گێڕانەوەی بەسەرهاتێكی راستەقینەی دڵتەزێنی تاڵ

گێڕانەوەی بەسەرهاتێكی راستەقینەی دڵتەزێنی تاڵ
ئەم رووداوەی كە دەیگێڕینەوە هەر چەندە ماوەیەكی زۆریشی بەسەرداچووە بەڵام چونكە لەسەرێكەوە راستەقینەیە و لەسەرێكی تریشەوە یەكجار دڵتەزێن و هەستبزوێنە و لە زاری خودی ئەو كەسەی كە رووداوەكەی بەچاوی خۆی دیتوە دەگێڕینەوە، جا هەم بۆ ئەوەی هەندێكجار ببینین كە مرۆڤ ئەگەر جڵەوی بۆ لایەنە تاریكەكەی هۆش شل كرد چۆن وەك بوونەوەرێكی ترسناك و بگرە دڕندە دەردەكەوێت، هەمیش بتوانین (تەنانەت ئەگەر بە نووسینیش بێت) ئەو گیانی دڕندەیی و شەڕانگێزییە لەناخماندا بكوژین ..ئەوەی ئەم رووداوەشمان بۆ دەگێڕێتەوە كەسێكە ناوی (رێبوار)ە .
رێكەوت و هەندێ شتی دی
رێبوار گێڕانەوی بەسەرهاتەكەی بەمشێوەیە دەستپێكرد و وتی: ساڵێكی خۆشی هاوین بوو، لەناچاری بارودۆخی تایبەتی خۆم، شارم بەجێهێشت رووم لە ئاواییەك كرد كە ماڵە خزمێكی نزیكمانی لێبوو. ئەمن لەبەر كێشەكەم دەبوو چەكیش هەڵبگرم گوایە پیاوم و پیاویش دەبێ شانبداتە هەمووجۆرە ناخۆشییەك و هەموو وەختێكیش چەكی لەدەست و لە شان بێت. دەی باشە، ئەخێری بوومە چەك هەڵگریش. رۆژ هات و رۆژ رۆیی، لەو ئاواییە مامەوە و ئاشنای خەڵكێكی زۆری بووم. رۆژم زۆر لێخۆش دەگوزەرا، هەفتەی یەك دوو رۆژێك لەگەڵ ماڵی خزمەكەمان دەچوومە ناو باخ و بێستانەكەیان، هەم یارمەتیم دەدان، هەم بۆ خۆم خەریكی میوە خواردن و راوە پۆر و كەو دەبووم. جاری واش هەبوو یارمەتی دەرودراوسێی ئەوانیشم دەدا. چەند فرسەخێك دوور لە ماڵی ناسیاوەكەمان، ماڵی كابرایەكی لێبوو ئەویش خەریكی باخەوانی بوو، بەڵام زیاتر بە مەڕوماڵاتەوە خەریك بوو، نازانم لەبەرچی تێكەڵی زۆر لەگەڵ خەڵكەكەی ئاوایی نەبوو. ئەمنیش ئەوەندە گوێم بەوە نەدا كە بۆ وایە..بەڵام دواتر زانیم مەسەلە چییە. كابرا ژنێكی تا بڵێی جوان و نازداری هەبوو، ژنە لە جوانیان وەكو مانگ دەدرەوشایەوە. هی ئەوە نەبوو وەسفی بكەی. ئاخر دەتگوت خودا بەس ئەو ژنەی وەها بەجوانی لە سەر زەوی دروستكردووە، قژێكی خورمایی ئەستوور و خاو و دووچاوی گەورەی بە تریسكەی پڕ ئاو و برۆ پڕ و كەوانی هەبوو. ئەم ژنە جوانە و ئەم كابرا زەبەلاحە چۆن بوو رێكەوتبوو كە ببوونە ژن و مێرد، نازانم. ئەو كاتی تەمەنی هەر بیست و پێنج ساڵێك دەبوو. چی لەبەر دەكرد لێیدەهات، چی لە زار دەهاتە دەر لێیجوان بوو. حەزت دەكرد هەر لەدیاری دابنیشی و تەماشای بكەی. بچووبایە هەر ماڵێك یا بێستان و رەزێك، هەندی بڵێی یەك و دوو ژن لێیخڕدەبوونەوە و دەیانگوت ئەوە حوسنی