كێشەیەكی ساختەكاری لەبەردەم دا

كێشەیەكی ساختەكاری لەبەردەم دا
كاتێك نانیان خوارد، (مام مەغدید) بە (سوڵتانە)ی ژنی گوت، من دەچمە هەیوانێ، چایەكەم بە (نەشمیل)دا بۆ بنێرە. (نەشمیل) چایەكەی بۆ برد(مام مەغدید) بە (نەشمیل)ی گوت، كچم ئەوە چ بووە(بژار) نەهاتەوە؟ ئەویش گوتی: وەڵڵا نازانم. لەو قسانەدا بوون(بژار) بە هەناسە بڕكێوە بە ژووركەوت. باوكی گوتی، ئەوە چییە، پشووت بۆ وا سوارە ، دەڵێی غارت داوە!(بژار) یش وەڵامیدایەوە و گوتی: بەڵێ بابە غارم داوە، لەوێندەرێ (ئەسعەد) رێك و رەوان گوتی: كرێی چی و حاڵی چی، رەز رەزی خۆمە و من چیدی بە كرێم نەگرتووە و بۆتە هی خۆم، چۆن بۆتە هی خۆت، خۆ ئێمە رەزمان نەفرۆشتۆتە تۆ..؟ بووە مشتومڕمان و خەریكبوو لێكیش بدەین.

(مام مەغدید) بەو قسانە سەری سوڕما! پاشان(بژار) دانیشت و بە شێنەیی باسەكەی بۆ باوكی گێڕایەوە و گەیشتنە ئەو بڕیارەی بەیانی بچن سەرو سۆراغی مەسەلەكە بكەن و بزانن چ روویداوە.

ئەو شەوە (مام مەغدید) لە خەفەتان خەوی لێنەكەوت، سەد خەیاڵ و داڵغە و فیكری بەمێشكی دادەهات و قەت باوەڕی نەكرد شتێكی وا روویدابێ! باشە خۆ هێشتاش قۆچانی ئەو موڵكەی لەلای خۆیەتی و هەر بەناوی خۆیەتی.

باشە (ئەسعەد) چۆن وێراویەتی ئەو ناماقوڵییە بكات و ئەو موڵكە بەناوی خۆیەوە بكات..؟ لە هەر لایەكەوە لێكی دەدایەوە و هەڵیدەسەنگاند نەدەگەیشتە ئەنجامێكی دڵ رازیكەر. لە دڵی خۆیدا دەیگوت: باشە ئەوە نزیكەی یانزە ساڵە، ئەو رەزەی بەكرێ داوەتێ و ئەوەندە بە جوانی خزمەتی دەكات نەبێتەوە، هەتا شەش مانگی رابردووش كرێی خۆی هێناوە و هەر جارەش لە ترێ و خۆخ و هەنجیر دەگری هەتا هەنار و قەیسی، جاری وابووە بە سندوقی بۆ هێناون.

ئەوە بڵێی لەبەر ئەوەیە كە بەرووبوومی ئەو جارەی وا كەم بوو، مەزانە كاكم شتێكی وای لەبن سەریدابووە. كیسە تووتنەكەی دەرهێنا و جغارەیەكی دایگیرساند، هەر مژێكی كە لێیدەدا بە قەت سێ مژە دووكەڵی ئاسایی بوو! بە داخ و كەسەرەوە ، پڕ بە هەناسەی مژی لە جغارەكەی دەدا و دووكەڵەكەی هەتا ناو سییەكانی هەڵدەمژی. داڵغەی بۆ ئەو رۆژانە چوو، كە(ئەسعەد) لەگەڵ (حاجی باپیر)ی كۆنە برادەری هاتنە لای و ئەو رۆژانەی وەكو فیلمێكی سینەمایی هاتەوە یاد، كە (حاجی باپیر) پێی دەگوت( مەغدید) بەخۆت دەزانی، دراوسێییەتی و ناسیاوەتی دێرینەیە و چەند چاكەمان لەسەر یەك هەیە. ئەویش پێی گوت: (باپیر) پێی ناوێ شێر و رێویانم بۆ بێنیەوە. چ داواكارییەكت هەیە پێمبڵێ، پێم هەڵبسوڕێ بە چاوان دەیكەم(باپیر) یش گوتی: ئەو كوڕە ناوی(ئەسعەد)ەو، ژنەكەی خزمی دایكی منداڵانە، ماوەیەكی زۆر لە رەز و بێستانەكانی ئێمە ئیشی كردووە و رەزەوانێكی تا بڵێی لێزان و ئیشكەرە، بەخۆشت دەزانی رەز و بێستانەكانمان فرۆشتووە. ئەوجا حەزدەكەم ئەگەر رەزەوانتان دەوێ، با ئەو ئیدارەی رەزەكەتان بۆ بكات و ئەو دوو چاوە هۆدەیەی ناو رەز و بێستانەكەشتان ئاوەدان بكاتەوە و لێی دابنیشێ.