ئازارەكانی ژنێك كە چەنــد جارێك مێردی كردەوە
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
(بەیان) جارێ هەر لە تەمەنی(14) ساڵیدا بوو، زۆری دڵی بە خوێندن خۆش بوو، جگە لەوەی كە زیرەك و زرنگ بوو، لە هەوڵ و كۆششی بێوچاندا بوو، بەردەوامیش مامۆستاكانی هانیان دەدا و ئافەرینیان لێدەكرد، چونكە دەیانزانی هەم زیرەك و بەهرەمەندە، هەمیش بە رێكوپێكی و بەدڵگەرمی دەخوێنێ، لە زۆربەی وانەكان نمرەكانی زۆر باشە و نایاب بوو،(بەیان) زۆر جار خەونی بەوەوە دەبینی كە بچێتە كۆلێژی ئەندازیاری و لە دوارۆژدا ببێتە ئەندازیاری تەلارسازی، بیروهۆشی تەنیا لای خوێندنەكەی بوو، هەرچەندە دایكی ئیشی ماڵەوەشی پێدەكرد، بەڵام زۆریش ماندووی نەدەكرد، چونكە تەنیا ئەو كچەی هەبوو، لە دوای ئەوەی كە (بەیان) ی بوو، تووشی نەخۆشییەكی سەخت و ترسناك بوو، پزیشكەكان پێیان وتبوو كە دەبێ بە زووترین كات مناڵدانت دەربهێنین، چونكە رزیوە، ئیتر نەشتەرگەریان بۆ كرد و بە یەكجارەكی لە منداڵبوون كەوت و نەزۆك بوو، بۆیە (بەیان)ی زۆر خۆشدەویست و گەلێك نازی پی َدەدا، بەڵام دوای نەشتەرگەرییەكەی بە چەند مانگێك لە ناو جێگە كەوت، كاتێ پزیشك و نەخۆشخانەیان پێكرد، دووچاری شێرپەنجە هاتبوو، شێرپەنجەكەشی بەناو خوێن و هەموو لەشیدا تەشەنەی كردبوو، ئومێدی چاكبوونەوەی لێنەدەكرا، ئەوەندەی نەبرد حاڵی زۆر خراپ و شڕ بوو، بەرە بەیانێكی زوو هەر لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا، (بەیان) بە مردنی دایكی كۆستی كەوت و بێكەس مایەوە، تەنیا خۆی و باوكی مانەوە، پاش مردنی دایكی، دوو سێ مانگی پێچوو، باوكی كەڵكەڵەی ژن هێنانی كەوتەسەر، هێنانەوەی ژنی دووەم، بۆ(بەیان) شتێكی زۆر بە ئێش و ئازار بوو، چونكە جارێ ماوەیەكی ئەوەندە زۆر نییە دایكی مردووە، پاشانیش هەروەك لە دڵی خۆی دەیوت، باشە باوكم ژنی بۆچییە، ئەوە نییە من هەموو ئیشێكی ماڵەكە دەكەم، ئەوە نییە هەر خۆم جلی بۆ دەشۆم و چێشت لێدەنێم و ماڵ پاك دەكەمەوە خزمەتی دەكەم و میوان بەڕێدەكەم...؟
ئەوەی هەرگیز چاوەڕێی نەدەكرد ئەوەبوو كە باوكی لە خوێندن دەریبهێنێ و بۆ خۆی بەژنی بدات، ئەو ماوەیە باوكی زوو زوو میوانی دەهات، زۆربەی میوانەكانیشی بەهۆی مەسەلەی ژنهێنانەكەیەوە بوو، ئیتر ئێوارەیەك كۆمەڵێك پیاو و ژن هاتن و دوای بەخێرهاتن و چاك و چۆنی و چایی خواردنەوە، بابەتی ژن و ژنخوازییەكە هاتە گۆڕێ،(بەیان) هەر هێندەی زانی كە باوكی بانگی كرد بێتە ژوورەوە، كە هاتە ژوورەوە باوكی بە یەكێك لە پیاوەكانی وت ئەمە كچەكەمە، كابراش كە تەمەنی نزیكەی (27) ساڵێك دەبوو وتی: رازیمە، تومەز هەردوولا لەسەر ئەوە پێكهاتبوون، ئەگەر هەردوولا بەیەك رازی بن، لە رووی تەمەن و بەژن و باڵا و جوانییەوە ژن بە ژنی بكەن، كابرا خوشكی خۆی بداتە