براكان بۆ بەشــەڕ دەهــاتن؟

براكان بۆ بەشــەڕ دەهــاتن؟
دوو سێ ساڵێك دەبوو، (حاجی كەمال) خێزانە بەساڵداچووەكەی نەخۆشییەكی كوشندەی گرتبوو، بەردەوام دەیبردە لای دكتۆر و نەخۆشخانان، دەیزانی دەردەكەی گرانە و ئومێدی چاكبوونەوەی لێناكرێت، بەڵام هەمیشە داوای لە پزیشكەكان دەكرد و دەیگوت: تو خوا دكتۆر مەهێڵن بەو دەردەوە بناڵێنێ و ئازار بكێشێ، لەگەڵ دەرمان و چارەسەرییەكانی دەرزی ئازاریشی لێبدەن.. لە نێو كوڕەكانیشدا تاكە كوڕێكی كە هەمیشە یاوەریان بوو(ئومێد)ی كوڕە بچووكی بوو،(ئومێد) كە جارێ دایكی نەمردبوو، هەم دایكی و هەم باوكیشی زۆریان حەز دەكرد ژنی بۆ بێنن، كەچی ئەو هەر تەنیا یەك وەڵامی هەبوو، دەیگوت: دایە ژنی چی بێنم، تۆ بەم حاڵەوەی و نەخۆشی پرژەی لێبڕیوی. زۆریان هەوڵ لەگەڵ دەدا كەچی(ئومێد) هەر نەیدەسەلماند.(ئومێد) وەكو پەروانە لە دەوری ئەو دایكەیدا دەسوڕایەوە. هەمیشە لە دیاری بوو، ئەو رۆژانەی كە لە نەخۆشخانە دەیانخەواند، زۆر شەو هەبوو تا بەیانی نەدەخەوت، تاكە خەمڕەوێنی(حاجی كەمال) لە نێو كوڕەكانی هەر(ئومێد)بوو. (حاجی كەمال) كچی نەبوو جگە لە (ئومێد) سێ كوڕی دیكەشی هەبوون، بەڵام كوڕەكانی دیكەی ئەگەرچی دایكیان بەو حاڵەشەوە بوو كەچی هەر هەفتەی جارێك دەهاتن سەریان لێدەدا، قسەی هەمیشەیشیان ئەوەبوو: ئەدی ئەوە نییە(ئومێد) خزمەتی دەكات، بەڵام ئاخیرییەكەی نەخۆشی زەفەر بە دایكیان دەبات و پێوەی دەمرێت. (حاجی كەمال) جگە لە (ئومێد) بێ پشت و پەنا دەمێنێتەوە، لەبەر هەندێ زۆر هەوڵ دەدا كە(ئومێد) ژن بێنێ.(ئومێد) كە دایكی دەمرێت لە قۆناخی سێیەمی كۆلیژدا دەبێت. (حاجی كەمال) دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو بوو، خودا موڵك و ماڵێكی باشی دابوویە، لە خانوو، زەوی و ئۆتۆمبیل و كارگەیەكی مامناوەندی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حەزی نەدەكرد جارێكی دیكە ژن بێنێتەوە. بیری لەوە دەكردەوە كوڕەكانی دیكەی هەتا ژنی بۆ هێنان و پارە و ماڵی دانی بە دەورییەوە بوون، بەڵام كە خۆیان دامەزراند پشتیان لە باوكیان كرد، دەشیزانی بێ وەفا و تەماحكارن، رەنگە بەیانی غەدریشی لێبكەن و سەرگەردانی بكەن. شەوێك كە پێكەوە لە ماڵەوە دانیشتبوون، نەخشەی خۆی دانابوو. رووی لە (ئومێد)ی كوڕی كرد و گوتی: (ئومێد) كوڕم دەمەوێ هەندێ قسەت لەگەڵ بكەم، بەڵام بە هیچ شێوەیەك بەرهەڵستیم نەكەی و دەمەوێ لە قسەم دەرنەچی. لێرەوە با لێبگەڕێین ئیدی(ئومێد) بەخۆی قسەكانی باوكی بگیڕێتەوە و بزانین ئەو شەوە چی پێگوتووە. (ئومێد)یش بەمشێوەیە گفتوگۆی ئەو شەوەی نێوان خۆی و باوكیمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێ: چەند رۆژێك بوو باوكم هەر لە فكراندا رادەما، پێموابوو كە لە قسەكانی(دڵشاد)ی برا گەورەكەم قەڵس بووبێت كە گوتبووی: ئەرێ بابە ئەو ماڵەتان بۆ چییە، خانووەكان بفرۆشە و بە پارەكەی خانوویەكی بچووكی پێبكڕە و بە خۆت و بە(ئومێد) لە ناوی