پەیوەندی نێوان پزیشك و نەخۆش

پەیوەندی نێوان پزیشك و نەخۆش
هەر نهێنییەك كە لەسەروەختی دەرمانكردنی نەخۆشەكانم دەستم دەكەوێت، یا دەیانزانم، یانیش گوێم لێیان دەبێ، هەرگیز، لە دەرەوە، لە ناو خەڵكیدا باسیان ناكەم، ئەوجا هەر كەسێك بە جوانی كاری بەناوەڕۆكی ئەم سوێندە كرد و هیچ بڕگە و بەشێكی سوێندەكەی نەشكاند، شایانی ئەوەیە ئەم پیشەیە بكات و بە جوانترین و باشترین كار بۆی وەحسێبكرێ، هەقیەتی ئەگەر هەموو خەڵكیش چاكەی بۆ بخوازن و نزای خێری بۆ بكەن.
(هیپۆكرات)

زانای پزیشكی بەناوبانگ (ئیبن سینا) دەڵێت: ئەی نەخۆش گوێم لێبگرە من و تۆ و نەخۆشی كە سێ كەسین، جا پێویستە من و تۆ هاوكاری یەكتری بكەین بۆ ئەوەی دژی كەسی سێیەم كە نەخۆشیەكەیە بوەستین و گەر هاوكاری یەكتری بكەین، ئەوا بەسەر كەسی سێیەمدا زاڵدەبین و چارەسەری نەخۆشییەكەت دەكەم، لەم سۆنگەیەوە پێوەندی نێوان پزیشك و نەخۆش جگەلەوەی كە پێوەندییەكی تایبەتە و پابەندە بە بوونی نەخۆشیییەكەوە، لەهەمان كاتیشدا مەودایەكی كۆمەڵایەتی و ئینسانیشی هەیە. بەڵام بەداخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا هێشتا لەو ئاستە دانییە كە سرووشتی پیشەكە و یاسا و بنەماكانی پیشەكە دەیخوازێت. بۆیە ئەم پێوەندیە پێوەندییەكی ئیشكالئامێزە. بۆ نموونە زۆر جار لێرە و لەوێ گوێبیستی ئەوە دەبین كە فڵانە پزیشك زۆر توڕەیە و قسەی رەق و ناخۆشە لەگەڵ نەخۆش، یا دەرفەت بە نەخۆش نادات كە باسی نەخۆشییەكەی بە تەواوی بۆ بكات. یا دەبینین و دەبیستین كە بەشێك لە پزیشكەكانمان ئەسڵەن هیچ بایەخێك بە لایەنی دەروونی و مەعنەوی نەخۆش هەرنادەن. لەراستیدا هەردوو لایەنی هاوكێشەكە تەواوكەری یەكترن و ماف و ئەركیان لەسەر یەكە و هەردوولاش گرفت و كێشەی خۆی هەیە، وەنەبێ سەرچاوەی كێشەكان تەنیا پزیشك بێت، بەڵام ئیێمە لەم ریپۆرتاژەدا تەنیا ئەو بوارەی كە تایبەتە بە چۆنیەتی مامەڵەكردنی هەندێك لە پزیشكانمان لەگەڵ نەخۆشان دەوروژێنین، هەم بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستە كۆمەڵایەتی و ئینسانییەكەی ئەم پێوەندییە و نەهێشتنی ئەمجۆرە كولتوورە، هەمیش بەمەبەستی رەخنەكردنی...