باوكی(بەیان) و ئەویش (بەیان) بداتە ئەو، هەتا رۆیشتن (بەیان) نەیزانی مەسەلە چییە، كە ماڵ چۆڵ بوو، ئەوان رۆیشتن باوكی بانگی كردو وتی چەند قسەیەكم هەیە و دەمەوێ وەك باوكێك پێتی بڵێم، ئەویش وتی فەرموو بابە: باوكی دەستی بە قسان كرد و وتی: كچم بە ناشوكری نەبێ، ماوەیەكی زۆرە دایكت ئەمری خوای بەجێهێنایەو من و تۆی بە تەنیایی و بێكەسی بەجێهێشت، بەخۆشت دەزانی چ قسوریم بۆ دایكت نەبوو، ئەو رۆیشت خوای لێخۆش بێ و من و تۆ ماوینەتەوە، بە خۆشت دەزانی نە ئەتۆ هەتا سەر وەها دەمێنیەوە نە منیش، لەبەر هەندێ بەباشم زانی فكرێك لە خۆم و لە خۆشت بكەمەوە، ئەوجا بڕیارمدا بەخۆم ژن بهێنمەوە و تۆش بە مێرد بدەم، ئەوە ئەو شەوە هەموو شتێكمان بڕاندەوە، تۆم دایە (كاكل) بەخۆشم خوشكێكی رێكوپێكی ئەوم لێوەرگرت،(كاكل) كابرایەكی دەوڵەمەند و هەبوونە، تۆزێك لەتۆ گەورەترە، دەنا چ عەیبی نییە و بەخۆشی تازە ژن مردووە، بە خودای گەلەك قەدرت دەگرێ و نازت دەكێشێ...(بەیان) هەڵوەستەیەكی كرد و سەیری بەو قسانەی باوكی هات، وتی: باوكە كێشە نییە بۆ خۆت ژن دەهێنی، بەڵام من جارێ بۆچی مێرد بكەم، حەز دەكەم خوێندنەكەم تەواو بكەم...زۆر قسەی كرد كەم گوێی لێگیرا، دواجار باوكی وتی: نە خوێندن هەیە و نە هیچ، تازە تۆم داوەتە ئەم پیاوەو لەقسەی خۆشم پەشیمان نیم، هیچی دیكەشم لەگەڵ مەڵێ.
بەمجۆرە پاش هەفتەیەك هەموو شتێك بڕایەوە و ئاهەنگ و زەماوەندی خۆشی دەستی پێكرد و (كاكل) خوشكی خۆی لە باوكی(بەیان) مارەكرد و ئەویش (بەیان)ی لە (كاكل) مارەكرد و رۆژی گواستنەوە هەردوولا بووكیان گۆڕیەوە و چوونە نێو ژیانی هاوسەرێتی تازەوە، (كاكل) ئەگەرچی بەتەمەن لە (بەیان) گەورەتر بوو، بەڵام(بەیان) یشی زۆر خۆشدەویست و نازی دەكێشا، تەنانەت بۆ هیچ شتێك بێدڵی نەدەكرد،(بەیان) كەوتە ناو خۆشییەوە،(بەیان) چەند ساڵێكی هاوسەرێتی لەگەڵ(كاكل) بەخۆشی بەسەربرد و لەو ماوەیەشدا دوو منداڵی بوو.
پاشان(كاكل) تووشی نەخۆشی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن دەبێ و جار جارە حاڵی پەرێشان دەبێ و دەخرێتە ژێر چاودێری پزیشكی، چەند جارێكیش نۆرە دڵی لێیدەدات تا دواجار نۆرە دڵییەكی بەهێز لێیدەدات و دەیكوژێ، بەم بۆنەیەوە(بەیان) بە دوو منداڵەوە بێوەژن دەكەوێ، بەڵام لەبەر ئەوەی(كاكل) خانوویەكی گەورە و هەندێ موڵك و ماڵی لە پاش بەجێدەمێنێ، تا ماوەی یەك دوو ساڵان (بەیان) خۆی پێ ئیدارە دەكات، بەڵام باوكی بەوە رازی نابێ بە بێوەژنێتی بمێنێتەوە، بەتایبەتی كە(بەیان) هێندەی دیكە جوانتر و شۆخ و شەنگتر دەبێت و زۆر لە جاران زیاتر بەرچاوتر دەبێت، باوكی پێیدەڵێ، كچم تۆ ئێستا خاوەن دوو منداڵی بچووكی و ژنێكی بەرچاوی، خەڵك لێت دەڕوانن و جوان نییە بە بێوەژنی دابنیشی، بۆیە حەز دەكەم بچیە ماڵ و مێردی خۆت.