رۆژێ هات، دیقەتیان لە زار و گفت و قسە و پێكەنینی دەدا، پەككو ماشەڵڵا لەو جوانییەی. ژنە سەرەڕای ئەو جوانییەشی دەنگێكی زۆر ناسك و میهرەبانانەی هەبوو، گفتوگۆشی تا بڵێی شیرین بوو، زۆر بەتام قسەی دەكرد. كابرا رووداوێكی لێڕوودابوو، شتێكی وەهاش نەبوو، هەر هێندە بوو گوایە پێشتر پێش ئەوەی بیخوازێت لەگەڵ كوڕە گەنجێكی ئاوایی چاو چاوانێیەكی دوور بە دووری هەبووە و هەر هەندە، كە بۆتە قسمەتی ئەو پیاوەش رۆژێك ژنە رێكەوتی كوڕەكەی كردووە چەند ساتێك لەگەڵ یەك راوەستاوەن و وەكو دوو ناسیاوی گوندی چاك و چۆنیان كردووە و هیچی دی، بۆ كابرای مێردی نایانبینێت ئیدی دەیكاتە هەرایەك نەبێتەوە، بەڵام بە هیچ كلۆجێك رانەدەوەستا سوێندی خوارد بوو یان كوڕە دەكوژێت یا خۆی دەكوژێ. بەهەر قیمەتێك بێت بەسەد تكاو رجای مەلا و كوێخا و پیاو ماقوڵانی ئاوایی ئەوجا لە كەللەی شەیتان دەیهێننە خوارێ و هیچی نەقەوماند بوو. دەیانگوت پیاوێكی تا بڵێی رەشید و ئازا و بە جەرگە..
رووداوە دڵتەزێنەكەرێبوار بەردەوام دەبێ لەسەر قسەكانی و دەڵێ: خەڵكی ئاوایی بە پارێز بوون لە هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ ژنە، چونكە كابرا زۆری دڵ ێپیس بوو. ماوەی یەك دوو مانگی پێچوو، مقۆ مقۆو سرتە سرتێك لە ناو ئاوایی لە سەر ژنە پەیداببو، بەڵام كەس نەیدەویست شتێكی وەهاش بدركێنێ، نەبادە تووشی كێشەیەك بن كابرا هی ئەوە نەبوو گاڵتەی لەگەڵدا بكەی. دەیانگوت ئەو زەلامە شتێكی لەنێوچەواندیە وەها بە ئاسانی داناسەكێ. چەند رۆژێك بوو بە سەر ئەو مقۆ مقۆیانەدا رەتببوو كە، رۆژێك پاشی نیوەڕۆیە بوو بەسەر شاخی دەكەوتم. ماوەیەك بوو بەپێیان دەڕۆیشتم، وردە وردە بە سەر شاخ دەكەوتم هەتا لە ئەشكەوتێك نزیك بوومەوە، نیازم بوو تۆزێك دابنیشم بحەسێمەوە ئەوجا لەنزیك دەركی ئەشكەوتەكە پاڵ بدەمەوە، بەڵام لەپڕ گوێم لە دەنگێكی نزم بوو، دەنگەكە زۆر سەیر و غەریب بوو، دەنگی مرۆڤ بوو، بەڵام ئەی خودایە بۆ وەها غەریب و سامناك دەهاتە بەر گوێم!! دەنگەكە هەندێجار لەگەڵ نووزە و هەندێجاریش لەگەڵ هەناسە سواری تێكەڵ دەبوو. دەبڕا و دووبارە دەهاتەوە بەر گوێم لە خۆمەوە بەپارێز و بە ئەسپایی، لە زاركی ئەشكەوتەكە نزیكبوومەوە. چەند نزیكدەبوومەوە، ئەوندەش ترس و سامم لێدەنیشت، چونكە تا دەهات باشتر گوێم لە دەنگە دەنگی زەلامێك و دوان دەبوو. تفەنگم لە شان بوو، بەڵام بەبێ ئەوەی بەخۆم بزانم تووند تووند دەستم لە قایشی تفەنگەكەم گیر كرد بوو، نەشمدەزانی ئەو شڵەژاوییەم لە چییەوە بوو. وردە وردە چوومە