بۆ ئەوەی بزانین جۆری ئەو پێوەندییە دەبێ چۆن بێت لەنێوان نەخۆش و پزیشكدا، سەرەتا پزیشكەكانمان دواند، ئنجا لەمەڕ سرووشتی ئەو پێوەندییەش، یەكەم پزیشكێك كە لەو بارەیەوە بۆمان دوا دكتۆر (وڵات ئیبراهیم) بووكە پێیوابوو: ئەگەر ئەو پێوەندییە لەسەر بنەمای رێزگرتن بوو، ئەوا متمانە لەنێوان هەردوولا دروستدەكات. خۆ دەشبێت دكتۆر بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ نەخۆش دەكات. لەگەڵ ئەوەدانیم كە دكتۆر خۆی لە نەخۆش توڕەبكات، چونكە نەخۆش كە دێت بۆ لای دكتۆر ئازاری هەیە، نەخۆشی و دەردی هەیە، خۆ بۆ شتێكی خۆش نەهاتووە، ئەوجا ئەگەر خۆی لە نەخۆش توڕە بكات، بەڕاستی ئەو نەخۆشە هیچ متمانەیەكی بەو دكتۆرە نامێنێت و دكتۆرەكەش ناتوانێت چارەسەری بكات، لەوانەیە شتێكی بداتێ كە پێویستی پێنەبێت، هەروەها لەوانەیە ئەو نەخۆشە جارێكی تر هەر نەچێتەوە لای ئەو پزیشكەش. سەبارەت بەهۆی ئەو جۆرە هەڵسوكەوتە نەخوازراوەش د.وڵات هۆیەكەی بۆ ئاستی رۆشنبیری دكتۆرەكە دەگەڕێنێتەوە، چونكە پێیوایە زۆرجار نەخۆش نەك بەدەرمان و تیشك و سۆنەر، بەڵكو بە قسەیەكی پزیشكەكە چاك دەبێتەوە، بەڵام هەشە پێیوایە كە نابێت پزیشك ئەوەندە پێوەندییەكەی خۆی لەگەڵ نەخۆش بەهێز بكات و لەبیری بچێتەوە كە ئەو تەنیا پزیشكە و هەر لەو روانگەیەوە دەبێ بڕوانێتە نەخۆش.
یەكێك لەوانەی كە ئەو بڕواییەی هەیە دكتۆر (موعتەز حمادی)یە كە بەمجۆرە رای خۆی خستەڕوو: دەبێت پێوەندی نێوان دكتۆر و نەخۆش پێوەندییەكی دیاریكراو بێت و نابێت زیادەڕەوی تێدا بكرێت تاوەكو لەگەڵ بنەماكانی پیشەكە بگونجێت و رێزگرتن لە نێوان هەردوولادا بمینێت. هەروەها وتیشی: دەبێت دكتۆر نەرم و نیان و میهرەبان بێت لەگەڵ نەخۆش، بەتایبەتیش كاتێك نەخۆش نەخۆشییەكی وای هەبێت پێویست بكات دڵنەوایی بكرێت، ئەمەش وەكو پاڵپشتییەكی مەعنەوی لێدێت و دەتوانرێت بڕێك لە ئازار و مەینەتییەكانی نەخۆشەكە كەم بكاتەوە.

نەخۆشێك: پزیشك هەیە نایەڵێ نەخۆش دوو وشەی لەدەم بێتە دەرەوە یەكسەر دەرمانی بۆ دەنووسێ و بەڕێی دەكات
پزیشك هەیە كاتێك نەخۆش سەردانی دەكات خێرا بڕیار دەدات یان بە تەواوەتی گوێ لە قسەكانت ناگرێت، خۆ ئەگەر گوێشی لێگرت بەبێ موبالاتییەوە گوێی لێدەگرێت یان نەخۆش قسە دەكات ئەویش هەر سەیری دەكات وەك ئەوەی گوێزی بۆ بژمێری. لە نۆرینگەی پزیشكێك چاومان بەنەخۆشێك بەناوی (دەشتی كەریم) كەوت كە بۆ چارەسەر هاتبووە لای دكتۆر و باسی ئەوەی بۆ كردین كە چۆن پێش ئەوەی بێتە ئێرە لای پزیشكێكی تر بووە و بەتوڕەییەوە بەجێیهێشتووە و هاتووە بۆ لای ئەم پزیشكە، ئیتر بەمجۆرە قسەی بۆ كردین و وتی «بەر لەوەی بێمە ئێرە بەر لە چەند رۆژێك چووبوومە لای دكتۆرێك وتیان دكتۆرێكی باشە، بەڵام بڕوات بێت كە چوومە ژوورەوە دوو نەخۆشی تری لا بوو، ئیتر هەندێ قسەی لەگەڵ نەخۆشەكانی تر كرد و پێی وتم دانیشە، چیتە، وتم