كێ ئەو كارەی لەگەڵ(بەناز) كرد؟

كێ  ئەو كارەی لەگەڵ(بەناز) كرد؟
راپێچ كردنی(رێكان) بۆ لێكۆلینەوە
ئێوارەكەی لە ماڵی(بەناز) هەراو فەرتەنەیەك بوو نەبێتەوە، ئاخر زۆر ئەستەم بوو(عەباس) ئەو سەرشۆڕییە قبوڵ بكات.. چۆن دەبێ كچەكەی جارێ هەڤدە ساڵانە كەچی ئەو كارەی كردبێ، یا لەگەڵیدا كرابێ، دەستی دایە سۆندەیەك و كردییە دوو قەت چووە ژوورەكەیان و دەرگاكەی لە ژوورەوە شیشدا و (بەناز) چووە پێشەوە، یەكەم پرسیاری ئەوە بوو : كێ وایلێكردی؟(بەناز) بە زمانێكی پاڕانەوە گوتی: نازانم( عەباس)ی باوكی سۆندەیەكی خێواندە ناو شانی،(بەناز) دەستی بڵندكرد و ئاخێكی لە دەم هاتە دەرەوە، بەڵام ناوی كەسی نەگوت، یەكێكی دیكەی لە ڕانی دا، یەكێكی دیكەی لەسەردا ژانی لەشی(بەناز) دەستیپێكرد نوزانەوە و ناڵانەوەی بەرزبۆوە.
پرسیارەكانی لێدەكردەوە و ئەویش وەك بڵێی ڵاڵ بووبێت وەڵامی نەبوو، كە وەڵامی نەدەدایەوە، (عەباس)ی باوكی هێندەی دیكە شتێگیر دەبوو، هاواری دەكرد و لێیدەپرسی: كچێ پێمبڵێ كێ وایلێكردی، بۆ قسە ناكەی، خودا دەزانێ هەتا ناویم پێنەڵێی وازت لێناهێنم، یان بە لێدان دەتكوژم یان دەبێ ناوەكەیم پێبڵێی(بەناز) هەر دەگریا و دەنوزایەوە،(بڵێ ئاخر بۆ قسە ناكەی، دەمت وا بۆتە تەڵەی تەقیوو..).
ئەمە ئەو گلەییە بوو كە(بەناز) لە دڵی خۆیدا بە خۆی گوت، باوكی قژی راكێشا و خستییە سەر زەوییەكە، چوار پێنچ گورزی تووندی بە سۆندەكە خێواندە پشتی، كچەش، دەگریا و دەپاڕایەوە، (مەعسومە)ی ژنی(عەباس) ئەگەر چی زڕدایكی (بەناز) یش بووە بەڵام سكی پێیدەسووتا و لە پشت دەرگاكە وەستابوو، بە زمانێكی نەرم و پاڕانەوە، داوای لە(عەباس) دەكرد كە دەست لە لێدانی ئەو كچە هەڵبگرێت دەمی كەفی كردبوو، ئارەقەیەكی سارد نیشتبووە سەر نێوچەوانی و لێوی سەرەوەی ، كچە قسە ناكات و ئەمیش خەریكە دڵی دەتەقێ و نازانی كێ وایلێكردووە. ئەمجارە لەسەر سك درێژی كرد و پێیەكی خستە سەر پشتی ملی و كەوتە لێدانی، نێزیكەی شەش سۆندەی لێدا و (بەناز) هاواری كرد، توخوا بابە بەس لێمدە ناوەكەیت پێدەڵێم(عەباس) دەستی لە لێدانی هەڵگرت و پێی لەسەر پشتی ملی لادا، كچە هەندێك پشی خواردەوە و هەناسەیەكی بە قوڵی هەڵكێشا و تۆزێك ئارام بۆوە(عەباس) ی باوكی دانیشت، دەستی لە گیرفانەكەی ناو پاكەت و چەرخەكەی دەرهێنا و جگەرەیەكی داگیرساند و پێی گوت: دەی بڵێ بزانم كێ وایلێكردی؟ (بەناز) بە پشتی دەستی چاوەكانی سڕیەوە، كەمێك وەستا، دوو دڵ بوو، بەتایبەت كێشە لە ئاشكرابوونی ناوەكەی نەبوو، بەڵكو كێشەكەی دوای زانین و ئاشكرابوونی ناوەكە بوو، نەیدەزانی ئەو كاتی چ روودەدات، باوكی جارێكی تر، بە زمانێكی زبرو تووند و هەڕەشە ئامێزەوە، لێی دووبارە كردەوە(بەناز) تەماشایەكی باوكی كرد، راوەستا تا بڕێك هەناسەی بێتەوە سەرەخۆ، تەماشایەكی نێوچاوانی باوكی كرد و بە دەنگێكی لەرزۆكەوە گوتی:(رێكان)ە، باشە( رێكان) كێیە؟ گوتی: دراوسێیەكەیانە، چۆن(رێكان)ی كوڕی مامۆستا(فوئاد)... ؟ بەڵێ:( عەباس) لە ژوورەكە هاتە دەرەوە، رەنگ و روو زەرد، تێكشكاو و ورە بەرداراوو رووخاو، تا بەیانی خەوی لێنەكەوت، هەر چۆنێك بێت، تازە رۆژهەڵدەهات، شەكەت بوو چاوی گەرم بوو، كەوتە خەوێكی قوڵی بێئامان، دەوری كاتژمێر دەو نیو بوو، لە پڕ لە خەو راپەڕی و سەیرێكی كاتژمێرەكەی كرد و بەپەلە چوو دەموچاوی شووشت و خۆی گۆڕی و دەستی(بەناز)ی گرت و چوونە بنكەی پۆلیس و سكاڵای خۆیان تۆماركرد، گەیشتە نیوەڕۆیی(رێكان) دەستگیركرا، لە بنكە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كرد، بەڵام چ لێكۆڵینەوەیەك پرسیار نەما لێینەكەن، بەڵام ئەو هەر یەك حیكایەتی دەگێڕایەوە و دەیگوت: من و(بەناز) تەنیا یەك جار لەگەڵ یەك بووینە، ئەو لەسەر بانی خۆیان و منیش لەسەر بانی خۆمان، ستارەكەمان نزم بوو، لەسەر یەك بوو، دەمانتوانی قسەش بكەین و یەكتریش ببینین، ئەو داوای خۆشەویستی لە من كردبوو، تەنیا خۆشەویستی لەگەڵدا بكەم و هیچی تر، تەنانەت دەستیشم بە دەستی نەكەوتبوو، یەك دووجاریش بە تەلەفۆن قسەمان كرد و هیچی تر.
