ئەو بەڵایەی كە بەسـەر (نووری) دا هات

ئەو بەڵایەی كە بەسـەر (نووری) دا هات
پێش روودانی كارەساتەكە
تازە خۆر خەریك بوو ئاوا دەبوو كە ژمارە تەلەفۆنێكی نەناسراو بۆ (نووری) هات، چەند جارێك زەنگەكەی لێیدا، نووری ئاوڕێكی سەرپێی لێدایەوە، بایەخی پێنەدا تا كۆتایی بە زەنگەكە هات و بڕایەوە. پاش چەند ساتێكی تر هەمان ژمارە زەنگی لێدایەوە. بە كورتی چەند جارێكی تریش بە هەمان شێوەی جاران زەگی لێدایەوە. ئەم ئێوارەیە ژمارەكەی فەرامۆش كرد و بەسەر چوو. رۆژی دواتر بە هەمان شێوە دەستی بە زەنگ لێدان كردەوە. دیسان گوێی پێنەدا. ژمارەكە لەو فەرامۆش كردنە هیچ ماندوو نەدەبوو، لە بەزمەكەی خۆی بەردەوام بوو. تاوەكو شەوێك كاتژمێر دوانزەی شەو لای دابوو كە دیسان هەمان ژمارە لێیدایەوە، نووری لە وەڕسبوونیەوە هەڵیگرت یەك دوو جار دەنگی دا قسەی نەكرد و دایخستەوە. ئەمجارە پاش كەمێكی تر دووبارە لێیدایەوە، نووری تەلەفۆنەكەی بۆ ئەوە هەڵگرت تا دوو سێ جنێوی موستەحەقی پێبدات، كەچی ژنێك پێیگوت: چۆنی؟ نوورییش كە زانی ژنە بەسەر كەفوكوڵەكەی خۆیدا زاڵ بوو پێیگوت: فەرموو خێرە بە وەخت و ناوەخت تەلەفۆن دەكەی، دەمناسی؟ئیتر ژنە دەستی بە قسان كرد و ئەوەما پاكانە بۆ رەفتارەكەی خۆی بهێنێتەوە. قسەكردنیان هەتا نیو كاتژمێرێكی خایاند. وا رێككەوتن كە لە دەرفەتێكی تر زیاتر لەگەڵ یەك بدوێن. نووری زۆری بیری كردەوە كە ئەو ژنە دەبێ ژمارەكەی ئەوی چۆن و لەكێ وەرگرتبێ. ژنەكەی نەدەناسی، بەڵام ژنە ئەوی باش دەناسی. نووری لەدڵی خۆیدا وایلێكدایەوە كە هەبێ نەبێ شتێك هەیە، دواتر هەر دەردەكەوێ كە مەسەلە چییە و ئەو ژنە مەقسودی چییە. چەند رۆژێكی پێچوو ژنەكە تەلەفۆنی بۆ نەكرد. ئەویش هەر لە رۆژی دووەمەوە مەسەلەكەی لەبیر كرد. چوار رۆژێك بەسەر قسەكردنەكەیاندا رەتبوو، شەوێكی درەنگ نووری لە دیار فیلمێكەوە دانیشتبوو، زەنگێك لێیدا كە مۆبایلەكەی هەڵگرت بینی هەمان ژمارەی پێشووە، كە هەڵی گرت ویستی قسە بكات پێش ئەوەی نووری قسە بكات ژنەكە بە وەڵام هات و بە چرپەوە پێی وت: كەمێكی تر بۆت دەكەمەوە، با لامان چۆڵ بێت. یەكسەر دایخستەوە. نووری تۆزێك نیگەران بوو، چونكە لەوە دەترسا تووشی كێشەیەك بێت. هێندەی پێنەچوو، كە زەنگ لێیدایەوە، ئەمجارە ژنەكە قسەی كردەوە و داوای لێبووردنی لە نووری كرد كە نەیتوانی ئەم چەند رۆژە تەلەفۆنی بۆ بكات. چونكە لەبەر مێردەكەی نەیتوانیوە زەنگی بۆ لێبدات. كە باسی