دادگا بە چەند ســـاڵ (رەحــــما

دادگا بە چەند ســـاڵ (رەحــــما
حوكمی دادگا
(رەحمان) كە لە نێو راڕەوی بەندیخانەكەدا بانگیان كرد، گورج لە هۆڵەكە راپەڕی و چووە دەرەوە و بەدەم بانگێشتەكە چوو، بەخۆی دەیزانی چ رۆژێكە دوایين دادگایی كردنییەتی، لەبەر هەندێ ئەو رۆژە بەیانییەكەی هەر زوو لەخەو هەڵسا، ردێنی خۆی جوان تاشی و سمێڵی خۆی چا كرد، (ئەمین)ی برادەری پێی گوت: كاك(رەحمان) خۆزگەم بەخۆت، بەخوا دڵت قایم و ورەشت بەرزە، پەككو لەو ئازایەتییەت كوڕە تەماشاكە، وا دەزانێ بۆ سەیرانێ یا داخوازی دەچێ. هاوڕێییەكانی بەو قسانەی(ئەمین) كە بەشیرین كەلام و قسە خۆشی نێو كۆڵان ناسرابوو، بزەیان هاتێ و پتر هانی(رەحمان) یان دا و ورەیان دایێ.(عەزیز)ی هاوڕێی، كە ئەویش هەر لە چاوەڕوانی دوا بڕیاری دادگادا بوو، هەڵیدایێ و گوتی: كاكە(رەحمان) مادام خۆت لەسەر هەق دەزانی لە هیچ مەترسە. رووبەڕوو قسەی خۆت لە دادگا و لە پێش حاكم بكە و هیچ مەشڵەژێ، بە خودای قسمەتت چی بێ ئەوەیە،(رەحمان) پێڵاوەكانی لە پێی كرد و یەكە یەكەی برادەرە هاوبەندییەكانی، ئەوانەی زۆر لێی نزیك بوون ماچ كرد و ناوی خوای هێنا و چووە دەرەوە.(عیسا)ی بەرپرسی قاوشەكەیان، دەستی(رەحمان)ی گرت و لایەكی كەلەپچەكەی لە دەستی خۆی و لایەكەی تریشی لەدەستی(رەحمان)كرد و لە دەرگەی رارەوەكە چوونە دەرەوە. (رەحمان) و چەند بەندییەكی دیكە ئەو رۆژی دەبوایە لەبەردەم دادگای تاوان ئامادە بكرێن، چەند بەندییەكیان لە پەنایەكی حەوشە گەورەكەی پشت قاوشەكان راگرتبوو، رێپێدراوێكی پۆلیس و چەند پۆلیسێكی بەندیخانەیان بەخۆوە و بەچەكەوە لە دیار راگرتبوون، كە هەموو ئامادەكران، سواری ئۆتۆمبێلیان كردن و بە دوو سێ ئۆتۆمبێلی بەندیخانە، بەرەو دادگا بەرێكەوتن، دوای نیو كاتژمێرێك گەیشتنە دادگا و لە شوێنێكی تایبەتی بە پاسەوانییەكی زۆرەوە راگیران و پاسەوانیان بە دیارەوە دانان، تاوەكو یەكە یەكە، نۆرەیان دەهات و هەر كەسە و بەپێی جۆری كێشەكەی. كاتژمێر گەیشتە نێزیكی(یانزە)ی پێش نیوەڕۆ، بانگی(رەحمان) كرا، پاش ئەوەی رێككارە پێویستييەكان وەرگیران، ئینجا نۆرەی قسەكردنی (رەحمان)هات. دادوەر پرسیاری لێكرد كە ئایا ئەو ژنەكەی خۆی كوشتووە، دان بەوە دادەنێ كە ژنەكەی خۆی كوشتووە،(رەحمان) بێ بیركردنەوە لە پرسیارەكە و سەرەنجامی وەڵامەكەی، بێ سێ و دوو گوتی: بەڵێ كوشتوومە، پێشتر گوتوومە و ئێستاش دووپاتی دەكەمەوە، دادگا لە چۆنییەتی كوشتنەكە و هۆییەكەی پرسی، ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە و گوتی:
پێكەوەم دیتن، لەگەڵ یەك بوون، نە گومانم هەبوو لێیان نە شتێكی وەهاش هەبوو كە سەرنجم دابێت شتەكە لە ناكاو بوو، ئەوەی چاوەڕێم نەدەكرد ئەوەبوو كە ئەو رەفتارە لە ژنەكەم ببینم و لە كابرایەكیش كە من دەستی یارمەتیم بۆی درێژ كرد و خۆی و خێزانەكەیم لای خۆم حەواندەوە، كەچی خیانەتی لێكردم و دەستی بۆ نامووسم برد، كوشتن چییە جەنابی دادوەر!؟ بەخودا ئەگەر ویژانم رێگەی پێدابام خراپتریشم دەكرد. چیدیی كە درێژەی پێنادەم، ئەوە پەڕاوەكەتان لە پێشەكە چەند قەبە و ئەستووریشە، ئەوە بە خۆتان دەزانن كە چ روویداوە، بۆش روویداوە، ئیدی منیش قسەی خۆم كرد و بە خۆشتان دەزانن چۆن و بەچی حوكمم دەدەن، ... پاش تەواوبوونی قسەكانی و تۆماركردنیان، ئینجا دادگا كۆبوونەوەی نهێنی خۆی كرد و دوای نیو كاتژمێر گەیشتنە بڕیاری خۆیان، ئینجا هەموو لایەنەكانی كێشەكە بانگی هۆڵی دادگا كرانەوە و ئاگادار كرانەوە كە كەس قسە نەكات و ئامادەی گوێ گرتن بن كە دادگا بڕیاری خۆی دەخوێنێتەوە. سەرۆكی دادگا لە كاغەزێكی گەورەدا كە بە خۆيان حوكمەكەیان نووسیبۆوە، بڕیارەكەی خوێندەوە كە بۆ ماوەی پێنچ ساڵ و سێ مانگان حوكمی زیندانی بۆ رەحمان بڕیەوە لەبەر ئەوەی هەڵساوە بە كوشتنی ژنەكەی خۆی، لەسەر ناپاكی.
كوشتنی ژنەكەی
(رەحمان) كە لەبەردەم دادگا راوەستابوو، گوێی لە وردەكارییەكانی حوكمی دادگا دەگرت، ئارەقەیەكی تەنك لەسەر نێوچەوانی نیشتبوو، دڵی تۆزێك خێراتر لێیدەدا، لێی يەقین بوو كە حوكم دەدرێ، بەڵام چاوەڕێی نەدەكرد ئەوەندە زۆر بێ، لە دڵی خۆی دوو هەتا سێ ساڵی زیاتر دانەنابوو، كە حوكمەكەی بۆ خوێندرایەوە لە دڵی خۆیدا شەهادەیەكی بە هەقی هێنا، سەیرێكی دادوەری كرد و بە بزەیەكی ئاسائامێزەوە، چاوی تێبڕی و گوتی، گەورەم رێگەم بدە یەك قسە بكەم، ئەویش گوتی بڵێ(رەحمان) گوتی: من ژنم خیانەتی لە ئابڕوو و نامووسم كرد، كەچی تۆش بە پێنچ ساڵ و ئەوەندە، من حوكم دەكەی..؟ ئەگەر تۆ لە جێگەی من بایت چیت دەكرد..؟
دادوەرەكە وەڵامی نەدایەوە، بە تیلەی چاو ئاماژەیەكی بۆ ئەفسەرەكە كرد كە بيبات، كەلەپچەیان لە دەستی كرد و سواری ئۆتۆمبێلیان كردەوە، لەسەر كورسییەك دانیشت و ئۆتۆمبێلی زیندان لێيخوڕی بۆ بەندیخانەی بردەوە.
(رەحمان) كەوتە ناو خەیاڵ و تەواوی رووداوی كوشتنەكەی وەكو فیلم هاتەوە یاد، ئەو بەیانییە درەنگ چووە سەر كار، بەڵام، جزدانەكەی لە بیر كرد، وەختێك گەیشتە گەراج و بەڕێكەوت دەستی بۆ گیرفانی برد بۆ ئەوەی كرێی پاسەكە لە دەست بگرێ و ئامادەی بكات، پێش ئەوەی سوار بێت لە گیرفانی نەبوو، گیرفانەكەی تریش گەڕا هەر نەبوو، چی گیرفانی هەبوو هەمووی گەڕا جزدانەكەی چنگ نەكەوت، زانی لە بیری كردووە، ناچار لۆژ لۆژ بەرەو ماڵەوە گەڕایەوە، بەڵام هەموو شتێكی لە بیركردبایە دەمانچەكەی قەت لەبیر نەدەكرد.
