گۆڕینی پرۆگرامەكانی خوێندن تا چــــەند سـوودیان بە قوتابیان گەیاندووە؟

گۆڕینی پرۆگرامەكانی خوێندن تا چــــەند سـوودیان بە قوتابیان گەیاندووە؟
ساڵانە لەگەڵ گۆڕینی پرۆگرامەكانی خوێندن كۆمەڵێك كێشەش لەنێو قوتابیان و دایكان و باوكانیان تەنانەت لەنێو مامۆستایانیش سەرهەڵدەدات و زۆرجایش دەبێتە هۆی ناڕەزاییەكی زۆریی قوتابیان. بەشێكی زۆری قوتابیان و هەندێكیش لە مامۆستایان بە كارێكی نادروستی دەزانن، بەڵام لەملاشەوە بەشێكی زۆری مامۆستایان جەخت لەوە دەكەنەوە كە گۆرینی پرۆگرامەكانی خوێندن كارێكی زۆر پێویستە. هەروەها پێیانوایە كە پرۆگرامی نوێ ئەوەی كەئێستا لەسەری دەڕۆن و كاری پێدەكرێ زۆر پێشكەوتووە و وا لە قوتابی دەكات زیاتر خۆی ماندوو بكات و زیاتر حەزی بچێتە سەر بابەتەكان. لەنێو ئەم دوو بۆچوونە دژ بەیەك و پێچەوانەیە، كامیان بەهانەكانیان بەهێزترە ؟ ئایا تاچ راددەیەك قووتابیان گۆڕینی پرۆگرامەكانیان پێباشبووە؟ بۆ بەسەركردنەوەی ئەم پرسە ئەم راپۆرتەمان ئامادەكرد و بیروڕای جیاوازمان خستۆتەڕوو.

سەرەتا ئەحمەد جەبار قوتابی پێنجەمی ئامادەیی ناڕازی خۆی سەبارەت بەم پرۆگرامەوە دەردەبڕێت و دەڵێ «بەڕای من پرۆگرامێكە تەنیا قوتابی ماندوو دەكات. بڕواناكەم لە ژیانی رۆژانەماندا هیچ سوودێكی ئەوتۆی لێوەربگرین. پرۆگرامی كۆن خۆشتربوو، چونكە چەندین ساڵ بوو دەوتراوە، بەڵام نوێییەكە مامۆستایەكانیش شارەزاییەكی ئەوتۆیان لێی نییە. پێویستە لەسەر وەزارەتی پەروەردە كاتێك كتێب دەگۆڕێت پێشتر ئامادەباشی بۆ كرابێت لە هەموو روویەكەوە، نەك وەكو ئێستا زۆر بەخێرایی كتێب دەگۆڕدرێت و دوایش هەزار و یەك هەڵەی تێدا دەبینرێت. هەروەها لە رووی مامۆستاشەوە پێویستە ساڵێك پێش ئەوەی قوتابی كتێبی نوێ بخوێنێت، ئەو مامۆستایە چەندین خولی لەمەڕ چۆنییەتی وتنەوەی وانەكەی دیتبێت، تا شارەزایی لە ماددەكە پەیدا بكات نەوەك قوتابییەكان بكاتە حەقلی تەجاربی خۆی. لە دوا قسەكانیشدا وتی تازە كتێبەكان گۆڕاوە نابێت دەنگ بكەین، بەڵام سەرمان لەو كۆرسانە دەرناچێت.
بەڵام هونەر عەبدوڵڵا كە قوتابی سێیەمی ناوەندییە بەپێچەوانەی ئەحمەد دەڵێ «كتێبەكانمان كتێبی زۆر ئاسان و خۆشن وا دەكات تۆ لە هەموو بوارەكانی ژیاندا زانیاریت هەبێت. راستە پێوەی ماندوو دەبی، بەڵام وەكو كتێبەكانی پێشتر ماندوبوونت بە فێرۆ ناچێت. هونەر تەنیا گلەیی ئەوە دەكا كە مامۆستاكان زانیارییەكی زۆریان نییە لەسەر ئەو كتێبانەی كە خۆیان دەیڵێنەوە.

هێلین ئەكرەم قوتابی شەشەمی ئامادەیی بەم شێوەیە بۆچوونی خۆی خستەڕوو»پرۆگرامەكان پرۆگرامێكی وانین كە سوودێكی زۆر بە قوتابیان بگەیەنێت بەتایبەتی ماددەی كیمیا كە تەنیا ماندوو كردنە و هیچی ترنا.. هەروەها پێشیوایە ئەگەر كتێبەكان نەگۆڕدرابان زۆر باشتربوو، چونكە مامۆستایەكان شارەزاییەكی باشیان لە پرۆگرامی پێشتر پەیداكردووە، بەڵام لەگەڵ پرۆگرام گۆڕین مامۆستاش خەریكە بڵێم وەكو قوتابی لێدێت...بەڵام گۆڕینی پرۆگرام چ كاریگەریەكی دەبێت بەسەر قوتابی؟ هێلین پێیوایە كە: هەر ساڵێك و پرۆگرامێك كاریگەری خراپی دەبێت بەسەر قوتابی، چونكە قوتابی دەگاتە ئەو ئاستەی لە قوتابخانە بێزارببێت و تووشی بێئومێدیەك دەبێت، بۆیە داواكارم ئەم پرۆگرامە نەگۆڕدرێت یاخود ئەگەر گۆڕاش، ئەوا بكرێتە پرۆگرامێكی بەسوود و بەپێز و كەمترین هەڵەی تێدابێت، چونكە وابزانم كتێب دەگۆڕدێت بێئەوەی پێش چاپكردنی هەڵەكان چاكبكرێنەوە.

