پیاوەكەم بێموبالاتانە تەڵاقی دام

پیاوەكەم بێموبالاتانە تەڵاقی دام
دوای هەشت ساڵان لە ژیانی هاوسەرێتی، دوای ئەوەی بوومە خاوەنی سێ منداڵ، ئەو پیاوەی كە بە هەموو شێوەیەك لەگەڵی بووم و هاودەم و هاو خەمی بووم، رۆژگارێكی دوور و درێژی ژیانی هاوسەریم بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەكانییەوە، لەگەڵی بەسەر برد و كەچی وەك ئەوەی كە شتێكی زۆر سووك سادەی بكات، لە دادگا لەبەردەم دادوەر، بەئاسانی گوتی : جەنابی دادوەر من ژنەكەی خۆم لە دەرەوەی دادگا لە بەردەم دوو شاهێد تەڵاق داوە و ئامادەشم هەموو مافێكی یاسایی بدەمێ و هیچ لارییەكیشم نییە كە هەرچی داوا بكات . من زمانم گیرا بوو، لە حەژمەتی ئەو هەڵوێستەی پیاوەكەم . دادوەر پرسیاری لێكردم و بەلام هەر هێندە دەزانم و بە بیرم دێ كە گوتم : مافەكانی خۆم هەموویم لێدەوێ بژێوی منداڵەكانیشم بۆ دابین بكات و دەمەوێ خۆم منداڵكانم بە خێو بكەم . كاتێكی زۆر بوو یا كەم ئاگام لێنەبوو، كە هاتینە دەرەوە و زۆر روو قەیمانە و بێموبالاتانە، بە بەردەممدا رۆیشت و تەنانەت بێئەوەی ئاوڕێكیشم لێبداتەوە، پشتی تێكردم و رۆیشت . ئیدی هەر ئەو رۆیشتنە بوو و جارێكی رووی نەكرد بەلامەوە . ئەمە قسەكانی (بەهیە)ی سی و پێنج ساڵە بوو كە بۆ ئێمەی دەگێڕایەوە . ئێمە بیستبوومان كە هەندێ پیاو هەن زۆر بە ئاسانی ئامادەن لە سەر هۆی سادە ژنەكانیان تەڵاق بدەن بە چاو پۆشین لەوەی كە منداڵیان هەیە، یا ئەو ژنە دواتر چۆن دەژی و ژیان لەگەڵ منداڵەكانی بەسەر دەبات كە پێش ئەوەی منداڵی ژنەكە بن منداڵی خۆیین . بڕوامان نەدەكرد، بەڵام كە گوێبیستی كەیسەكەی (بەهیە)خانم بووین، بە تەواوەتی بڕوامان بەم قسەیە هات . دەگەڕێینەوە لای (بەهیە) و گوێ لە درێژەی باسەكەی دەگرین، ئەویش درێژەی پێدا و گوتی : رەنگە پێتان سەیر بێ كە بڵێم هۆی تەڵاق دانی من لەسەر ئەوە بوو كە داوای ماڵی سەر بەخۆم لێیكرد كە پتر لە هەشت ساڵە لەگەڵ ماڵی باوكی دەژیم، بەڵام باوكی رازی نەبوو مێردەكەم ماڵم بۆ دابنێت . دەزانن هۆیەكەی چبوو، هەر لەبەر ئەوەبوو كە من وەك خزمەتكار لەو ماڵە هەمیشە لە خزمەت كردنیاندا بووم . داواكردنی ماڵی هاوسەری وەك ئەوە وابوو كە من بڵێم ئیتر بەسە خزمەتكاری . بەڕاستی بە هیچ شتێك رانەدەگەیشتم، نەمدەزانی خزمەتی مێرد و منداڵەكانم بكەم یا خزمەتی خەسووم و خەزوورم بكەم . ئەوجا خۆ بریا هەر خزمەتكردن بوایە و بەس . بڕوا بكەن قسە رەقەكانی خەسووم و فەرمانە كۆتایی نەهاتووەكانی خەزوورم وەكو ئەوە وا بوو هەموو رۆژێك زەهراوم دەرخوارد بدەن . لە هەمووشی سەیرتر هەڵوێستە ترسنۆكەكانی ئەو مێردە بێوەفایەم بوو، كە ئەویش وەكو خزمەتكار تەماشای دەكردم و دایك و باوكی بە سەر مندا دەسەپاند و ئەوانی لە سەرمن زاڵدەكرد . ئەوجا بریا تۆزیكیش باشبوونایە لەگەڵم، دەمگوت قەیدی ناكات دەمگوت وەك دایكم و باوكممن . ئیدی ئەوە بوو، باجی داواكارییەكەم تەڵاقدانم بوو .
Top