گرنگە دایك پێوەندییەكی تووند و تۆڵی بەكچەكەیەوە هەبێت

گرنگە دایك پێوەندییەكی تووند و تۆڵی   بەكچەكەیەوە هەبێت
دایك هەمیشە پێوەندییەكی نزیكی لەگەڵ كچەكەی (یا كچەكانیدا) هەیە و جگە لە پێوەندیی دایكایەتی، زۆر گرنگە كە پێوەندییەكی هاوڕێیه‌تیشی لەگەڵدا هەبێ. زانایانی دەروونناسی و كۆمەڵناسی بەچاوی پڕ بایەخەوە تەماشای ئەم پێوەندییە دەكەن و رێنمایی دایكان دەكەن كە ئەم لایەنەی پێوەندی خۆیان بە هەند وەربگرن و بزانن كە تێگەیشتن لە خۆشی و ناخۆشی كچەكانیان و نزیكی و دووریان لە كچەكانیان لە راددەی توند و تۆڵی پێوەندییەكانیانەوە سەرچاوە دەگرێ. بێگومان سرووشتی بوونی ئەم پێوەندییە، دواجار خێزانێكی ئارام و پڕ لە تەباییمان پێدەبەخشێت، كۆمەڵەگەش لێی سوودمەند دەبێ. لەم راپۆرتەدا هەوڵدەدەین ئەم لایەنە بەپێی دەفەت بەسەر بكەینەوە.
(باخچە حمە رەشید)ی فەرمانبەر لە وەزارەتی دارایی پێیوایە كە: دروستبوونی پێوەندی نێوان دایك و كچ دەگەڕێتەوە بۆ توانا و لێهاتوویی دایكەكە خۆی، ئەوە دایكە دەبێت بزانێت ئەو رێگه‌یانە چین كە دەبنە هۆكار بۆ نزیكبوونەوە لەكچەكەی، تەنیا ئەركی دایك جل كڕین و خواردن دروستكردن نییە بۆ خێزانەكەی بەتایبەت كچەكانی، بێئەوەی بەشێوەیەكی بەردەوام و رۆژانە لەگەڵیاندا بەكۆ یاخود بەتەنیا لەگەڵیاندا دابنیشێت و گفتوگۆیان لەگەڵدا بكات، ئەركی دایك بەخشینی پەروەردە و زانیاریشە.
لەبەرامبەر بۆچوونەكانی (باخچە)دا، (رۆژان ئاوات) كە قوتابی زانكۆی سلێمانی، كۆلێژی زاستە مرۆڤایەتییەكان بەشی كۆمەڵناسیە، پێیوایە: هەرچەندە دایك هەوڵبدات لە كچەكەی بێتە پێشەوە و قسەی لەگەڵدا بكات خۆی بكاتە هاوڕێ، بەڵام ئەگەر لەسەرەتاوە لەخێزاندا وا پەروەردە نەكرابێت ناتوانێت كە گەورە بوو هەموو شتێك لای دایكی باس بكات، چونكە ئێمەی كچان جۆرێك لەشەرم و ترسمان هەیە، ئەمەش وامان لێدەكات لای هاوڕێكانمان باسی گرفت و هەست و سۆز و شتە تایبەتییەكانی خۆمان بكەین نەك لای دایكمان، ئەگەرچی دەزانین ئەوانیش وەك ئێمە هیچ زانیارییەكی وەهایان پێ نییە، كە بتوانێ یارمەتیمان بدەن. بەڵام لەبەرامبەردا هەندێك وای بۆ دەچن كە پێوەندی باوك و كوڕ زۆرجار لە پلەیەكی باشتر و بەرزتر دەبیندرێت لەپێوەندی دایك و كچ، (فەرەیدوون كەمال) وەك گەنجێك كە كاری ئازاد دەكات لەمبارەیەوە لەمەڕ ئەم لایەنەی باسەكەمان بۆچوونی خۆی بەم شێوەیە دەردەبڕێت و دەڵێت: لەخێزانەكەماندا ئەم حاڵەتە بەدی دەكەم، دەتوانم هەموو شتێك بەباوكم بڵێم و زۆرجار لەسەر بابەتێك كێشەیەكمان هەبێت زۆر راشكاوانە قسەی لەگەڵدا دەكەم، یاخود پێداویستییەكم هەبێت پێیدەڵێم، بەڵام دەبینیم خوشكەكانم هەرچەند رۆژانە لەگەڵ دایكم لەماڵەوە پێكەوەن، بەڵام لە هەندێك بابەتدا بۆ نموونە مەسەلەی داخوازی و هاوسەرگیری سەرەتا راوێژ بەمن دەكەن ئینجا دواتر لەگەڵ دایكمدا گفتوگۆ دەكەن، پاش هەموو شتێك لەرێگەی من یان دایكمەوە بە باوكم دەڵێن. لاموایە دایكم نەیتوانیوە ئەو رایەڵە لەنێوان خۆی و كچەكانیدا دروستبكات، نەك خوشەكەكانم.