دابنیشن، هەمان شت(هیوا و دلێر) یش بە ناڕاستەوخۆ گوتبوویانەوە. باوكم چاك لە مەبەستیان گەیشت بوو. تەنانەت رۆژێك(دڵشاد) پێیگوتم، (ئومێد) حساباتی كارگە چەندە و كێ مانگانە رێكیان دەخات، گوتم: باوكم ، ئیدی خۆی كڕ كرد. هەربۆیە كەوتبوومە ئەو بڕوایەی كە هەر ئەو قسە و پرسیارانە بوون، بابمی خستبووە ناو دەریای بیركردنەوە. ئینجا بانگی كردم و پێیگوتم: كوڕم تۆ ئەمساڵ زانكۆ تەواو دەكەی و هەر چەند مانگێكی كەمت ماوە، حەز دەكەم ئەگەر پێتخۆش بێت و دڵت لەسەر بێ(هێرۆ)ی كچە مامت بخوازی، بەخۆت دەزانی وا ئەمساڵ كۆلیژی تەواوكرد، ماشەڵڵای لێ بێت و رووی سپی بێت، تا بڵێی جوان و شۆخە، باوكی برا بچووكی خۆمە و زۆر زۆریش لێی رازیمە، ئەوەندەی مامۆژنت و(هێرۆ) و كچەكانی دیكەی لە گەڵمان بوون، بەخۆت باش دەزانی براكانت و ژنەكانیان چارەگی ئەوەندەشیان لەگەڵ نەكردین. هەربۆیە حەز دەكەم، ئەگەر پێتخۆش بێت دەمەوێ داخوازی(هێرۆ)ت بۆ بكەم. ئەگەر هەردووكتان دڵتان بەیەكەوەیە، ئەوە ناوی خوای لێدێنین، ئەگەریش دڵتان بۆ یەك ناچێ كچێكی دیكەم بۆ دەستنیشان بكە، كە بە دڵی خۆت بێت و بچینە داخوازی.
لەسەر مەسەلەی(هێرۆ) زۆرمان قسە كرد و لەسەری رێككەوتین و بڕیاریشماندا هەر كە تاقیكردنەوەی كۆتاییم تەواو بكەم، دەست بە كارەكە بكەین، بەو مەرجەی پێشوەخت من بە خۆم قسەی لەگەڵ بكەم و بزانم رای ئەو چییە؟ كە باسی مەسەلەی ژنخوازیمان وەكو گفتوگۆ تەواو كرد، باوكم هاتە سەر مەسەلەیەكی دیكە و گوتی: كوڕم من براكانت چاك دەناسم و هەموویان ئەڵقە لە گوێی ژنەكانیانن و تەماح بەری چاوی گرتوون، لەبەر هەندێ من پارێزەرێكم گرتووە و هەموو شتێكم لەگەڵی بڕاندۆتەوە كە كارگەكە و خانوو و ئۆتۆمبیلەكە، چارەسەرێكی بۆ بدۆزمەوە. كارگەكە بە كڕین و فرۆشتن بەناوی مامتی دەكەم، پاش شەش مانگان ئەویش بەناوی تۆی بكاتەوە، خانووەكە و ئۆتۆمبیلەكەش هەر بە كڕین و فرۆشتن بەناوی مامت دەكەم، پاش شەش مانگان ئەویش بەناوی تۆ بكاتەوە. ئەوەی دەمێنێتێەوە ئەگەر مردم وەكو میرات با لە نێو خۆتاندا بەش بكرێت. هەر چەندی گوتم بابە ئەو شتانەم ناوێ و بەوە رازی نیم، باوكم گوێی لێنەگرتم و گوتی: بڕیاری خۆم داوە و لێی پەشیمان نیم و هیچ هەوڵێكیش مەدە. دیاربوو لە مەسەلەی(هێرۆ) دڵنیابوو، بۆیە لەگەڵ(مامم) هەموو شتێكی بڕاندبۆوە و پێی گوتبوو، كوڕەكانم دەیانەوێ بە زیندوویەتی چاوان بممرێنن و بكەونە سەر كەلاكم و (ئومێد)یش فڕێدەنە سەرجادە. باوكم كارگەكەی بەناوی ماممەوە كرد، خانووەكە و ئۆتۆمبیلەكەشی بەناوی كرد، ئەمە بێ ئەوەی كەس پێی بزانێت، ئیتر كە زانكۆم تەواوكرد، لەگەڵ مامم مەسەلەی كردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش رایسپاردم لەگەڵ(هێرۆ) قسە بكەم. من خوا خوام بوو، من و هێرۆ بەیەك بگەین( ئەوەبوو لەسەر هەموو شتێك رێككەوتین و پێمگوت: من لەگەڵ باوكم دادەنیشم، چونكە ئەو كەسی نییە و بە ساڵیشدا چووە و نەخۆشیشی هەیە، لەبەر منیش ژنی نەهێنایەوە).
