درۆكردن رەفتارێكی كۆمەڵایەتی دزێوە یان گوزارشتێكی دەروونی و پێویستییەكی رۆژانەیە

درۆكردن رەفتارێكی كۆمەڵایەتی دزێوە یان گوزارشتێكی دەروونی و پێویستییەكی رۆژانەیە
درۆكردن رەفتارێكی كۆمەڵایەتی دزێوەو زۆرێك لە خەڵكان لەكاتی پێوست و جیاجیادا پەنای بۆ دەبەن، ئەم رەفتارە تائێستاش بەبابەت نەكراوە، لەگەڵ ئەوەش كە پانتاییەكی فراوان لەرەفتار و ژیانی رۆژانەی زۆر كەساندا دەگرێ تەنانەت دەتوانین بڵێن كە وەك پەتایەكی لێهاتووە. زۆر جاریش بەناوی راییكردنی كارەكان درۆكردن لە هەندێ شوێندا وەك وەسیلەی بەڕێوەبردن بەكاردێت. بۆ دەرخستنی لایەنە نێگەتیڤەكانی ئەم رەفتارە هەوڵدەدەین لەمیانی ئەم ریپۆرتاژەدا ئەم بابەتە بوروژێنین.

سەرەتا ئەحمەد موحسین پێیوایە هەریەكێك لە ئێمە درۆی كردووە. ئەو پێشیوایە درۆ چەندین جار دوو برادەری یا دوو هاوسەری لێككردووە، لەبەر هەندێ دەبێت دایك و باوك لەلایەك و قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەكان لەلایەكیتر منداڵ وا پەروەردە بكەن كە دژ بە درۆكردن بێت، بۆ ئەوی بەرگرییەكی سروشتی و پەروەردەیی لە بەرامبەر ئەم رەفتارە نادروستە هەبێت، چونكە ئەگەر منداڵ بە منداڵی فێرە هەر شتێك بێت، گەورەش بێت ناتوانێت تەركی بكات. بۆیە دەبێت ئێمە هەموو پێكەوە هەواڵ بدەین منداڵەكانمان بە جوانترین شێوە پەروەردە بكەین كە لە درۆ دوور بن.
دواتر خاتوو كەژاڵ سەڵاح بۆچوونی وایە كە درۆ هەر درۆیە، بەڵام وەكو دەڵێن درۆی رەش و سپی هەیە. ئەو درێژەی دەداتێ و دەڵێ: «درۆكردن بەڕای من لای زۆرێك لەخەڵكی باوە، بەڵام زۆرتر لە ناو هاوسەران كاریگەری هەیە، ئەوجا لای خزمان و برادەران، بەڵام دەڵێت: بەڕای من ئاستی كاریگەرییەكە لەنێو هاوسەران فراوانترە، چونكە جاری وایە دەبێتە هۆی لێكجیابوونەوەی ژن و مێرد. هەروەها هەندێكجار درۆ دەكەین لەبەر ئەوەی كارەكە باشتر یا زووتر و بێكێشە بكەین، پێموایە ئەو جۆرەیان باشترە نەوەك درۆ بۆ خۆهەڵكێشان و خۆدەرخستن كە زۆرجار لەناو كوردەواری خۆماندا كە كچێك مارە دەكرێت دنیایەك درۆی شاخدار لە ناو خەڵكی بەناوی خۆهەڵكێشانەوە دەكات وەك ئەوەی كە دەڵێن ئەوەندە زێڕی بۆ كراوە و ئەوەندە جلوبەرگی گرانبەهای بۆ دووراوە و ئەمەی بۆ كراوە و ئەوەی بۆ كراوە، ئیتر دنیایەك درۆی هەمەجۆر و هەمەچەشن. ئەوەش بەڕاستی رەفتارێكی قێزەونە و وادەكات تۆ متمانەت بە هیچ قسەیەكیان نەمینێت، تەنانەت ئەگەر راستیش بێت، لەدوا قسەكانیدا ئاماژەی بەوەشدا ئەم دیاردەیە بە دڵنیاییەوە ناتوانرێت بنبڕبكرێت.
