رووداوی كوشتنی پیاوێك

رووداوی كوشتنی پیاوێك
(مام خالید) لە راڕەوی هۆڵە سەرەكییەكەی دادگا راوەستابوو، بەدەم یاریكردن بە تەسبیحە دەنگ قەزوانییەكەی دەستی، چاوەڕێی نۆرەی كێشەكەیان بوو كە بانگ بكرێنە ژووری دادگا (مام خالید) لەبەر كێشەی كوژرانی (بێستون)ی كوڕی لە دادگا ئامادە ببوو، كەسوكاری بكوژیش دوورتر لە كەسوكاری(مام خالید) راوەستابوون(مام خالید)دەموچاوی گرژ و تووند بوو، هێندە دڵی توند بوو پتت لێدابایە، وەكی دەڵێن، دەتەقی، زۆری چاوەڕێ كردبوو، خوا خوای بوو، شتێك هەبێ خۆی پێوە خەریك بكات، یان كەسێك هەبێ، جگە لە خێزان و كەسی خۆی دەردی دڵی خۆی بۆ هەڵڕێژێت، ئەفسەرێكی كێشەكە كە هاوڕێم بوو، كێشەكەی ماڵی (مام خالید) ی بۆ باسكردم و هەندێ زانیاری و روونكردنەوەی لەسەر رووداوەكەیان دامێ، گوتی بەڵام بەخۆت بچی لەگەڵ (مام خالید) قسە بكەی باشترە و ئەو تەواوی رووداوەكەت بۆ باسی دەكات و بە دڵی خۆت لەسیری هەتا پیازی بۆت دەگێڕێتەوە. بەیەكەوە چووینە لای(مام خالید) و ئەویش بە گەرمی چاك و چۆنی لەگەڵ كردین و زۆریشی پێخۆش بوو كە رووداوەكەمان بۆ بگێڕێتەوە، ئێمە كۆمەڵێك پرسیارمان لێكرد و داوامان لێكرد هەر لەسەرەتاوە كێشەكە و رووداوی كوژرانی كوڕەكەیمان بۆ بگێڕێتەوە، (مام خالید) یش بەمشێوەیە دەستی بە قسەكرد و گوتی : (بێستون)ی كوڕم، پێنچ شەش ساڵ بوو ژنی هێنابوو، تازە بە تازە خانوویەكی سەد مەتری كڕیبوو، هەمووی دوو مانگ و نیوێك دەبوو چووبووە خانووە تازەكەی، دوو منداڵی چوار پێنچ ساڵەی هەبوو، خۆی و ژنەكەشی فەرمانبەر بوون، تا ئەو دوو مانگ و نیوە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ هیچ یەكێك لە دراوسێیەكانیدا نەبوو، داروسێیەكەی تەنیشتیان كە دیواریان بە دیواری یەكدا بوو، خانووەكەی خۆی فرۆشت، هەفتەیەكی پێچوو تا دراوسێی تازە هاتنە ناوی، دراوسێ تازەكەیان قەرەباڵغ بوون، سێ چوار برا، كە یەكێك بەخۆ و بە ژن و منداڵییەوە بوو، لەگەڵ دوو سێ خوشك و دایك باوكیشیان، پاش سێ رۆژ لە داروسێیەتیان (بێستون) و خێزانەكەی وەك دابوونەریتێكی جوانی كوردەواری دەچنە ماڵیان بۆ بەخێرهێنانیان، ماوەی نیوكاتژمێر دەمێننەوە و (بێستون) بە تیلەی چاو ئاگاداری خێزانەكەی كە ناوی(لەیلا) بوو دەكاتەوە كە هەستن بڕۆن، یەكێ لە كوڕەكانی داروسێییەكەیان لە ژێرەوە هەر خەریكی سەیركردنی (لەیلا) دەبێت، كە دەڕۆنەوە(لەیلا) بە (بێستون) دەڵێ:
ئەو داروسێیە زۆر نیگەرانم دەكات، هەراو هۆریای نێو ماڵیان و قەرەباڵغی و بێسەر و بەرەیان نوقڵانەی خراپ، لێدەدەن، چ بە پەسندی نازانم لێیان نزیك بینەوە، یان بهێڵین لێمان نزیك ببنەوە، (لەیلا).ئەوەشی گوت: كە یەكێ لە كوڕەكانی لە ژێرەوە چاوی تێدەبڕی و زۆری پێوە نیگەران بوو، پاش دوو سێ رۆژان ئێوارەیەك ئەو كوڕەیان كە لە ژێرەوە چاوی تێدەبڕی هاتە ماڵیان. (بێستون) كە پێشتر دەیزانی جێگەی ناڕەحەتییە و ئەوجا هاتۆتە ماڵیشیان(بێستون) بە ئاماژەی چاو لە(لەیلا)ی گەیاند كە بچێتە ژوورەكەی دیكە و نەیەتە ئەم ژوورەیان كە لێی دانیشتوونە(بێستون) قسەیەكی وا لەگەڵ كوڕە ناكات و تەنیا وەڵامی دەداتەوە، نیو كاتژمێر دادەنیشێ و تێدەگات ناچار دەبێ خوا حافیزی بكات، بەڵام ئەو داروسێیەیان لەبەر ئەوەی قەرەباڵغ و زۆر دەبن، هەموو دەم دەنگە دەنگ و تەق و هۆڕ و تەپەیان دێت، رۆژێك(بێستون) دێتە لام و دەڵێ: بابە لەوەتەی ئەو ماڵە تازەیە هاتوونەتە خانووەكەی تەنیشتمان ئاراممان لەبەر بڕاوە، دەمەوێ هەرچی زووە لەو خانووە بار بكەم و بڕۆم. منیش گوتم: باشە كوڕم دە مادام وایە سەبرێك بگرە هەتا خانووەكە دەفرۆشین و لە شوێنێكی دیكە خانوویەكی باش دەدۆزینەوە ، هەتا ئەو وەختەش هیچ كێشەیەكیان لەگەڵدا دروست مەكە و خۆتیان لێ بپارێزە و هەستیار مەبە، با تووشی كێشەیەك نەبن، من كە وەهام گوت(بێستون) لەگەڵم هاوڕا بوو، بەڵام دوو سێ رۆژی پاشی لەسەر پاككردنەوەی جۆگەلەی بەردەم ماڵ دایكی منداڵەكان بۆڵە بۆڵیان كرد بوو، قسەش بۆ(لەیلا) گەڕابۆوە، بەڵام (لەیلا) چ دەنگی نەكردبوو، ئەوان دوو ئۆتۆمبیلیان هەبوو (بێستون)یش ئۆتۆمبیلێكی بچووكی هەبوو، نیوە رۆیان كە لە دەوام دەهاتەوە یان پێش دەرگەیانیان گرتبوو یان كە(بێستون) ئۆتۆمبیلەكەی رادەگرت بە قرچەی نیوەڕۆ لە دەرگایان دەدا، چییە وەڵڵا وەرن ئۆتۆمبیلتان ببنە دواوە ئێمە ئۆتۆمبیلمان دێیەنینە ژوورەوە، كە دەشیان بردە ژوورەوە، ئۆتۆمبیلەكەی تریان وەها رادەگرت (بێستون) نەیدەزانی چۆن چۆنی ئۆتۆمبیلەكەی لەبەر دەرگای خۆی رابگرێت، ئەوە كێشەی ئۆتۆمبێل، ئەمجارە لەسەربان دوو سەگیان راگرتبوو، شەو و رۆژ حەپەیان دەهات و بەخۆشیان كوڕە جاحێڵەكان باز بازێن و تەپەتەپیان بوو، لەلایەك كۆتریان بەخێو دەكرد، لەلایەك سەگیان رادەگرت، تا دەرنگانی شەوێ لەبەر دەرگا، لەگەڵ برادەری دیكەیان دادەنیشتن، كوڕەكەم زۆر ناڕەحەت ببوو، بەڵام لەبەر جیرانەتیش دانیبەخۆیدا گرتبوو قسەی نەدەكرد، چەند جارێك دایكیان لەبەر دەرگا دەكاتە بۆڵە بۆڵ، كچەكانیشی