بۆیە من لەگەڵ باوكم دەمێنمەوە تا خوا تەمەن بدات. (هێرۆ) نەك هەر رازی بوو، بەڵكو بە تەواوەتیش پشتی گرتم و گوتی: ئێمە هەردووكمان دادەمەزرێین و لەگەڵ باوكیشت دەمێنینەوە وەك ئەوەی باوكی خۆم بێت و چۆن خزمەتی باوكم دەكەم، ئاوا خزمەتی ئەویش دەكەم، ئەوەبوو دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوە و گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ(هێرۆ) چووینە داخوازی و (هێرۆ)م مارەم كرد و دوای مانگێك گواستمەوە.
كۆچی دوایی باوك
(ئومێد) دوای ئەوەی ژنی هێنا ماوەی دوو سێ ساڵان بەو پەڕی خۆشییەوە ژیانیان بردە سەر و منداڵێكشیان بوو.(ئومێد) ئەو رۆژانە ئاوا دەگێڕێتەوە و دەڵێ: باوكم زۆر دڵی بە منداڵە تازە بووەكەمان خۆش بوو، لەسەر داخوازی ئەو، كە كوڕ بوو، ناومان نا(باڵا). باوكم كاریگەری مردنی دایكمی لەسەر كەمببۆوە و لەگەڵ ئێمە راهاتبوو، بەتایبەتیش(هێرۆ) ئەو بۆشاییەی دایكمی بۆ پڕكردبۆوە و نەیدەهێشت لە هیچی كەم بێت.(باڵا) ببووە هۆیەك بۆ ئەوەی خوی خۆی پێبدات، چەند ساڵێك بەو پەڕی خۆشی ژیانمان بەسەربرد، باوكم نەخۆشییەكی سووكی شەكرەی هەبوو، بەڵام لە پڕ تووشی هەوكردنی توندی پەنكریاس بوو، هەر ئەو هەوكردنە بوو لە ناو جێگای خست و دوای مانگ و نیوێك مرد، كە باوكم مرد دنیا لە پێش چاوم تاریك بوو، ژیانم لێ تاڵ بوو، تەواو خەفەتبار بووم. كەچی جارێ باوكم كفنی زەرد نەبوو، هەر سێ براكەم وەك ئەوەی بڵێی خۆیان بۆ خواردنی كەلاكێك ئامادەكردبێت، پاش هەفتەیەك لە مردنی باوكم هاتن و گوتیان با بزانین چی هەیە و چی نییە، هەر كەسە با بەشی خۆی ببات و ئێمە هەموومان هەقی خۆمانە و پێویستیمان پێیە. منیش مامم( واتە خەزوورم) لەم مەسەلەیە كردە حەكەم و دەمڕاستی خۆمان. پێشتر قەول وابوو، دوای شەش مانگ لە بەناوكردنی كارگەكە بەناوی مامم ئینجا بەناوی من بكرێت، بەڵام باوكم پێیگوتبوو، نا جارێ راوەستە بەناوی(ئومێد)ی مەكە هەتا من بۆخۆم پێت دەڵێم، باوكم دوای دوو سێ مانگان لە بەناوكردنی كارگەكە، بەناوی مامم، لە ناو خەڵك و براكانیشم گوتبووی كە كارگەكەی بەناوی مامم كردووە و بەوی فرۆشتووە. ئەوەبوو ئەوكات هەندێ خۆیان نارەحەت كردبوو، باوكیشم پێیانی گوتبوو ئێوە چ هەقێكتان هەیە دەیفرۆشم یان نایفرۆشم. دەیفرۆشمە كێ یا نایفرۆشمە كێ! ماڵ ماڵی خۆمە و كەس هەقی بەسەرەوە نییە! لەبەر هەندێ بێدەنگەیان لێكرد. دوای مردنی باوكم كە مەسەلەی میرات هاتە گۆڕێ، كارگەكە لە میرات دابەشكردن دەرهێندرا، بەڵام كە مەسەلەی خانووەكە و ئۆتۆمبیلەكەیان زانی ئیدی كردیانە هەڵڵا، گوتیان ئەوە هەمووی لەبن سەری ماممان دایە، هەر لە تەماحی ئەو موڵك و ماڵەش بووە كە كچەكەی خۆی داوەتە (ئومێد). مامم لەو قسانە زۆر پەست بوو، بەهەر حاڵ گوتیان دەبێ بەشمان لە هەموو