چۆن بە هەڵە ژنەكە كوژرا؟

چۆن بە هەڵە ژنەكە كوژرا؟
دوای حوكمدان و لە نێو زینداندا
(رەشید) تازە دوو ساڵ و نیوی لە نێو زینداندا بەسەر بردبوو، تاوانێك كە كردبووی، پاش سوڵح كردن و لێخۆشبوونیش، پارەیەكی زۆری خوێن بەهای تاوانەكەی دابوو، لەپڕ لە ژياندا خۆشییەكی سەیر روویدا. چونكە وەبەر بڕیاری لێخۆشبوون كەوتبوو، شەو نەبوو لەو تاوانەی كە كردبووی، یان راستتر وایە بڵێین كە لە دەستی قەومابوو، بە كوڵ و كەسەرەوە نەگریێت، كابرا لەشەرمان قەت هیچ شتێكی لەسەر كێشەكەی خۆی بۆ هاوڕێیەبەندییەكانی نەگێڕابۆوە، كە بڕیاری لێخۆشبوونەكە هات، قەت لەو بڕوایە دا نەبوو بەر لێخۆشبوونەكە دەكەوێ. چێشتەنگاوێك بەڕێوەبەری بەندیخانە بەدوایدا ناردبوو، كە چوو لە راڕەوی قاوشەكاندا، جارێ راوەستا بوو، چاوەڕێی دەكرد ئەفسەرەكە بێت لەگەڵ خۆی بیباتە لای بەڕێوەبەری بەندیخانە، لەو دەمەدا سەد فكر و خەیاڵی بە مێشكدا دەهات و دەیگوت: خوایە دەبێ بەڕێوەبەر بۆچی بانگم بكات و چی لێم بوێ...؟
خۆ چ سەرپێچییەكم نەكردووە و لەگەڵ كەسیش بەشەڕ نەهاتوومە، دڵی بەخێرایی لێیدەدا و نیگەرانی كردبوو، خەیاڵ و هۆشی بۆ هەموو شتێك دەچوو بۆ بڕیاری لێخۆشبوونی نەدەچوو، ئەفسەرەكە هات و فەرمانی بە دوو پۆلیس و رێپێدراوێكی بەرپرسی قاوشەكە دا كە(رەشید) بهێننن، پاشان لەگەڵ خۆیدا بردییە لای بەڕێوەبەر. ئەفسەرەكە كەلەپچەی لە دەستی(رەشید)كردەوە و سڵاوێكی سەربازیانەی بۆ بەڕێوەبەر كرد و گوتی: گەورەم فەرموو ئەو رەشید، ئەویش گوتی: بیهێننە ژوورەوە. (رەشید) دڵی بە خێرایی لێیدەدا و دەیگوت و بەخوا یا سزام دەدەن و لە ژوورێكی تەنهایم بەند دەكەن، یانیش تێرو پڕ قسەم پێدەڵی و سەرزەنشتم دەكات، بەڕێوەبەر كەوتە قسە و بە(رەشید)ی گوت:
كوڕم(رەشید) بۆیە بانگم كردی حەزم كرد، شتێك هەیە و بەخۆم پێت بڵێم و دەزانم ئەگەر بەخۆم بۆتی ئاشكرا بكەم دڵت خۆشتر دەبێ. هەر چەندە بڕیارەكە بەخۆی خۆشە.(رەشید) گوتی: بەڵێ فەرموو جەنابی بەڕێوەبەر، ئەویش دەستی بە قسەكردەوە و گوتی: بەخۆت دەزانی ئەوە بەرە بەری جەژنە و حكومەتی ئێمەش، لەبەر خاتری جەژن و لەبەر كۆمەڵێك هۆی دیكەش بڕیاری لێخۆشبوونی بە چەند مەرجێكەوە بۆ هەندێ هۆی تاوان دەركردووە، ئەگەر مەرجەكانی بڕیارەكە لە هەر تاوانبارێكی حوكمدرا و هەبوو، ئەو تاوانبارە وەبەر لێخۆشبوون دەكەوێ. دیارە كێشەكەی تۆش لەو كێشانەیە كە بەر لێخۆشبوونەكە بكەوێ، ئەوجا ئەوە مزگێنیت دەدەمێ كە بەر لێخۆشبوون كەوتی و هەفتەی دادێ ئازاد دەكرێی و لە بەندیخانە دەردەچی.