نووسەر و رۆژنامەنووسی فەڵەستین

نووسەر و رۆژنامەنووسی فەڵەستین
* ناموووس لای كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكان خودان پێناسەیەكی تەسكی یەك لایەنەیە، هەردەم چوارچێوە گشتییەكەی ئەو چەمكە بە رووە ئاكارییەكەی كەسایەتی مێینە بەستراوەتەوە، ئێوە چۆن لەمە دەڕوانن؟ هۆكارەكانی بۆچی دەگەڕێننەوە؟
- فاكتەرەكانی ئەو یەك لایەنییە زۆرن، پێش هەموویان باڵادەستی و كاریگەری هێزی خێڵە لەسەر كۆمەڵگادا، كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكان بە گشتی و كۆمەڵگەی عەرەبی بەتایبەت هێشتا نەیتووانیووە لە قاڵبی كۆمەڵگەیەكی خێڵەكی، پیاوسالاری خۆی قوتار بكات، عورف و ترداسیۆنی كۆمەڵایەتی جێی پەنجەی دیاری لە كەسایەتی تاكدا هەیە، ئەوەندەی عورف و خێڵ و پیاوان ئاراستە دەكەن، نیو ئەوەندە پەروەردەی دەوڵەت و میدیا نەیانتوانییووە ببێتە ئاراستەكار و رێ نیشاندەری بن، وەنەبێ ئەو كاریگەرییە هەر تەنیا پیاوانی گرتبێتەوە، بەڵكو ئافرەتانیش بێبەش نین لە كاریگەرییەكانی هێزی خێڵ، دەتوانم بڵێم رەنگدانەوەی لەسەر ژنان و قووڵ و قورسترە، بەداخەوە ئەو حاڵە تا ئێستا كۆسپ و تەگەرەیەكی جددییە لەسەر ژیانی تاكی رۆژهەڵات و پێشكەوتنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و كۆمەڵگەی پەك خستووە.
رزگاربوونی پیاوان لە ترادسیۆن و عورفە بەسەرچووەكان رزگاری و ئازادی ژنانیش بە دوای خۆیدا دێنێ، هەڵوێستی تووندی تاكی رۆژهەڵاتی لەبەرامبەر مەسەلەی نامووسدا لەو هزرە باتریاكییە نێرسالارییەوە سەرچاوە دەگرێ، كە عورف و هێزی خێڵ دروستی كردووە، كەواتە فاكتەرەكان وابەستەی پێناسەی خێڵن، پێناسەكییەك جگە لە بەرپێی خۆی هیچی دیكە نابینێ، بە مێشكێكی ساردەوە ساڵانە خوێنی دەیان هەزار ئافرەت دەڕێژرێ.
? وەك دەزانن چەمكی نامووس لەوە فراوانترە تەنیا لە ئەخلاقی ئافرەتان كورت بكرێتەوە، لە رووی زانستییەوە كۆمەڵە مانا و مەدلولێكی فراوان دەبەخشێ وەك (راستگۆیی و دزیكردن و.. تاد) بەڵام لای خۆمان پیاوان لە پێناو پەردەپۆشكردنی خراپی و ناشیرینییەكانی خۆیان، شەڕەفی خێڵ و بنەماڵە بە نامووسی ژنەكانیان دەبەستنەوە، بەڕای ئێوە هۆكارەكە تەنیا عاداتی كۆمەڵگەیە یان ئایینیش تێیدا بەشدارە؟
- پێموانییە ئایین هەڵوێستێكی خراپ و نەیاری بەرامبەر بە مێینە هەبێ، هیچ ئایینێك جیاكاری لە نێوان پیاو و ئافرەت ناكات، ئەوان لەلای خودادا هاوتا و خاوەن یەك مەقامن ، بەڵام وەك ئاماژەم پێدا كرۆكی گرفتەكە لە عاداتی كۆمەڵگە و باڵادەستی هزری فیدراڵی دایە، لە ئاییندا سزای پیاوێكی زیناكار هاوتای ژنێكی زیناكارە، هیچ حوكمێكی ئایینی نییە باس لەوە بكات كە دەبێ سزای ئافرەت بدرێ و پیاویش ئازاد و دەست كراوە بكرێ، ژنكوژی و كوشتن ژنان بە بیانووی نامووس رەگێكی كۆمەڵایەتی- عەشایری هەیە، خێڵ و بنەماڵە شەڕەف و پێگەی كۆمەڵایەتییان لە نامووسی ژنەكانیان دەبیننەوە، نەزرەی كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكان روانگەیەكی دوو فاقی یەك لایەنە، تەنیا خەوش و ناشیرینییەكانی ئافرەت دەبینێ و خراپییەكانی پیاوانیش دەشارێتەوە، تا كۆمەڵ لەو ئیزدواجییەتە رزگارنەكرێ، سەربەخۆبوونی تاك شتێكی ئەستەمە،