دووبارە مێركردنەوە
(بەیان) بەو قسانەی باوكی، لە خەمی خۆی وەردرابوو، (ئاخر راستە بچووكە، بەڵام بەخۆو دوو منداڵەوە مێرد كردنی چی، بە هەرحاڵ باوكە، چی لێبكەم ناتوانم لە قسەی دەربچم، بەڵكو ئێ ئەوە خوایە ئەو مێردەش كابرایەكی باش دەرچوو،(بەیان) بەم قسانە دڵی خۆی دەدایەوە هەوڵی دەدا خۆی رازی بكات و كاریگەری قسەكانی باوكی بەمجۆرە هەڵدەگەڕاندەوە، ئینجا ماوەیەك داخوازی و داخوازیكەر دەهاتن و دەچوون و ئاخیرییەكەی قسمەتی كابرایەك بوو بەناوی(عومەر) ئەم كابرایە كە بیستبووی(بەیان) ژنێكی وەها جوان و خانەدان و رێكوپێكە و جاحێڵە، تەنیا دوو منداڵی سێ چوار ساڵی هەیە و باری داراییشی باشە، زۆر حەزی دەكرد سۆراغی بكات، كە توانیشی چاوی بە(بەیان) بكەوێت، هەموو هەوڵێكی دا بۆ ئەوەی بیخوازێت، تاكە شتێك كە لە دڵی بوو، دوو منداڵەكەی بوو، بوونی منداڵ و پەیوەستبوونی ئەو ژنە بە مێردی رابردووی (عومەر) نیگەران دەكات، هەر چەندە دۆست و برادەران، ناسیا و خزمان، كە ئەو باسەی لەلا دەكردنەوە، دڵیان دەدایەوە كە ژنە لەسەر شەرعی خوا و پێغەمبەر مێردی كردووە و منداڵەكانیشی جەرگی خۆین و پارچەی دڵی ئەون و لە مێردێكی شەرعی بوونە، شتێكی زۆر ئاساییە هەردووكیان لای خۆی بن و بە دڵ و بە گیان بەخێویان بكات و بۆ ئەویش خێرێكی گەورەو و ئینسانییەتە دەستیان بەسەردا بێنێ، مادام بە دایكیان رازییە، بەوەش رازی بێ ئەوانیش لە ژێر سایەی خۆی و دایكیان دابن.
(عومەر) زۆری لەگەڵ وترا و زۆری بۆ روونكرایەوە، تا قەناعەتی بەخۆی هێنا، ئەگەرچی ژنە دوو منداڵیشی هەیە، بەڵام ئاساییە و بارگرانییەكی وەها نییە.
ئینجا چووە داخوازی و بەهاوكاری هەموو لایەك مەسەلەكە سەری گرت و (بەیان)ی مارەكرد، پاش دوو هەفتان گواستیەوە، هەفتەی یەكەم و دووەم هەستی بە شتێكی وا نەكرد دژ بە منداڵەكان، یان راستتر وایە بڵێین توانیبوی تا راددەیەك بەسەر هەستەكانی خۆیدا بەرامبەر بە دوو منداڵەكەی(بەیان) زاڵ بێت، (عومەر) بە دڵ(بەیان)ی چووبووە دڵ، بەڵام ئاخ غەریزەی پیاوەتی لەخۆشەویستییەكەی كاریگەرتر و تیژتر بوو، كە شەوان بەیەكەوە دەنووستن هەمیشە مێردی یەكەمی(بەیان) لە مێشك و خەیاڵ و هۆشی دابوو، كاتێك لە كاری سەرجێی تەواو دەبوو، دەستی بە بۆڵە بۆڵ و قسەی رەق دەكرد و مێردی یەكەمی بەچاودا دەدایەوە و(بەیان)ی تەریق دەكردەوە؟