هەروەها پورە عەیشان خدر-ی تەمەن 67 ساڵ دەڵێت «كاتی خۆی خەڵك وەكو ئێستا درۆزن نەبوو، خەڵك بیری لە دنیا نەدەكردوە، بەڵكو بیری لە دواڕۆژ دەكردەوە و درۆی نەدەكرد، بەڵام ئێستا هەر لە منداڵەوە بگرە تا گەورە درۆی زۆر گەورە گەورە دەكەن، زۆرجار دایك و باوكان رێگە بۆ منداڵەكانیان خۆش دەكەن بۆ ئەوەی درۆ بكەن. ئێستا ئەگەر منداڵێك درۆ بكات دایك و باوكەكە پێی پێدەكەنن و پێی دەڵێن منداڵەكەمان فێرە قسە بووە، ئەوە پێشتر بوایە، داغیان دەكرد.
عەبدولقادر عەبدولرەحمان لەم بارەیەوە دەڵێ «ئێستا ئاسانترین شت درۆكردنە، چونكە هەركە پێوەندی بەكەسێكەوە دەكەی، دەبینی خۆی لە دەرەوەیە كەچی دەڵێت وا لە ماڵەوەم، یا پرسیارێكی لێدەكەی وەڵامێكی نا راستت دەداتەوە، بەڕاستی نازانم هۆكارەكەی چییە، تاوەكو ئێستا لەگەڵ خێزانەكەم و لەماڵەوە درۆم نەكردووە، بەڵام كە دەبینم هاوسەران لەگەڵ یەكدی درۆ دەكەن، بەڕاستی زۆرم پێ سەیرە. هیوادارم هیچ كەسێك درۆ نەكات، چونكە پەتی درۆ كورتە.
مامۆستا مەلا سەید ئەحمەد پێنجوێنی پێش نوێژو وتارخوێن باس لە نابەجێییەكانی درۆ دەكات و دەڵێت «لە روانگەی شەرعەوە یەكێكە لە گوناهە گەورەكان و یەكێكە لە نەخۆشییە دەروونییەكان، هەروەها كەسایەتی مرۆڤ زۆر لە كەدار و عەیب دار دەكات و رێگەیەكە بۆ بێیەشبوونی لە بەهەشتی بەرین. بەڕای من رەفتارێكی قێزەون و ناشیرنە كە مرۆڤ لەناو ماڵ و خێزان و خەڵكی تر دەیكات، ئەو كەسە هیچ بەهاو متمانەیەكی نامینێت، لەوانەشە قسەیەكی راستیش بكات خەڵك باوەڕی پێنەكەن، لەبەر ئەوە كەسێكی بێزاركەر و نەخوازراوە و یەكێكە لە دەرگای گوناهەكان، واتە رێگە خۆشدەكات بۆ كۆمەڵێك كەسی نارەسەن و ناپەسەندی تر، هەروەها سوێند خواردن بەدرۆ ئەمەش گوناهێكی گەورەیە، هەروەها جۆرێكی تر درۆكردنی بەرپرس لەگەڵ فەرمانبەرەكانی ئەمانە درۆی زیاتری بە دواوە دێت و كارەسات و دەنێتەوە. لەبەر ئەوە درۆ تا درۆ جیاوازی هەیە، درۆی وا هەیە دەبێتە هۆی كوشتن و هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان دو خێڵ یان دوو حزب، دواتر دەیان كارەساتی لێ دەكەوێتەوە. مامۆستا هۆكارەكانی درۆكردن بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێنێتەوە، لەوانە: ئەو كەسەی درۆ دەكات كەسێكی لاوازە و كەموكوڕی لە كەسایەتی دا هەیە و كەسێكی ناتەواوە و متمانەی بەخۆی نییە، ئینجا سوێندخواردن بە درۆ بۆ ئەوەی خەڵك هەڵبخەڵەتێنێ و خەڵك چەواشە بكات. بەگشتی پاڵنەرەكی درۆ یەكجار زۆرە، چی بكرێت بۆ ئەوەی درۆ كردن كەم ببێتەوە مامۆستا وتی «دەبێت گشتمان بەگژیدا بچین وەكو دیاردەیەكی رووخێنەر و قێزەون تەماشای بكەین، بە تایبەت هۆكارەكانی راگەیاندن دەبێت لێی بەجواب بێن و دواتر دایك و باوك و ئینجا قوتابخانە و رێزیش لە كەسانی درۆزن نەگرین و ئەو كەسەی درۆ دەكات هەموومان دژی رابوەستین و لێنەگەڕێن شوێنی لەناو كۆمەڵگە ببێتەوە.
