بۆ رازیكردنی ژنەكەی تووشی تاوا 

بۆ رازیكردنی ژنەكەی تووشی تاوا 
سەباح بەسەرهاتەكەی دەگێڕێتەوە
شەو درەنگ بوو، بەندییەكان ئەوانەی حوكمدرابوون لە دەوری یەك كۆببوینەوە و گوێیان لەبەسەرهاتی (سەباح)ی داماو دەگرت. بەندییەكان كردبوویانە عادەت شەو ناشەوێك. یان لە نێوان چەند شەوێكدا، درەنگە وەخت سەریان بەیەكەوە دەنا و دادەنیشتن و بەسەرهاتی ژیانی خۆیان بۆ یەك دەگێڕایەوە، جاری وا هەبوو، بەندییەك ئەوەندە بە تاسەوە بەسەرهاتەكەی خۆی دەگێڕایەوە، ئەوجا ئەگەر هەمووی راست بوایە یان بەشێكی راست بایە و بەشەكەی تری زادەی خەیاڵی بەندییەكە و حاڵەتە دەرونییەكەی بوایە، هەم بەخۆم و هەم بەندییە هاوڕێیەكانی ئەوانەی لە دەوری دادەنیشتن و گوێیان لێدەگرت، فرمێسك بەچاویاندا دەهاتە خوارێ. ئەو شەوە نۆرەی (سەباح) بوو، كە بەسەرهاتی گرتن و حوكمدانەكەی بگێڕێتەوە. (سەباح) دوو ساڵ حوكم درابوو، زۆری ماوەی حوكمەكەی بەسەر بردبوو، هەر مانگێكی مابوو، بەڵام تا ئەو ماوەیەش حەزی نەدەكرد باسی بەسەرهاتی خۆی بكات. بەڵام ئەو شەوە هەموو هاوڕێكانی تینیان بۆی هێنابوو و وازیان لێنەدەهێنا. لەخۆشی ئەوەش كەچی وای نەماوە ئازاد بكرێت، بۆیە هاتبووە ژێر باری داواكارییەكانی هاوڕێیەكانی. (سەباح) سەرەتا لە پەیوەندی خۆی و هاوسەرەكەی دەستی پێكرد و بەمشێوەیە دەستی بە گێڕانەوەی كرد و گوتی: من تەمەنم گەیشتبووە (24) ساڵی هێشتا ژنم نەهێنابوو. باوكم سەری خستبووە سەرم و وازی لێنەدەهێنام و دەیگوت دەبێ ژن بێنی. چەندی گوتم باوكە جارێ وەختی ژنهێنان نییە و خۆ چ پەكم لەسەر ژنهێنان نەكەوتووە و نانم لەسەر سێڵ نەسووتاوە. نەخێر كاكە وازی لێنەدەهێنام. رۆژێ سەد جاران دەیگوت: ئاخر تۆ پیاو نیت، بڵێ بۆ ژن ناهێنی، لەچیت كەمە. دەمگوت باوكە پیاوم و لە هیچیشم كەم نییە، بەڵام من نەحەزم بە ژنهێنانە و نەبیرشم لێكردۆتەوە. سوودی نەبوو. بەدایكمی گوت، دەبێ بە مانگێك ژنێكی هەر بۆ بدۆزیتەوە. سەرتان نەیەشەنم، كچێكی سێ ساڵ لە خۆم گەورەتریان بۆ دۆزیمەوە. ئەوەی ناوونیشانی كچەی بە دایكم گوتبوو، ژنێكی ناسیاومان بوو. خوا بیگرێ، كچەكەی لە جوانیان كردبووە شا جوان، لە هێمنی و سەنگینی و بێ وەییان كردبووە فریشتە. كوڕە لە كابانیان نازانم كردبوویە چی..!! ئینجا ما دایكم بێتە بن كلێشەم، ئەویش هێندەی بەسەرداگوت، چاوی وەهایە و دەم و لوتی وەهایە، ئەوە باڵایەتی، ئەوە قژیەتی، ئەوە دەسترەنگینی و خانەدانییەتی، هەر مەپرسە، ئەوەندەی وەسف كرد، خەریكبوو لە تەیرەكەی مەلای مەشهور بچێت. باشە ئاخیرییەكەی رازی كردم بیبینم، وای لێهات بینین و نەبینینی وەكو یەكی لێهات.
