لە نێو
زینداندا ئازارەكانی دە«

لە نێو<br />
زینداندا ئازارەكانی دە«
كە تەماشایت دەكرد، دەتگوت تەمەنی بیست و حەوت یا هەشت ساڵ دەبێت، بەڵام راستییەكەی تەنیا بیست و سێ ساڵ زیاتر نەبوو! ژنێكی تا بڵێی جوان و بەرچاوبوو، خڕپنی سوورو سپی و باڵا بەرزی چاو برۆ رەش بوو. كە قسەت لەگەڵی دەكرد، هەستت دەكرد ژنێكی چاوكراوەیە، لەناو ناخۆشییەكانی ژیاندا راهاتبوو. زۆر باكی بە زیندان و ژیانی ناو بەندیخانە و ئەو شتانە نەدەدا! دەیگوت پارە هەموو شتێ بە مرۆڤ دەكات. ئەوە كۆمەڵگەیە ئەگەر پارەت هەبێت، رێزت دەگرێ! هەر كۆمەڵگەشە ئەگەر هەژار و لات و بێ پارە و دەستكورت بوویت، بە چاوێكی نزم تەماشات دەكات. من هەر زوو لە درۆ و ریسیاییەكانی ئەو دنیایە گەیشتم، بۆیە تا پێمبكرێت دژی ئەو دنیایە دەبم.
ئەمانە ئەو قسانە بوون كە(هاژە) بۆ(نەسرین)ی توێژەری كۆمەڵایەتی كردوون. كاتێك لەسەر كاری بەدڕەوشتیدا دەستگیر دەكرێت و بۆ ماوەی ساڵێك(بەندی) حوكم دەدرێت، (نەسرین) وەكو توێژەرێكی كۆمەڵایەتی دیمانە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ(هاژە) و چەندانی وەك هاژە دەكات، هەم بەمەبەستی زانینی هۆیەكانی تاوانكردن لایان و، هەمیش بە مەبەستی هەوڵدان بۆ گۆڕینی رەفتاری كۆمەڵایەتییان و دروستكردنەوەی كەسایەتییان و گەڕانەوەیان بۆ ناو كۆمەڵ وەك كەسێكی سوود بەخش. (نەسرین) تێبینی زۆر لەسەر(هاژە) لە دەفتەرەكەی خۆی تۆمار دەكات. بەڵام ئێمە لەو تێبنیانە دەگەڕێن و وەڵامی ئەو كۆمەڵە پرسیارە دەنووسینەوە كە(هاژە) لەمیانی وەڵام دانەوەیاندا بەشێكی بەسەرهاتی لەشفرۆشییەكەیان و بارودۆخی ئەوسای بەر لە زیندانیبوونیمان بۆ دەگێڕێتەوە، (هاژە) بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی(نەسرین) دەداتەوە و لە مێردكردنییەوە تاوەكو ئاڵوودەبوونی بە كاری لەشفرۆشی و دەڵێ:
تەمەنم نۆزدە ساڵ دەبوو، كە دایكم بە مێردی دام و مستە پارەیەكی پێ وەرگرتم، باوكم بە تەمەن هەر پەنجا ساڵێك دەبوو، بەڵام دووچاری نەخۆشییەكی درێژخایەن ببوو، زۆر بەو نەخۆشییەوەی گرفتار ببوو، پاش ئازاركێشان و لە ناو جێگە كەوتنێكی زۆر، لە نەخۆشخانە كۆچی دوایی كردوو و مرد. براكانم بچووك بوون و هی ئەوەی نەبوون بتوانن ماڵ بەڕێوەببەن. هەر من كچی گەورەی ماڵ بووم، من دەمگوت دایە با لە فەرمانگەیەك یان شوێنێك دابمەزرێم و كارێك بكەم، كەچی ئەو نەیسەلماند، منی دایە كابرایەك كە تەمەنی چل و دوو ساڵ بوو، زیاتر لە بیست ساڵ لە من گەورەتر، بەڵام دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو بوو، لەبەرامبەریشدا دایكم پارەیەكی باشی وەك نەخت وەرگرت. دواتر بۆم دەركەوت كابرا دوو ژنی دیكەشی هەیە و بە ئێمەی نەگوتبوو. هەركە ئەوەم زانی بە دایكمم گوت: كچێ دایە ئەوە خاوەن دوو ژنی دیكەیە، كەچی ئەو بەمنی گوت: دەی دەی، چییە دوو ژنی دیكەی هەیە، چییە با هەیبێ، خۆ ژن ژنی نەخواردووە! شوكر باش نییە دەوڵەمەندە. خۆ لەگەڵت خراپ نییە. ئەوە نییە وا ئێمەش بەخێو دەكات و تۆش لە تێروپڕیدا دەژیت، باشتر نییە لەوەی لەگەڵ كابرایەك بایت كە خودا نەبێ كەس نەیدەزانی چۆن دەبوو لەگەڵت، كە دیتم ئەوە قسەی دایكمە، چارم ناچار بوو. گوتم با رایكێشم چاكترە لەوەی خۆم بهاوێمە ناو چارەنووسێكی نادیار! راستییەكەی كابراش لەگەڵم هەتا بڵێی باش بوو، دەیزانی كە لەبەر ئەوەی ژنی گچكەیم لەوانەیە ژنەكانی دیكەی غەدرم لێبكەن، هەستا، بەخۆی خانوویەكی مامناوەندی كڕی و من بە تەنیا تێیدا دەژیام.
