دوای پانزە ساڵ ئینجا بكوژی (بەختیار) ئاشكرابوو

دوای پانزە ساڵ ئینجا بكوژی (بەختیار) ئاشكرابوو
(بەختیار) چۆن و لەسەرچی كوژرا
بەختیار لەسەر چی كوژرا، كێ كوشتی؟؟ ئەوە هەمیشە پرسیارە سەرەكییەكەی خەڵكی گوندی (0000) بوو كە بەردەوام دوای كوژرانی (بەختیار) لە یەكتریان دەكرد و پسكە پسك و مقۆمقۆی نێویان بوو. دیارە كەس نییە بەبێ هۆ بكوژرێت، یەكێكیش بكوژرێت دەبێ بكوژێكی هەر هەبێت، دەنا نابێتە كوشتن. لەوانەیە بۆخۆی بەقەزاوقەدەر مردبێت، بەڵام رەنگە شێوەی مردنەكەی وەها دیار بێت وەك ئەوەی كە كوژرا بێت. كە بەختیار كوژرا كەس نەیزانی كێ كوشتوویەتی، لەبەر ئەوە بەردەوام ئەو باسە قسەی لەسەر دەكرا و باسێكی گەرموگوڕ بوو. بەهەرحاڵ ئەم هەویرە ئاوی زۆر دەوێ، لەبەر هەندێ با جارێ لە پرسیارە گریمانەییەكانی ئەوكاتی خەڵكی گوندی بگەڕێین و(ئاخیرییەكەی وەڵامیان هەر دەدەینەوە)، ئێستاكێ با بزانین بەختیار كێ بوو، ئەم رووداوەش كە دەمانەوێ بۆ خوێنەرانمانی بگێڕینەوە چبوو. بۆ زانینی وردەكارییەكانی ئەم رووداوە، لاپەڕە لاپەڕەی دۆسییەكەیم هەڵداوە، چەند كەسێك لەم كێشەیە ناوی هاتبوو هەر یەكەی بەپێی دوور و نیزیكی لە رووداوەكە بایی خۆیان ئاگاداری رووداوەكەن، بەڵام لە هەموویان زیاتر برایەكی (بەختیار)ە بە ناوی(رزگار) كە شكاتكارێكی سەرەكی كێشەكەیە، لە پاڵ دایكی و خوشكێكی. (رزگار) بەخۆی رووداوەكەی بەم شێوەیە بۆ گێڕاینەوە و وتی: (بەختیار)ی برام لە من گەورەتر بوو. كە ئەو كوژرا من دە دوانزە ساڵێك دەبووم و ئەویش بیست و پێنج ساڵێك. بابم لەمێژ بوو مردبوو، بۆیە ئەو ئیشی دەكرد و ماڵەوەی بەڕێوە دەبرد. بە كوژرانی ئەو حاڵمان تەواو پەرێشان بوو. سەرەتا نەمزانی لەبەرچی (بەختیار) كوژرا. بەڵام پاشان زۆر شتمان بۆ روون بۆوە. (بەختیار)ی برام گەنجێكی زۆر قۆز و بەرچاو بوو. زۆریش دڵتەڕ و بە زەوق و سەلیقە بوو، هەمیشە لەكچان نزیكبوو، هەر كچێك چاوی پێكەوتبایە دەور و خولی دەدا. چونكە چاوەكانی سەوز و گەورە بوون. قژی زەرد و سپیلكە و خۆشی جوان بوو. كتومت نەنكم (دایكی بابم) بوو. نەنكم بە ئەسڵ رووسی بوو لەگەڵ شەڕ و شۆڕی یەكەمی جیهانی بە خاو و خێزانەوە ئاوارەی ئەم وڵاتە ببوون و لێرە كە تۆزێك هەراش دەبێت دەیدەنە باپیرم. من نەمبینیبوو، بەڵام دایكم دیتبووی كە وەسفی جوانییەكەی دەكرد لە خۆتەوە هیوات دەخواست كە بتدیتبایە. ئەم برایەم چوبۆوە سەر ئەو نەنكەم، بۆیە هەر بەو دەچوو. (بەختیار) لەگەڵ هەندێ لەبرادەرەكانی گوندی نێوانی ناخۆش بوو، لەسەرچی