(رەشید) لەخۆشیان وەخت بوو باڵ بگرێ، باوەڕی نەكرد. بەڕێوەبەری بەندیخانە زانی دوو دڵی و گومان كەوتە دڵی(رەشید)، بۆی دووبارە كردەوە و لە(رەشید)ی دووپات كردەوە، هەفتەی داهاتوو لەو بەندیخانە دەردەچی و دەچییەوە ماڵی خۆت.(رەشید) بەخۆشی نەیزانی چۆنی سوپاسی كرد و چۆن گەیشتەوە قاوشەكەی. برادەرەكانی لێیخڕبوونەوە و و گوتیان ها(رەشید) چ بوو؟ وا رەنگ و رووت وەك شەوق مانگی گەشایتەوە! (رەشید) لە خۆشیان قسەی پێنەكرا و هەر هێندەی گوت: براینە من بەردەبم و هەفتەی دادێ لە بەندیخانە دەچمە دەرێ و وەكو كۆترێكی سەربەست لە شەقەی باڵ دەدەم. هەموویان كردیانە هەرا و(جەمال)ی هاوڕێی نزیكی باوەشی پێداكرد و ئەملا و ئەولای ماچ كرد ئەوانی دیكەش یەك لە دوای یەك باوەشیان پێداكرد و ماچیان كرد.(رەشید) بەهۆی ئەو تاوانەی لە دەستی قەومابوو بە چوار ساڵان زیندانی حوكمدرابوو، شەوێ(جەمال) گوتی: ئەوجا(رەشید) ئیتر دەرفەتی خۆ دزینەوەت نەما، خۆت مەینەو مەبە، تازە دەبێ ئەو شەو ئەو تاوانەی كە لەسەری حوكمدراوی بۆمان هەر باسی بكەی. پاش ئەوەی (جەمال)ئەوەی گوت، ئەوانی دیش گوتیان: راست دەكات، دەبێ بەسەر هاتی خۆتمان بە تەواوەتی بۆ بگێڕییەوە.(رەشید) چارەی نەما و ملی بۆ داواكەیان كەچ كرد و بەمشێوەیە بەسەرهاتەكەی خۆی گێڕایەوە و گوتی: براینە من كە بەسەرهاتی خۆمم هەتا ئێستا بۆ ئێوە نەگێڕاوەتەوە لەبەر ئەوەبووە، دڵم بەخۆم و بەوەی كە تاوانەكەشم لەبەرامبەری لە دەست قەوماوە دەسووتێ و هەر كە یادیشی دەكەمەوە كزە لە جەرگم هەڵدەستێ. من دوو ساڵان كچێكم خۆشدەویست، ئەو كچە فەرمانبەر بوو. رۆژێك بەڕێكەوت رێم كەوتە ئەو فەرمانگەیەی كچەكەی لێبوو، هەر كە چاوم پێكەوت وامزانی ساڵانێكە دەیناسم. ماوەی مانگێك زیاتر یەك دوو جاران بەبیانووی جۆراو جۆری كاری خۆمەوە دەچوومە فەرمانگەكە، بە كورتییەكەی، لە هاتووچۆییەكانم وامكرد سەرنجی كچەم بۆ لای خۆم راكێشا و تێمگەیاند كە دڵم گرتوویەتی. ماوەیەكی دیكەش هەوڵم لەگەڵی دا هەتا بە زەحمەت توانیم پەیوەندییەكی خۆشەویستی لەگەڵ ببەستم.