لە كۆتاییدا بارزان جەمال مامۆستا لە كۆلیژی ئاداب بەمجۆرە باس لە جۆرەكانی درۆكردن دەكات و دەڵێت «درۆكردن زۆر جۆری هەیە، درۆی بەشێوەی نووسین وەكو ئەو درۆیانەی كە زۆرجار لە رووپەری رۆژنامەو گۆڤارەكان بەرچاومان دەكەوێت كە لەسەر بنەمایەكی ناواقیعی داڕێژراون، كە زۆرجار كێشەو ناكۆكی زۆری لێدەكەوێتەوەو كۆمەڵگە بەرەو ئاراستەیەكی خراپ دەبات، هەروەها درۆكردن بەشێوەی ئاماژەكردن زۆربەی خەڵك ئەمجۆرە لە درۆكردن بەكار دەهێنن لە كاتێكدا كە خۆشیان هەستی پێناكەن، كە ئەمەش خۆی لە جووڵەی چاوو برۆ خواركردن و مرومۆچكردنی دەموچاو بەرامبەر بەشتێك یان كەسێك یان هەڵوێستێكی دیاریكراو دەینوێنێ، ئەم ئاماژانە خۆی جۆرێكە لە درۆكردن، چونكە لەناخی كەسەكەوە جۆرێكی دیكە لە بیركردنەوە هەیە، بەڵام دەرینابڕێت یان پێی ناكرێت بیڵێ یان شەرم دەكات، بۆیە بەشێوەی ئاماژەكردن كە جۆرێكە لە درۆكردن هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێ. هەروەها درۆی سیاسی، كەسانی سیاسی زۆرجار بۆ ئەوەی كە بگەنە ئامانجەكانیان جڵەو بە مانەوەی پێگەی سیاسی خۆیان بدەن پەنا دەبەنە بەر درۆكردن، زۆرجار لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئێمە گوێمان لە زۆر بەڵێنی گەورە دەبێت لە لایەن حزب و رێكخراوەكانەوە، كە خۆشیان ئەسڵەن باوەڕیان بەم بەڵێنانە نییە، بەڵام بە مەبەستی كۆكردنەوەی دەنگی زیاتر ئەم قسانە دەكەن . تاد. درۆی ئابووری یان پیشەسازی ئەمەش جۆرێكی ترە كە بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەم و فرۆشی زیاتر لەلایەن بازرگانە گەورەكانەوە بە شێوەی رێكلام بەكار دێت بۆ ئەوەی پارەی زیاتریان دەست كەوێت. هەروەها درۆی مێژوویی ئەمجۆرە لە درۆكردن لەلایەن كەسانێكەوە بەكار دێت بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان زیاتر بەرز بكەنەوە، چ لە ئاستی سیاسی یان ئیداری یان ئابووری و كۆمەڵایەتی......