نەمدەزانی. چەند جارێكیش ببوە شەڕیان. پێشدەچوو بەزۆری لەسەر مەسەلەی ئافرەت و دڵداری و ئەو شتانە بووبێت. تا شەوێكی هاوین من و ئەو پێكەوە لە هەیوانی ماڵەوە لەبن دارتووەكەی ماڵەوەمان نووستبووین. درەنگی شەو بوو كارەبامان نەبوو بەڵام دنیا مانگە شەو بوو، لە خەوێكی قووڵ دابووم، هەر هێندەم زانی دەنگی چەند رمبەیەكی گەورە هات و لەگەڵ رمبەكە و دوكەڵی بارووت و ئاهـ و ناڵەی (بەختیار)ی برام بە ئاگاهاتم، وتم: ئەوە چبوو ئەو رمبەیە چییە، ئەو ناڵەیەكی پڕ ئێش و ئازاری لێهەڵستا و وتی: ئای لێمیاندا. هەڵسایەوە و كەوتەوە سەر زەوی و تەپەی لێوە هات، یەكەسەر زمانی شكا. من خۆم بەسەر دادا و هاوارم كرد: كاكە كاكە ئەوە چبوو كێ لێتی دا؟؟ وەڵامی نەدامەوە، چاوەكانی كەوتن، بەڵام جارێ هەناسەی دەدا، هێشتا مابوو. لەناو تەپوتۆزی باروت و قیامەتدا كابرای بكوژم نەدیت، بەڵام كە هەڵات بەدوای كەوتم، خۆی دەمامك دابوو، دەموچاویم نەدیت، بەڵام تۆزێك ئادگاری رووخساری بەتایبەتی چاوەكانی كەوتە بەر زەینم، كە زانی بەدوای كەوتوومە، لێمهەڵگەڕایەوە و پێیگوتم (هەی توخمە سە ئەتوش وەكی برایە بێناموسەكەت بكوژم ئێستا، بگەڕێوە دواوە) قۆنداغە تفەنگێكی خێواندمێ لە كەلەكەی دام و دەمودەست بەربوومەوە. بەڵام سەدای دەنگی ئێستا و ئێستاكەش هەرلەبن گوێم دەنگ دەداتەوە و قەت لەبیرم ناچێتەوە. سەیر لەوە دابوو، سەرەڕای ئەوەی كە خۆشی دەمامك دابوو، بەڵام من وامهەست دەكرد دەموچاوی لەبەرچاومە و دەیناسم. بێجگە لەو بكوژە دەنگی كابرایەكی دیكەش لەدوورەوە هات، ئەوجا زانیم كە یەكێكی دیكەشی لەگەڵدایە. گەڕامەوە دواوە و چوومەوە سەر تەرمی براكەم. هێشتا هەناسەی دەدا چەندی لێمپرسی كە كێ بوون ئەوانە، نەیتوانی قسە بكات. ئیدی دایكم و خوشكەكەم گەیشتنە سەر تەرمەكەی و بووە فیزاح و لەخۆدان و گریان و ناڵە، خەڵكی گەڕەك كۆبوونەوە و بووە قەرەباڵغییەكی گەورە. ئێمە تا بەیانی خەریكی ئەو تەرمە بووین. ئیدی مامۆستای گوندی وتی دەبێ ئەو تەرمە بشورێ و كفن و دفن بكرێت، گوناهە ئەوها بهێڵدرێتەوە. هەواڵمان بۆ ماڵی مامەكانم نارد ئەوانیش تا نیوەڕۆیە گەشتنە گوند. مامە گەورەكەم بانگی كردم و وتی كوڕم وەرە پێمبڵێ بزانم كێ كوشتوویەتی و منیش مەسەلەكەم لە نووكەوە بۆ گێڕایەوە. ئەوجا وتی بزانە كێ لەناو خەڵكی گوندی بزرە دیار نییە یان زۆر تەنگەتاوی و مشەوەشی پێوە دیارە، لەناو تازییەش تێبینی هەموو شتێك و هەموو كەسێك بكە. سێ رۆژی تازییە رەتبوو تێبینی هیچ شتێكمان نەكرد كە نائاسایی بێت.