(ئارام جه‌بار)ی توێژەری كۆمەڵایەتی، لەرووی لێكدانەوەی ئەو حاڵەتە و فاكتەرەكانی كە لەپشت دروستبوونی ئەو پێوەندیانەوەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە: خێزانی كوردی هێشتا ئەو قۆناغانەی تێنەپەڕاندووە، كە دایك و كچ بتوانن بەیەكەوه‌ باس لەهەموو شتێك بكەن، پێموایە. نەوەی نوێ زیاتر بوێری تێدایە لەگەڵ دایكیدا قسە بكات لەچاو نەوەی پێشتر، كە زۆرجار هەوڵدەدات لێیان نزیك بێتەوە و باسی گرفتەكانی خۆی بكات. بێگومان لەئێستادا گرفتی دەروونی و كێشەكانی تاك زۆر بووە، كچێك لەتەمەنی هەرزەكاری یاخود لەسەرووتر بێت هەست بەوە دەكات كە تاكە كەسێك كە باشتر لێی تێبگات دایكیەتی نەك هاوڕێكانی، چونكە دەبینین هاوڕێیەتی ئێستا لەئاستی پێویستدا نییە. بەڵام ئەوەی كە زۆر گرنگە ئەوەیە ئەم دایكە خۆی چەندە رۆشنبیر و خوێندەوارە، چەندە خاوەن ئەزموون و شارەزاییە لە ژیان و بەم تاقیكردنەوانەدا رەتبووە كە كچەكەی پێیدا رەت دەبێت، چەندە دەتوانێ لە شتە تایبەتییەكانی كچەكەی بگات و دەتوانێ هاوكار و هاوڕازی بێت و دەبێتە هۆكارێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكەی، یا روونكردنەوەی پرسیارەكانی. چونكە لە كۆتاییدا دایك دواتر هەم یەكێكە لە نزیكترین كەسەكانی خۆی و هەر ئەویش تاكەكەسێكە كە جێگەی بڕوای ئەو بێت، هەمیش وەك هاورەگەز باشتر دەتوانێت لە كچەكەی بگات..
دوو خوشك لەماڵەوە زیاتر قسە بۆ یەك دەكەن تا لەگەڵ دایكیاندا، ئەگەر چارەسەری كێشەیەكیان بۆ نەكرێت ئینجا وەك دوا رێگە پەنا بۆ دایك دەبن. ئەمە بۆچوونی (شیلان ره‌سول)ی مامۆستایە، هەروەك ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە: ئاستی رۆشنبیری خێزان هۆكاری سەرەكییە بۆئەوەی بتوانرێت هەموو خێزانەكە ئەو سنوورە ببڕن لەگفتوگۆ و راوێژدا. وەك مامۆستایەك بەو شێوەیە بەرنامەم داڕشت هەركاتێك كچەكانم پرسیاریان لێكردم وەڵامیان بدەمەوە، نەك خۆم پرسیاریان لێبكەم، بەڵام كاتێك لە قوتابخانە ببینم قوتابیەكانم دێن بۆلام و پرسیاریان دەكرد، ئەوكاتە زانیم دەبێت كچەكانی خۆشم پرسیار لەكێ بكەن و چۆن وەڵام بدرێنەوە، بۆیە ئەمەم تاقیكردەوە و سەركەوتوو بووم، ئێستا لەنزیكەوە ئاگاداری كچەكانم و دەزانم لەكوێدا پرسیاریان لە لادروست دەبێت.
لەكۆتاییدا ئەوە بڵێین پێوەندی دایك و كچ لە پێوەندی باوك و كوڕ جیاوازترە، چونكە بەپێی سروشتی فسیۆلۆژی رەگەزی مێ ئەو گۆڕانكاریانەی بەسەر كچدا دێت پێویستی بەوە هەیە لەكاتێكی زووتردا زانیاریان لەسەر وەربگرێت، ئەگەر ئەم زانیاریانە لەلایه‌ن دایكەوە بە دروستی پێینەدرێت، هاوڕێكەی كە هاوتەمەنی خۆیەتی چۆن دەتوانێت هاوكاری بكات، تووندوتۆڵی كاریگەری لەسەر پتەوبوونی سەرجەم پێوەندییه‌ كۆمەڵایەتییەكانی ناو خێزانیش ده‌بێت.
Top