لەو ژیانەمدا زۆر بەخۆشی و بەبێ كێشە دەژیام، وایكردبوو نە ژنەكانی دیكە كێشەم بۆ دروستبكەن، نەماڵی دایكیشم پێویستیان بە هیچ شتێك بێ، ساڵێك بوو مێردم كردبوو، سكم نەبوو، دوایی بۆم دەركەوت كە مێردەكەم دووچاری نەخۆشییەك بووە، ئەو نەخۆشییە وایلێكردووە كە منداڵی نەبێ، هەر چەندە لە ژنەكانی دیكەی یەكی دوو سێ منداڵیشی هەبوون، بە نیازبوو بچێتە(ئێران) بۆ چارەسەری. ئەوەبوو ماوەیەك خەریكبوو ناوی یەك دوو پزیشكی باش پەیدا بكات بۆ ئەوەی هەردووكمان سەفەر بكەین، كە هەموو شتێكی تەواو كرد رۆژی سەفەركردنی دیاریكرد، رۆژێك پێش سەفەری برایەكی لەخۆی بچووكتری تەلەفۆنی كرد كە دایكی وا لە نەخۆشخانەیە حاڵی شڕە. بۆیە بە پەلە سواری ئۆتۆمبیلەكەی دەبێ و لە رێگەدا لەبەر خێرایی لێخوڕینی ئۆتۆمبیلی لە دەست وەردەگەڕێ و دەستبەجێ دەمرێت. من تەنیا و بێكەس مامەوە. بەهەر حاڵ پاش ئەو كارەساتە هەوێیەكانم كەوتنە خۆ، ئەوەی لە ماڵ و میرات بە بەرم دەكەوت بە نیوە چڵی دامیانێ و گەڕامەوە لای دایكم. یەك دوو مانگ لە لای دایكم مامەوە. دایكم هەر رۆژەی بڕوبیانوویەكی پێ دەگرتم، مەبەستی بوو هەرچی زووە مێرد بكەمەوە و بڕێكی دیكە نەختم پێوەربگرێت. بۆیە بەم و بەوی گوتبوو، بۆ بە مێردانەوەم من زۆر دڵم بە مێركردنەوە خۆش نەبوو، چونكە مردنی مێردم زۆر كاری تێكردبووم، بەڵام دایكیشم فشارێكی زۆری خستبووە سەرم، نازانم چۆن بوو رۆژێك یەك دوو ژن هاتنە ماڵمان و داوای منیان كرد.