دەمێكە بن پەراسووم ژان دەكات، سەماعەكەی بەسنگمەوە ناو چۆوە سەر مێزەكەی، ئەمجارە رووی لە نەخۆشێكی تر كرد منیش پرسیارێكم لە دكتۆر كرد چ وەڵامی نەدامەوە، دووبارەم كردەوە نەخێر هەر وەڵامی نەدامەوە، وتم دكتۆر دەمەوێ بەتەنیا هەندێك پرسیارت لەبارەی نەخۆشییەكەمەوە لێبكەم، كەچی مۆڕەیەكی لێكردم و هەندێ دەرمانی بۆ نووسیم وتی بڕۆ. ئاخر زۆر سەیرە پێش ئەوەی نەخۆشییەكەمی بە تەواوی پێبڵێم، وتی قسان مەكە یەكسەر دەرمانی بۆ نووسیم. ئەمەش باری دەروونی و تەندروستیمی خراپتركرد، دواتر سەردانی ئەم دكتۆرەم كرد كە وا لە نۆرینگەكەیم زۆر بە روویەكی خۆش بە پێكەنین، بەو پەڕی رێزەوە قسەی لەگەڵ كردم و گوێی لێگرتم، هەرلەرووی دەروونییەوە زۆر لەگەڵی مورتاح بووم و دواتر چەند پرسیارێكی لێكردم خۆشم بەكورتی باسی نەخۆشییەكەمم بۆیكرد، باش لە حاڵەتەكەمی كۆڵییەوە ئینجا چارەسەری بۆ دانام و پێشی وتم كە دوای وەرگرتنی دەرمانەكانم بچمەوە لای تاوەكو تەماشام بكاتەوە و لە چاك بوونەوەم دڵنیا بێت. ئێستاش وا دەمبینی كە چاك بوومەوە و زۆر باشم..

(زیاد محەمەد) ئەویش بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكەی هاتبووە شەقامی پزیشكان و بە نایلۆنی پڕ دەرمانی دەستییەوە دیاربوو تازە لای پزیشك هاتۆتە دەرەوە كە لە بارەی ئەم پێوەندییە پرسیارمان لێیكرد بە پێكەنینەوە وەڵامی داینەوە و وتی»زۆر بەداخەوە پزیشكانی كورد هێشتا نەیانتوانیوە بگەنە ئەو ئاستەی كە بزانن لەگەڵ نەخۆش هەڵسوكەوت بكەن، بەلایەنی كەمەوە هەنێك لە برا پزیشكەكان هەڵسوكەوتیان لەگەڵ نەخۆش جێگەی دڵخۆشی نییە، بەتایبەتیش لەنەخۆشخانە حكومییەكاندا، تەنانەت هەندێ پزیشك هەیە لە نۆرینگەكەشی كە سەری زۆر قەرەباڵغە لە دوو وشە زیاتر دەرفەتت پێنادات قسە بكەی و باسی دەردەكەتی بۆ بكەی. راستە هەندێك نەخۆشیش ئەگەر دەرفەت وەربگرێت لەوانەیە بیكاتە دیوەخان و نەبڕێتەوە، ئەو كەسانەش حەقیان نییە بە قسەی لابەلا كاتی پزیشك بكوژن، بەڵام مەبەستی ئێمە ئەو كەسانە نییە. رۆژێكیان چوومە لای دكتۆرێك قاچەكانم دەهێشا، منیش وتم دكتۆر دەبێت رۆماتیزمم نەبێت كەچی وەها خۆی لێ توڕەكردم كەوامزانی تاوانێكم كردووە. بۆیە نامەوێت جارێكی تر چاوم پێی بكەوێتەوە، وتی تۆ چۆن دەزانی رۆماتیزمت هیە چۆن سەربەخۆ قسە دەكەی، باشە من پزیشكم یان تۆ. سەیر لەوەدابوو دواترچوومە لای پزیشكێكی تر كە زۆر بەجوانی گوێی لێگرتم و بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا كردم، كە وتم دكتۆر دەبێ رۆماتیزمم نەبێ وتی دڵنیابە لە هەموو هۆیەكی ئێشەكەت دەكۆڵمەوە و ئەو هۆیەش بەدوور نازانم ئینجا پاش ئەوەی كە هەندێك پشكنینی بۆم ئەنجامدا دەركەوت نەخۆشییەكەم رۆماتیزم بوو، زۆر ئاساییە لە لای زۆر كەس بڵێم سەردانی ئەم دكتۆرەی یەكەم مەكەن، چونكە لەگەڵ رێزم بۆی ناتوانێت هەڵسوكەوت لەگەڵ نەخۆش بكات.