پێشەوە هەتا گەیشتمە بەر زاركی ئەشكەوتەكە. ئەشكەوتەكە زاركی گەورە بوو دەتگوت دەركەی حەسارێكە، كاتێك گەیشتمە ناو ئەشكەوتەكە خەریك بوو زراو رژاو بم، لە ترسان چاوم ئەبڵەق بوو، رەنگم پەڕی واقم وڕما خودایە ئەوەی دەیبینم راستە یان مۆتەكە و خەونێكی ناخۆشە، ئارەقەكی ساردی بێزاركەرم بەلەشیدا دەهاتە خوارێ، دەبینم كابرای مێردی ژنە جوانەكە بوو، كێردێكی گەورە و زەبەلاحی لە دەسەتدا بوو، هەموو لەشی لە ئارەقەدا شەڵاڵ ببوو، گەنجێكی جوان و نازداری لە بنەخۆی نابوو وەكو كار بە زەویدا دا بوو، گەنجەكەی تووند تووند بە گوریسێكی مەیلەو ئەستوور بەستابۆوە، پشتی بە زەویدادا بوو دوو مێخەكی لەملا و لەولای لە دەستیی چەقاندبوو، تەشبیهنەبێ وەكو عیسای مەسیحی، لەسەر زەوی پشتاوپشت لە خاچی دابوو. كەوتبووە سەر كوڕەكە، كەوڵی دەكرد، لەلای پێیەوە كەوڵی كردبوو هەتا سەر سینگی هاتبوو. كوڕە روحی لە بەردا مابوو، بەڵام هێزی لەبەر بڕابوو، نوتقی نەمابوو تەنها ئەوە نەبێ كە نووزەی دەهات، و دەیتوانی چاو بگێڕێ، جار جارچاوی دەخستە سەر كابرا و سەیری دەكرد، كە چۆن خەریكی كەوڵ كردنییەتی. كابرا وەك ئەوەی بەرخۆڵەیەكی لەبەردەست دابێت نەك مرۆڤ ئەسڵەن هەر مێشیش میوانی نەبوو، زۆر زاڵم و بێڕەحمانە كەوتبووە گیانی ئەم گەنجە بەستەزمانە. من كە ئەو دیمەنەم دیت، سامێكی گەورە و قووڵم لێنیشت، دەمم وشك بوو، زمانم لە گۆ كەوت، لە خۆمەوە دڵم كەوتە كوتە كوت و لێدانێكی خێرا، ئەوجا دەستەكانیشم كەوتە لەرزین. گەنجەكە كە چاوی پێمكەوت، زۆر بەقوڵی و كەساسانە تەماشای كردم، فەقیرە هێزی تێدا نەبوو قسە بكات، بە چاو لێمدەپاڕایەوە لە دەستی رزگاری بكەم و لەو عەزابەی كەتێیدایە نەجاتی بدەم. من تفەنگ بەشانمەوە، تفەنگی چی چما هێندەی دار لاستیكێكیش هەیبەتی لە كن كابرا هەبوو، بەڵام ئەمن تەنانەت نەمتوانی قسەیەكیش بكەم، كابرای گۆرین هەستی بە هاتنی من كرد و ئاوڕیكی بێموبالاتی دایەوە وەك ئەوەی هەر وجوودیشم نەبێت كە رووی وەرگێڕا وچاوی پێمكەوت، هەر هێندەی گوت: بڕۆ لێرە رامەوەستە دەنا ئەتووش ئەوها كەوڵ دەكەم. بە قسەكەی زۆر ترسام، تەماشایەكی گەنجەكەم كردەوە هەمدیس چاوی پاڕانەوەی لە دووڕ چاوم نا، دەینووزاند كە بە فریای بكەوم و بەجێینەهێڵم. كابرا ئەوجارە تەنها تەماشایەكی كردم، وەك ئەوەی بڵێ دەی مەڕۆ دە ئێستا نۆرەی تۆش دێت، نازانم بۆ نەمتوانی تەنانەت قسەیەكیش بكەم، یەكەسەر پاشاو پاش گەڕامەوە دواوە و بەڕاكردن رامكرد، تەواوێك دوور كەوتمەوە و هێڵنجم هاتێ و یەكسەر رشامەوە، ئیتر بەرەنگی پەڕی