هەروا، رۆژێك كوڕە چاو لە دەركەیان، كە( لەیلا) بە تەنیا لە ماڵ دەبێ و لە حەوشە، لەبەر هەیوانی پێش مەتبەخەكەیان خەریكی شوشتنی پەنجەرەی مەتبەخەكە و ئاودەستی دەرەكی دەبێ، لە حەوشەی پشتەوە ڕا سەیری(لەیلا) دەكات نە دەمێك و نە دوان، ئاخیرییەكەی(لەیلا) بەرێكەوت چاوی پێدەكەوێ، دەنگ هەڵدەبڕێ و هەندێ قسەی توندی بۆ دەنێرێ، (لەیلا) ش بە (بێستون) دەڵێ ئەویش پێ دەڵێ ئەگەر ئەمجارە وایكرد بڕۆ بە دایكی بڵێ، رۆژێكی دیكە كوڕە هەمان بەزم دەكاتەوە، (لەیلا) دەزانێ و دەچێتە گژیان، دایكیان لە جیاتی ئەوەی كوڕەكەی تەمبێ بكات و ئەو كارە ناشیرینانە دووبارە نەكاتەوە، كەچی(لەیلا) قەرزاریش دەكاتەوە و تێریشی جنێو پێدەدات، لەم شەڕە جنێوەدا كچەكانیشی دێنە دەرێ و دەست لە قژی (لەیلا) دەنێن و هەر تیتكێكی بەلایەكدا بەبا دەكەن، دەر و دراوسێیەكان لێیان كۆ دەبنەوە و لێكیان دەكەنەوە ئێوارێ كە (بێستون) دێتەوە (لەیلا) دەنگ ناكات، دوای دوو رۆژ ئەوجار یەكێ لە جیرانەكان بۆی دەگێڕێتەوە ئەویش پێی سەیر دەبێ، بەهەرحاڵ (لەیلا) لێی دەپاڕێتەوە كە مادام خانووەكەیان دەفرۆشن و دەڕۆن، هیچ پێویست بەخۆ سەغڵەت كردن ناكات، وا باشترە داویان لە داوی ئەوان نەئاڵێنن و هەتا خانووەكە دەفرۆشرێت دان بەخۆیاندا بگرن، بەیانییەكیان كوڕە لاسارەكەیان لە گژ ئۆتۆمبیلەكەی (بێستون) دەبێ و شوختی لێدەدات(بێستون) یش لەو دەمەی كە دەیەوێ بچێتە دەوام، دێتە دەرەوە و دەبینێ شێت و هار دەبێ و پێی دەڵێ: بۆچی شوخت لە ئۆتۆمبیلەكەم دەدەی، ئەویش نكۆڵی دەكات، پاشان لێیان دەبێتە شەڕ، (بێستون) چاكی لێدەدات، دەبێتە دەنگە دەنگ و هەرا، برایەكانی دیكەی و خوشكەكانی و دایكی دێنە دەرەوە، بە هەموویان پەلاماری (بێستون) دەدەن، كە(لەیلا)ش دێتە دەرەوە، پەلاماری ئەویش دەدەن و هەموو قژی دەردێنن، شەڕ گەورە دەبێ(بێستون) رادەكاتەوە ماڵ و چەقۆیەكی گەورەی گۆشتی دەست دەداتێ و تاو دەداتە كوڕە لاسارەكە و دوو سێ چەقۆی بەهێزی لێدەدات و بەری دەداتەوە سەر زەوی، برایەكەی دیكەی بۆ دێت چەقۆیەك لەویش دەدات، بەڵام لە پشتەوەڕا برایەكی دیكەیان و خوشكەكانیشیان تاوی دەدەنێ و چەقۆیەكەی لێدەستێنن و چەقۆیەكی بەهێز لە تەنگەی رادەكەن و بەردەبێتەوە، ئەوجا هێرش دەكەنەوە سەر(لەیلا) و لە بنەخۆیانی دەنێن، هەموو پرچی دەردێنن بەڵام داروسێكانی تریان بە فریای دەكەون و لەبن دەستیان دەریدێنن، خەڵك تەلەفۆن بۆ پۆلیسی فریاكەوتن دەكەن و ئەوانیش دوای كەمێك دەگەنە جێ.