بروسكەیەك وەك چەخماخە بەنێو چاوانی داهات و بەرچاوی رەشكەوپێشكەی كرد، ئەوەی هاتەوە بەرچاو كە چۆن جار جارە كە لەگەڵ باوكی، یان هەموویان بەخێزانەوە دەهاتنە سەردانیان و ئەوپەڕی رێزی لێدەگرتن و بەمامە بانگی دەكرد، كەچی هەر ئەو(رێكان)ەیە، شتێكی وەها ترسناكی لێدەبیستێ.
(عەباس) مەسەلەكەی زۆر لە مێشكی خۆیدا هێناوبرد.
هەتا دواجار بڕیاریدا، بەبێ ئەوەی سەرەتا سكاڵا تۆمار بكات لەگەڵ باوكی قسە بكات، ئەوەبوو ئێوارەیەك كۆبوونەوەیەكی خۆی و مامۆستا(فوئاد)ی رێكخست، دوای دوو كاتژمێر لە قسەكردن هیچ كامێكیان نەیتوانی قەناعەت بەلایەكەی تر بێنێ، بۆیە(عەباس) بە تووڕەیی هەستا و مامۆستا(فوئاد)ی بەجێهێشت بۆ بەیانیەكەی پیلی(بەناز)ی گرت و بردییە بنكەی پۆلیس و سكاڵای خۆی لە دژی(رێكان) تۆماركرد، هەر ئەو رۆژی(رێكان) لە بنكەی پۆلیس ئامادەكرا، پاش لێكۆڵینەوەیەكی چڕ و پڕ لەگەڵی، بە دۆسییەكەیەوە برایە بەردەم دادوەر و ئەویش هەندێك پرسیاری لێكرد و پاشان بە قەڵەمێكی سەوز هەندێ رستەی لەسەر دۆسییەكە نووسی و دایە پۆلیسەكە.
دادگا بڕیاریدا كە بۆ ماوەی هەشت رۆژ بەند بكرێت و لێكۆڵینەوە تەواوبكرێت، لێكۆڵینەوە درێژەی كێشا و زۆر شت ئەنجامدرا هەر ئەوەی دادگا بگاتە راستی كێشەكە، (رێكان) لە لێكۆڵینەوە و لای دادوەریش گوتی: من ئەو كارەم نەكردوە، ئەگەر بۆ چركەیەكش بێت من، دوو بە دوو لەگەڵ (بەناز) دانەنیشتووم، تەنیا ئەوە نەبێ هەر كەسە و لەسەربانی خۆی و دیوارمان لە نێواندا بووە، پاشان نە ئەو دەرفەتەمان هەبوو شتی وا بكەین، نە دەشمان توانی.
(رێكان) تا دۆسییەكەش گەیشتە دادگای تاوان هەر بەو ئاراستەیە قسەی كرد، دادگای تاوان پێنچ مانگان خەریكی ئەو كێشەیە بوو، ئاخیرییەكەی لەبەر نەبوونی
بەڵگەی تەواو بڕیاریدا ئازاد بكرێت، كە ئازادبوو، ئیتر كێشەی نێوان (بەناز) و باوكی هاتە گۆڕێ، دوای بڕیاری دادگا( بەناز) بۆ ماوەی هەفتەیەك ون بوو، كەس نەیزانی ئەو كچە چی بەسەر هات، هەر وەك چۆن كەسیش نەیزانی كێ بوو ئەوە دەستدرێژییەی كردبووە سەر، پاش ونبوونی(بەناز) و دیار نەمانی بۆ ماوەی هەفتەیەك ئینجا لە شەوێكی درەنگدا ماڵی(عەباس)یش لەو گەڕەكە باریان كرد و رۆیشتن، بۆ كۆێ كەس لە خەڵكی گەڕەك زانی.
Top