تاد. بۆ نموونە كەسێك باكگراوندێكی كۆمەڵایەتی و ئابووری یان سیاسی و بنەماڵەیی بۆ خۆی دروست دەكات بۆ ئەوەی لەلایەن كەسانی سەر بە دەسەڵاتەوە پێگەیەكی گەورەی دەست بكەوێت، نموونەی ئەمەش وابزانم لە كوردستان زۆرە. لەو خاڵانەی ئاماژەم پێیدا بۆمان دەردەكەوێت كە درۆكردن دیاردەییەكی كۆمەڵایەتی و دەروونی مرۆڤە، لە هەر كۆمەڵگەیەكدا و لەسەر هەموو ئاست و چینێكی كۆمەڵایەتییدا درۆكردن بوونی هەیە و ناتوانین نكۆڵی لێبكەین، كەواتە دەتوانین بڵێین مرۆڤ بۆیە پەنا دەباتە بەر درۆكردن زۆرجار توانای ئەنجامدانی كارێكی نییە و دەیەوێت بە هەر نرخێك بێت بیكات یان پێی بگات، جا ئەمكارە بۆ دەسكەوتی سیاسی بێت یان ئابووری بێت یان كۆمەڵایەتی. هەندێكجار مرۆڤ بەهۆی شكستی یەك لەدوای یەكیش لە كارێكدا بە ناچاری تووشی نامۆبوون دەبێت، بۆیە پەنا دەباتە بەر درۆكردن و ساختەكردن، هەندێك جار دەگاتە ئاستی تاوان. لە زانستی كۆمەڵناسیدا میكانیزمێك نییە بۆ چارەسەر كردنی درۆ...
سەبارەت بە درۆ كردن لە نێوان ژن و مێریشدا مامۆستا وتی «لە زانستی كۆمەڵناسیدا بە تایبەتی لە بواری پسپۆری كۆمەڵناسی خێزاندا ئەم بوارە زۆر قسە و باسی لەسەر كراوەو توێژینەوەی لەسەر كراوە، زۆربەی پیاوان لەو باوەڕەدان لە زۆر حاڵەتدا نابێت هەموو شتێكی راستی بە ژن بگوترێت، بە درۆكردن دەكرێت دڵی هاوسەرەكەت رابگری، بەڵام بێگومان ئەمەش ئەنجامێكی باشی نابێت كە لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان، هەروەك دەشزانین ئافرەت لەرووی هەست و سۆزەوە زۆر لە پیاو ناسكترە، بۆیە كاتێك هەست بە درۆی پیاو دەكەن یان راستییەكیان بۆ دەردەكەوێت، ئەوا تووشی دڵتەنگی و خەمۆكییەكی زۆر دەبن و تەنانەت لە رووی جەستەیشەوە دادەڕمێت، هەر بۆیە باشتر وایە تاكو دەكرێت لە نێوان ژن و مێردا درۆ نەكرێت و هەموو شتێك بە راستگۆیی بە یەكدی بڵێن.. چی بكرێت بۆ ئەوەی دیاردەی درۆ كەمبكرێتەوە لە وەڵامدا مامۆستا بارزان وتی «لە رووی سیاسییەوە چیدی سیاسەتمەداران شتی چەواشەكارانە بە خەڵك نەڵێن، چونكە ئەمڕۆ ئێمە لە جیهانێكدا دەژین كە هەموو شتێك دیارەو خەڵكیش ئاسۆی بیركردنەوەی فراوانتر بووەو باشتر بەرچاوی خۆی دەبینێت، لە رووی راگەیاندنەوە زیاتر خەڵك هۆشیار بكرێتەوە، لە روانگەی ئایینیەوە باس لە زیانەكانی بكرێت و باس لەو سزایانە بكرێت كە خودای گەورە بۆ ئەو كەسانەی داناوە كە درۆ دەكەن، لە رووی پەروەردەییەشەوە پێویستە مامۆستا راستگۆیی لای قوتابییەكانی خۆشەویست بكات و فێریان بكات هەموو وەختێك دژی درۆ بن.
Top