هیچی بە قسە نەكردم، لە ماوەیەكی كورتتدا هەموو شتێكی بڕاندەوە. ناچاریان كردم مارەی بكەم، پاشان گواستمەوە. جارێ نازانم كە من چ بەڵایەكی خودام هێناوە، دایكم گوتی: كوڕم خانووی ئێمە گەورە و دوو نهۆمە، رازی نیمە لەماڵ بچیتە دەر، ئەمە نهۆمی سەرەوەیە و لە هیچی كەم نییە. هەموو كەلوپەلەكانت دەبەیە ئەوێ. باشە ماڵم لە نهۆمی سەرەوە دانا. من كوڕە تاقانەی دایك وباوكم بووم. لە دایكم بیستبوو، دوای لەدایكبوونی من دایكم تووشی نەخۆشییەك هاتبوو، پزیشك پێی گوتبوو ئەگەر منداڵدانت دەرنەهێنی تووشی شێرپەنجەی منداڵدان دەبیت، ناچار بە نەشتەرگەری منداڵدانیان بۆ دەرهێنابوو. لەبەر هەندێ دوای بوونی من چیتر منداڵی نەدەبوو. ئەوجا لەسەرینی ئەمەوە دایكم و باوكم حەزیان دەكرد زوو ژن بێنم و منداڵ بنێمەوە. سەرەتای ژنهێنانم دایكم زۆر نازی ژنەكەمی دەكێشا. تەنانەت نەیدەهێشت چێشتیش ساز بكات. هەربەخۆی لێیدەنا و بۆی ئامادە دەكردین. بەڵام دەمدیت ژنەكەم بەچاوی خزمەتكار تەماشای دایكم دەكات. رۆژێك بە ژنەكەمم گوت كە ناوی (سوهام) بوو، بەسە ئیتر خۆت چێشت لێبنێ، جوان نییە دایكم خواردنمان بۆ ساز بكات، كەچی لە وەڵامدا پێی گوتم: بۆ تۆ من بەخزمەتكاری دایكت دەزانی، وەڵڵا یەك رۆژ من چێشت لێنانێم. بووە مشتومڕمان دایكم پێی زانی، گوتی: كوڕم قەیدی ناكا هەر خۆم چێشت لێدەنێم. وازی لێبێنە. گوتم: كچێ دایە ئەوە هەڵەیە، ئەو ژنە دوایی بە من راست نابێتەوە. تۆش ناتوانی لەگەڵیدا هەڵبكەی، لێت دەبێتە بەڵا، دایكم گوێی پێنەدا. ئینجا فێربوو لە جلوبەرگی خۆی زیاتر هیچی دیكەی نەدەشووشت. دایكم جلوبەرگی منی دەشووشت. وردە وردە ناكۆكیمان دەستی پێكرد. ژنێك ئامادە نەبێ خواردنێكت بۆ ئامادە بكات، جلوبەرگت بشوات، هیچ كارو وەزیفەیەكی نەبێ، ئەی باشە ئەو ژنە چ دەكات، چەند جارێك بە قسەی خۆش هەوڵم لەگەڵیدا نەهاتە رایێ. هەڕەشەم لێیكرد، هەر نەهات، لێمدا، هەر سوودی نەبوو. كاكە وایلێهاتبوو دەبوو من قسە نەكەم تا ئەو جێنو و قسەی ناشیرین نەكات.
