زیندانی و پەنــد و وانە وەرگرتن

زیندانی و پەنــد و وانە وەرگرتن
(نازەنین) كە رۆژانی سەردان، دەچووە بەندیخانە بۆ سەردانی(ئیسماعیل)ی مێردی، ئەگەرچی زۆریش وەڕس ببوو، بەڵام وەك خۆشی دەیگوت چاری ناچار بوو، تازە تووشی بە تووشی ئەو وەزعەوە بووە و دوو منداڵیشی لێی هەیە، هیچ نەبێ لەبەرخاتری منداڵەكانی چاری ناچارە هەر دەبێ بەرگەی ئەو ژیانە كوڵەمەرگییەی بگرێت و ئەو وەزعەی كە خۆی و پیاوەكەی تێدایە قبوڵ بكات، لە ناو(زیندان) خۆمان گەیاندە (ئیسماعیل) كە لەو دیوی شیشەكانی زیندانەوە خەریكی لە باوەش گرتنی هەردوو منداڵەكەی بوو، داوامان لێیكرد، باسی بەسەرهات و گیرانی و هۆی حوكمدانیمان بۆ بكات، ئەویش ئاهێكی هەڵكێشا و تۆزێك داما و سەیرێكی ژن و منداڵەكانی كرد و گوتی: كاكە چت بۆ بگێڕمەوە وا دەمبینی لە ناو زیندانم و باجی هەڵە و نەفامییەكانی خۆم دەدەمەوە، من چی وام نەماوە، ماوەی بەندیم تەواوبێت و ئەوە ساڵێك و هەشت مانگە تیایدام، زۆریش مەمنومی ئەو ژنەمم كە بەرگەی ئەو هەموو ناخۆشیانەی گرتم و دووچاری ژیانێكی زۆر ناخۆش بۆوە.
كاكە ماوەیەك بوو دەستم دابووە پارە قەرزكردن لەم و لەو، راستییەكەی سەرەتا بێئیش بووم بۆیە وامدەكرد، بەڵام دواتر خوم پێوە گرت، لەم و لەو پارەم بە قەرز وەردەگرت، كە تەنگەتاویش دەكرام لە یەكێكی دیكەم وەردەگرت و دەمدایە ئەو، وایلێهات قەرزار دەهاتنە ماڵمان، منیش ئەگەر لە ماڵەوەبام بە ژنەكەم دەگووت: بڵێ لە ماڵ نییە، رۆژ هەبوو قەرزار چەند جارێك دەهاتە ماڵمان، وەزعێكی ناخۆش بوو بۆ منیش و بۆ ژنەكەشم، بەڵام بۆ ژنەكەم زیاتر، چونكە بەرگەی ئەو وەزعەی نەدەگرت، هەتا وایلێهات لێم تۆرا و هەردوو منداڵەكەشی لەگەڵ خۆی بردەوە، منیش وەزەعەكەم پێناخۆش بوو، هەستام پارەیەكی زۆرم لە كابرایەك وەرگرت بەناوی ئەوەی كە ئیشی پێدەكەم و قازانج بەنیوە دابەش دەكەین، راستییەكەی نیوەی پارەكەم دایەوە قەرزارەكان و لە كۆڵ خۆم كردنەوە رێككەوتنمان لەگەڵ كابرا دوو مانگ جارێك بوو، كە بڕە قازانجێكی پێبدەم، وەختێك بەو پارەیە قەرزەكانم دایەوە، چوومە ماڵی باوكی ژنەكەم و پێمگوتن كە ئیدی هیچ قەرزارێك نایەتە بەردەرگەم و كۆتاییم بە كێشەكان هێناوە، هەر چەندی ژنەكەم و ماڵی خەزوورم پرسیاریان كرد كە چۆن و بەچی ئەو قەرزانەت داوە، خۆم لە وەڵامی پرسیارەكان دەدزیەوە بەهەر جۆرێك ژنەكەم رازی كرد كە بێتەوە، بەڵام راستییەكەی هێشتا هەر تەمبێ نەبوو بووم، چونكە كێشەكەم نەك چارەسەر نەكرد بەڵكو قوڕەكەم خەستتركردبۆوە، بەڵام بەخۆشم گوێپێنەدەر بووم، شتم بە فشە و درۆ و دەلەسە وەرگرتبوو.