یەك دوو جارێك پیاسەی دوو قۆڵیمان كرد، كە بەتەواوەتی دڵنیابوو لەوەی كە خۆشم دەوێ، ئینجا رووبەڕوو پێیگوتم(رەشید) گوێم لێبگرە بزانە چت پێدەڵێم، من ئێستا لەوە دڵنیام كە خۆشمت دەوێ. باشە خۆشەویستی نیعمەتێكی خودای گەورەیە كە بە مرۆڤەكانی دەدات، بەڵام خۆشەویستی شتێكە و حەیا و نامووسیش شتێكی دیكەیە. من بە خۆشەویستییەكەت رازیم و مەمنوونیشتم، بەڵام گەر نیازت نەبێ بێتە خوازبێنیم و ژیانی هاوسەرێتی پێكبێنی، ئەوا ئەو خۆشەویستییەت لای من هیچ نییە و ئەو پەیوەندییەش تەواو دەبێ و ناهێڵم جارێكی تر بێیتە فەرمانگەكەم. ماوەیەك قسەمان كرد و تێمگەیاند كە منیش هەر ئەو ئامانجەم هەیە گوتم: تۆ كاتێكم بۆ دابنێ تا منیش لەو كاتەدا بێیە خوازبێنیت، پاشان لەسەر رێوڕەسمی چوونە خوازبێنی و ناوماڵ دانان و زۆر شتی دیكە رێكەوتین، ئینجا دوایی چوومە خوازبێنی و پاش سێ هەفتە ئاهەنگی زەماوەندمان ساز كرد و گواستمەوە. چوار پێنچ مانگان وەكو ژن و مێردێكی بەختەوەر ژیانێكی ئەوپەڕی خۆشیمان هەبوو، رۆح و گیانمان لەسەر سەری یەك بوو. لە هەمووشی خۆشتر دوو شت بوو، یەكێكیان باوكم یارمەتی دام و خانوویەكی بچكۆڵەی لە تەنیشت خۆیانەوە بۆ كڕیم، دووەمیان خێزانەكەم لە مانگی چوارەمی هاوسەرێتیماندا سكی هەبوو، ژیانمان بەو شێوەیە پڕ لە خۆشی و كامەرانی بوو، هەتا ئەو رۆژەی رووداوەكە روویدا و ژیانم بە یەكجارەكی گۆڕا و بووە تاریكستان.
كوژرانی ژنێك لە دەمەقاڵیدا
(رەشید) كەمێك وەستا و پەرداخێك ئاوی خواردەوە و جگەرەیەكی لە هاوڕێیەكی وەرگرت و دایگیرساند، چەند مژێكی لێدا و ئینجا دەستیكردەوە بە تەواوكردنی بەسەرهاتەكەی و گوتی: پاشنیوەڕۆیەكی هاوین بوو، كە برایەكی هاوسەرەكەم هاتە ماڵمان و لەگەڵ خێزانەكەم كردییە دەمەقاڵی، هۆی دەمەقاڵییەكەشیان لەسەر ئەوە بوو كە براكەی داوای پارەی لێكردبوو ئەویش گوتبووی تاوەكو(رەشید) نەیەتەوە و پێی نەڵێم هیچت نادەمێ و ئەویش دەستی لێ بڵند دەكات و لێی دەدات، منیش نازانم چۆن بوو ئەو پاشنیوەڕۆیە گەڕامەوە ماڵەوە بەسەر شەڕەكەیاندا هاتمەوە كە زانیم براكەی لە خێزانەكەمی داوە و بن چاوی شین و مۆركردووە، زۆر توڕە بووم و داوام لێكرد بچێتە دەرەوە، كەچی نەك هەر نەچووە دەرەوە، بەڵكو رووبەڕووشم بۆوە و جنێوشی پێدام، منیش تا گرتم شەقەزللەیەكم لە روومەتی دا، ئەویش لە جیاتی ئەوەی ماڵەكەم بەجێ بێڵێ ، دەستی لێ بڵندكردم و مستێكی خێواندە چاوم، ئیتر دەرفەتی هیچ شتێك نەما، تاوم دایێ و كەوتمە سەری، ئەوەبوو بووە شەڕێكی دەستەویەخەمان و بووە یەكتر راكێشان و لەزەوی گەوزاندن و لێكدان، ئێمە لەو ململانێیەدا بووین، هاوسەرەكەشم هەر هاوار هاوار و قیژەی بوو، كە لێك ببنەوە و دەهاتە ناوبژیوانی، منیش هاوارم دەكرد بچێتە دواوە، براكەی دەرنافیزێكی كەوتە دەست و یەكێكی لە پشتی دام و برینداری كردم، منیش تووند دەستیم گرت و دەرنافیزەكەم لە ناو دەستی دەرهێنا و یەكێكم لەسەر شانی دا و ئینجا دەرنافیزەكەم تێهەڵدا، بۆبە پشتی سەری هاوسەرەكەم نەكەوت! یەكسەر هەردوو چاوی سپی بوون و تەپەی لێوەهات و بەربۆوە، كە ئەمە روویدا، براكەی چاوی پێكەوت، یەكسەر لە ترسان هەڵات و چووە بنكەی پۆلیس و شكایەتی كردـ، بەمجۆرە پۆلیس هات و منی بە برینداری و بەو وەزعەوە دەستگیركرد، ژنەكەم برایە نەخۆشخانە و پزیشك توێكاری كردبوو و هۆی مردنەكەیان دەستنیشانكرد بوو كە بەهۆی ئەو دەرنافیزەوە بووە.