دووبارە مێردكردنەوە و كەوتنە ناو هەڵە
(هاژە) درێژەی بە بەسەرهاتەكەی خۆی داو و گوتی:
كە سەیری ئەو یەك دوو ژنەم كرد قەت نەچوونە دڵمەوە، نازانم بۆ هەر لە خۆمەوە خۆشیم لە چارەیان نەهات، رەفتاریان ئاسایی نەبوو، دایكم لەگەڵیان پێكهاتبوو، بڕە پارەیەك وەك نەخت وەربگرێت و ئەوانیش ئازادن، چیم بۆ بكەن یان نەیكەن. كابرا كە هاتە خوازبێنیم پیاوێكی تەمەن لەسەرووی سی ساڵییەوە بوو، بەڵام زۆر بە ساڵ دیار بوو. فشاری دایكم زۆر ناڕەحەتی كردبووم بۆیە ملم كەچ كردوو گوتم: تازە دایكم ئیشەكەی كردووە، هیچی بۆ من نەهێشتۆتەوە. رۆژی مارەكردن و گواستنەوەم یەك رۆژ بوو. ئاهەنگێكی سادە و ساكار و سەر پێی بۆ رێكخستم و لە خانوویەكی كردم سەد مەترێك دەبوو، ماڵی ئامۆزایەكیشی لەگەڵيدا بوو. دوو سێ رۆژان هەستم كرد ئەو پیاوە هیچ ئیشێك ناكات، خەرجییەكی سادە و ژیانێكی بێ سەر و بەری هەبوو. شەوانە هەندێك پیاو دەهاتنە ماڵمان و یاری دۆمینە و قوماریان دەكرد و تا درەنگانی شەو خەریكی قومار كردن و مەی خواردنەوە دەبوون. دەمگوت: ئەوانە چ دەكەن هەموو شەوێ یان دێنە ژووری ئێمە یانیش دەچنە ژوورەكەی ماڵی ئامۆزات؟ كەچی مێردەكەم كە ناوی(سابیر) بوو، دەیگوت: كچێ گوێ مەدەرێ ئەوانە كە سەرخۆش دەبن بە كەیفی خۆیان پارە دەبەشنەوە، جێگەیان نییە، دێنە ماڵی ئێمە، لە بەرامبەریشدا ئێمە بڕە پارەیەكیان لێوەردەگرین، تۆزێك كردمە مشتومڕ و دەمە قاڵی لەگەڵی، بەڵام ئەو لەسەر رەفتاری خۆی سوور بوو، گوتی: ئەگەر رازی نیت هەستە بڕۆوە ماڵی دایكت، من نەبام لە برسان دەمردی، ئێستا لەلای من نازو فیز و لاف و گەزافی لێدەدەی؟ منیش لە قسەكانی رقم هەستا بە زیزبوون رۆیشتمەوە لای دایكم، كە چوومەوە لای دایكم و هەر كە پێم لە ژوورەوە ناو دایكم چاوی پێمكەوت زانی بەخۆشی و بۆ سەردان نەچوومەتەوە. یەكسەر گوتی: كچێ هەی هەش بەسەر، خۆ بەزیزبوون نەهاتوویتەوە گوتم : با. كە پرسیاری كرد گوتم: حاڵ لەمە حیكایەت لەمە، گوتی: هیچ چارە نییە دەبێ بچییەوە نێو ماڵ و مێردی خۆت، كابرا برادەر و میوانی هەنە، جا چ بوو، ها چییە هەر لە ئێستاوە لووتت بڵند بووە. گوتم: كچێ دایە لووت بڵندی چی و حاڵی چی، كابرا رەوشتی باش دیار نییە، ئەوانە هەر شەوەی چینێك دێن و چینێك دەچنەوە، بەیانیان سندووقێك بوتڵ و قووتی مەی فڕێ دەدەم. تۆ بۆ تێناگەی ئێمە لەو مشتومڕانە دابووین(سابیر)ی مێردم بەژووركەوت و كەوتە سەر پێی دایكم و ئەوهای قسەكرد دنیای كردە شامی شەریف و گوتی: مامۆژن ئەوانە هەموو خزم و ناسیاون.