(مەغدید) بیرۆكەكەی بەدڵ بوو، گوتی: با هەر لە سبەینێوە، بچێتە ناو رەز و خۆی تێدا قایم بكات و ماڵ و منداڵیشی بباتە ناو ئەو دوو چاوە هۆدە و ئاوەدانی بكاتەوە، بەو مەرجەش، بەروبوومی رەزی، لە سێ بەشان، یەك بەشی دەدەمێ. ئەگەر حاڵ و باریشی باش بوو با بەكرێی لێم بگرێ و شەش مانگ جارێك كرێی لێوەردەگرم و رەز و بێستانیش هەر هی خۆمە.(ئەسعەد)یش گوتی: خوا بكەم من لەوێ ستر بم، بەخودا بەو جۆرەی تۆ پێت خۆشە وا دەكەم، بەكرێ بێ، یان بە بەرووبووم بێ. (مام مەغدید) لەو خەیاڵاتانە بوو كە گوێی لە بانگی مەلا بوو، تەماشەیەكی كاتژمێرەكەی دەستی كرد، دیتی كاتژمێر لە چواری بەیانی لای داوە، ئەوجا زانی شە و چ وەختە، هەستا و دەستنوێژی هەڵگرتەوە و خەریكی نوێژكردن بوو، كە بەرماڵەكەی هەڵگرت و چۆوە سەر جێگاكەی خۆی و پاڵی دایەوە و بە خۆشی نەیزانی چۆن چاوی چووە خەو، بەیانی بە دەنگی (بژار)ی كوڕی بە ئاگا هات.

شكایەت كردن
(بژار) كە بە ئاگای هێنا، پێی گوت: بابە ئەوە چۆنە كاتژمێر هەشت و نیوی بەیانییە هێشتا هەر خەوتووی، هەستە دەبێ بچینە لای پارێزەرێكی شارەزا و بزانین ئەو نەگریسە ئەو رەز و بێستانەی چۆن بە ناوی خۆیەوە كردووە، جلوبەرگی خۆی گۆڕی و چونە لای پارێزەرێكی ناسیاویان، مەسەلەكەیان بە تەواوەتی تێگەیاند، هەرچی قۆچان و بەڵگەیەكیشیان هەبوو دایانە دەستی. ئەویش گوتی: سەبرێكم لێبگرن یەك دوو رۆژی دیكە ئاگادارتان دەكەمەوە، دوو رۆژی پێنەچوو پارێزەرەكە تەلەفۆنی بۆ كردن كە بچنە لای، كە چوونە لای پێی گوتن:
موڵكەكەتان بەنای (ئەسعەد) ناوێكەوە كراوە، گوایە ئێوە چەند جارێك پێڕاگەیاندنتان بۆ دەرچووە، بەڵام شوێنی نیشتەجێ بوونتان نادیار بووە و لە رۆژنامەی رۆژانەشدا بڵاوكراوەتەوە، ئاگاداربن داواتان لەسەر تۆماركراوە، بەڵام ئێوە هەر نەچوونەتە دادگا و دیار نەبوونە، گوایە ئەو (ئەسعەد) ناوە موڵكەكەی لە ئێوە كڕیووە و ئێوەش لاری دەكەن لە بەناوكردنی، بۆیە دوای شەش حەوت مانگێك و لە رۆژنامە بڵاوكردنەوە و دادگا و دادگاكاری، گوایە لە تۆی كڕیووە و تۆش لاریت كردووە لە بەناوكردنی و شوێنی نیشتەجێ بوونیشت نادیارە. هەرچی كردوویەتیشی هەمووی بە گوێرەی یاسای كردووە. ئەمجا ئێستاكە تۆش وا دەڵێی من نازانم بڵێم چی، ئەگەر نەتفرۆشتووە، دەتوانی بچییە دادگا و شكایەتی لێبكەی و بڵێی بە فێڵ ئەو موڵكەمی بەناوی خۆی كردووە.