دانانی ماڵی سەربەخۆ
(سەباح) لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەكەی تۆزێك وەستا، جگەرەیەكی داگیرساند و دوو مژی قوڵی لێدا. هاوڕێیەكیان دۆلكە ئاوێكی هێنا و پەرداخێك ئاوی بۆ (سەباح) تێكرد و ئەویش فڕی كرد و گەرووی خۆی پێتەڕ كرد. ئەوجا دووبارە دەستی بە قسە كردەوە و گوتی: ئەو ژنە لێم ببوە دەرد و بەڵا، هەرچیم بۆی دەكرد رازی نەدەبوو. كە داواكارییەكی هەبوایە، زوو بۆیم جێبەجێ دەكرد و دەمگوت بەڵكو رەفتاری خۆی دەگۆڕێت، رۆژێك باش دەبوو، دە رۆژ خراپ دەبوو. ماوەیەك دەیگوت: ئەگەر ماڵی خۆمان بكەین. ناهێڵم هیچ كێشەیەك لەماڵەكەمان هەبێ، بەڵام هەتا لێرە بین من ئاسوودە نیم لەبەر ئەوەی دایكت خۆ لە ژیانمان هەڵدەقورتێنێ. گوتم: باشە بابە، لەگەڵ ئەوەش كە سوور دەزانم دایكم فریشتەیەكە بۆ خۆی و تۆ تەنیا هەنجەتی پێدەگری، بەڵام كێشە نییە ئەوا ماڵی سەربەخۆشت بۆ دەكەم، قیروسیا، خانوویەكم بە كرێ گرت، ناچار بووم، هەم دەوامی وەزیفە بكەم و هەمیش ئێواران یارمەتی باوكم بدەم و یارمەتی لە باوكم وەربگرم ئیدارەم پێ هەڵسوڕێنم، ئەمجارە هەنجەتی بە زێڕ گرت و هەموو رۆژێ پرتەو بۆڵەی دەركرد و دەیگوت: بزانە ژنی خەڵكی هەمووی پاوەن و خڵخاڵ و رستە و لیرە و نازانم چی وچیان بەخۆوە كردووە، منیش لە چەند پارچەیەكی بچوك زیاتر هیچم نییە، حەزم لێیە خڵخاڵم بۆی بكەی، ماوەیەكیش فێر ببوو ناوە ناوە دەیگوت مۆبایلەكەم بۆ بگۆڕە، ئامێرێكی ترم بۆ بكڕە و ئەو مواسەفاتانەی هەبێ. ئیتر وردە وردە كەوتمە ژێر قەرز. شەو و رۆژ راكە راكەم بوو پێڕانەدەگەیشتم، نەمدەزانی داواكارییەكانی ئەو جێبەجێ بكەم، یان قەرزەكانی بدەمەوە. چەند جارێك لەگەڵ خاوەن قەرزەكان بووە ناكۆكیمان و شكایەت و شكایەتكاری هەر جارەش باوكم قەرزەكانمی دەدایەوە و لە كێشەكە دەربازی دەكردم. ئیتر ئەم ژنە ماوەیەك بێدەنگ دەبوو، ماوەیەكی دیكە بەهانەی بەشتێكی ترەوە دەگرت و پرتە پرت و بۆڵە بۆڵی دەست پێدەكردەوە و مێشكی دەخواردم. دەمكردە شەڕ و فرتەنەیەك نەبێتەوە، كەچی هەر ئەو دەمی بوو، دەستی پێدەكردەوە و یان داواكارییەكانی دەبوایە جێبەجێ بكەم یان وازی لە بۆڵە بۆڵ نەدەهێنا و نەیدەبڕیەوە، چەندین جار لەگەڵ ماڵی باوكم قسەم دەكرد. ئەوان لەم خراپتر بوون. هەمیشە پشتگیری ئەویان دەكرت، رۆژێك فشاریان بۆ نەهێنا، ئامۆژگاریان نەدەكرد، سەرزەنشتیان نەدەكرد، نەخێر هەموو جارێ من تاوانبار و ئەو بێتاوان و زولم لێكراو بوو. ئەمجارە خانم داوای مۆدێلی تازەی ئۆتۆمبیلی دەكرد، دەمگوت: ئاخر من پارە لە كوێ بێنم ئۆتۆمبیلت بۆ بكڕم، دەیگوت كەیفی خۆتە. دەی بە ملی شكاوم، ملم بۆ ئەو داوایەش كەچ كرد و ئۆتۆمبیلێكم بە قست بۆی كڕی، بەڵام ئەوەندەم باش بوو، بەناوی خۆمەوە كردبوو، مانگی یەكەم و دووەم قەرزی ئۆتۆمبیلم بە زەحمەت دا، مانگەكانی تر پارەكەم نەبوو بیدەم. كابرای خاوەن پیشانگا، كە ئۆتۆمبیلی بە قەرز پێدابووم، چەند جارێك ئاگاداری كردمەوە. هەر نەبوو بیدەم. قەرز كەڵەكە بوو، گەیشتە چوارمانگ. بە