بۆچی منداڵەكان داوای جیابوونەو

بۆچی منداڵەكان داوای جیابوونەو
(دلێر و كارزان و كاروان) كە هەرسێكیان قوتابی قۆناغی ناوەندین، لە دەست ناكۆكی بەردەوامی دایك و باوكیان و هەمیشە شەڕ و ئاژاوەی نێو ماڵیان، بڕیار دەدەن، واز لە دایك و باوكیان بێنن و بچنە لای داپیریان بژین. (دلێر) كە كوڕە گەورەی ماڵە، لەبەردەم دادگادا داوا دەكات بچنە لای داپیریان بژین!! بەڵام با بزانین هۆی ئەو بڕیارەیان چی بوو! شتێكی سەیرە منداڵ بڕیاری وا بدات، چووینە لای خاتوو(ئەڤین ساڵح) توێژەری كۆمەڵایەتی و مەسەلەكەی بۆ باس كردین و هۆیەكانی بۆ روونكردینەوە و بەمشێوەیە قسەی بۆ كردین و گوتی: حاڵەتی وەها لە دادگا دەبینرێت، بەڵام زۆر دەگمەن، چونكە زەحمەتە منداڵ بتوانێ دەستبەرداری دایك و باوكی خۆی بێ و كەسێكی دوورتری خۆی لە جیاتیان هەڵبژێرێ، لە راستیدا ئەو منداڵانە هۆكارەكانیان زۆر و رەوا بوو، هەمووشیان لە پێش قۆناغی باڵق بوونن، لەبەر هەندێ دادگا ئەو بڕیارەی دا و لەسەر داخوازی خۆشیان بوو، كێشەكەشیان بەمشێوە دەستی پێكرد. دایك و باوكیان پەیوەندییەكی هاوسەرێتی نا ئارام و ناجێگیریان هەبووە، هەمیشە شەڕ و ئاژاوەیان لە نێواندا هەبووە، نە ژنەكە وەكو ژنان هەستی بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە مێرد و منداڵەكانی دەكرد، نە مێردەكەشی.
پیاوەكە جارێكی تر ئەو ژنەی تەڵاق داوە، پاشان دووبارە دوای چەند مانگێك هێناویەتیەوە، دواتر دیسان لەسەر مەسرەفی ماڵ و خانوو بە ناوكردن و ئەو شتانە دەبێتەوە كێشەیان، كێشەكانیان دەگەیشتە ئەو رادەیەی سەرەتا دەبووە مشتومڕ و دەنگە دەنگیان دواتر هەردووكیان جنێویان بەیەك دەدا، ئینجا دەبووە شەڕە چەپەڵۆك و قژ راكێشان و بە پێڵاو لە یەك دان، هەردووكیان لە یەكیان دەدا، نە ژنە بۆ پیاوەكەوەی دادەهێنا، نە پیاوەكەش، هەر چی رێز بێت لە نێوان یەكتریان نەهێشتبۆوە منداڵەكان دەڵێن: نازانم ئەوەندە ساڵە ژیانی هاوسەرێتیان چۆن بەسەر بردووە، دوای هێنانەوەی جاری دووەمی ژنەكە، ئەمجارە ژنەكە داوای جیابوونەوە لە دادگا لە دژی مێردەكەی بەرز دەكاتەوە، لەم ناوەدا ئەوەی سەرگەردان و تووشی زەرەرو زیان دەبێت، تەنیا منداڵەكانیان دەبێت. (دلێر)یان پۆلی سێی ناوەندی و (كارزان) یش دووی ناوەندی و (كاروان)یش یەكی ناوەندی دەبن، هەرسێكیان لە خوێندن بە پاش دەكەون و یەكی لە یەك دوو وانەش دەكەون، تەنانەت ناتوانن دەوامی قوتابخانەشیان بە تەواوەتی بكەن، ئەو منداڵانە لەبەر ئەو پەیوەندییە خراپەی نێوانیان تەنانەت باری دەروونیشیان تێكدەچێ و دەشڵەژێ، ئەوەتا كە ئێمە لەگەڵ منداڵەكان دانیشتووین دەڵێن:
دایك و باوكمان بەردەوام شەڕیانە، هیچ رۆژێك ماڵی ئێمە ئارامی بەخۆوە نەدیتووە، جاری وا هەبووە نیوەی شەو كردویانە بەشەڕ، هەندێك جاری وا هەبووە بابم ویستوویەتی ماڵەكەش ئاگر تێبەردا، هەندێك جاریش لە هیچ و خۆڕایی لە ئێمە دەدات.