(هاژە) هەر لە خۆیەوە دڵی پیسە، بەهەر جۆرێك بێت، هەندێك پارەی دایە دایكم و رازی كرد و منیشان بردەوە... كە گەڕامەوە، دوو رۆژی پێچوو ژنی ئامۆزاكەی هاتە لام و گوتی: سبەی ئێوارێ دوو ژن و سێ پیاو دێنە ماڵی ئێمە و تا درەنگانێ میوانن، ئێمەش دەبێ بچینە بازاڕ و سێ چوار كیلۆگۆشت و سەوزەو میوە بكڕین و شەو تكەیان بۆ دەكەین، شەوێ ئەوانەی باسیان كرد هاتن، شەوكردیانە بەزمی خۆیان، ژن و پیاو خەریكی قوماركردن و مەی نۆشین و سەفا و بەزم بوون، بە كورتی هەفتەی یەك دووشەو ئەوە بەزم بوو، ئەمجارە(سابیر) فێر ببو منی لەگەڵ پیاوێك لەیەك ژوور دەهێشتەوە.. شەوێكیان كە من و پیاوێك بە تەنیا لە ژوورێكدا ماینەوە، كابرا دیار بوو دەوڵەمەند بوو شەدە پارەیەكی دەرهێناو دایە دەستم، گوتم: ئەوە چییە؟ گوتی: هیچ نییە، دیارییە، فڕێمدایەوە بەردەستی، كابرا تەماشایەكی كردم و بزەیەكی هاتێ و گوتی: وا دەزانی ناتناسم، مێردت هەموو شەوێ پارەی بە كرێدانی ماڵەكەی وەردەگرێ و تۆش دەنگ ناكەی ، ئێستا لە بەرامبەر من ئەو رەفتارە دەكەی، هەر چۆنێك بێت قسەیەك لە من و قسەیەك لەو، لە ژوورەكە هەستا و چووە دەرەوە و هاواری كرد(سابیر) ئەوەبوو ژنەكەت، تۆ چیت بە من گوت و ژنەكەت چی دەكات! (سابیر) هاتە ژوورەوە و گوتی: بۆچی دیاریت دەداتێ وەرناگری، ئەوە خزمی خۆمانە. ئینجا (سابیر) و ئامۆزاكەی و ژنەكەی و كابرا، هاتنە ژوورەوە و دانیشتن دەستیان كرد بە مەی خواردنەوە هەتا سەرخۆش بوون(سابیر)یش بە هەر جۆرێك بوو بە زۆر مەی پێ خواردمەوە، منیش سەرخۆش بووم ئیدی مەیدانیان بۆ خۆش بوو، چوونە دەرەوە و من و كابرا دیسان بە تەنیا لە ژوورەوە ماینەوە و كابرا لێمهاتە پێشێ و خەریكم بوو هەتا لە پەلوپۆكەوتم. تا وەكو ئیشی خۆی تەواو نەكرد وازی لێنەهێنام. منیش داهێزرا بووم، تا بەیانی درەنگ بە ئاگا نەهاتمەوە، دوای ئەوە تێگەیشتم مەسەلە چییە و چ دەگوزەرێ. منیش گوتم مادام پیاوێكی ملئەستووری وەك (سابیر) گوێ بە هیچ نەدات من بۆ پێیبدەم، ئەوە هەڵەی گەورە و كوشندەكەی من بوو. دواتر باجەكەیشم دا، وایلێهات هەفتەی سێ شەو تا چوار شەوان، بەزم بوو لە ماڵی ئێمە جا یا لە ژوورەكەی ئێمە یان لە ژووری ئامۆزای(سابیر) دەكرا، بەڕاستی دنیایەكی سەیر بوو، كە دەبووە كاتژمێر هەشتی شەو، چوار پێنج پیاو، هەندێكجار ژنیشیان لەگەڵ خۆ دەهێنا و تا درەنگانی شەو رایاندەبوارد و دەیانخواردەوە، هەندێك شەو پیاوی دیكە دەهاتن، من و ژنی ئامۆزاكەی لەگەڵیان راماندەبوارد، لە بەرامبەردا(سابیر) و ئامۆزاكەی پارەیەكی باشیان وەردەگرت، بە كورتی و بە كوردی ماڵی ئێمە ماڵێكی لەشفرۆشی بوو. لەسەر ئەو كارانەش چەند جارێك تووشی نەخۆشی سێكسی بووم و ناچار ببووم سەردانی پزیشك و نەخۆشخانان بكەم بۆ چارەسەری.(سابیر) دەیگوت: ئەوە چییە هێندە خۆت نەخۆش دەكەی، بازاڕمان كز دەبی و دوایی كاسبییەكەمان لە دەست دەدەین!! رۆژهات و رۆژ رۆیی، دایكیشم بەمەی زانی. بەڵام (سابیر) بە پارە فریوی دابوو. دەنگی نەدەكرد و پاكانەی بۆ دەهێنایەوە. شەوانە ئەو بەزمانە دووبارە دەبۆوە، هەتا شەوێكیان ، چوار زەلام هاتنە ماڵمان، د,وانیان دەمانچەیان پێبوو، دوای ئەوەی هەمووان دەخۆنەوە و تەواو سەرخۆش دەبن، یەكێكیان دەڵێ من دەچمە لای(هاژە) و تا بەیانی لەگەڵی دەمێنمەوە و پارەی هەمووشتان