەقڵی (سەناریا) بەسەر هەستیدا كردوویەتی و لە هەمان كاتیشدا ئازاری چێشتووە لەوەی كە ناتوانێت لەگەڵ ئەو كەسەی كە خۆشیدەوێت ژیان دروستبكات. ئەم جۆرە زاڵ بوونەی عەقڵ بەسەر هەستدا لە هەموو كەسێكدا دروست نابێت تەنها لەو كەسانەدا نەبێت كەخاوەنی هێزێكی دەروونی و ئەقڵانین. (كامەران محەمەد) كارمەندی ڕادیۆیەو باس لە پەیوەندی خۆشەویستی خۆی دەكات و دەڵێ «پەیوەندی خۆشەویستیم لەگەڵ چەند كچێك هەیە، ئەوەی ڕاستی بێت هەر كچێك بە جۆرێك سەیرم بكات ئەوەندەی ناز پێدەدەم و لێیی نزیك دەبمەوە تا بۆخۆی داوای پەیوەندیم لێدەكات بەڵام كە پەیوەندیشی لەگەڵ دەبەستم یەكەمین قسەم ئەوەیە كە داوای دروستكردنی ژیانی هاوسەریم لێنەكات، ئەوانەی كە ئێستا پەیوەندیم لەگەڵیان هەیە بەو مەرجەم ڕازی بوون بەڵام، ئەوەی كە زۆر لێی دەترسم ئەوەیە كە دووان لەو كچانەی پەیوەندیم لەگەڵیان هەیە كچی پورمن و زۆر دەترسم ئاشكرا ببم ئەگەرچی زۆریان ڕق لەیەكترە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترسێكم لە دڵدایە» كامەران دەڵێ «زۆرم حەز لەم جۆرە پەیوەندیانەیە لەبەر ئەوەی تایبەتمەندی و چێژی تایبەتی خۆیان هەیە، ژوان لەگەڵ زۆربەیان دروستدەكەم، وا خووم پێوە گرتووە ئەوا تەمەنم دەبێتە 28 ساڵ بەڵام ناتوانم بیر لە هاوسەرگیری بكەمەوە.»
(هاوژین محەمەد) سەبارەت بە پەیوەندییەكانی كامەران دەڵێ «ناكرێ ناوی ئەو پەیوەندییانە بنێین خۆشەویستی بەڵكو ئەمە حەزە. (كامەران )حەزی لەچەندین كچ كردووە و كاتیان پێوە بەسەر دەبات و بۆ مەرامە جۆراوجۆرەكانی بەكاریان دەهێنێ، ئەو كچانەش كە پەیوەندیان لەگەڵی هەیە بیر لەوە ناكەنەوە كە خەریكن كات بە كەسێكەوە بە فیڕۆ دەدەن كە دڵنیای كردوونە زەماوەندیان لەگەڵ ناكات. ئەم نا هوشیارییە دەبێتە هۆی ئەوەی چەند كەسایەتی جیاواز لە یەكتر لەناو دەروونی ئەم كەسانەدا دروست ببێت و لە ئەنجامدا سەرگەردانی و ئاڵۆزی دەروونی لێدەكەوێتەوە . بۆیە لە كۆتاییدا كاتێك بیر لەوە دەكەنەوە بۆ خۆیان بژین ئیتر هیچ بنەمایەكی ئەخلاقییان دەستناكەوێ كەسایەتی خۆیانی لەسەر بنیات بنێن و بە بنبەستێكی دەروونی دەگەن كە زۆر جار لەدەستدانی كەسایەتی لێدەكەوێتەوە..
Top