(بەیان) یش كە زۆر هەستی بریندار بوو، بە (عومەر)ی وت: باشە(عومەر) نەتدەزانی بێوەژنم، نەتدەزانی منداڵم هەیە، بۆ هاتییە داوام، بۆچی پێم رازی بووی، چەند كەست بە گژ باوكم وەنا، چەند جار خەڵكت نارد و چەند جار داوات كردم، هەتا باوكم و ئەوجا بە هەزار حاڵ خۆم رازی بووم، ئێستا بێوەژنێتی و مێردی یەكەمم بۆ بەچاو دا دەدەیەوە...(عومەر) ماوەیەك توانی خۆی كۆنترۆڵ بكات، بەڵام دووبارە دەستی پێكردەوە، وایلهێات نیوەڕۆیان یان ئێواران كە دەهاتەوە دەیوت ئەو منداڵانە لە پێش چاوم لادە با بچنە ژوورەكەی تر بۆخۆیان، ئینجا جار جارە بە توندی خۆی لێیان توڕە دەكرد و هەندێجاریش لە هیچ و خۆڕایی هەنجەتی پێدەگرتن و لەو منداڵانەی دەدا. كاتێك ئەو خۆی لە منداڵەكانی توڕە دەكرد یان لێیانی دەدا، كزە لە جەرگی(بەیان)ەوە هەڵدەستا و زۆر بە كوڵ دەگریا، بەرنامەی بڕوبیانو و هەنجەت گرتن بە منداڵەكانی(بەیان) لەلایەن(عومەر)ەوە، درێژەی كێشا و منداڵەكان بەرۆح لە (عومەر) دەترسان، (بەیان) لەوزەی نەما و نەیتوانی چیتر بەرگە بگرێ، چووە لای باوكی و سكاڵای لە دەست رەفتارە خراپەكانی(عومەر) كرد، باوكیشی بانگی (عومەر)ی كرد و تێر و پڕ قسەی پێوت و هەڕەشەشی لێكرد ئەگەر دەست لەو رەفتارانەی هەڵنەگرێ، ئەوە كچەكەی لێدەستێنێتەوە و بەخۆشی دەزانێ چی لێدەكات، بە كورتی (عومەر)ی چاك ترساند،(عومەر) ئیدی تەمبێ بوو، نەیتوانی چیتر شەڕ بە منداڵەكانی(بەیان) و خودی(بەیان) بفرۆشێ، بەڵام لە بەرامبەر ئەمەشدا سیاسەتێكی تری گرتەبەر، ئەویش بەهەموو شێوەیەك هەوڵی دەدا(بەیان) زوو سكی ببێ و منداڵێكی لەو بێت، ئەوەبوو دوای چەند مانگێك(بەیان) سكی پڕ بوو، كە منداڵەكەشی بوو، دوو منداڵەكەی تری(بەیان) بە تەواوەتی فەرامۆش كرد و هیچ حیسابی بۆ نەدەكردن، كاتێك (بەیان) دەیوت: ئاخر(عومەر) ئەوانەش منداڵن، گوناهن، وا فەرامۆشت كردونە، ئەوانەش پێویستیان بە نازی باوكایەتی هەیە، خوا قبوڵ ناكات، هیچ حسابێكیان بۆ ناكەی(عومەر)یش دەیوت: ئێ ئەوانە منداڵی خۆتن، تێریان ناز بدەیە، خۆ هی من نین، چ كارم بە منداڵی خەڵكی هەیە، ئەوە من منداڵی خۆم هەیە و تۆش منداڵی خۆت هەیە، منداڵەكانی(بەیان) لەبەر ئەوەی( عومەر) رازی نەدەبوو دینارێكیان لێ خەرج بكات، رووت و رەجاڵیان بە ئاشكرا پێوە دیار بوو، باوكی( بەیان) كە بەمەی زانی هەردوو منداڵەكەی(بەیان)ی هێنایە لای خۆی، ماوەیەك منداڵەكانی لای باوكی(بەیان) مانەوە، بەڵام (بەیان) چیتر بەرگەی دووری منداڵەكانی نەگرت ویستی بیانهێنێتەوە، (عومەر) رازی نەبوو، بە (بەیان) ی وت: یان ئەو دوو منداڵە ناهێنیەوە، یان خۆشت دەچیە لای باوكت و منداڵەكەی خۆمت لێوەردەگرمەوە.
بەهەرحاڵ(بەیان) زیز بوو، چووە لای باوكی،(عومەر)یش منداڵەكەی خۆی لێگێڕایەوە.. دواترنێوانیان بە تەواوەتی ناخۆش بوو، (بەیان) ناچار بوو منداڵەكەی خۆی بە بڕیاری دادگا وەربگرێتەوە، (عومەر)یش لە رقی ئەوەی(بەیان) لەسەر منداڵەكەی شكاتی لێكرد و منداڵەكەی بە بڕیاری دادگا لێ وەرگرتووە، بێ سێ و دوو(بەیان)ی تەڵاقدا.