كە كاتی پارەدان هاتبوو چوومە لای كابرا و بڕێك پارەم دایە، ئەوە بۆ ماوەی دوو مانگان بێ دەنگ و كڕم كرد، بەڵام كێشەی من و ژنەكەم دوایی نەهاتبوو، چونكە ئەو دەیگوت بۆچی كارێك ناكەی و هەموو رۆژێك، بەو مەسرەف گرانییە لە ژووریشی..؟ دوو مانگ زیاتر بوو كرێی خانووشم نەدابوو، خاوەن خانوو هەفتەی جارێك دووان دەهاتە بەردەرگا و دەیگوت كوا كرێی خانوو، تاوەكو رۆژێك شكایەتی لێكردین و منیش نەچوومە دادگا و ئەویش پاش دوو مانگ بڕیاری دادگای وەرگرتبوو، بە چۆڵ كردنی خانوەكەی، من هەر نەچوومە دەرەوە، رۆژێك لە بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێكردن ناردیان بەدوامدا منیش چووم و پێیان گوتم كە خانووەكە لە ماوەی سێ مانگدا دەبێ چۆڵ بكەم، گوتم تا ئەوكاتی خوا كەریمە، ئەو وەختی دەبێتە شەش مانگ و گوێشم نەدایە.
ئینجا نۆرەی قازانجەكە هاتەوە گۆڕێ، بەڵام ئەمجارە هیچی وامنەبوو بیدەمێ ، بۆیە دەستا و دەستم پێكرد و چەند هەفتەیەك بەو شێوەیەم بردە سەر.
كابرا رۆژێك هاتە بەردەرگا و چی قسەی ناشیرینە پێی گوتم: لەبەردەرگای ماڵ بووە مشتومڕ و دەمەقاڵیمان، كابرا سوێندی خوارد كە بە گرتنم بدات، رۆیشت، پاش دوو رۆژ دوو پۆلیس هاتنە بەردەرگا و پێیانڕاگەیاندم، كە لەگەڵیان بچمە بنكەی پۆلیس، منیش چووم و گوتیان ئەو پیاوە لەبەر فڵانە هۆ سكاڵای لە دژت تۆمار كردووە، گوتم راستە پارەم لێوەرگرتووە، بەڵام ئێستاكە هیچم نییە بیدەمەوە با چاوەڕێم بكات هەتا ئیشێك كارێك دەدۆزمەوە ئەوسا وردە وردە دەیدەمەوە ، بە گیراوی رەوانەی دادگایان كردم، بەڵام ماوەی دوو مانگ لە زینداندا مامەوە هەتا كاتی دادگاییم داهات، پاشان بە چەند دانیشتنێك دادگا بڕیاری ئەوەیدا كە من تاوانبارم و لەبەر ئەوەی بە فڕوفێڵ بڕە پارەیەكم لە فڵان وەرگرتووە و هیچیشم نەداوەتەوە، بۆیە دوو ساڵ زیندانی بۆ بڕیمەوە، ژیانی ناو زیندان ژیانێكی تا بڵێی ناخۆشە، خۆ وەنەبێ ناخۆشییەكەی لەوەدابێ بڵێ گوایە لێتدەدرێت یا ئەشكەنجە دەدرێی، نا بەڵكو ناخۆشییەكەی لەوەدابێ كە گرنگترین و بە بەهاترین شتت لێزەوت دەكرێت كە ئازادیتە، مرۆڤ كە ئازاد نەبوو با هیچ ئەرك و مەسرەفێكیشی لەسەر نەبێت با هیچ فشار و گوشارێكی لەسەر نەبێت، بەڵام ئیرادەی لێ زەوت دەكرێت و وەكو باڵندەی ناو قەفەزی لێدێت، بێجگە لەوەش هەستم بە كەمتەرخەمی و نا بەرپرسیارێتی دەكرد لە بەرامبەر ژن و منداڵەكانم، زۆر شەو هەبوو لە ناو زینداندا، تا بەیانی خەوم لێنەكەوتووە لە خەفەتان، تەنانەت ماوەیەك ئەگەر بە حەبی خەوتن نەبایە، شەو خەوم لێنەدەكەوت، هەموو وەختێ لە فیكری ئەوەدابووم باشە ئەو ژن و منداڵانەم چۆن دەگوزەرێنن؟ ئینجا لەگەڵ ئەوەشدا كە من لەگەڵ ماڵە خەزوورانم باش نەبووم، كەچی هەتا حوكمدرام ئەوان كرێی خانوویان دەدا و مەسرەفیان دەكردن، كە حوكمیش درام، منداڵەكانیان بردە لای خۆیان و ئەوان بەرپرسیارێتی بە خێوكردنیان گرتنە ئەستۆ.
