بــۆچــی رێــگــەی نــەدەدا كچ

بــۆچــی رێــگــەی نــەدەدا كچ
دۆڕاندنی داوا یاساییەكە
(شەهاب) كە لە هۆڵی دادگا هاتە دەرەوە، تەواو توڕە و پەرێشان بوو، وەكو ئەوەی شتێكی گەورەی لە دەست دابێت، یا دۆڕاندبێت، خێزانی دووەمی(شەهاب) و برایەكی لەبەردەم هۆڵی دادگا لە دەرەوە راوەستابوون و چاوەڕێی تەواوبوونی دادبینییكەیان دەكرد، كە(شەهاب)یان دیت دەموچاوی مۆن و گرژبوو زانیان دادگا لەبەرژەوەندی ئەو بڕیاری نەداوە، ژنەكەی لێی چووە پێش و لێی پرسی كە چ بوو؟ ئەویش پێی گوت: وەڵڵا دادگا بۆ ئەو بڕیاری دا و لایەنگری لەو كرد، دەبێ رێگە بدەم(تارا)ی كچم ببینێ و هەفتەی جارێك لە بەیانییەوە تا ئێوارە لای خانم بمێنێتەوە، دەوجا وەرە خۆت مەكوژە ئێوارە دەچمە لای فڵانە پارێزەر چەندی بوێ دەیدەمێ ئەگەر پێی بكرێ ئەو حوكمەی دادگا لە دادگای پێداچوونەوە هەڵوەشێنێتەوە، بەخۆی و خێزانەكەی و براكەی لێیاندا رۆیشتن و هۆڵی دادگایان بەجێهێشت، ئێمەش كە لە نێو هۆڵی دادگا بووین و هەر لەسەرەتای دادبینییەكەوە گوێمان لە قسە و گوفتاری هەردوولا بوو، بە چاكمان زانی ئەو كێشەیە بكەینە بابەتێكی رۆژنامەوانی و مەودا كۆمەڵایەتییەكانی كێشەی نێوان ئەم دوو ژن و مێردە بخەینە بەر دیدی خوێنەرانمان، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئافرەتەكە نزیك بووینەوە و مەبەستی خۆمان تێگەیاند و داوامان لێكرد كێشەكەیمان بۆ باس بكات، ئەویش بەمشێوەیە كێشەكەی خۆی بۆ باس كردین و گوتی: من ناوم(شنە)یە و ئەوە چوار ساڵە تەڵاقی خۆم لەم كابرایە وەرگرتووە و لێكجیابووینەتەوە، تازە تەمەنم (33) ساڵە و پتر لە هەشت ساڵ ژن و مێرد بووین، ئەو حەوت ساڵان لەمن گەورەتربوو، بەڕاستی ژیانێكی تاڵم لەگەڵی بەسەر برد، رۆژێكی خۆشم لەگەڵی نە بردە سەر، پیاوێكی رەزیل و پارە پەرست، تووڕە و هەموو كات هەڵچوو، نیگەران و شپرزە بوو، هەتا خواستمی دار و بەردی بەگژ دایك و باوكم وەنا، خزم و كەسی دنیای هێنایە تكا و رجا، كە بوومە خێزانیشی هەر مانگی یەكەم خۆش بوو، ئیتر خۆشیم لەگەڵیدا نەما، هیچیش نەیدەكوشتم، ئەو دڵپیسییەی، بە قسەی ئەو بایە دەبوو من هەر لە ماڵەوە وەكو كۆیلە بەند بووبام، بچوومایە بازاڕ لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكردم، بچوومایە ماڵە خزمێك تەنانەت ماڵی باوكم یا برایەك یا خۆشكێكم، وایدەزانی رەدووكەوتوومە، بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا دەكردم، كە گواستمییەوە نێزیكی چل مسقاڵێك زێڕم لەگەڵ خۆم هێنا، ئەوەندەی نەبرد، سێ چوار مانگێك مرخی لێمخۆشكرد و بە خۆشی بێ یا ترشی زێڕەكانی لەبن دەستم دەرهێنا و فرۆشتی، بە پارەكەی و هەندێكی لەسەر دانا ئۆتۆمبێلی پێكڕی و بەناوی خۆشی كرد، گوێم پێنەدا گوتم بەڵكو باش دەبێ و تۆزێك تەبیعەت و خووی دەگۆڕێت، بەڵام هەیهوو هەیهوو خوو گۆڕینی چی و حاڵی چی، پاشان دووگیان بووم و بە حاڵێكی زێدە ناخۆشەوە، بە نەشتەرگەری كچێكم بوو، ناومان نا(تارا) ئەو پیاوە رۆژ بە رۆژ رەفتاری لەگەڵم خراپتر دەبوو، چەند جارێك تۆرام و چوومەوە ماڵی باوكم، گوتم: من كە ژیانم تاڵ و سوێرە با كاریگەری بەسەر دەروونی و ئەو