دانپێنانەكەی(هێڤی)لەیەكەم شەوی بووكێنیدا..!!

دانپێنانەكەی(هێڤی)لەیەكەم شەوی بووكێنیدا..!!
پاش دوودڵییەكی زۆر ئاخیرییەكەی (هێڤی) بڕیاریدا نهێنییەكەی خۆی بدركێنێ!
شەو كاتژمێر گەیشتبووە دووی دوای نیوەشەو هێڤی هەر لە خەیاڵ و بیركردنەوەی ئەوە دابوو ئاخۆ بڕیار بدات، نەدات، نهێنییەكەی ئاشكرا بكات، یان هەر بەیەكجارەكی واز لە بیرۆكەی مێرد كردنەكەی بهێنێ، دۆشداما بوو بڕیاریكی وەها بڕیارێكی ترسناك و چارەنووسساز بوو . ئاخر ئاسان نییە نهێنی وەها مەترسیدار و گەورە ئاشكرا بكەی، نەیدەزانی چیبكات !! دەستی دایەوە مۆبایلەكەی بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ (برزۆ)ی خۆشەویستی بكات، مۆبایلەكەی كردەوە و خستییە سەر ناوی برزۆ و كرتەیەكی لەسەر كرد و چەند چركەیەك وەستا و هەر زوو كرتەی رەتكردنەی لێدا و پێوەندییەكەی پچڕاند . پتر لە دە جاران ئەو كارەی كردبوو .هەناسەیەكی قووڵی هەڵكێشا و دڵی زۆر تووند بوو . بڕیاری دا بخەوێت، لە دڵی خۆیدا وتی : دەی خۆ بەو یەك دوو رۆژەش چ نابێت با یەك دوو رۆژێكی تریشی پێبچێت ئینجا بێ سێودوو هەرچیم هەبووە ونەبووە، چیم لێ روویداوە بە راشكاوی و بەبێ دوودڵی هەمووی پێدەڵێم ئەوسا ئەویش خۆی و خوای خۆی . چەرچەفەكەی بەخۆیدادا و چاوەكانی نووقاند، چەند خوولەكێكی پێچوو، هەندێك خۆی وەڕگێڕا و ئەمسەر و ئەو سەری كرد نەخێر خەوی چی تازە خەو لەچاوی تۆراوە .نووكەیەكی بۆ (هەتاو)ی دەستەخوشكە هەر نێزیكەكەی لێدا، بەڵكو قسەیەكی لەگەڵدا بكات و بەگفتوگۆیان بگاتە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە . دوای چەند خولكێك وەستان ئەویش وەڵامی نەبوو، زانی نووستووە . لەولاشەوە هەفتەیەك زیاتر بوو، كە برزۆ هەموو رۆژ لێیدەپرسی كە چیبوو وەڵامی داواكەی ناداتەوە، برزۆ پێیدە ووت : هێڤی من یان زەواج لەگەڵ تۆدا دەكەم یان بەژیانم ژن ناهێنم . هێڤی ئەو شەوە تەواو وەڕس ببوو، ناچار لەدڵی خۆیدا دوا بڕیاری داو كۆتایی بەو ململانێییە دەروونییەی هێنا و چارەنووسی خۆی دایە دەست قەدەر.
شەوی بووكێنی و بەسەر هاتەكەی هێڤی
بەیانی رۆژی دواتر دەوری كاتژمێر دە و نیو بوو، كە لەگەڵ تەپەتەپی دەرگای ژوورەكەی وەئاگا هات و هەڵسا دەرگاكەی كردەوە، بینی دایكیەتی، دایكی سەرنجێكی پڕ دیقەتی لێدا و پێیوت كچم چییە ئەوە بۆچی نەدەرگا دەكەیەوە و نەلە خەویش هەڵدەستی ؟ تۆ دەزانی كاتژمێر چەندە، كەی دەوام بەمشێوەیە دەبێ، هێڤی سەیرێكی كاتژمێرەكەی سەر دیوارەكەی كرد و دەستی دایە مۆبایلەكەی و تەلەفۆنێكی بۆ هەتاو كرد دوای كەمێك هەتاو وەڵامی دایەوە، پاش چاك و چۆنی داوای لێكرد لەفەرمانگە مۆڵەتی بۆ وەربگرێت . ئینجا تەلەفۆنی بۆ برزۆ كرد و بریارەكەی خۆی پێووت . ئێوارە لەگەڵ برزۆ یەكتریان دیت و یەك دوو كاتژمێرێك پێكەوە بوون و مەسەلەی داخوازی كردن و مارە كردن و ماڵ و حاڵ و زۆر شت تریان بڕاندەوە . . دوای هەفتەكە هەموو شتێك تەواو بوو، داخوازی كرا و خێزانی هەردوولا پێكهاتن و ئاهەنگی مارەبڕینیش بەخۆشییەوە ساز كرا و رۆژی پینجشەمیش بۆ رۆژی گواستنەوە دیاریكرا . بەدرێژایی ئەو چەند رۆژە برزۆ هەر لەنێو خۆشی خۆیدایە و ئەویش غەرقی نێو خەیاڵاتی خۆی ببوو . رۆژی پێنجشەمە هات و ماڵی زاوا هێڤیان بردە ساڵۆن و وەك بووك رازاندیانەوە، لەنێو كەژاوەی خۆشی و بەزم