نەبوونی منداڵ خێزانێك بەرەو جیابونەوە دەبات

نەبوونی منداڵ خێزانێك بەرەو جیابونەوە دەبات
لەو بەیانیەی كە لە فەرمانگە بووم و نامەیەكم بۆ هات و نووسرابوو: (شنۆ گیان) خۆت حازربكە ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ دەچین بۆ بازاڕ ئاڵتون دەكڕین. لەخۆشیاندا شاگەشكەبووم، لەبەرئەوەی لەدوای داخوازیكردن و وەڵامدانەوەی ماڵی باوكم، سێ هەفتە بەسەر ئەوەدا تێپەری كە دەبوو ماڵی (میران) ئاڵتون و پێداویستیی دیكەیان بۆمن كڕیبایە، بەڵام بەهۆی ئەو كێشەیەی لەسەر هاوسەرگیری من و میران دروست ببوو لەخێزانەكەیاندا، بووە هۆی دواكەوتنی هەموو شتێك. پاش نیوەڕۆ چووین بۆ بازاڕ و ئاڵتونمان كڕی. بەڵام دەتگوت مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی خانوو دەكەین. چونكە خەسوم لەسەر هەموو شتێك بەمنی دەگوت كەمتر داوا بكە، منیش لەبەر میران قسەم نەدەكرد هەرچییەك ئەو پێی باش بوایە قبوڵمدەكرد. بەهەرحاڵ مەراسیمی هاوسەرگیرییەكمان بەهەرجۆرێك بوو كۆتایی پێهاتوو، ئێمەش چووینە ماڵی خۆمان.

رۆژگار هەموو كەسێكت پێ ئاشنادەكات، دوایی سەرت سوڕدەمێنێت ئەوكەسەت چۆن ناسی یان ئەمانە چی دەكەن لەدەوروبەرت؟ میران خۆی زۆرباش بوو، بەڵام خەسوم هەرلەیەكەم رۆژەوە خراپییەكانی دەركەوت. لەرۆژی ئاهەنگەكەماندا، خێرا چوو مناڵێكی كوڕی هێناو خستییە باوەشم و وتی: بۆئەوەی یەكەم منداڵتان كوڕ بێت و زوو منداڵتان ببێت. لەم كار و قسەیەی خەسوم زۆر ترسام، تەنیا ئەوەندەم وت: بەتەمای خودا.

مانگێك بەسەر ئاهەنگەكەماندا تێپەڕی و خەسوم هەردەیوت (شنۆ) نەچوویتە لای پزیشك بزانێت سكت هەیە یان نە؟ دەموت: نەوەڵا جارێ نەچووم، چەند مانگێك ئەم پرسیارەی لێدەكردم تا حەوت مانگ بەسەر هاوسەرێتیماندا رەتبوو. دواتر رۆژێك بەمیرانی وتبوو دەبێت شنۆ زوو چارەسەری خۆی بكات، ئەگەر نا ناگاتە ساڵێك كە من ژنێكی دیكەت بۆدەهێنم!!!

میران ئەمەی پێوتم، منیش بۆ پارێزگاری كردن لە ژیانی هاوسەرێتیم هەوڵمدا و چەندینجاریش چوومەلای پزیشك بۆ ئەوەی منداڵم ببێت، بەڵام بێسوودبوو. پزیشكەكە دەیوت: تۆ كێشەت نییە بڕۆ پشكنینی هاوسەرەكەتمان بۆ بهێنە یان خۆی با بێت تا بزانین ئەو كێشەی چییە؟ كە ئەمەم بەمیران دەوت لەوەڵامدا دەیووت: كێشەم نییە بڕۆ تۆ چارەسەری خۆت بكە ئەگەرنا دایكم چارەسەرت بۆ دەدۆزێتەوە. ئەم قسانەی میران زۆر ئازاری دەدام، هەرچەند دەمزانی كە گوناهی میرانی تێدانییە. بەڵام هەر نیگەران دەبووم.

هاوسەرگیرییەكەمان گەیشتە ساڵێك، لەوكاتەدا دایكم زۆر نەخۆش بوو هیچ كام لەخوشك و براكانم نەیاندەتوانی خزمەتی بكەن، من ماوە ماوە دەچوومە لای و خزمەتیم دەكرد، رۆژێك میران پێیوتم شنۆ بۆچی بۆماوەیەك لای دایكت نامێنیتەوە، دایكت پێویستی بە خزمەتی زیاترە بەو شێوەیە نابێت كە تۆ دەچیت بۆلای. وتم زۆرم پێخۆشە، بەڵام لەبەرتۆ نەدەچووم، ئێستا كەتۆ رازی بیت بۆنا، بەزووترین كات دەڕۆم بۆلای تا تەندروستی باش نەبێت نایەمەوە، هاوكات ئەم بڕیارەی میران بەلامەوە سەیر بوو، چونكە دەمزانی شتێك لەئارادایە، بەڵام بەوردی نەمدەزانی چییە؟

بۆ بەیانی كە رۆژی هەینی بوو پاش تەواوكردنی كاری ماڵەكەم هەندێك جلوبەرگ و پێداویستیم كۆكردەوەو و رۆیشتم بۆ ماڵی باوكم، میران وتی خۆشم رۆژانە سەرت لێدەدەم خەمی منت نەبێت.