ئەدی بكوژی (بەختیار) چۆن ئاشكرا بوو؟
ساڵ هات و ساڵ رۆیی هەر نەزاندرا كێ ئەو تاوانەی كردووە. ئەدی مادام وایە بكوژی (بەختیار) چۆن ئاشكرا بوو. ئەو نهێنییە (رزگار) بۆمان ئاشكرا دەكات و دەڵێ: راستە ماوەیەكی یەكجار زۆر بەسەر كوژرانی (بەختیار)ی كاكم رەتبوو، كەس نەیزانی كێ و بۆچی كوژرا. بەڵام تاوانی وەها گەورە ئاخیرییەكەی هەر ئاشكرا دەبێت. ئێمە بەدرێژایی ئەو ماوەیە لە گوند ماینەوە و ژیانمان بەهەر جۆرێ بوو بردە سەر. پاش بەسەرچوونی نیزیكەی پانزە ساڵ، دوای ئەوەی من گەورە بووم و دایكیشم زۆر پیر ببو، ئێوارەیەك ناسیاوێكمان هاتە ماڵمان. پاش دامەزراندی قسە هاتە سەر مەسەلەی كوشتنەكە و وتی: من سەبارەت بە ئاشكرابوونی بكوژی براكەت هاتووم قسەت لەگەڵدا بكەم و ناوی بكوژەكانت بدەمێ. كە وایوت رەنگ و رووم گۆڕا و پڕمدایە تفەنگی. بەڵام ئەو هێوری كردمەوە و وتی: هەواڵبدە ماڵی مامەكانت ئەوەی لە ژیاندا ماوە، ئەوان ئامادەن سولحتان لەگەڵدا بكەن. پێویست بە گەورە كردن و دوژمنداری و خوێن رشتنی دیكە ناكات. كوشتنی براكەشت بەمجۆرە روویداوە كە بۆتی دەگێڕمەوە: (بەختیار)ی برا جوانەمەرگەكەت و(حەسەن)ی حاجی وسووی، هەردووكیان حەزیان لە (شیرین)ی خوشكی (عەزیز)ی شێروانی دەكرد. بەڵام كچە تەنها بەختیاری براتی خۆشدەویست. لەسەر ئەوە بەختیار و حەسەن ببوە ملبەملانێیان و خوێنی یەكتریان فڕدەكرد. بەختیار بەتەمابوو بچێتە لای عەزیز و پێیبڵێ دەمەوێ بێمە داخوازیت. حەسەنیش پێیگوتببو بچی دەتكوژم. كە وای پێدەڵێ سوێند دەخوا كە هەر ئەم ئێوارەیە (واتە ئەو شەوەی كە تیایدا كوژرا) بڕواتە خوازبێنی. نیوەڕۆ بوو كە حەسەن خۆی گەیاندبووە عەزیز و وەهای تێگەیاندبوو كە بەختیار و شیرین دەستیان تێكەڵە و تەنانەت دەنگۆی ئەوەش هەیە كە پڕی دابووبێت. بەكورتی عەزیز شێت و هار دەكات. سوێند دەخوات كە بیكوژێت حسەنیش دەڵێ: هەرچەندە من بڕوا ناكەم پڕی دابوبێت، بەڵام ئەوجا ئەوە گوندە هەموو قسەیەكی لێدەوەشێتەوە. من بەهەموو جۆرێك هاوكاریت دەكەم بەڵام دەمەوێ دوای ئەوەی كە دەكوژرێ من دێمە داخوازی و بمدەیتێ. ئەویش وەعد و بەڵێنی پێدەدات. رووداوەكە روودەدات. عەزیز تەقە لە بەختیار دەكات و دەیكوژێ و حەسەنیش ئەو شەوە لەگەڵی دەبــــــــێ هاوكاری دەكات، دواتر خۆشی بێ ترشی بێ، عەزیز بەڵینی خۆی دەباتە سەر و شیرین دەداتە حەسەن. ئێستا دوژمندارییەكی پیس لە نێوان حەسەن و عەزیزی پەیدا بووە، نازانم لەسەر چییە، حەسەن شیرینی تەڵاق داوە، هەردوولا یەكتریان ئەتك كردووە. عەزیز ئامادەیە سوڵحتان لەگەڵدا بكات.
گیرانی هەردوو بكوژ
(رزگار) دەڵێ: كەئەو ناسیاوەمان ئەو بەسەرهاتەی گێڕایەوە وتم، تۆ بڕۆ من خەبەرت لێدەگێڕمەوە. بەڵام هەتا بەخۆم خەبەرت دەدەمی مەسەلەكە لەلای كەس باس مەكە. خەبەرم دایە مامەكانم كەهاتن هەموو شتێكم بۆیان گێڕایەوە. ئەوەبوو لەسەر ئەوە رێككەوتین كە خەبەری پۆلیس بدەین و ئەوانیش نەخشەیەكی دەستگیر كردن دابڕێژن و ئێمەش جێبەجێی بكەین. وەها رێككەوتین كە دانیشتنێك سەبارەت بە سوڵح كردن و پێكهاتن ساز كەین گوایە كۆتایی بە ناخۆشییەكەش دەینین، ئەوجا لەناو مەجلیس دەستگیر بكرێن. نەخشەكە چۆن داندرا ئەوها جێبەجێ كرا. لەناو مەجلیس دەستگیر كران دوای ئەوەی عەزیز دانی بەتاوانەكەی خۆی هێنا. مەسەلەكەش لەبەر ئەوە بوو، چونكە حەسەن داینابوو بەخۆی پێش عەزیز ئاشكرای بكات. دوای ماوەیەك حەسەنیش دەستگیر كرا. ئێستا هەردووكیان لەبەندیخانەن و ئێمەش چاوەڕێین حوكم بدرێن.
Top