(مام مەغدید) سەری هێناو برد و گوتی: وەرە بزانە مرۆڤی ئەوها بێویژدان و تەماحكاریش لەو دنیایەدا هەیە، كابرا تۆ ئەوەندە سفڵەبیت، چیت نەبوو، نانت نەبوو، كاروكاسبیت نەبوو، هەمووم بۆ دەستەبەركردی و لەو وەزعە ناخۆشەم دەرهێنای و لەبن ساباتی من حەوایەوە و بەرووبوومی رەزە و بێستانی منت خوارد، باشە چ خراپییەكم هەبوو تا وامان لەگەڵ بكەی.
رووی لە پارێزەرەكە كرد و گوتی: كاكی خۆم بەیانی بریكارنامەكت بۆ دەكەم و دەتكەمە وەكیلی خۆم، بەخۆشم دەچم شكایەتی لێدەكەم هەتا موڵكی خۆم وەرنەگرمەوە و لە كونجی زیندانی نەپەستم وازی لێناهێنم.
نیوەڕۆكە هاتنەوە(سوڵتانە)ی خێزانی لێپرسی:
ها(مەغدید) چبوو، چت كرد؟ ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: چم كرد!! كاكم رەزەكەش و بێستانەكەشی بەناوی خۆیەوە كردووە، ئێمەش لە گوێی گا نووستووین، هەر لەبەر هەندێش بوو، بەو ئاخیرییە لموزی لێمان خواربوو، نیوەی جارانی بەرووبووم بۆ دەهێناین و لێشمان لالووت بوو.
بەم دواییە زۆر لە رەفتار و هەڵسووكەوتەكانی پەست ببووم، خەریكبوو بڕیار بدەم دەریبكەم، من چوزانم ئەو لەبنەوە ئیشی خۆی كردووە، لە سبەینێ زووترنییە دەچم شكایەتی لێدەكەم و هەتا بە گرتنی نەدەم وازی لێناهێنم، بەیانی(مام مەغدید) چووە بنكەی پۆلیس و شكایەتی لە (ئەسعەد) كرد، كێشە دوو هەفتەی خایاند و لە پڕ دادوەر بڕیاری دەستگیركردنی دا، سەرەتا(ئەسعەد) نكۆڵی دەكرد كە هیچ شتێكی بە نایاسایی كردبێت، بەڵام كە بەڵگەكانی رووبەڕوو دەكرانەوە بێ دەنگ و بێ هەڵوێست دەبوو، شتێكی وای پێنەبوو، داكۆكی پێی لەخۆی بكات، بۆیە لەگەڵ مانەوەی ناو بەندیخانە و زۆربوونی بەڵگەش لەسەری، ناچار ورەی بەردا و دانی بە هەموو شتێكەوە نا و چیرۆكی تەماح و چاوتێبڕینی لە رەز و بێستانی مام(مەغدید) بەمشێوەیە بۆ لێكۆڵەر باس كرد و گوتی: كە چوومە ناو رەزەكە و ماڵم بردە ئەوێ(مەغدید) هەموو هاوكارییەكی كردم، جێگە و رێگەم نەبوو، مانەوەم لەو شوێنە پەناگەیەكی باش بوو، ساڵانێكی زۆر تێیدا مامەوە و كارم تێداكرد، هەم بۆمن و هەم بۆ ماڵی(مام مەغدید) خێروبێرێكی باش هەبوو، پێی بەڕێوەدەچووین وگوزەرانمان پێی دابین دەكرد، لای خەڵكی خۆم هەڵدەكێشا و دەمگوت رەزم هەیە و لە فڵانە شوێنە و ئەوەندە دۆنمە، ماوەیەكی زۆری پێچوو، رەز و بێستانەكەم بەڕێوە دەبرد، خەڵكێكی زۆر وایاندەزانی هەر بەڕاستی هی خۆمە ، رۆژێك كابرایەك هات و گوتی ئەگەر رەزەكەت دەفرۆشی من لێت دەكڕم، گوتم: دەیفرۆشم بەڵام قۆچانی بەناوی من نییە و نازانم ژمارەی زەوییەكەش چەندە گوتی: ئاسانە من هاوكاریت دەكەم، بەو مەرجەی كە بەناوت بوو بیفرۆشییە من، منیش بەڵێنم پێدا كە ئەگەر یارمەتیم بدات، بەناوی من بێت، بفرۆشمە ئەو، لەو نرخەش خاتری بگرم، ئەویش كابرایەكی پێناساندم و شارەزاییەكی باشی لە چۆنییەتی كڕین و فرۆشتنی زەوی و زار هەبوو، گوتی ئەوە دەتوانی كارەكەت بۆ جێبەجێ بكات بەو مەرجەی بڕە پارەیەكی بدەیتێ، منیش بەڕاستی تەماح بەری چاوی گرتم و چاوپۆشیم لە هەموو چاكەیەكی(مام مەغدید) كرد و شەیتان سواری ملم بوو، كارەكەم لەگەڵ كابرا ئەنجام دا. ئەوەبوو ئیشەكەمان بەنهێنی كرد و تاتەواو بوو. پاش تەواوبوونی بە ماوەیەك ئەوجا (مام مەغدید) بە ئیشەكەی زانی، ئێستاش دان بە نییەت ناپاكی خۆم و تاوانەكەم دەنێم.