نزیكەی 8 رۆژ تێپەری بوو، برا بچووكەكەی میران تێلی بۆ كردم و وتی: دادە شنۆ ئاگات لێییە كە كاكە میرانم خەریكە ژن دەهێنێت؟ بەبیستنی ئەو قسەیە خەریك بوو لەهۆش خۆم بچم، چونكە میران هەموو رۆژێك دەهات بۆلام سەیربوو چۆن كاری وا دەكات. دوای ئەو تەلەفۆنە دەستبەجێ تێلم بۆ میران كردو پێموت، بەڵام ئەو ئەسڵەن هەر حاشای لێكرد. لەدواییدا هەرخەمم بوو بۆیە بڕیارمدا بۆماڵەكەی خۆم بگەرێمەوە و ناوبەناو سەری دایكم بدەم. كە گەڕامەوە بەمیرانم نەوتبوو، ئەو شەوە میران زۆر درەنگ گەڕایەوە، بەلایەوە سەیر بوو كە من چومەتەوە، لەسەر ئەوە لێمان بوو بە ناخۆشی و دەنگە دەنگ پێموت: لەبەرتۆ هاتوومەتەوە لەبەرئەوەی درۆت لەگەڵدا كردووم و دەتەوێت ژن بێنیت، ئەویش دانی نا بەراستییەكاندا و وتی: بەڵێ لەم رۆژانە ژن دەهێنم.

هێنانی ژنی دووەم لەلایەن میرانەوە بوو بەگەورەترین كێشەو گرفت، چونكە ژنی دووەم بەزۆری خۆی هێنایە سەرحازری و سەر ماڵەكەم. منیش لەبەرئەوە ماڵم بەجێهێشت و تۆرام، بۆماوەی (2)دوو مانگ لە ماڵی باوكم بووم بۆجارێكیش تەلەفۆنی بۆ نەكردم، خێزانەكەمان وتیان دەبێت جیاببنەوە، بۆ ئەم مەسەلەیە بەمیرانم وت بەبێ هیچ شتێك وتی باشە، بێئاگابووم لەوەی كە ژنەكەی بەمیرانی وتبوو دەبێت تەڵاقی بدەیت من لەگەڵ ژنێكی دیكە ناژیم.

بەڵام من لەداواكەی خۆم پەشیمان بوومەوە، كاتێك بیرم كردەوە ئەگەر جیا ببینەوە هیچ شوێنێك نییە لەدوای مردنی دایكم رووی تێبكەم، بەمیرانم وت ماڵی جیا بۆ ژنەكەت بكە، بەس تەڵاقم مەدە. میران سەرەتا بەمە رازی بوو. لەدوایدا وتی هەر جیادەبینەوە، كاتێك تەلەفۆنی بۆكردم و ئەمەی پێوتم تەواو لەژیانی خۆم بێزاربووم، چونكە هیچ كەسێك تەنانەت خوشك و براكانیشم بەرگرییان لێنەكردم، منیش بڕیارمدا كۆتایی بەژیانم بهێنم و ئاگرم لەجەستەی خۆم بەردا، بەڵام كاتێك خۆم سووتاند، ماڵە دراوسێكانمان زوو فریام كەوتن و نەیان هێشت بەتەواوی جەستەم بسوتێت، بەدەست دوو دەردەوە دەناڵێنم یەكێكیان جەستەمە، ئەوی دیكەیان ئەوەیە كە میران دوای ئەوەی ژنێكی دیكەی هێنا نەبوو بەباوك، لەبەرئەوەی ژنی دووەمی میرانیش منداڵی نەدەبوو دوای ئەوەی پزیشك داوای پشكینی لە میرانی كردبوو، میرانیش رازی بووە پشكنینی ئەنجام بدات دواتر بەناچاری میران سەردانی پزیشكی كردبوو پێی وتبو كێشەت زۆرە و منداڵت نابێت، پێویستیت بە نەشتەرگەریی گەورە هەیە. ئینجا ناچار بوو قبوڵ بكات نەشەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت. پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەریەكە پزیشك دوای چەند مانگێك پێی وتبوو تۆ منداڵت نابێت، ژنەكەی بەبیستنی ئەم هەواڵە داوای جیابوونەوەی كردبوو، ئەوكاتەش میران هەستی بەگوناهی خۆی كردبوو كە چ تاوانێكی گەورەی لەگەڵ مندا كردووە، بۆیە دەستی دابووە تەلەفۆنەكەی و تەلەفۆنی بۆكردم داوای لێخۆش بوونم لێبكات، كە میران وتی لێم خۆشبە، هەنسكی گریان گەرووی گرتم و نەمتوانی وەڵامی بدەمەوە.
Top