ژنێك چۆن رازی بـــوو مێردەكەی ژ

ژنێك چۆن رازی بـــوو مێردەكەی ژ
پارێزەرێكی هاوڕێم بۆی گێڕامەوە، رۆژێك پیاوێك چۆتە نووسینگەكەی و پێیگوتووە كە دەیەوێ بیكاتە پارێزەری خۆی بۆ ئەوەی هاوكاری بكات كە ژنی دووەم بێنێ، ئەویش پێی گوتووە باشە كە ژنت هەیە، ژنی دووەمت بۆ چییە، پیاوەكەش پێی گوتووە ئەوە مەسەلەیەكە پەیوەندی بەخۆمەوە هەیە. تەنیا داوا لە تۆ دەكەم لە هێنانی ژنی دووەمدا هاوكارم بە... با لە زمانی پارێزەرەكەوە بابەتەكە بزانین. تێبگەین دەردی كابرا چی بووە و مەسەلەكە دواتر بە كوێ گەیشتووە، پارێزەرەكە بەمجۆرە باسی ئەو پیاوەی بۆ كردین و گوتی:
پاشنیۆەڕۆ بوو، پیاوێكی تەمەن سی و پێنچ ساڵە هاتە نووسینگەكەم و داوای لێكردم كە ببمە بریكاری بۆ ئەوەی بتوانێ ژنی دووەم بێنێ. منیش پێمگوت ئایا ژنی یەكەمی رازییە، ئایا قەت نەچۆتە دادگا، ئەویش گوتی: ئەوە چوار پێنچ مانگە هەوڵ دەدەم و بۆم ناكرێت، ئەگەر پێمبكرابایە ئەدی بۆ دەهاتمە لای جەنابت، گوتم: باشە بەڵام كە بەخۆت دەڵێی ژنی یەكەمم رازییە بۆچی نایهێنیتە ئێرە، بزانم چ دەڵێ: گوتی: باشە بەیانی دەیهێنم ، بۆ بەیانی كە هێنای، ژنە ماشەڵڵا جوان و جاحێڵ بوو، چەند ساڵێكیش لە كابرا بچووكتر بوو، گوتم: تۆ رازی ئەو پیاوەت ژنی دووەم بێنێ ؟ گوتی: بەڵێ: بەڕاستی سەرم سوڕما، ئاخر ئافرەت لە پیاوەكەت جوانتری، لە پیاوەكەت جاحێڵتر و بەرچاوتر و بەردڵتری، بڵێی بۆچی رازی بێ؟ گوتم: باشە پێم بڵێ كێشەی نێوان تۆ و پیاوەكەت چییە؟ چ شتێك وایلێدەكات ژنی دووەم بێنێ؟ بۆچی گەیشتۆتە ئەو بڕوایە و وەها مكوڕیشە لەسەری؟ ، پێمخۆشە بە وردی و درێژی پەیوەندی خۆت و پیاوەكەت باس بكەی، چ عەیبیشی تێدانییە و من وەكو برایەكی خۆت حساب بكە. بەڕاستی ژنە زۆر بەحەیاو شەرمیش بوو، زۆرم هەوڵ لەگەڵیدا ئەوجا رازی بوو، باسی ئەوە بكات كە بۆچی پیاوەكەی بەنیازە ژنێكی دیكەی بەسەر بێنێ. ژنە گوتی: خوا دەزانێ نەك ژنێك دووانیش بێنێ رێی لێناگرم، چی لێبكەم ئەوە گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی. هەرچەندە مرۆڤ لەو بارودۆخەدا ماڵێكی پێ بەخێوناكرێت، ئەوجا دوو ماڵ! خۆ دەبێ سەر لە نوێ ماڵێكی تریش دابنێتەوە و خەرجی ماڵێكی تریش بكێشێ. كێشەكە ئەوەیە من ژن بەژنیم پێكراوە، براكەم خوشكی مێردەكەمی تەڵاق داوە. ئەوان ناكۆك بوون لەگەڵ یەك و پێكەوە ئیدارەیان نەدەكرد، بەڵام ئێمە چ كێشەمان نەبوو، براكەم هاتە لایان و گوتی: من لەگەڵ كچەكەتان ناگونجێم و دەمەوێ دەستمان لەیەك بەربێت، پاش مشتومڕ و بینە و بەردەیەكی زۆر گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە براكەم ئەو تەڵاق بدات و ئەویش لە مارەیی پاشەكییەكەی خۆش بێ. بەو مەرجەی ئەو زێڕ و ئالتوونانەی كە بۆی كڕیووە لەگەڵ خۆی ببات. براكەشم رازی بوو، ئینجا براكەشم گوتی: منیش یەك مەرجم هەیە، ئەویش ئەوەیە كە خوشكم هیچ پەیوەندیی بەو ناكۆكییەی ئێمەوە نییە، گوتیان باشە. ئەوەبوو كە تەڵاقی دا، پاشان لەگەڵ من كردیانە ململانێ، خەڵكانی بەدكار هاتنە ناو مەسەلەكە و كردیانە پسكە پسك و قسە هێنان و بردن.
