پیاوەكە چۆن دەستگیركرا؟

پیاوەكە چۆن دەستگیركرا؟
تەماح و چاوتێبڕین
پاش ئاشكرابوون و دەستگیركردنی(ئەنوەر) هیچی لەبەردەم نەبوو، جگە لە دانپیانان نەبێت، ئەفسەری لێكۆڵینەوە پێیگوت (ئەنوەر) ئەو ركبەڕكییەت لەگەڵ یاسا و لێكۆڵینەوە، بەخوا هیچ دادت نادات، تۆ بەڵگەی تەواوت لەسەر هەیە كە چیت كردووە و چیت نەكردووە، نكوڵی كردن یان بێدەنگی یا خۆلەگێل كردنت چ سوودت پێناگەیەنی، بەڵكو دادگا قەناعەتی تەواو بەوە دەكات كە تۆ بە بیركردنەوەی پێشوەختە ئەو كارەت كردووە، بە گوێی من دەكەی راستییەكان بەزاری خۆت ئاشكرا بكەی لە هەمووی باشترە، (ئەنوەر) بەجوانی هەستی خۆی لە قسەكانی ئەفسەرەكە راگرتبوو، بیری لە هەڵوێستی خۆی و قسەی هاوڕێ بەندییەكانی ناو بەندیخانە و قسەكانی ئەفسەرەكە دەكردەوە بەراوردی دەكردن، ئەوەی بەبیر دەهاتەوە كە هەندێ هاوڕێی كە لە بەندیخانە ببوونە هاوڕێی پێیان گوتبوو كە نەكا دان بە هیچ شتێك بێنێ بەتایبەت(سەرهەنگ)، كە ئەویش هەر لەسەر دزی گیرابوو و جارێ حوكم نەدرابوو، پێی گوتبوو: كوڕە(ئەنوەر) نەكەی بڵێی من ئەوەم كردووە نەكەی دان بە هیچ شتێك بنێی، با ئەو پەڕەكەی هەندێكت لێبدەن، كوڕە با تێر و پڕت بكوتن و شلوكوتت بكەن، یان خودای دەكرد، بە فەلاقەوەتیان دەكرد، بەڵام قەت نەكەی بڵێی بەسە لێمەدەن چیم كردووە پێتان دەڵێم، زۆر زۆر چەند جارێكت لێدەدەن، كە هەر نەتگوت و هیچت لەسەر خۆت نەكردە ماڵ وازت لێدێنن،( سەرهەنگ) وەكو برادەرەكانی دیكەشیان دەیانگوت یەك دوو جاری دیكەش گیراوە، وەكو دەیانگوت لەگەڵ ئەو جۆرە كارانە ئەزموونی زۆر بوو، بەخۆشی هەندێك جار بە برادەرەكانی دەگوت: كاكە من لەگەڵ ناخۆشی و تێهەڵدان و شەق و شەللاقان، لەشم خاڕایە چەندی لێمدەن، تووندتر و جیرتر دەبم، پیاوم دەوێ وەك من بەرگەی ئەو زەحمەتیانە بگرێ وەكو من گرتیتم، (سەرهەنگ) لە ناو بەندیخانە نەك هەر )ئەنوەر) بەڵكو زۆری وەكو )ئەنوەر) یشی فێر دەكرد چ بڵێ و چ نەڵێ لە پێش لێكۆڵینەوە و پرسیاران.
بەڵام(ئەنوەر) ئەوەشی بیستبوو كە ئەگەر بە تاوانەوە گیرابێت نكوڵی بكات یان نەیكات، بێدەنگ بێ یان قسە بكات، مادام لەسەر تاوانەكە و لەلایەن پۆلیسەوە گیراوە، ئیدی تاوانەكەی لەسەر ماڵە و لەبن دەستی دادگاش دەربازی نابێ و حوكمی خۆی هەر دەخوات، هەموو ئەو لێكدانەوە و ململانێ فكریانە، لە مێشكیدا دەنگی دەدایەوە لە بەرامبەر نكۆڵی كردن و دانپیانان و عەزابی ویژدانی نەیدەزنی چ بكات و چ بڵێ، ئەفسەرەكە دەیزانی لە چ دۆخێكی دەروونیدایە، بۆیە لێیگەڕا بۆ خۆی بە ئیرادەی خۆی، فكر و خەیاڵان بكاتەوە و لێكدانەوە و ئاكامی كاری خۆی هەڵبەسەنگێنێ و ویژدانی خۆی حوكم بدات.
