ئەو كچەی رۆژگار كردی بە ئافرەتێكی لەشفرۆش

ئەو كچەی رۆژگار كردی بە ئافرەتێكی لەشفرۆش
ئا: دیار سالار توێژەری كۆمەڵایەتی

(س) كچێی تەمەن شازدە ساڵان بوو تازە دەچووە ناوقۆناغی هەرزەكارییەوە و قوتابی سێیەمی ناوەندی بوو لەساڵی (2008) وردە ورردە توانا سێكسییەكانی تازە هەراش دەبن، ئەمیش لە كۆمەڵگەیەكی داخراودا دەژی و لەخێزانێكی تا راددەیەك مام ناوەندیە، (س) كچێك بوو زۆر ئارەزووی خوێندنی نەبوو باری ئابووری خێزانەكەشیان نالەبار بوو، باوكی خانەنشین بوو دایكشیی فەرمانبەر بوو، پێكهاتەی خێزانەكەیان بەشێوەیەك بوو باوكیان پیاوێكی بێتواناو پەككەوتەبوو، هەروەها نەخۆشی درێژخایەنی هەبوو توانای دابینكردنی پارەی بۆخێزانەكەیان نەبوو، لەبەر ئەوە دایكیان دوای دەوامی فەرمانگەی حكومی لەیەكێك لە سوپەرماركێتەكاندا كاری دەكرد و درەنگانی شەو دەگەڕایەوە، ئێمەش خۆمان وەك ئەندامێكی ئەم كۆمەڵگەیە دەزانین كە چۆن ئافرەتێك ئەكەر درەنگ بێتە ماڵەوە كۆمەڵگەی ئێمە چۆن لیێی دەڕوانێت و شیكردنەوەی كۆمەڵگە دەربارەی ئەوخێزانەكە چۆن دەبێت.
(س)ینیش بەباڵا شۆخ و شەنگەكەیەوە كاتێك هەموو بەیانییەك دەچوو بۆ قوتابخانە سەرنجی زۆرێك لە گەنجانی بەلای خۆیدا راكێشابوو، هەموو چاوەڕێی بوون رۆژێك وەك نێچیرێكی باش بەردەستیان بكەوێت، بەتایبەتی چەند گەنجێكی داوێن پیس ماڵیان لەو گەڕەكەبوو تەماحیان كردبووە (س) وەك كچێكی جوان و شۆخ و شەنگ و دەیانویست وەك سەدان كچی تری ئەم وڵاتە لە خشتەی بەرن، دایكی (س) لەئەنجامی ئەو ئەرك و بار قورسیەی كە كەوتبووە سەر شانی، نەیدەتوانی بە بەردەوامی ئاگاداری منداڵەكانی بێت و باوكیشی پیاوێكی تابڵێی خاوەن رەوشت و ئایندار و رێكوپێك بوو، بەڵام بەهۆی نالەباری باری تەندروستیەوە چاودێری خێزانەكەی پێنەدەكرا.
رۆژێكیان (س) دەچوو بۆ قوتابخانە، لەرێگا گەنجێكی داوێن پیس ماڵیان لەو گەڕەكەبوو، هاتە سەر رێگای (س) داوای خۆشەویستی لێكرد وەك خۆمان دەزانین (س)ینیش كچێكی تازە بێگەشیتووە توانای سێكی تازە هەراش دەبێ یەكسەر بە داوای كوڕەكە رازی بوو، پاشان كوڕەی نەفس نزم و داوێن پیس وردە وردە قسەی لەگەڵ دەكرد و لەسەر رێگای قوتابخانەو پاشان قەناعەتی بە(س) هێنا كەلە كاتی دەوام دا نەچێتە ناو قوتابخانەو بەیەكەوە بن لە دەوروپشتی قوتابخانەكان، دواتر بە وتەی(س) خۆی هانی دا بەیەكەوە بچنە دەرەوەو جلی تر بهێنێت بێجگە لە جلی قوتابخانە بەیەكەوە چوون بۆ پیاسە بە ئۆتۆمبێلی كوڕەكە پاشان بردیە شوێنە دوورەكان كەوتە ئەنجامدانی كاری سێكسی لەگەڵیدا.
(س) وتی هەموو رۆژێك دەهات بەدوامدا و منی دەبرد بۆ دەرەوەو منیش وامدەزانی درۆم لەگەڵ ناكات و دێتە داوام، دوای ئە م ماوەیە رۆژانە دەچووین بۆ دەرەوە، هەندێكجار دەترسام كە خەڵك بمبینێت، بەڵام قسەكانی ئەو گەنجە تاوانبارە وەك ساحرو جاد و وەهابوو.
پاش ماوەیەك رۆژێكیان برادەرێكم پێی وتم كە لە ئەنجامی نەچوونەوەی بەردەوامم بۆ قوتابخانە فەصل كراوم سەرەتا زۆر بێزار بووم، بەڵام دواتر لەگەڵ هەمان كوڕدا چووینە دەرەوە وردە وردە بەكارە نابەجێیەكەم خەریك بووم.
ئیتر پاش ماوەیەك بەتایبەتی كە دەچوومە ناو برادەرەكانمەوە لەگەڵ كچەكانی دراوسێدا هەستم بەوە دەكرد كە هەندێكیان خەریكە وردە وردە لێم دوور دەكەونەوە و خۆیان لەمن لادەدەن.