لە كۆتاییشدا د.شێروان حوسێن بۆچوونی خۆی بەم شێوەیە خستەڕوو و وتی: بێگومان دەبێت پێوەندی نێوان پزیشك و نەخۆش بەهێزبێت، بەتایبەتیش لەرووی دەروونی و متمانەوە، بەشێوەیەك كە نەخۆشەكە بتوانێت هەموو شتێك لای پزیشكەكە باس بكات و هیچ شەرمیش نەكات، هەروەها لەسەر پزیشكەكە پێویستە یەكجار ئارام بێت و زوو بڕیار نەدات و لەسەرخۆبێت و نابێت هەڵبچێت. پێویستە رەچاوی باری دەروونی و ئاستی كۆمەڵایەتی نەخۆش بكات، هەربۆیە زانایان دەڵێن (باشترین پزیشك، ئەو پزیشكەیە كە دوو خولەكی یەكەمی بینینی نەخۆش هیچ قسەیەك ناكات، پێویستە پزیشك بە تەواوی گوێ لە نەخۆش بگرێت تاوەكو نەخۆشەكە هەموو قسەكانی خۆی تەواو دەكات، بەڵام زۆر بەداخەوە لە وڵاتی خۆمان هەندێ لە پزیشكەكان بە پێچەوانەی ئەمانەوە رەفتار دەكەن، بۆ نموونە كاتێك نەخۆش دەڵێ شوێنێكم ئازاری هەیە، ئەوا بێگوێدانە لایەنەكانی تر یەكسەر چارەسەری بۆ دەنووسێت و بێئەوەی نەخۆشەكە قسەكانی تەواو بكات. داواكارم پێش ئەوەی پزیشك دابمەزرێت، پێویستە چەندین خولی بۆ بكرێتەوە بۆئەوەی فێربكرێت كە چۆن بتوانێت مامەڵە لەگەڵ نەخۆش بكات یاخود چۆن بتوانێت هەندێك حاڵەت هەیە بە نەخۆشەكەی بگەیەنێت. چونكە حاڵەت هەبووە بۆتە هۆی ئەوەی ناخۆشی لەنێوان پزیشكەكە و نەخۆشەكە دروست بێت. جگە لەوەی كە هەندێك نەخۆش هەیە ئاستێكی وەهای رۆشنبیری نییە رەنگە لەگەڵ پزیشك بكاتە دەمەقاڵی و هەندێكجار دەستدرێژیش. بۆیە داوام ئەوەیە لەلایەنی پێوەندیدار چاو بەم لایەنەدا بخشێنێتەوە و چارەسەرێكی بۆ دابنێن و كۆڕ و كۆبوونەوە و سیمیناری لەسەر ساز بكەن، تاوەكو پێوەندی نێوان نەخۆش و پزیشك پێوەندییەكی ئینسانیانە بێت و هەردوولا رێز لە ماف و ئەركەكانی یەكتر بگرن.
Top