منداڵەمەوە نەبێ، لەوەتەی چاوی كردۆتەوە لە ماڵێكی پڕ ئاژاوە و باوكێكی تووڕە و بە رق و كینە، خۆی دۆزیووەتەوە، بۆیە كە دەتۆرام لەگەڵ خۆم دەبرد، كەچی ئەو بە بردنی كچەكەم شێت و هار دەبوو، دەمگوت ئێ باشە خۆ تۆ دایك نیت، هەتا بتوانی بەخێوی بكەی و شیری پێبدەی و خزمەتی بكەی، بهێڵە با لای من بێت، ماوەی دوو سێ هەفتە لەیەك دووركەوتینەوە گوتم: تاوەكو هێمن دەبێتەوە ئەوسا بە منداڵەوە دەگەڕێمەوە، كەچی ئەو نەیدە سەلماند و دەهات بە زۆر لێدەستاندم، یەك دوو جارێك ناچاری كردم سكاڵام لە دژی تۆماركرد و بە یاسا منداڵەكەم لێوەرگرتەوە، ساڵێك زیاتر تۆرام و لێی دووركەوتمەوە، دوا جار كە چوومەوە لای لە جاران خراپتر مامەڵەی لەگەڵدا كردمەوە، بۆیە منیش ناچار بووم داوای جیابوونەوەم لێكرد و چوومە دادگا داوای جیابونەوەم كرد، كێشەمان لە دادگا نێزیكی حەوت هەشت مانگێكی خایاند و تەڵاقی خۆم وەرگرت و دادگاش هەموو مافێكی سەلماندم و منداڵەكەشی پێدام، ئینجا بێ ئەوەی خۆی داوای بكات من هەقی بینینی منداڵەكەمم دەدا پێی و هەموو جارێ لە كات و ساتی خۆیدا منداڵەكەم دەدا بەو برایەی كە خۆی ئەو كارەی پێ سپاردبوو، بێ ئەوەی تەنانەت بۆ یەك جاریش بێت كێشەم لەسەر ئەم مەسەلەیە دروست كردبێت، ئەو ژنی هێنایەوە، ئەوەشم زۆر پێ ئاسایی بوو، گوتم: مافی خۆیەتی ژیانی ئاسایی خۆی هەڵبژێرێتەوە، منیش شووم بە ئامۆزایەكی دایكم كرد كە لە وڵاتی نەرویژە و زیاتر لە دوانزە ساڵە نیشتەجێی ئەوێیە و ئەندازیاری كارەباییە و لە كۆمپانیایەكدا كار دەكات، ئەوە دوو ساڵە من نیشتەجێی نەرویژم و هەموو ساڵێ بۆ ماوەی دوو سێ مانگێك دێینەوە ئێرە ئینجا دەگەڕێینەوە ئەوێ، من كە سەفەرم كرد كچەكەمم دا بەو بە شەرتێك هەقی دیتنیم هەبێت و شەوێك لام بمێنێتەوە، لەسەر ئەوە رێككەوتین، ئەوە دوو مانگە لێرەم كەچی نەهێشتووە كچەكەم ببینم و بە هەموو شێوەیەك هەوڵمدا رازی بكەم كەچی دواجار بە خزمێكی هەواڵی بۆ ناردم كەوا بۆیە ناهێڵی بیبینم چونكە ترسی هەیە گوایە لەوانەیە منداڵەكەم لەگەڵ خۆم ببەمە نەرویژ، ئێ باشە خۆ منداڵ بردن شتێكی وەها ئاسان نییە جا باشە وا گریمان ئەوەش نیازم بوو، ئایا دابینكردنی دوا رۆژی كچەكەم شتێكی خراپە؟؟ منیش داوای یاسایم لەسەر تۆماركرد و بە سێ دانیشتنی دادگا، بڕیار درا كە منداڵەكەم ببینم و داواكەی دۆڕاند، سەیر لەوەدابوو بە دادوەری دەگوت بۆیە رازی نیمە منداڵەكەم ببینێ، چونكە دەیڕفێنێ و بە دزییەوە لەگەڵ خۆی دەیباتە ئەوروپا، پاشان مێردی كردۆتەوە و لەگەڵ مێردەكەی رێككەوتوونە ئەو كارە بكەن، بەڵام دادگا قسەكانی رەتكردبۆوە و لێی وەرنەگرتبوو، چونكە دیاربوو كە بە هانەكانی ناڕاست و بێ بنەمان و هەر بۆ هەندێ ئەوە دەكات كە ژیانی من و كچەكەم تێك بدات و لە دیتنی كچەكەی خۆم بێبەشم بكات.
ئەوە كێشەی منە لەگەڵ پیاوێك كە چ خۆشییەكم لە ژیاندا لەگەڵی نەدیت، خوا ژن لە پیاوی ئەوها تەبیعەت توندوتیژ بپارێزێ و كەس قسمەتی بۆ پیاوی ئەوها نەبێ، لە هەمووشی سەیرتر ئەوەبوو لە دادگا كە حوكم لەبەرژەوەندی من دەرچوو دەیگوت لە دادگای پێداچونەوە، هەڵیدەوەشێنمەوە چونكە حوكمێكی نایاسایی و نا عادیلانەیە.
Top