ئێستا لە جاران، لەو وەختەی كە ماڵی خەزوورم ژن و منداڵەكانیان بۆ بەخێودەكردم، ئاسوودەترم، چونكە خێزانەكەم ئەوە چەند مانگێكە لە فەرمانگەیەكی حكومی دامەزراوە، ئەوەش هەر بە هەوڵی ماڵی خەزوورم بووە.

پەند وەرگرتن لە سزادان
(ئیسماعیل) كە لەو دیو شیشەكانی زیندانەوە قسەی دەكرد، جار جارەش سەیری دەموچاوی ژنەكەی دەكرد و وەك بڵێی بزانێ داخۆ ژنەكەی لە قسەكانی رازییە یان دڵگرانە، كە دەیدیت ژنەكەی چ كاردانەوەیەكی ناڕەحەتانەی نییە، باشتر قسەی بۆ دەهات، ئەوجا جگەرەیەكی لە گیرفانی كراسەكەی دەرهێنا و دوو سێ مژی قوڵی لێدا و دەستی بە قسەكانی كردەوە و گوتی: لێرە لە زیندانیش دەبێ هەر وریا بیت، چونكە خەڵكی وەهای لێیە دەڵێی قوتابخانەیەكە لە تاوان و ئەگەر لەو جۆرە كەسانە دوور نەكەوییەوە بەڕاستی لە تاوان دوور نابیتەوە، كە وەختی ئازادبوونیش نێزیك دەبێتەوە، دە هێندەی جاران پەلە پەلی و ماخوڵانت پێدەكەوێ، رۆژێكت بە ساڵێك لێدەڕوات، ژیانی ناو زیندان فێری زۆر شتی كردم، بەڕاستی كە لەو زیندانە بێمە دەرەوە هەتا لە ژیاندا ماوم بەلای تاوان و فڕوفێڵ و خواردنی هەقی خەڵكیدا نەچمەوە، ئەوجا یەكەمین شتیش كە بیكەم خۆ سەر لە نوێ دروستكردنەوەیە و دامەزراندنی ژیانێكی تازە و رەشكردنەوە شوێنەواری ژیانی پێشتریشە هەر چەندە زۆر رەخنە و گلەیشم لەو دادوەرە هەیە كە ئەو حوكمە قورەسەی دام و هیچ زروفێكی نا لەباری منی لەبەرچاو نەگرت، هەر بەیەك دوو دانیشتن بڕیاری خۆی دا و لە كونجی زیندانی پەستام.
هەموو جارێكیش دەمگوت بریا لە برسان مردبام بەس لەسەر ئەو تاوانە حوكم نەدرابام، چونكە دوو ساڵ رۆیشتن لە عومر گەلێك زۆرە، خوا دەیزانی بەو دوو ساڵە ئەگەر ئیشم كردبایە لەوانەبوو ئۆتۆمبیلێكیشم كڕیبا، بەڵام دنیاش بە(بریا) و خۆزگە پێكنایە، بەڵێنم داوە كە هاتمە دەرەوە قەرەبووی هەموو ئەو بێبەشیانەی خێزانەكەم بكەمەوە و ئەو ئەزموونەش كە تیایدا ژیام وەك پەند و وانەیەك وەریبگرم.
Top