هۆی هەڵگرتنی دەمانچەكەشی ئەو دوژمندارییە بوو كە ئامۆزاكانی تێیكەوتبوون، هەر چەندە (رەحمان) هیچ پەیوەندییەكی بەو دوژمندارییەوە نەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی دوژمنى ئامۆازكانی گوتووبوویان گەر برا و دايك باوك و مام و ئامۆزاشیان بەردەست بكەوێت یان بیان بینن دەیانكوژن، ئەو دەمانچەیەشی هەر بۆ بەرگری كردن لەخۆی هەڵگرتبوو.
(رەحمان) نێزیكی ماڵێ بۆوە، خەیاڵی هەر لای مێزی تەلەفزیۆنەكە، یان لەبن دۆشەكەكە بوو..؟!
گەیشتە بەر دەرگاكە دیتی پێوە دراوە لە دەرگای نەدا، خۆی خوار كردەوە و شیشی دەرگاكەی بڵندكرد و كردیەوە، چووە ژوورەوە رێك بۆ ژووری نووستن، چووە لای مێزی تەوالێتەكە ، دیتی وا لەسەر مێزەكەیە هەڵیگرتوو لە بەڕكی خۆی نا، لە ژوورەكە هاتە دەرەوە لەگەڵ یەكەم شەقاوی هاتنە دەرەوەی گوێی لە سرتە سرت و دەنگێكی سەیر بوو، كەوتە مەراق و دڵی خورپەی كرد، گوێی هەڵخست و باشتر هەستی خۆی راگرت و چاوی بە ملا و بەولادا گێڕا و دەیویست سەرچاوەی دەنگە كە بزانێ هەتا گوێی خۆی بۆ ئەولا سووك بكات، دەنگەكەی پێ ئاشنابوو، دەتگوت خاوەنی ئەو دەنگە دەناسێت، چووە ژێر پەیژەكە و سەری تۆزێك بەرزكردەوە،(رەحمان) ئەو خانووەكەی كە تێیدابوو هی خۆی بوو، خانوویەكی دوو سەد مەتری دوو نهۆمی بوو، بەڵام خانووە كراوە و رۆژهەڵاتیانە بوو، نهۆمی سەرەوەی دابووە(غەریب)ی كوڕە پلكی دایكی، (غەریب) شەوێك هاتبووە لای(رەحمان) و پێی گوتبوو، كە ماوەیەكە بێ ئیشە و كرێی خانووش گرانە و ئەو ئیمكانیيەتەی نییە كرێی خانوو بدات، ئەگەر نهۆمی سەرەوەی بداتێ خۆی و خێزانی تێيدا دەبن و كرێیەكی وەهاشیان لێبستێنێ كە پێیان بدرێت هەتا كارێكی دەست دەكەوێت، ئەوسا كرێیەكەی بۆ زیاد دەكات. ئەگەریش ویستی بۆی چۆل دەكات و مەمنووشی دەبێ.(رەحمان) كە ئەو قسانەی لە (غەریب) گوێ لێبوو، زۆری سووێ لێبۆوە كە لەو بارودۆخە دژوارە دایە، پێی گوت:
برام خۆ دنیا كاول نەبووە، بەخۆت و خێزانت وەرنە لای ئێمە و نهۆمی سەرەوە بگرە و خۆتی تێدا ستر بكە و هیچیشم لێت ناوێ. پاش دوو رۆژ(غەریب) ماڵی هێنایە خانووەكەی (رەحمان) و چووە نهۆمی سەرەوە.