مێردەكەی هاتە گۆڕێ نووری نیگەران بوو. بەڵام ژنەكە دڵنیای كردەوە كە هیچ ترسی نەبێت و سەبارەت بەو هیچ مەترسییەك لە ئارا دانییە. دیسان دەستیان بە گفتوگۆ كردەوە. بەمجۆرە چەند جارێكی تر قسەیان لەگەڵ یەك كردەوە. دواجار ژنەكە مەبەستەكەی خۆی لە تەلەفۆن كردن پێگوت كە دەیەوێ دۆستایەیەتییەكەیان بە تینتر بێت. بۆ ئەمەش ژنەكە ژوانی بۆ دانا و ناونیشانی ماڵەكەشیانی پێدا. بە ناونیشانەكە ڕا زانی كامە ماڵە و مێردەكەشی دەناسێت. نووری بایی خۆی هەبوون بوو. لە رۆژی دیاریكراودا نووری چووە ماڵەكە، ژنەكە پێشتر دەرگای بۆ كردبۆوە. كە چووە ژوورەوە ژنەكە نووری بردە ژوورێك و پێیگوت هەتا من دێمەوە تۆ خۆت رووت بكەوە. نووری جلەكانی خۆی داكەند و تەنها جلی ژێرەوەی لەبەر خۆ هێشتەوە. پاش كەمێك ژنەكەش هاتەوە و ئەویش جلەكانی خۆی داكەند و تەنها بە جلی ژێرەوە مایەوە. هات لە نزیك نووری دانیشت و دەستیان لەناو دەستی یەك ناو چەند ساتێكی كەم وەها مانەوە بێ ئەوەی هیچ شتێك رووبدات. لە پڕ مێردی ژنە بە خۆ و بە كلاشینكۆفێك بەژوور كەوت. نووری كە چاوی بە مێردەكەی كەوت رەنگی پەڕی و تەماشایەكی ژنەكەی كرد بینی ئەویش ترسا.
كێشەیەك كە دواتر بە كارەساتێك كۆتایی پێهات
مێردەكەی كە هەردووكیانی (گوایە) بەم وەزعەوە بینی كلاشینكۆفەكەی سوار كرد لەسەر سەری نووری دانا، كۆمەڵێك جنێوی پێدا و دوو سێ شاپ و مستی خێواندێ. چەند جارێك هەڕەشەی كووشتنی لێكرد ژنەكەش دەپاڕایەوە كە هەڵەیەكی كردووە و سوێندی دەخوارد كە هیچ رووینەداوە. كابرا كەوتە سەر ژنەكەی و هەندێكی دایە بەر شەق و شولاق. ئەوجا نووری دەستی بە پاڕانەوە كرد و گوتییە مێردەكەی هەرچی دەوێ كێشە نییە، وەرە با سوڵح بكەین و مەسەلەكەش لەنێوان خۆماندا بهێڵینەوە. بەینێكی باش مێردەكەی هەڕوگیڤی كرد ئاخیرییەكەی كە نووری زۆری لێپاڕایەوە رازی بوو لەسەر ئەوەی كە نایكوژێ بەمەرجێك دەفتەرێك دۆلاری پێبدات. بەم حاڵەوە ئەو ئۆتۆمبێلەی كە نووری پێیبوو وا رێككەوتن كە یان نیوەی بداتێ یانیش بیفرۆشن نیوەی پارەكەی پێبدات. مێردی ژنە كلیل و ساڵنامە و نووسراوە رەسمییەكانی لە نووری وەرگرت و چوونە پێشانگای ئۆتۆمبێلەكان. ئیتر وا رێكەوت و ئۆتۆمبێلەكەیان فرۆشت و نووری نەوەد گەڵای دایێ بەو مەرجەی چەند رۆژێكی تر تەواوكەرەكەی بداتێ. بەمجۆرە نووری لە كێشەكە دەربازی بوو، بەڵام ئایا بە یەكجاركی دەربازی بوو؟ نەخێر، چەند رۆژێك دواتر بەو ژمارەیەی كە ژنەكەی تەلەفۆنی بۆ نووری دەكرد هەر بەو ژمارەیە تەلەفۆنی بۆ كرایەوە، بەڵام نووری لە ترسان نەیوێرا هەڵیبگرێ. دواتر نامەیەكی بۆ هات و مێردی ژنەكە بوو نووسیبوی كە تەلەفۆنەكە هەڵبگرێت ئەوە، ئەمجا نووری هەڵیگرت. كە وەڵامی دایەوە مێردەكەی داوای ئەو بڕە پارەیەی دەكرد كە لای مابۆوە. بەهەرحاڵ، رۆژێكیان دانا كە ئەویشی بداتێ. ئەوە بوو پاش چەند رۆژێكی تر ئەویشی دایە. هەفتەیەكی دیكەی پێنەچوو كابرا دیسان داوای بڕە پارەیەكی دیكەی لێكردەوە، ئەویشی دایە. ئەو داوا و داواكارییە چەند جارێكی دیكەش دووبارە و سێ بارە بۆوە و لە تام دەرچوو. وردە وردە ناكۆكی و ناخۆشی كەوتە نێوان ئەم دووانە و دواتر بووە هەڕەشە لەیەك كردن و جنێو بەیەك دان. نووری سوێندی بۆ خوارد كە چیتر پارەی ناداتێ، ئەویش سوێندی بۆ خوارد كە هەر دەیكوژێت، ئیتر لەمەوە نووری زانی كە ئەم مەسەلەیە نەخشە بووە، مێردەكەی بەخۆی ئەو نەخشەیەی داناوە. مایەوە هەردووكیان لە بۆسە بن بۆ یەك. دیارە لەو ماوەیەشدا مێردی ژنە زانیبووی كە جێ و شوێنی نووری لە كێیە، بۆیە خۆی بۆ ئامادە كرد لەو شوێنەی كە هاتووچۆی پیادەكات بۆسەی بۆ دابنێتەوە و بیكوژێت. ژنەكەشی بەمەی دەزانی بۆیە بەدزییەوە ئاگاداری نووری دەكات. ئەو رۆژەی كە مێردەكەی بەنیاز بوو بچێت بیكوژێت تەلەفۆنێك پەیدا دەكات پێیدەڵێ فلانە كاتژمێر وا بەنیازە بێت. نووریش بە خۆو بە دەمانچەیەكەوە بۆی دادەنیشێت. قسەی ژنەكە بەراست دەردەچێت و لە كات و ساتی دیاریكراودا مێردەكەی پەیدا دەبێت، بێئەوەی بزانی كە ژنەكەی ئاگاداری نووری كردۆتەوە. لە دوورەوە نووری ئاگاداری دەكاتەوە كە چیتر نەیەتە پێش دەزانێ بۆچی هاتووە، بەڵام مێردی ژنە گوێ لەمە ناگرێت. هەر لە دوورەوە دوو سێ فیشەكی تێدەگرێت و گوللەیەك بە سووكی بەپێی نووری دەكەوێت، ئیدی نووری لەوە بێئومێد دەبێ ئەو بەڵایە بە قسە لە كۆڵە خۆی بكاتەوە ئەویش دوو سێ گوللەی تێدەگرێ یەكێك لە گوللەكان بە تەختی نێوچەوانی دەكەوێت و دەمودەست بەریدەداتەوە و دەیكوژێت. كە رووداوەكە روودەدات یەكسەر خۆی رادەستی پۆلیس دەكات. لە گوفتاری خۆیدا تەواوی رووداوەكە لە نووكەوە دەگێڕێتەوە. پاشان ژنەكەش دەستگیر دەكرێت. ژنە بۆ دادگای ئاشكرا دەكات كە: بەڵێ ئەوە ئەم رووداوە نەخشەی مێردەكەی بووە و مەبەستیش وەرگرتنی پارە بووە لەم كابرایە. پاش دوو سێ مانگان لێكۆڵینەوە و دادگایی كردن، دادگا بڕیاری سێ ساڵی بەندكردن بۆ نووری دەبڕێتەوە.
Top