سەرەتا مێردم رازی نەبوو تۆڵەی تەڵاقدانی خوشكی لەمن بكاتەوە، دەیگوت: خوشكم لەگەڵ مێردی خۆی نەگونجا، ژیانی خۆی هەبوو، چ پەیوەندییەكی بە ژیانی منەوە هەیە، پاشان دایكی هاتە ناو باسەكە و بە فیتی ئەملا و ئەولا هاندرا و ئەویش گوتی: یا دەبێ ئەوانیش كچیان تەڵاق بدرێ یانیش دەبێ ژنی بەسەر بێت، پاش ململانێیەكی زۆر مێردەكەم هاتە سەر ئەو بڕوایەی كە ژنێكی دیكەم بەسەر بێنێ و دڵی دایكی رازی بكات. بەخۆی لە دڵەوە رازی نییە ژنی دووەمی بێنێ، بەڵام لەبەر زەختی دایكی نازانێ چ بكات. ئەوجا كە مێردەكەم هەنجەتی خەرجی ژنهێنان و نەخت و ئەو شتانە هاتە گۆڕێ، دایكی كچە خوشكێكی خۆی بۆ رێكخست و ئەوانیش گوتیان ئێمە دینارێكشمان ناوێت. ئەو هەنجەتەشیان بڕی، جارێ دەبێ پێش هەموو شتێ ژنی یەكەمی بێتە دادگا و رەزامەندی خۆی نیشان بدات، منیش چوومە دادگا و بە (قازی)م گوت: رازیمە، گوتی: بۆ رازی ؟
گوتم: چونكە ئەو بەنیازی ژنێكی دیكەیە، ئەوجا چی لێبكەم، باشە بەخۆی دەزانێ كە من هیچ كەمتەرخەمییەكم لە ئاستیدا نییە و هیچ عەیبێكم نییە. رازی بم یان نا هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێ. لەو بپرسن بۆ ژنی دووەم دێنێ،(قازی) دادگا كە گوێی لە قسەكانم بوو یەكسەر داوای مێردەكەمی رەتكردەوە، زۆر هەوڵ و كۆششی دیكەی لێرە و لەوێ دا، هیچی بە هیچ نەكرد. گرنگ ئەوە بوو بە هەر جۆرێك بایە دایكی رازی كردبایە، دەشبوو خانووی بەناو بایە، كەچی خانووی بەناو نەبوو، بەناوی دایكی بوو، دایكی رازی بوو خانووەكەی خۆی بەناوی مێردەكەم بكات، تەنیا بۆ ئەوەی قسەی خۆی بباتە سەر. جا ئێستاش مێردەكەم هەر چۆنێك بێت هەر هیچ نا لەبەر ئەوەی خانوویەكی بەناو بكرێ، مەرجی دایكی دێنێتەدی، ئەوە هەموو مەسەلەكەیە. ژنەكە كە قسەكانی بەو شێوەیە گێڕایەوە بەڕاستی دڵم پێی سووتا. تۆ وەرە، ژن ئەوەندە بەحەیا و ئابڕووبێت، مێردت ئەو زوڵمەت لێدەكات كەچی هەر قبوڵی دەكەی؟! قوربانی بەخۆت بدەی بۆ مێردێكی وا. گوتم: من هەوڵ لەگەڵ مێردەكەت دەدەم، بەڵكو پەشیمانی بكەمەوە، بانگی مێردەكەیم كرد و گوتم وەرە دانیشە با دوو قسە بەیەكەوە بكەین، گوتی: فەرموو. گوتم: كاكی برا، راستە ژنت رازی بوو، راستە خانوویەكشت هەیە، بەڵام بەپێی یاسای ئێستا بەخودای بەو دوو مەرجەت، قەت ناتوانی ژنی دووەم بێنی، باشە تۆ كە ئەم ژنەت هیچ خەوشێكی نییە، جوان و جاحێڵە، بە حەحیا و بە نامووسە، رێزت دەگرێ، خزمەتت دەكات، بەوپەڕی دڵسۆزی و رێكەوپێكییەوە، ئیدی بۆ ئەو زوڵمەی لێدەكەی؟ بەپێی یاساش، تۆ هیچ بڕو بیانوو پاساوێكی شەرعی و یاساییت نییە. كەوایە بۆت نییە و مافت نییە ژنێكی دیكە بێنێ، وا باشترە رێزی ئەم ژنەت بگری و ئەو ژیانەی هەتانە رێزی لێبگرن و لە ژێر سایەی دا ئیدارە بكەن و بەخۆشی و كامەرانی بحەسێنەوە. دایكت هەموو مەبەستەكەی دامركاندنەوەی هەڵچوون و رق و كینە و غەزەبی دەروونییەتی، كە دامركایەوە، رەنگە هەر ئەو دایكەت بەخۆی قەرزدارت بكاتەوە و بڵێ بۆ بەگوێی منت كرد. خۆ منداڵ نەبووی، عەقڵ و هۆشت نەبوو بەخۆشت بیربكەیەوە و لە مەسەلەكە بگەی؟ ئەوسا هەر خۆت مایەپووچ دەمێنیتەوە، وا باشترە لەو بڕیارەت پاشگەز بیتەوە و خۆشت مەكە دیلی رق و كینەكانی دایكت. نزیكەی كاتژمێرێك زیاتر هەوڵم لەگەڵی دا، ئەوسا قەناعەتێكی تەواوم پێهێنا كە دەستبەرداری هێنانی ژنی دووەم بێت، كە قەناعەتی تەواوی پێهات سوێندی لە پێشم خوارد كە جارێكی تر هەوڵی بۆ نەداتەوە، ئەو بیرۆكەیە لە مێشكی خۆی هەر بە یەكجارەكی وەلاوە بنێت. هەر لەوێ داوای گەردن ئازادی لە ژنەكەی كرد و ئەویش بە دڵێكی خۆش و روویەكی خۆشتر و گەشاوەتر گەردنی خۆش و ئازادكرد و زۆریش مەمنوونی من بوون كەوامكرد هەردووكیان بگەڕێنەوە ئامێزی یەكتر و نەهێڵم پیاوەكە ئەو هەڵەیە بكات، ئەوجا هەردووكیان بە دڵێكی خۆش و دەم بە پێكەنین دەستی یەكیان گرت و رۆیشتن.
Top