كە لێكۆڵینەوە لەگەڵ من كرا من تەواوی رووداوەكەم وەكو خۆی باس كرد، لێكۆڵینەوە بەردەوام بوو، تاوەكو دوو مانگ و نیو، ئێمەش هەردووكمان دەستگیركرابووین، پاشان پەڕاوی لێكۆڵینەوەمان برایە دادگای تایبەتمەند و لەوێ من بە سێ ساڵ و نیو ئەویش بە ساڵێك و هەشت مانگ حوكمدارین، پاشان كە ماڵی خەزوورم هەموو شتێكیان بۆ روون بۆوە كەچۆن كوڕەكەیان هاتۆتە ناو ماڵم و شەڕ و فەرتەنەی خوڵقاندووە، هاتن ئاشتەواییان لەگەڵدا كردین و كێشەكەمان لە نێوان خۆماندا بڕاندەوە، ئەوەبوو بەسەرهاتی من براینە، شوكر بۆ خوا وا منیش كە ساڵێكم ماوە لە نێو زینداندا، دەردەچم و ئەو ساڵەم بۆ دەگەڕێتەوە، هیوادارم ئێوەش بە زووترین كات دەربچن و لەو زیندانە رزگارتان بێت.
دەرچوون لە بەندیخانە
تا ئەو هەفتەیە هات(رەشید) چركەیەكی بە سەعاتێك و رۆژێكی بە مانگێك لێدەڕۆیشت، هەر ئەو نەبوو وابوو هەموو ئەوانەی بەشێكی زۆری ماوەی حوكمەكەیان بڕیبوو، كێشەكەشیان وەبەر لێخۆشبوون دەكەوت ئەو حاڵەتەیان هەبوو، دەیانگوت: براینە لێمان مەگرن، بەخۆشتان دەزانن ئازادبوون و دەرچوون لە كونجی بەندیخانە چەند خۆشە و چەند بۆ ئێمە پێویستە و چەند وانەیەكی گەورەیە، بۆیە كەس هێندەی ئێمە قەدری ئازادبوون نازانێ، دوایین رۆژی ئازاد بوونەكەیان هات، ئەوانەی ئەو رۆژە وەبەر لێخۆشبوونەكە دەكەوتن سیانزە كەس بوون، خۆیان پۆشتەو پەرداخ كردبوو، كەسوكاریان لە دەرەوە چاوەڕێیان دەكردن، رێككارییەكانی ناو بەندیخانە تەواو بوو، هەموو بەرێز هاتنە دەرەوە، بەینێك(رەشید) لەبەر دەرگا راوەستا و تێر بە سییەكانی هەوایی ئازادبوونی هەڵمژی، سەیری ئەملا و ئەولای خۆی كرد، دایك و باوك و برا و خوشكەكانی چاوەڕوانیان دەكرد، كە هاتە دەرەوە هەموویان تێرگریان و ماچیان كرد.
Top