و بە شپرزەییەوە بەرەو ناو ئاوایی بەڕێكەوتم، چوومە بەردەم مزگەوت مامۆستای ئاوایی و هەندێك خەڵكی دیكەی لێبوو، لەوێ دانیشتم و زۆر زۆر دەستم بە گریان كرد، بەڵام گریانێكی چۆن زۆر بەكوڵ و بە كەسەر، نازانم بۆ لاوازی و بێدەسەڵاتی خۆم دەگریام، یان بۆ ئەو گەنجە كە لە بەرچاوم كەوڵدەكرا و هیچیشم پێنەدەكرا و بەو حاڵەشەوە بەجێمهێشت، وای كە ناخۆشە تۆ لەلایەك مرۆڤێك وەها زەلیل و بێدەسەڵات ببینیی و لەلایەكیش مرۆڤێكی وەها دڕندە. لە هووڕژمی گریانێم دابوو بە ئامان و زەمان كڕ نەدەبوومەوە. خەڵكەكەم بەتەواوەتی نارەحەت و مشەوەش كرد، بەڵام مامۆستا نەیهێشت كەس سەری بخاتە سەر سەرم هەتا ئارام دەبمەوە. كە هاتمەوە سەرەخۆم، نیو كاتژمێرێكی پێچووبوو ئەوجا رووداوەكەم لە نووكەوە گێڕایەوە، ئیتر وەزعی ئاوایی بە تەواوەتی شڵەژا، كەسوكاری كوڕە گەنجەكە دەستیان دایە تفەنگی و رۆیشتن بە سەر چیا كەوتن و مامۆستاش بەگەڵیان، هەتا بووە شەویش نەهاتنەوە، خەڵكی ئاوایی بە تەواوەتی شپرزەو شێواو بوون. چەند جارێك لە دوورەوە دەنگی تەقە بیسترا، بەڵام كەس نەیزانی چیبووە. تەقە لەچی یا لە كێ و بۆ كراوە. بووە بەرەبەری مەلابانگدانی بەیانی هەر هێندەمان زانی بەر دەركی مزگەوت بووە قەرەباڵغی و قێژە و نەعلەی ژنان مەیتی كوڕەیان بە كەوڵكراوی هێنایەوە، پاشان دوو مەیتی دیكەشیان لە ناو بەتانیی لوول دابوون ئەوانیشیان هەر بە سەر پشتی وڵاغەوە هێنایە خوارێ. دوو مەیتەكە یەكێكیان مامی كوڕەكە بوو كە مێردی ژنە لە كاتی هێرش كردنە سەری كوشتبووی، مەیتەكەی تریش مێردی ژنە كە خۆی بوو، كە هەموو ئازای لەشی وەكو بێژنگ بە گوللە كون كون كرا بوو، درۆ نەبێ پتر لە پەنجا فیشەكیان لێدابوو. مامۆستا لەگەڵ پیاو ماقوڵانی ئاوایی و كەسوكاری كوڕەكە دانیشتن، كەسوكاری كابرا كە تەنها یەك دوو كەسی لەوێ هەبوو، هەر بەو شەوە هەڵاتبوون، ژنە بزر ببوو ئێستا و ئێستاش كەس نەیزانی كێوە چوو یا چی بەسەر هات ئایا كابرای مێردی كوشتبووی، ئایا زیندەبەچاڵی كردبوو نازانم، ئاخیرییەكەشی هەر نەمزانی، مامۆستا نەیهێشت ئیشەكە لەوە پیستر بێت. وایكرد كە ئیدی ئەوەی كە پێشتر قەوما قەوما، بەڵام رێی لە سووكایەتیكردن بە تەرمەكەی گرت. پاشان دەنگوباسی ئەوە بڵاوبۆوە كە گوایە كابرا ژنەكەی و كوڕەكەی بە سەر یەكەوە گرتبوون بۆیە ئەو تاوانە بێتامەی قەوماندبوو، ئەوجا ئەوە راست بوو درۆ بوو، نازانم، ئەمن هەر رۆژی دواتر تفەنگ و مفەنگم فڕێدا و ئەو ئاواییەم بەجێهێشت و ئێستاش كە ئێستایە لە بیرم ناچێتەوە.
ئا: كامەران جەلال
Top