(رەحمان) هەروا هەستی خۆی راگرتبوو لە پڕ گوێی لە تریقەی پێكەنینێك بوو، دوای چەند ساتێك دووبارە بۆوە، خۆی نزمتر كردو و باشتر خزییە بن پەیژەكە بە جۆرێك لە دەنگەكە، نزیكتر بێتەوە. وردە وردە بەسەر پەیژەكە كەوت، دەنگەكە باشتر دەهاتە بەر گوێی، ناسییەوە. دەنگەكە هی ژنەكەی بوو، بەڵام زۆری سەیر پێهات كە دەنگی پیاوێكیش جار جارە، تێكەڵی دەنگی دەبوو، بەسەركەوت، گەیشتە ئەو ئاستەی ژوورەكەی بە تەواوی لێدیار بوو. دیمەنێكی دیت كە ناچێتە عەقڵی راست بێت،(غەریب) و ژنەكەی(رەحمان) بەرووتی پێكەوەن و وەكو دوو ماری عاشقو مەعشوق لێك ئاڵاون! خودایە كەس نەیبینێ! پەیژەیەكی دیكەش چووە سەرێ، هەموو شتێكی بەروونی و بەرووتی بینی، دەمانچەكەی لەبەر باغەڵی دەرهێنا و پەیژەیەكی دیكەش بەسەركەوت ئینجا شریقەی لێوەهێنا، سواری كرد، لەگەڵ دەنگی سواركردنەكەی (غەریب) ئاوڕی دواوەی دایەوە، چاوی بە(رەحمان) كەوت بێ ئەوەی بۆ یەك ساتیش خۆی مەحتەل بكات، وەك بروسكە دەستی دایە، شەڕواڵەكەی، كە فڕێیدا بوو، تێی تەقاند و لە ژوورەكە دەرچوو، بە چەند شەقاوێك خۆی فڕێدایە سەربانی ماڵە هاوسێیەكەیان.(رەحمان) یەدەگێكی تەواوی گوللەی تێگرت، بەڵام هیچی پێنەكەوت،گەڕایەوە ژوورەكە و تەماشایەكی ژنەكەی كرد. نە ئەو قسەی كرد نە ژنەكەشی. رووی دەمانچەكەی لە ژنەكەی گرت و ددانەكانیشی دەقرچاند، ژنەكە بە چاوان ئاماژەی دەكرد كە نەیكوژێ و پاڕایەوە,(رەحمان) لەو پاڕانەوە گەیشت، بەڵام گوێی پێنەدا، یەكەمجار گوللەیەكی تەقاند و لە نێو چاوانیدا، لەگەڵ گوللەكە پشتاو پشت كەوتە سەر زەوی ، سیسەمەكەی پڕ خوێن كرد، چەند ساتێك هەناسەی دا، ئەوجا قەفەسەی سینگی لە هەڵبەز و دابەز كەوت(رەحمان) زانی مرد.
(رەحمان) لەو خەیاڵانە بوو كە پۆلیسەكەی تەنیشتی كە لایەكی كەلەپچەكەی رەحمانی لە دەست بوو، بە(رەحمان)ی گوت: ئەرێ ماڵت خراپ نەبێ یاخوا، ئەوە تۆ كەڕی یان خەوتووی ئۆتۆمبیل راوەستاوە، بەندییەكان هەموو هاتنە خوارەوە. (شێرزاد)ی رێپێدراو بانگی كردی، بەخۆم بانگم كردی، هەر هۆشت لەخۆ نییە! هەستە دەی ئەوە حەوشەی بەندیخانەیە، وەرە خوارێ و بڕۆوە ژوورێ، ئەوجا ئەوەندە داڵغە لێبدە، هەتا دەتوانی. (رەحمان)یان هێنایە خوارێ و بردیانەوە هۆڵەكەی خۆی بۆ ئەوەی رۆژی دواتر بیبەنە هۆڵی حوكمە قورسەكان. پۆلیسەكەی بەر دەرگا زانی چەند ساڵ حوكم درایە(رەحمان) یەكسەر چووە سەر جێگەكەی خۆی قسەی لەگەڵ كەس نەكرد، كەسیش نەچووە لای، لەسەر جێگەی خۆی لێی راكێشا، ئەەندە شەكەت و هیلاك دیار بوو، دەتگوت هەفتەیەكە نەخەوتووە، هەر كە درێژ بوو چاوی لێكنا و خەوت.
Top