مامۆستاكانیش بۆچوونی خۆیان هەیە
مامۆستا لوقمان رەفیق مامۆستای بیركاری لە ئامادەیی رزگاری كوڕان سەبارەت بەم باسەوە وتی «پرۆگرامی نوێ پرۆگرامێكی پێشكەوتووە زۆر زانیاری زیاتری تێدایە. بێگومان پرۆگرامی نوێ باشترە، چونكە بەجیهانی ئەمڕۆماندا بەستراوەتەوە نەك ئەو پرۆگرامەی تەنیا لە دنیای خەیاڵدا هەبوو. لەژیانی رۆژانەشماندا كەمترین سوودی لێوەردەگیرا، بەڵام ئەم پرۆگرامە خۆگرتن وكاتی دەوێ، قوتابی لێهاتووی دەوێ، كە داواكاری زانست بێت. هەروەها بینایەی گونجاو و كەلوپەل و تاقیگەو پێداویستی تەواوی دەوێ.

هەروەها مامۆستا لوقمان وتیشی هەڵبەت ئەم پڕۆگرامە نوێیە وەڵامی ئەوپرسیارانە دەداتەوە كە وایان دەزانی ئەو زانستەی ناو كتێب خەیاڵەو لەژیانی رۆژانەدا هیچ سوودێكی نییە. بەڵام راستە ساردبوونەوەیەك لەقوتابیان بەرچاودەكەوێت بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو... ئایا چ هۆكارێك وایكردووە قوتابی ساردبێتەوە؟ بۆ ئەم پرسیارە مامۆستا دەڵێ «زۆربوونی كەرستەو ئامێری كات بەسەربردن و سەرگەرم كردن و كاریگەری نەزانینی هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، تەرخانكردنی كاتێكی كەم بۆ سەعی كردن و خوێندن. لەگەڵ كەمی كاتیش قوتابی زۆربەی ساتەكانی خۆی بە كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و مۆبایل و شتی لاوەكی كە سوودێكی ئەوتۆی تێدانییە، بە فیڕۆ دەدات. بەڵكو قوتابیان هەردەم روویان لە نمرەی بەرزە و لایەنی رۆشنبیری و زانستیان فەرامۆش كردووە دووركەوتوونەتەوە لە خوێندنێكی رێك و پوختی بە پلان. ئەوەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە كەنمرەی بەرز تاكە پێوەرە بۆئاستی قوتابیان لە هەموو قۆناغەكانی خوێندن.. هەروەها مامۆستا لەبارەی ئاستی قوتابیانی ئێستا و پێشتر وتی «قوتابی ئێستا تا راددەیەكی باش خاوەن زانیارین و بەشێكیان زمان زیاتر دەزانن، بەڵام ئەم سەردەمە سەردەمی زمانی پڕۆفیشناڵە بۆیە زۆر بەدەرناكەون بەراورد لەكەڵ رابردوو. ئێستا خەڵكێكی زۆر زمانەكانی تر دەزانن، بەڵام كەمتر عەرەبی و ئینگلیزی.

مامۆستا سامان خۆشناو مامۆستای سەرەتاییە، ئەویش بەهەمان شێوەی مامۆستا لوقمان پرۆگرامی نوێ بەرز دەنرخێنێت و پێیوایە سوودێكی زۆری بە نەوەی نوێ گەیاندووە و توانیویەتی گۆڕانكارییەكی یەكجار بەرچاو دروست بكات، هەر لە رووی پێدانی زانیارییەوە تاكو زمانی قسەكردنیش، چونكە پرۆگرامی كۆن وای لە قوتابی نەدەكرد بەشداری بكات لەگەڵ مامۆستا، بەڵام لە پرۆگرامی نوێدا بەشداری بە شێوەیەكی زۆر چالاكانە و باشە، چونكە وا لە قوتابی دەكات كۆشش بكات و ماندو ببێت و زیاتر حەزی بۆ كتێبەكان بچێت.. مامۆستا فێنك مستەفا-ش پێیوابوو كە هەموو پرۆگرامێكی تازە رەنگە كێشەشی لەگەڵدا لێپەیدابێت، بۆیە زۆر سرووشتییە كە ناڕەزایی نەك هەر لای قوتابیان، بەڵكو لای هەندێ لە مامۆستایانیش دروست بكات. ئەو گۆڕانكاریانەی كە لەم پرۆگرامانە كراون حەتمەن زۆر بەهێزن، بەڵام پرۆگرام گۆڕین هەتا لەسەری رادێیت و كاریگەری بەدەر بكەوێ كات و شارەزایی و لێهاتوویی گەرەكە. بێگومان ئەو پرۆگرامانەش هێندێك كەموكوڕیان هەر هەیە وەنەبێ سەد دەر سەد تەواو بن، بەڵام كەمكوڕیەكان پێوەندیان بە لایەنی لوجیستییەوە هەیە، مەبەستم راهێنانی مامۆستا لەسەر پرۆگرامەكان، دابینكردنی هۆیەكانی فێركردن و زۆر شتی تریش كە تەواوكەری پرۆگرامەكەن. پرۆگرام بەتەنیا هیچ نییە ئەگەر رەچاوی تەواوكراوەكانی نەگیرێت.
Top