* لە روانگەی ئەو پێشكەوتنە ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەی كە كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكانی گرتۆتەوە، پێتوانییە پێویستمان بە شرۆڤە و پێناسەیەكی نوێ بۆ چەمكی نامووس هەیە؟ ئەگەر وایە ئێوە چ پێناسەیەكتان هەیە؟
- نەك تەنیا كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكان بەڵكو هەموو دنیا لە پێشكەوتن و گۆڕانكاری خێرادایە، ئەمڕۆ جیهان بەرەو راماڵینی سنوورەكان و كاڵكردنی تایبەتمەندییەكان دەچێت، تەكنەلۆژیا دنیای هێندی گەڕەكێك بچووك كردووە، ئێتسا هیچ پاساوێك لەبەردەست نەماوە بۆ داخران و خۆدوورخستنەوە لە دنیای دەرەوە، داخران جگە لە زیادكردنی ئاریشە نێوخۆییەكان و خۆخواردنەوە ، سوودێكی دیكە نابەخشێ، رۆژئاوا زۆر بابەتیانە توانیوویەتی ئەو پێشكەوتنە لە خزمەتی كۆمەڵگە تەوزیف بكات، ئەوان لەمێژە چەپۆكی خێڵ و سستەمی نێر سالاریان بازداوە، رۆژهەڵات پێویستی بە شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی هاوشێوەی ئەوروپایە، كە دەڵێم ئەوروپا مەبەستم لەبەڕەڵایی و لایەنە ئاكارییەكە نییە، مەبەستم لایەنە هیومانیستییە مرۆڤ دۆستانەكەیە، دوور لە جیاكاری هەردوو ژێندەر بەیەك چاو تەماشا دەكات و لە ئەرك و ماف هاوتای كردوون.
لێرەوە چاوخشاندنەوە بەسەر لەبەری ژیانی رۆژهەڵات پێویستییەكی حەتمییە، زروف و بارودۆخی نوێ ئەو حەتمییەتەی چەسپاندووە، بێگومان مەسەلەی نامووسیش وەك هەر مەسەلەیەكی دیكە پێویستی بە گۆڕان و پێناسەی نوێیە، نامووس لای من راستگۆییە لەگەڵ خود و دەوروبەر، مامەڵەكردنی عەقڵانییە لەگەڵ ئاریشە و گرفتەكانی ژیان، جیاكاری نەكردنە لە نێوان نێرو مێ چیتر مایەی قەبوڵكردن نییە كە خێڵ و بنەماڵە رۆحی كچان و ژنانیان بكەنە قوربانی هەوسبازی پیاوان، بە یاسای دارستان تەحەكوم بە چارەنووسی ژنان بكرێت .
* ئەو ئاسەوارە سلبیانە چین كە دیاردەی كڕینەوەی نامووس لەسەر ژنان بەتایبەتی و كۆمەڵ بە گشتی جێدەهێڵێت؟
- كوشتنی مرۆڤ لە ژێر هەر پاسا و و بڕوبیانوویەك، تاوانێكی گەورەیە، ئایین و یاسا دانراوەكان سزای تووندیان دەرهەق بە تاوانكاران داناوە، زۆر جار پیاوان بێ وردبوونەوە و تێڕامان لەسەر قسە و قسەڵۆك و پڕوپاگەندە دەستیان چۆتە خوێنی خێزان یان خوشك و كچانیان، ئەوان هەموو شەڕەف و نامووسی خۆیان بەناو گەڵی ژنان بەستۆتەوە، بێ ئاگا لەوەی خۆیان كارەكتەری سەرەكی گرفتەكەن. بێگومان خراپییەكانی ئەو دیاردەیە زۆر و قوڵن. ئەو دیاردەیە كۆمەڵگە لە سێگۆشەیەكی تەسك گەمارۆ دەدات بەرەو ئەو دیوی مێژوو پەلكێشی دەكات.
* بە چ رێگەو شێوازێك دەتوانین بگەینە پێناسەیەكی نوێی نامووس، پێناسەیەك بەهۆیەوە بتوانین زوڵم و جیاكاری چەند ساڵەی سەر ژنان هەڵبگرین؟
- سەرەتا با چاو بە یاسا مەدەنییەكان بخشێنینەوە هەموار و گۆڕانكارییان تێدا بكەین، بە جۆرێك لەگەڵ واقیعی ئێستای كۆمەڵ و ئەو پێشكەوتنە تەكنەلۆژی و ئابووری و كۆمەڵایەتییانە بگونجێ كە روویان داوە، ئینجا شرۆڤەیەكی هاوچەرخانە بۆ تێكستە ئایینیەكان بكرێت بەشێوەیەك بگەڕێنییەوە بۆ رۆح و كرۆكی راستەقینەی ئایین، كرانەوە بەرووی كلتوورە جیاوازەكان و دەستەبەركردنی واری كاركردن بۆ ئافرەتان ئینجا كاركردن بە ئاراستەی هۆشیاركردنەوەی تاك، هەموو ئەمانە مایەی خوڵقاندنی بارو زروفێكی نوێن كە پرسی نامووس و ئیشكالییەتەكانی ئەو باسە دەباتە قۆناغێكی دیكەوە.
Top