ژنەكەمم گوت: ئەوە چوار مانگە قەرزی ئۆتۆمبیلم لەسەر كەڵەكە بووە، با لەسەر ئەو قەرزە نەچمە بەندیخانە، وەرە با بیفرۆشین و قەرزەكان بدەینەوە و ئۆتۆمبیلێكی هەرزانترت بۆ دەكڕم، كەچی ئەو دەیگوت تۆ چ عەقڵێكت هەیە، من لەم ئۆتۆمبیلی مۆدێل تازەیە بچمە سەر ئۆتۆمبیلێكی مۆدێل خوارتر. كابرای خاوەن قەرزیش بەردەوام داوای قەرزەكەی دەكرد. نەمدەزانی چی پێ بڵێم، لە دڵی خۆمدا بڕیارمدا ئۆتۆمبیلەكە بفرۆشم و لە بن دەستی ژنەكەم دەربێنم، من ئەو نەخشەیەم هەبوو. خۆشم بە نیاز بووم، بە خاوەن قەرزەكە بڵێم وەرەوە ئۆتۆمبیلەكەم لێبكڕەوە، با بە زەرەیش بێ، قەیدی ناكا قەرزی خۆی لێبگێڕەوە و باقییەكەی ترم بدێ. دامنابوو ئێوارە تەلەفۆنی بۆ بكەم و بڕیارەكەی خۆمی پێ بڵێم. لەو خەیاڵاتەدا بووم كە زەنگی تەلەفۆنەكەم لێیدا و سەیری شاشەكەم كرد دیتم كابرای خاوەن قەرزە. كە وەڵامیم دایەوە بەو نیازە بووم كە پێی بڵێم ئێوارە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە دێم، كەچی كابرا لەسەر تەلەفۆنەكە دەستی بە قسەی ناشیرین و جنێو كرد و گوتی لە كوێی وا من دێم و بزانە چۆن بە شەق و شەلاق ئەو قەرزەت لێدەستێنم، كابرا زۆر سووكایەتی پێكردم و زۆریش جنێوی ناشیرینی دا. قسەیەك لە من و یەكێك لەو، لەسەر تەلەفۆن شەڕێكی پێمان كرد، كابرا سوێندی بە تەڵاق خوارد گوتی وا دێم بۆ كوشتنت. دوای نیو كاتژمێر هاتە ماڵ، هاتمە دەرەوە خەڵكی گەڕەك زانیان كێشە روویداوە هاتبوونە دەرەوە. كابرا لەناو ئۆتۆمبیل هاتە خوارەوە، خۆی و دوو كەسی تر بوون، یەكسەر بەرەو رووم هات و هەتا گرتی شەقەزللەیەكی لە بن گوێم دا. منیش تا گرتم مستێكم لە نێو چاوی دا. دووكەسەكەی تریش بۆم هاتن، دراوسێكانم كە دیتبوویان بەسێیان هاتوونە لێمبدەن، دووكەسەكەی تریان بەرزەت كرد و نەیانهێشت دەستم لێبوەشێنن. من و كابرای خاوەن قەرز بووە شەڕمان، لەپڕ هەر هێندەم زانی دەمانچەیەكی دەرهێنا و سواری كرد، منیش تاوم دایێ و زوو دەستیم گرت، چەند گوللەیەكی لەدەست تەقی و یەكێكی تریشی لەدەست تەقی و پشتاو پشت بەربۆوە و گوللیەكی دیكە تەقی و بەسەری كەوت، هەر ئەو دەمی گیانی لەدەست دا. گوتم ئای قوڕم بەسەر تووشی چ بووم، یەكێك لە دوو زەلامەكەی تر كوڕی بوو، ئەویش دەمانچەی دەرهێنا و من خۆم دایە پەنا و دوو سێ گوللەی تێگرتم و لەگەڵ گوللە تەقاندن بۆشم دەهات، دەمزانی ئەگەر نەیكوژم، مسۆگەر هەر دەمكوژێ چارم نییە، ناچار بووم گوللەیەكم تێگرت بەسەر دڵی كەوت ئەویش بەربۆوە و دوای چەند چركەیەك ئەویش مرد. بەمجۆرە كەوتمە بەندیخانە و بە دوو ساڵ حوكم درام. ئیتر باوكم جەڵتە لێیدا و ئێستا و ئێستاش نیوەی جەستەی ئیفلیجە. ژنەكەش كە كەوتمە زیندان، هاتە سەردانم، كە جارێ حوكم نەدرابووم، منیش برادەرانی نێو زیندان و پۆلیسەكانم كردە شایەد و سێ بەسێ تەڵاقم دا، ئێستاش وا لە نێو ئێوەدام و دوو ساڵە وا ژیان لەناو بەندیخانەدا بەسەر دەبەم و لەناو ئێوەی ئازیز دام و چاوەڕێم حوكمەكەم تەواو بێ و بچمەوە لای دایك و باوكی ئازیزم.
Top