هەمووان دەستەجێ لە ناو ئۆتۆمبیلی پۆلیس دەپەستن و دەیانبەنە بنكەی پۆلیس و بریندارەكانیش دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە، بریندارەكەیان و (بێستون) دەبەنە هۆڵی نەشتەرگەری، كوڕەكەی دیكەیان برینەكەی سووك دەبێ، ئەوەی لە پشتەوەڕا چەقۆكەی لێوەردەگرێ و چەقۆیەك لە تەنگەی رادەكات دەستگیر دەكرێت.
حوكمی 10 ساڵ
(مام خالید) هەتا ئێرە یەكبینە رووداوەكەی دەگێڕایەوە خەریكبوو بڵێ ئێستاش چاوەڕوێی حوكمی لە سێدەردانی ئەو پیاوكوژە دەكەم، پۆلیسی دادگا پڕ بە دەنگی هاواری كرد فڵان و فڵان بێنە ژوورێ، دادگایكردنی ئەو كوڕەی كە چەقۆكەی لە(بێستون) دابوو، دەستی پێكرد(مام خالید) گوتی: بابچنە ژوورێ و بزانین دادگا چ حوكمێك دەردەكات، كە هاتینە دەرەوە ئەوسا رووداوەكەت بۆ تەواو دەكەم، دادگاییكردن پتر لە دوو كاتژمێری خایاند، ئینجا دادگا گەیشتە ئەو قۆناغەی كە داوا لە هەمووان بكات بچنە دەرەوەی هۆڵی دادگا تاوەكو دادگا لە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی كێشەكە دەبێتە و دەگاتە بڕیاری كۆتایی خۆی، هەموو هاتینە دەرەوە، پۆلیس كەسوكاری هەردوولای بردە دوو شوێنی جیاواز، لە (مام خالید) نزیكبووینەوە و داوای تەواوكردنی گێڕانەوەی رووداوەكەمان لێكرد، ئەویش دەستی بە قسان كردەوە و گوتی: كە هەواڵیان دایە ئێمە هەموو لە نەخۆشخانە بوون، كوڕەكەی ئەوان لە نەشتەرگەری رزگاری بوو، چەقۆیەكان جێگەی ترسناكیان نەگرتبوو، بەڵام چەقۆیەكەی(بێستون) نێزیكەی دە سانتیمەتر چوو بووە ژوورەوە و گورچیلە و بۆڕی خوێنی سەرەكی هەڵزڕاندبوو، درەنگیش گەیەندرابووە نەخۆشخانە، پزیشكەكان هاتنە دەرەوە گوتیان(بێستون) لەبەر سەختی برینەكەی و خوێن لەبەر رۆیشتنی درەنگ گەیشۆتە نەخۆشخانە و پێڕا نەگەیشتن ومرد، پاش دوو سێ رۆژان پۆلیس دایكیان و باوكیان و كچەكانیانیشان ئازادكردن، پاش دوو مانگ كوڕە بریندارەكەیان، بە تەواوەتی چاكبۆوە و دۆسییەی كێشەكەش گەیشتە دادگای تاوانەكان و ئێستاش وا بەخۆت دەیبینی هەموومان لێرەین و چاوەڕێشین بزانین دادگا چ حوكمێك بەسەر تاوانكاردا دەدات، پۆلیسی دادگا دووبارە بانگیانی كردەوە، هەموو لەبەردەم دادگا راوەستانەوە و سەرۆكی دادگاش حوكمەكەی خوێندەوە و بڕیاری(10) ساڵ زیندانی كردنی بكوژی دا و كێشە بەم بڕیارە لە دادگادا بڕایەوە.
Top