(ئەنوەر) دەمێك تەماشایەكی سەر مێزەكەی بەردەمی كرد، دەمێكیش سەیری ئەفسەرەكەی كرد و دەیویست ئاكارەكانی دەمووچاوی ئەفسەرەكە بخوێنێتەوە و شتێكی لێهەڵكڕێنێ و پەیامێكی پێبگات، بەڵام ئەفسەرەكە خۆی لە نیگاكانی(ئەنوەر) دزیبۆوە و واینیشان دەدا كە گوایە بە تەماشاكردنی نووسراوەكانی بەردەمی خەریكە و چاوی لەسەر(ئەنوەر) نییە، ئاخیریەكەی ناوی خوای لێهێنا و بڕیاری خۆی دا و دەستی بە قسەكرد و گوتی: دەمەوێ ویژدانی خۆم ئاسوودە بكەم و چیتر لەو عەزابی ویژدانە دا نەبم، ئەوە چەند رۆژێكە گیراوم و هیچ قسەم نەكردووە، بەڵام ئێستاكە قسە دەكەم و ئەوەی كردوومە دانی پێدادەنێم و ئەوەی كردوومە و نەمكردووە باسی دەكەم، چەندیش حوكم دەدرێم با بدرێم، مادام ملكەچی ئارەزووی ناڕەوا بووم، باجی ئەو ملەكەچبوونەش با بدەم.
من و (رێبوار)هاوڕێی بووین و لەسەردەمی منداڵیماندا دراوسێی بووین، پاشان لێكدوور كەوتینەوە، ساڵ هات و ساڵ رۆیی، ژنم هێنا و یەك دوو منداڵیشمان بوو، بەڵام لەم یەك دوو ساڵەی دوایی وەزعی دارایم زۆر خراپ بوو، لەسەرێكەوە خاوەن منداڵ بووم، لەسەرێكی تریشەوە كرێچی و بێ كاریش بووم، هەتا رۆژێك بەرێكەوت(رێبوار)م بینی، پاش چاك و چۆنی، لێی پرسیم چ دەكەم و خەریكی چیم، منیش بە دوورو درێژی وەزعی خۆم بۆ باس كرد، ئەویش گوتی: ئێمە چەند ساڵێك دراوسێی یەك بووینە و ئەگەر حەزدەكەی وەرە لە كارگەكەی ئێمە كار بكە، ئەگەر رازی كارگەی كاشیمان هەیە و چاویشم لێت دەبێ و لەوانی تر زیاتر هاوكاریت دەكەم گوتم: نەك هەر رازی، زۆریش مەمنونتم، ئەگەر دەكرێ هەر ئێستا دێمە سەر ئیش كە وامگوت گوتی وەرە با بچنە فڵانە گەراج ئۆتۆمبیلەكەم لەوێ راگرتووە، هەر ئێستا دەتبەمە كارگە بە وەستاكەت دەناسێنم و بەیانیش وەرە سەر ئیش، بەدەم قسەكردنەوە گەیشتینە گەراج و سواری ئۆتۆمبیلەكەی بووین و هەر وەك چۆن پێیگوتبووم وایكرد، منیش بەیانی چوومە سەر كار و دەستم بە ئیش كردن كرد، لە بەرامبەر ئەو پیاوەتییەی كە لە گەڵی كردم، منیش زۆر بە دڵسۆزانە ئیشم دەكرد.
بە ماوەی شەش حەوت مانگێك دوو سێ ئیشی سەرەكی كارگە فێر بووم.
لەو باوردۆخەی تێیدا بووم رزگاربووم و تێر و تەسەل بوومەوە و هەندێ قەرز و قۆڵەشم هەبوو هەموویم دایەوە ئینجا(رێبوار) منی بردە ژمێریاری، پاشان كاروباری ژمێریاری و كارگێڕی كارگەكەشی پێ سپاردم، كاروباری ژمێریاری هێندە زەحمەت و ئاڵۆز نەبوو، پێویستی بە زیرەكی و حسابات و لێكدانەوەی ئاڵۆز و زەحمەت بێت، بۆیە ئەو ئیشەشم بە جوانی رادەپەڕاند، وردە وردە باری دارایم باشتر دەبوو، ئینجا جاری وا دەبوو پارەی حساباتی كارگە دەگەیشتە چەندین دەفتەر دۆلار، هەموویم زۆر بە دڵسۆزی و دیقەت و ئەمانەتەوە رادەپەڕاند.
ئەویش مووچەكەی گەیاند بووە دوو هێندەی مووچەی یەكەمجارم كە چوومە كارگە، ئەوە بێجگە لەوەی دوو ژەمم نان لەوێ دەخوارد و ئۆتۆمبیلی كارگەشم لەبن دەست بوو.