و سەفایێ، زاوا هات و دەستی بووكێی گرت و چوونە ناو ئاهەنگی هەڵپەڕكێ . تا بەرەبەری ئێوارێ، بەزم و شایی بەردەوام بوو . كە ئاهەنگ گێڕان تەواو بوو، ئیدی هەردووكیان وەك بووك و زاوا چونە ئەو ئوتێلەی كە برزۆ پێشوەخت گرتبووی . شەو تا درەنگ وەختێك بە یەكەوە دانیشتن و خەریكی قسان بوون و هێڤی بەردەوام بیری لەوە دەكردەوە و لەدڵی خۆیدا دەیوت : خوایە چۆنی پێبلێم چۆن و لەچییەوە دەستپێبكەم، نیگەرانی و نا ئارامییەكەی هێڤی زیاتر و زیاتر ببوو، شپرزە و رەنگ پەڕیو بوو، ئەو سەر و سیما تێكچوونەشی وردە وردە و زۆر بەئاشكرا لە سەری دیار دەكەوت .برزۆ زانی كە هێڤی زۆر شپرزەیە، هێڤیش هەستی بەوە كرد كە خەریكە وا برزۆ بەحاڵ وباری دەزانێت، لەدڵیشی دەیووت : هەیهوو هویهوو، من لەچ حاڵێكم و ئەویش لەچ حاڵێكە، من لەترسی چییەوە شپرزەم ئەویش وا دەزانێ من لەترسییەوە شپرزەم . تەماشایەكی سەر و سیمای برزۆی كرد و ووتی : برزۆ من و تۆ دەمێكە بەدڵ و بەگیان یەكترمان خۆشدەوێت، خۆشەویستیم بۆ تۆ، سنووری نییە . برزۆ خەریكبوو قسەیەك بكات، بەڵام هەر زوو هێڤی قسەكەی پێبڕی و ووتی : تكات لێدەكەم، ئەمشەو تا قسەی خۆم تەواو نەكەم، تۆ هیچ شتێك مەڵێ . من دەمەوێ بەسەرهاتێكی خۆمت بۆ بگێڕمەوە ئینجا دوای ئەوە خۆت و ویژدانی خۆت حوكمم بەسەردا بدە . برزۆ سەیرێكی كرد و ئەو قسانەی هێڤی پێ زۆر سەیر و سەمەرە بوو، چیبووە، تا بیەوێ بۆمی بگێڕێتەوە . لەو بیركردنەوانەدا بوو كە، هێڤی دەستی بەقسە كردەوە و زنجیرەی بیركردنەوەی پچڕاند، هێڤی ووتی : خۆت دەزانی من لە زانكۆی بەغدا قوتابی بووم، سێ ساڵ پێش ئێستا كە لە پۆلی چوار بووم، كوڕێكم ناسی و پەیوەندییەكمان لە نێواندا دروستبوو، كوڕە بەڵێنی پێدام كە بێتە خوازبێنیم، هاتە ماڵیشمان كە جارێ باوكم هێشتا لە ژیاندا مابوو، رەزامەندی باوكمی وەرگرت، پاش دوو سێ مانگ هاتە خوازبێنیم، و مارەی كردم، قەول و قەرارمان وابوو هەر كە لە تاقیكردنەوەكانی كۆلێژ تەواو بوین ئاهەنگی گواستنەوەمان ساز بكەین . وا بوو رۆژانە پێكەوە پیاسەمان دەكرد، چەند جارێك بەتەنها دادەنیشتین و ئەو پەڕەكەی دەستی دەگرتم و هیچیتر . بەڵام جارێكیان كە رۆژی پێنجشەمە بوو، بردمی بۆ بەشی ناوخۆیی خۆیان، دەرفەتی وەرگرتبوو، چۆن ئەوەیان نازانم، بەهەرحاڵ دوای دانیشتن و قسە كردن لێمهاتە پێشەوە و دەستبازی لەگەڵ كردم و منیش چەندی هەوڵمدا رێگری لێبكەم، سوودی نەبوو نەمتوانی، ئەو هەر بەردەوامبوو لە دەست بۆ بردنم، ئاخیرییەكەی منیش تەسلیمی بووم و ئەوەی روویدا روویدا . كاتێك وەئاگاتمەوە دەبینم بۆخۆم جلم لەبەر داكەندراوە و نیوە رووتم، چاوم بۆ ئەویش گێڕا نەكەوتەبەرچاوم، شپرزە بووم، ئاوڕێكم بەملا وئەولادا گێڕا كاغەزێكی ئەوم بەرچاو كەوت كە نوسیبووی : من ببوورە لەوەی كە روویدا شەیتان پێكردم، بەڵام ناتوانم بتخوازم من تۆم تەڵاق دا . كەوتمە گریان و لە خۆدان لە شەرمی دایكم مەسەلەكەم داپۆشت و كە گەڕامەوە بە داكمم ووت من و ئەو لێكجیا بووینەوە چیدی نایەتەوە بەملایەدا . دایكم زۆری لە سەر رۆیی، بەڵام مەسەلەكە بڕابۆوە . ئەمە ئەو نهێنییەم بوو، كە دەمویست بۆتی باس بكەم . برزۆ چاوی پڕ ئاو ببوو، نوتقی نەما بوو قسە بكات، تەماشایەكی هێڤی كرد و هەڵسا جگەرەیەكی داگیرساند و جلەكانی لەبەر كرد و چووە دەرەوە ...
Top