دەدەم، یەكێكی دیكەیان گوتی: نەخێر(هاژە) تەنیا هی منە و لەلای من دەمێنێتەوە و پارەی كەسیشتان نادەم، لەمەوە دەبێتە بینە و بەردە و مشتومڕیان، ئەوانیتر دەكەونە نێوانیان سوودی نابێ، دەیكەنە لێكدان و بوتڵ بۆی یەك راوەشاندن، بە هەزار حاڵ من و ژنی ئامۆزاكەی(سابیر) خۆمان لە بن دەستیان لە ژوورەكە رزگار كرد و چووینە حەوشەی ماڵەكە، ئەوانیش هەر خەریكی لێكدان و تێهەڵدان دەبن، كابرا ئەوەی یەكەم كە گوتی(هاژە) لای من دەبێ و پارەی هەمووشتان لەسەر من، دەمانچەكەی دەردێنێ و سوار دەكات، گوللەیەك لە تەختی نێوچەوانی كابرا دەدات و دەموودەست دەیكوژێت، ئیتر كار لە كار دەترازێ و دەبێتە هەرا و دەروو دراوسێ هەموو پێ دەزانن، دراوسێیەكان لە مێژووبوو لە(سابیر) و ئامۆزاكەی كۆڵدار ببوون و بەهەر بیانوویەك بایە دەیانوویست هەنجەتێكی پێبگرن و لە كۆڵانەكە دەریانبكەن، بەو شەوە كابرا مەیتی لە ژوورەكەی ئامۆزای(سابیر) كەوتبوو ئەو گۆڕە و ئەو ناوەی كردبووە گۆمی خوێن. دراوسێكان كە زانیان رووداوێكی كوشتن لە ماڵی ئێمەدا روویداوە، هەر زوو تەلەفۆن بۆ پۆلیسی فریاكەوتن دەكەن و ئەوانیش هێندەی پێناچێت دەگەنە ماڵی ئێمە و چوار پێنچ پۆلیس بەخۆو بە چەكەوە وەژوور دەكەون، كابرای بكوژ چەك دەكەن و هەموومان راپێچی بنكەی پۆلیس دەكەن و لەوێ هەر یەكە و لە ژوورێك دەمانگرن، ئەوجا لێكۆڵینەوەمان لەگەڵدا دەكەن و دەزاندرێ كە كەسە كوژراوەكە برادەریەتی، ئەو بە جۆرێك لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت، ئێمەش بە جۆرێكی دیكە. نۆرەی لێكۆڵینەوە دێتە سەر من و منیش ورد و درشتی رووداوەكە و وەزعی خۆمم گێڕایەوە و هیچم نەبوارد و دانم بە تاوان و هەڵەكانی خۆم ناو، بڕیارمدا بوو كۆتایی بەو بێئابڕوویەم بێنم و هیچی دی لەو دۆخەدا نەمێنمەوە. سزاشم چی دەبێت بابێت. ئەوجا بردیانینە بەندیخانە. كێشەكەمان سێ چوار مانگان درێژەی كێشا و دواتر هەر یەكەمان بەجیا حوكمدراین، من بۆ ماوەی ساڵێك زیندانی حوكم درام و كابرای بكوژ، پانزە ساڵ و (سابیر) و ئامۆزاكەشی یەكێ پێنچ ساڵ و نیو و ژنی ئامۆزاكەشی بە پێنچ ساڵ و مانگێك. ئەوانی دیكەش كە شەوەكەی لەوێ بوونە هەر یەكەی بە ماوەیەك كە نازانم چەند بوو، حوكمدران.
من كە ساڵێك و حەوت هەشت مانگان ژنی(سابیر) بووم، خۆم بە تەڵاقدان دا و ئەوە تەنیا دوو مانگم ماوە ماوەی بەندییەكەم تەواو ببێ و بڕیارمداوە تا ماوم جارێكی تر نەچمەوە لای ئەو جۆرە كارانە. ئەگەر خوداش مێردێكی دیكەی پیاوی بە قسمەت كردم باشە و دەیكەم ئەگەر نا دەست بە كاركردن دەكەم. خۆم سەر بەرزانە و بە ئارەقەی نێوچەوانی خۆم دەژیەنم و هەتا لە ژیانیشدا مابم چاوم بە چارەی دایكم ناكەوێتەوە و نایبینم. ئەگەر دایكێكی باش بوایە نەدەگەیشتمە ئەو چارەنووسە. با بەسەرهاتەكەشم وانەیەك بێ بۆ خۆم و بۆ كەسانی دیكەی هاوشێوەی خۆم، ئەگەر لۆمەی دایكم دەكەم، دەبێ لۆمەی خۆشم بكەم. چ
Top