(رێبوار) لەبەر ئەوەی ماوەیەكە كارگەیان هەبوو، كە منداڵبوو، لەگەڵ باوكی بوو ئەو لەو كارگەیە بوو، بۆیە ئەزموون و شارەزاییەكی زۆری لەبەڕێوەبردن و راپەڕاندنی كارەكان و پارە و پوول و حساباتی كارگە هەبوو، هەر چەندە هەموو كاروبارەكانی دابوو دەست من، بەڵام دەشیزانی چی دەكەم و چی ناكەم، ئەوەم بە دوایی بۆ دەركەوت نزیكی دوو ساڵ كاروباری ژمێریاری كارگەم لەبن دەستبوو، یەك دووجار هەندێ پارەی زیادەم بەلاوە دەنا، بە جۆرێك كە دیار نەبێ و كەس هەستی پێنەكات، هەر جارەش كە بڕە پارەیەكم لە حسابەكە بەلاوە دەنا، لە دڵی خۆمدا پاكانەیەكم دەدایە خۆم، بۆ نموونە دەمگوت: من شەو و رۆژ خزمەتی ئەو كارگەیە دەكەم، دەبا لە بری ئەو زێدە كارو دڵسۆزییەم ئەوەندە پارەیە هەقی ئەوەبێ، جارێك دووان سێ، تەماحم زیاتر بوو، دەمویست لە حسابەكە زیاتری لێهەڵكڕێنم.
یەك دوو جار بڕی پارەكە زۆرتر بوو، دیتم ئاشكرانەبوو، منیش دووبارەم كردنەوە، (رێبوار) هەستی كردبوو، بەڵام دەنگی نەدەكرد، دەیویست بەخۆی بە چاوی خۆی و بە بەڵگەوە كارە دزێوەكەم لێبگرێت، تاوەكو دووجاران هەر جارەی نیو دەفتەر لە حساباتەكەم بزر دەكرد، ئەویش چاودێری دەكردم بەبێ ئەوەی بەخۆم بزانم دووجاران تەڵەی بۆ دانام و پێوەبووم، ئەوەبوو ئێوەی ئاگاداركردبۆوە و لە كاتی گێڕانەوەی پارەكە و گلدانەوەی لە حساباتەكە دەستگیركرام.
بەڕاستی تەماح بەری چاوی گرتبووم ئێستاكە سەد تف و نەفرەت لە خۆم دەكەم، زۆرم رق لەخۆمە، چەندی سزا بدرێم كەمە.
سەرەڕای تاوانكردن(رێبوار) لێشی خۆش بوو

(ئەنوەر) سەری لەبەر خۆی نابوو، عارەقەیەكی ساردی كردبوو، نیگەران و دڵتەنگ و تێكشكا و هەردوو دەستی لە ناو یەك نابوو، بێ راوەستان پەنجەكانی دەكوشی و دەیتەقاندنەوە رادەوەستا و سەر لە نوێ دەستی پێدەكردەوە، لە شەرمان نەیدەتوانی سەیری دەمووچاوی ئەفسەرەكە بكات، ئەفسەرەكە دەستی كرد بە نووسینەوەی گوتە و دانپیانانەكانی، كە تەواوبوو بەخۆو بە دۆسییەكەیەوە بردرایە لای دادوەر، ئەویش كە دڵنیابوو لە گوتەكانی، ئیمزای لەسەر پەراوەكە كرد و گەڕاندیانەوە بنكەی پۆلیس، لەو دەمەی كە خەریكبوو دەیانبردەوە بەندیخانە، ژنەكەی و(رێبوار) لە بنكەی پۆلیس بە دیار كەوتن)ئەنوەر) كە چاوی پێكەوتن بووە دڵۆپێك ئاو و لە شەرمان نەیدەتوانی چی بكات رێبوار هاتە لای ئەفسەرەكە و گوتی: من هاتووم واز لە سكاڵایەكەی خۆم بێنم و لەبەرخاتری منداڵەكانی و لەبەر ئەوەی پێشتر كۆنە دراوسێی یەكتر و برادەری منداڵی بووینە لە سكاڵاكەی خۆم خۆش دەبم، ئەفسەرەكەش لێخوشبوونەكەی نووسی و بردرایە بەردەم دادوەر و ئەویش قبوڵی كرد، پاش دوو سێ رۆژان( ئەنوەر) بە هەوڵ و كۆششی(رێبوار) خۆی بەشێوەی دەستەبەری لە بەندیخانە هاتە دەرەوە، تا رۆژی دادگایی كردن، كە هاتە دەرەوە(ئەنوەر) لەگەڵ یەك دوو كەسان چووە ماڵی( رێبوار) و خۆی دەخالەت كرد و داوای لێبوردنی لێكرد و گوتی: كاك(رێبوار) زۆرت خەجاڵەت و رووڕەشم تۆ چاكەت لەگەڵ كردم، بەڵام من تەماحم لێكردی و دزیم لێت كرد، خۆمم هاوێشتۆتە ماڵت و داوای لێبوردن و گەردن ئازادیت لێدەكەم.
كە (ئەنوەر) ئەو قسانەی كرد(رێبوار) یش هەندێ قسەی كرد و رێزی لە خۆی و ئەو یەك دوو كەسەش نا كە هاتبوونە ماڵی، پاش پێنج مانگان، پەڕاوەكەی رەوانەی دادگای تایبەتمەند كرا و بە ساڵێك بەندكردن بەڵام بە راگرتنی حوكمەكە، سزا درا.
Top