ئەو شتانە بدرێتێ. بەمجۆرە قسەیەك لە ئێمە و یەكێكیش لەوان(دڵشاد) و براكانی دیكەم پەلاماریان دام و بووە شەڕمان. پاشان تەلەفۆن بۆ پۆلیسی فریاكەوتن كرا و ئەوان بۆ ماوەی بیست و چوار كاتژمێر راگیران و برانە بەندیخانە. پاشان بە كەفالەت ئازاد كران، بەڵام دیسان لەسەر قسەی خۆیان هەر سوور بوون و چوون پارێزەرێكیان گرت و گوایە من و مامم بە زۆر و بە فڕۆفێڵ كارگەكە و خانوو و ئۆتۆمبیلەكەمان لەبن دەستی باوكم دەرهێناوە، دیسان بووە بە داوا و داواكاری لە دادگا. (مامم) گوتی: كوڕم بۆ ئەوەی زەفەرت پێنەبەن بەشیان بدەێ لە هەموو ئەوەی داوای دەكەن، منیش گوتم مامە، خۆ جارێ كفنی باوكم زەرد نەببوو، ئەوانە داوای میراتیان كرد. لە بیرتە بابم لەبەرچی ئەو كارەی كرد، دەیانویست بە زیندوویەتی بیخەنە كۆڵانان و موڵك و ماڵەكەی لە بن دەست دەربێنن و دەربەدەری بكەن. كە دایكم نەخۆش بوو هیچ سەردانێكیان نەكرد، بەڵام كە باوكیشم نەخۆش كەوت، كەسیان یەك شەویش لە نەخۆشخانە لەلای نەمانەوە و دینارێكیان لێی خەرج نەكرد، سەرەڕای هەندێش من هەر بڕیارم دابوو ئەو باسەیان لەگەڵدا بكەمەوە و هەقیان چەند بێ و چەندیان بە بەر بكەوێ بیاندەمێ. دەی مادام وایان كرد قەسەم بە خوا چاویان بە فلسێك لەو ماڵە ناكەوێ كە باوكم بەناوی كردین و لە میراتەكەی جیا كردنەوە. ئەوەبوو منیش پارێزەرێكم گرت و بۆ دادگامان روونكردەوە كە باوكم بەر لە مردنی بەیەك دوو ساڵێك بە مامەڵەی كڕین و فرۆشتن ئەو كارگەیەی بەناوی مامەوە كردووە و كاركەش دروستە و بەپێی یاسا كراوە. پاش بێنە و بردەی ئەوان، دادگا لە بەرژەوەندی ئێمە بڕیاریدا و داواكەیان دۆڕاند، موڵكەكانی دیش بەپێی بڕیاری دادگا دابەشكراو هەر كەسە و بەشی خۆی وەرگرت.
پاش بڕانەوەی كێشەكە(مامم) كارگەكەی بەناو كردم و منیش بانگیانم كردەوە و گوتم: وەرن بەشتان چەندە لەو كارگەیە بتاندەمێ و بە پارە لێتان دەكڕمەوە، ئەوەبوو نرخێكی گونجاومان داناو و بەشەكەیانم كڕیەوە و ویژدانی خۆم ئاسوودە كرد. ئەوانیش بەخۆیاندا چوونەوە و گوتیان ئێمە هەڵەبووین و منیش گوتم:
تازە بەشی خۆتان وەرگرت لەم كارگەیە، بەشتان لە خانووەكە و ئۆتۆمبیلەكەش دەدەم، لەوانیش بەشم دان و بە یەكجارەكی بە ئاسوودەیی دانیشتم، هەرچەند داوای لێبوردنیان كرد و بەسەردانیش دەهاتنەوە لامان، بەڵام بەڕاستی دڵم لێیان شكابوو بڕوام بە كەسیان نەبوو، بڕوام بەوە نەبوو ئەوانە برای راستەقینەم بن، بەڵكو برای بەرژەوەندی و ماڵ و سامانن، چونكە بە ئەزموون تاقیم كردبوونەوە، دەشمزانی لەسەر موڵك و ماڵی دنیایی نە تەنیا برا، بەڵكو خۆشیان ناناسن. لەبەر هەندێ هێندەی تۆزقاڵێكیش متمانەم پێیان نەبوو، بۆیە قەت دڵم پێیان خۆش نییە، بەڵام چبكەم ئەوان خوێن و گوشت و كەسی منن و خوێن و گۆشتیش نابێتە ئاو.
Top