رۆژێك لەرۆژان لەماڵەوەو بووم هەستم كرد ئازارێك لە ناو گیانمدا پەیدابوو كاتێك لەگەڵ خوشكەكەمدا چوومە لای پزیشك بە مەبەستی پشكنین، پزیشكەكە پێی وتین كە من سكم دوو مانگە، ئیتر من و خوشكەكەم زۆر شۆك بووین، بەڵام پاش رۆژێك بڕیارم دا بچم بۆ لای كوڕەكە تا بێتە داخوازیم بۆئەوەی ئابڕوی خۆم بكڕمەوە، بەڵام كوڕەكە زۆر نامەردانە بە روویەكی زۆر ناشرین و نامرۆڤـــانەوە پێی وتم تۆ زۆر نەزانی وادەزانی كە دوای ئەم هەموو كارە سێكسیەی كە ئەنجامان داوە بەتەمای بێم بتخوازم، زۆر هەڵەی هەزاران كچی وەك تۆم لە رێگا لاداو كردوومنەتە ئافرەتی لەشفرۆش، پاشان وێنەیەكی منی دەرهێنا كە بەبێ جل و بەرگ گرتبووی و وتی سەرجەم كارە سێكسییەكانیشی وێنە گرتووە، ئیتر من دەستم بە گریان كرد بەپەلە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە.
ئەو شەوە نەمزانی چۆن رۆژم لێبۆوەو بەیانی ئەم رووداوەم بۆ دایكم گێڕایەوە، دایكم یەكسەر رەنگی تێكچوو پێی وتم كچم بۆوات بەسەر خۆت هێنا، بۆ رۆژێ خۆت گەیاندە ئەمڕۆ. پاش چەند رۆژێك دایكم پێی وتم لەگەڵ باوكت باسی ئەم مەسەلەیەمان كردووە دەبێت بەم نزیكانە تۆ منداڵەكە لەناو بەریت و دوای ماوەیەك منداڵەكەم لەبار خۆم بردو هەموو شتەكان ئاشكرابوون كەمن كردبووم، سەڕەرای ئابڕوچوونم لە قوتابخانەش فەصڵ كرام لەبەر زۆری رێژەی ئامادەنەبوونم.
بۆساڵی دواتر گەڕامەوە بۆ قوتابخانەو ئیتر توانیم وردە وردە لەگەڵ بارەكە خۆم رابهێنمەوە، بەڵام كوڕان سەر رێگای رۆشتنیان لێدەگرتم لەبەر ئەوەی كە كوڕە تاوانبارەكە ناومی زڕاندبوو وێنەكەمی بڵاو كردبۆوەو ناوبانگم لە گەڕەك و لە قوتابخانە بەتەواوەتی زڕابوو، تەنانەت كەس برادەرایەتی نەدەكردم، تەنیا یەك كچ نەبێت كەلەگەڵمدا دەگەڕا تا رۆژێكیان پێی وتم ئیتر ناتوانێت لەگەڵمدابگەڕێت و لەبەر ئەوەی براكەی ئاگاداری كردۆتەوە كەنابێت لەگەڵمندا بێت، لەبەر ئەوەی كە من ناوبانگێكی خراپم هەیەو وێنەكەم بە مۆبایل لەناو كوڕان دا بڵاو بۆتەوە، بۆیە نابێت لەگەڵمدابێت.
بۆیە تادەهات قەیرانێكی دەروونی لەسەرم دروست دەبوو، رۆژانە دراوسێیەكانمان تیر و توانجیان تێدەگرتم و قسەیان پێدەوتین و ئازاری دەروونی نەك من بەڵكو ئازاری دەروونی باوك و دایك و هەموو خێزانەكەشیان دەدا و تەنانەت باوكم لە شەرمی ئەم رووداوەی كەبەسەر من هات نەدەچووە ناو برادەرەكانیەوە لەبەر ئەوەی تیر و توانج و قسەی ناپەسەندی ئاڕاستە نەكەن و تەنانەت خوشكەكانیشم بوونە قوربانی، ئەوانیش ناویان زڕابوو.
لەئەنجامی ئەم گەماڕۆ كۆمەڵایەتی و دەرونیەی كە كۆمەڵگە لەسەر من و خێزانەكەم دروستیان كردبوو، تەواو ژیانمان تاڵبوو.
خەڵكی ئەوندە بێڕەحم بوو نەمدەتوانی بە رێگادا بڕۆم و بچمە دەرەوە لەبەر قسەو قسەڵۆكی خەڵك.
تا لە ئەنجامدا كاردانەوەیەكی وەها لەلام دروست بوو منیش بڕیارمدا ئەمجارەیان كە هەر كوڕێك هاتە سەر رێگەم لەگەڵیدا بڕۆم و دەست بكەمەوە بە كاری سێكسی، چونكە من هەڵەیەكی بچووكم كرد كۆمەڵگە ئاوەها سزام دەدات، ئیتر بڕیارمدا رۆژانە لەگەڵ كوڕانی گەنج دا بڕۆم و كاری سێكیی ئەنجام بدەم، چونكە بەڕاستی كۆمەڵگە زۆر دڵرەقە، وەها بڕیارم دا مادام من كە ناوم زڕاوە بە لەشفرۆش ناسراوم، با ئەمكارە بكەمە پیشە، هەرچەندە بڕیارم دابوو چیتر ئەو هەڵەیە دووبارە نەكەمەوە، بەڵام كۆمەڵگە هەر سوورن لە ئازاردانی ئێمەی ئافرەت.
ئێستا من لەبەر ئەوەی كە ئافرەتێكی لەشفرۆش بووم، بوومەتە تاوانبار و رۆژم بەم رۆژە رەشە گەیشت.
Top