گەڕاندنەوەی موڵكەكە
بەمجۆرە(ئەسعەد) دانی بە كارە دزێووەكەی خۆی نا، بەناوكردنی موڵكەكە هەمووی هەڵوەشایەوە و موڵكییەتەكەی بۆ(مام مەغدید) گەڕێندرایەوە، ئەویش بڕیاری دا بەخۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی موڵكەكەی خۆی بكات و جارێكی تر كەمتەرخەمی وانەكات. (ئەسعەد) یش لە زینداندا مایەوە هەتا دادگا بڕیاری كۆتایی خۆی لەسەر تاوانەكەی دا، كە بڕینەوەی دوو ساڵ زیندانی بوو، كە حوكم درا(مام مەغدید) بڕیاریدا لە زیندان سەردانی بكات و دوو قسەی مستەحەقی لەگەڵدا بكات كە لە رۆژی سەردانی زیندانیان چووە بەندیخانە، چاوی گێڕا (ئەسعەد)ی نەدیت بە چاودێرێكی هۆڵی بەندیخانەی گوت فڵانە كەسم بۆ بانگ بكە، كە بانگیان كرد دڵی خۆش بوو، بەڵام كە گوتیان وەرە ئەو مامەیە داوات دەكات و هاتۆتە سەردانت، كە چاوی بە(مام مەغدید) كەوت دەمی بەش بۆوە و رەنگی زەرد هەڵگەڕا(مام مەغدید) بانگی كرد و گوتی: وەرە وەرە، سەرت سوڕنەمێنێ هاتووم دوو قسەت لەگەڵدا بكەم، كابرایەكی وەكو تۆ شایەنی ئەوەیە دە ساڵان حوكم بدرێ، بە زۆری زۆردارەكی موڵكت لێ زەوت كردم و كردتە هی خۆت، ئاخر نەدەبوایە چاكەی منت لەبەرچاو بوایە، خۆ لە چاكە زیاتر خراپەم لەگەڵت نەبوو. دنیا بەس تەماح نییە كوڕم، چما سەریشم لەسەر دانابا، دەمهێشت وەها بە سووك و سانایی موڵكەكەم لێ زەوت بكەی!؟.
ئێستاش ئەوە چەند مانگێكە لێرە بەندكراوی و دوو ساڵیشت بۆ بڕاوەتەوە، دڵم پێت دەسووتێ و پێم گوناهە ئەو ژنەت، بێ جێ و رێ بێ پیاو بمێنێتەوە و ویژدانم قبوڵ ناكات وا رەزیل بێت، لەبەر ئەو شتانەو و لە رێگای خوادا، هاتم پێت بڵێم كە بڕیارم داوە سبەینێ عەرز و حاڵێك بنووسم و بیدەمە دادگا كە من لێتخۆش دەبم، بەڵكو دادگاش داوایەكەم قبوڵ بكات و زووتر لە بەندیخانە بێیتە دەرێ.
كە(مام مەغدید) ئەو قسانەی كرد(ئەسعەد) رەنگ و رووی گۆڕا و گەلێك خۆشحاڵی و كەیف خۆشی پێوە دیار بوو.
ویستی قسە بكات، بەڵام (مام مەغدید) پێی گوت :
بێدەنگ بە نامەوێ گوێم لە هیچ قسەیەكت بێت، بۆ ئەوە نەهاتووم قسەت لەگەڵ بكەم و بڵێی مەمنوونتم، من لەبەر خاتری تۆ ئەو شتە ناكەم.
Top