ئێمە زۆر جار بەبێ خەرجی دەچینە قوتابخانە، زۆر جار كە دێینەوە دایكم چێشتی لێنەناوە و دەیگوت: بۆ كێ چێشت لێبنێم بۆ باوكتان نەدینارێكمان دەداتێ، نەدەهێڵێ رۆژێك بە خۆشی بەسەر ببەین، چێشت لێبنێم ئەو بیخوات، جا كە باوكم لە دەرەوە هاتۆتەوە بینیوویەتی دایكم هیچی ئامادە نەكردووە، ئەویش هەستاوە لە دایكمی داوە، دایكیشم كردوویەتییە شەڕە چەپەلۆك لەگەڵی، تەنانەت هەرچی پەنجەرەی ماڵەكە هەیە شووشەكانیان شكاوە، هەندی لینگە پێڵاو لە یەكتر بگرن، بۆیە قەت حەز ناكەم ئەگەر بۆ یەك ساتیش بێت بچمەوە لایان، دەمانەوێ بچینە لای داپیرەم كە لە هەردووكیان زۆر باشتر و میهرەبان تر و خەمخۆرتریشە بۆمان...
ئەمە قسەی خودی منداڵەكان بوو، ئەوجا لەبەر هەندێ دادگا بڕیاریدا كە توێژینەوە لەگەڵ داپیرەیان بكرێت و بزاندرێت ئاخۆ ئەو توانای هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییەی هەیە یان نە، ئێمەش ناردوومان بەدوای داپیرەیان و ئەویش لە وەڵامی پرسیاری ئێمە شەرحی حاڵی منداڵەكانی بۆ كردین وگوتی: ئێمە خانوویەكی گەورەی سەربەخۆمان هەیە و دوو نهۆمیشە، ئەگەر ئەو منداڵانە بهێنمە لای خۆم، بە زیادیشەوە جێگەیان دەبێتەوە، بەڕاستی ئەوە وەزع نییە ئەو منداڵانە تێیدان، ماڵێك كە ژن و مێرد هەمیشە شەڕ و ئاژاوە و ناكۆكی تێدا بێت، هیچ رێزێك لە نێوان ژن و مێرد دا نەبێت، دەبێت چ ماڵ و حاڵێك بێت، منداڵەكان لای منیان پێخۆش و ئەمین ترە، من بەهەموو شێوەیەك هەوڵی دابینكردنی ژینگەیەكی ئەوپەڕی ئارام و پڕ لە ئاسایشیان بۆ دەدەم و ناهێڵم لە هیچ شتێكیان كەم بێت، كە دوای ئەوەی دڵنیا بووین لەوەی كە مانەوەی ئەو منداڵانە لەلای داپیریان زۆر باشترە و لە بەرژەوەندییان دایە، راپۆرتمان بۆ دادگا نووسی كە ئەو منداڵانە بدرێتە داپیریان و لەدەست ئەو شەڕ و ئاژاوەش رزگاریان بێت، پاشان دادگا بڕیاری جیاكردنەوەی ژن و مێردەكەشی دا، لە راستیدا شەڕ و ئاژاوەی ناو ماڵ و بەتایبەتی هی دایك و باوك كاریگەرییەكی تا بڵێی خراپ دەكاتە سەر باری دەروونی و دواڕۆژی منداڵەكانیان و هیوادارم هەموو دایك و باوكێك ئەو راستییە بزانێت و لە خەمی دواڕۆژی منداڵەكانیان و پەرتەوازە نەبوونیان دابن.
Top