ئەو ژن و مێردەی دادگا ئاشتی كردن

ئەو ژن و مێردەی دادگا ئاشتی كردن
(فەلاح)ی پارێزەر هاوڕێیەكی نزیكم بوو، ساڵانێكی زۆری كاری پارێزەرایەتی بردۆتە سەر و لە كێشە خێزانییەكانیشدا بەدەیان كێشەی هەبووە و شارەزاییەكی چاكی لەو بوارەدا لەلا كەڵەكە بووە كاك(فەلاح) كێشەیەكی سەرنجڕاكێشی بۆ گێڕامەوە كە بەسەرهاتی ژن و پیاوێكە- ساڵانێكی زۆر ژیانی هاوسەرێتیان بەسەربردوو ئاخیرییەكەی لە پاش دە ساڵان ژن و مێردایەتی، ژنەكە هاتە لام و گوتی: من دەمەوێ لە مێردەكەم جیا ببمەوە و تۆش ببە پارێزەرم و مافەكانم مسۆگەر بكە، (فەلاح)ی پارێزەر بەمجۆرە دەستی بە گێڕانەوەی كێشەی ئەو ژنە كرد و گوتی: پاش نیوەڕۆیەك لە نووسینگەكەی خۆمدا بە تەنیا دانیشتبووم و كتبێكی یاساییم لە دەست بوو دەمخوێندەوە، لەپڕ ژنێكی نزیكەی سی ساڵە لە دەرگای ژوورەكەی دا و سەلامێكی كرد و ئیزنی هاتنە ژوورەوەی كرد، منیش وەڵامی سەلامەكەیم دایەوە و فەرمووم لێكرد كە دابنیشێ، ژنە، ئافرەتێكی سپیلكەی جوان و بەژن بڵند و سەنگین بوو، لە قسەكردنیشدا دەركەوت كە ژنێكی بە حەیا و حورمەت و خاوەن كەسایەتی خۆیەتی گوتی: من لە تەرەف فڵانە كەس هاتیمەو كێشەیەكم هەیە و دەمەوێ ببیە پارێزەرم، منیش گوتم: بەسەرچاو فەرموو كێشەكەت باس بكە، ژنەكە بەمجۆرە دەستی بە گێڕانەوەی كێشەكەی كردوو و گوتی: نزیكەی دە ساڵێكە مێردم بە پیاوێك كردووە ناوی(گەیلان)ە، پیاوەكەم منداڵی نابێت وەكو لەسەردانەكانمان بۆ پزیشكەكان بۆمان روون بۆتەوە كە زۆڕییەتی نییە و مەسەلەكەش بەدەست خۆی نییە، بەڵكو عللەتێكی ویراسییە، پیاوەكەم، سێ چوار برای دیكەی هەن، یەكێ لەو برایانەشی ئەو هایە، مامێك و پلكێكیشی هەر ئەو دەردەیان هەیە، من هەر چەندە زۆرم حەز دەكرد منداڵم ببێ، بەڵام كە پزیشكەكان بێ ئومێدیان كردم بەڕاستی، ئەو حەزەم، لەبەر خاتری پیاوەكەم لە دڵی خۆم دەرهێنا، چ رۆژێكیش بە چاویم دانەدایتەوە، بگرە هەر بەخۆم دڵی پیاوەكمم دەدایەوە دەمگوت: سەبر و قەرارت هەبێ، دیارە خودای گەورە هەر هێندەی بە نیسب كردینە، شوكور بە ئەوە سەدان كەس هەن وەكو ئێمە منداڵیشیان نییە و چ كێشەیەكیشیان نییە، خوا هەڵناگرێ پیاوەكەم زۆر منەتبارم بوو لەو هەڵوێستەم و زۆری رێز لێدەگرتم، جاری واش هەبوو دەیگووتە من: ئافرەت، چ عەیبی تێدا نییە، هەقی خۆشتە، ئەگەر ویستت جیا بیتەوە شەرت بێ بای زەڕەیەكش دڵت نەیەشێنم و هەرچی هەق و حقوقیشتە بتدەمێ ئەگەر حەزت كرد بچی مێردێكی دیكە بكەیەوە ئەو قسانەی چەند جارێك دووبارە و دووپات دەكردەوە، منیش چەند جارێك راز و نیازی راستەقینەی دڵی خۆمم پێدەگوت، كە هەموو ماڵی دنیایێ و هەزار منداڵیش بە نینۆكێكی تۆ ناگۆڕمەوە، كەچی ئەو هەر ناوە ناوە ئەو باسەی دەكردەوە، بەڕاستی ئەمنیش هەستم بەو قسانەی زۆر بریندار دەبوو، بەڵام بەسەرخۆم دانەدەهێنا، ئەویش بە بۆنە و بێ بۆنە دەیكوتایەوە، ئاخیرییەكەی لە ئێسكم كاری كرد و زۆری پێ قەڵس بوم، نەجارێك نە دووان، دەبوو ئەو قسانەی بێ تەرك بدەم، رۆژێك كە ئەو باسەی هێنایەوە گۆڕێ، منیش پێمگوت، ئەرێ كابرا لە تامت بردە دەرێ، ئەگەر دەتەوێ جیا بینەوە... ئەگەر دەتەوێ جیا بیتەوە، چت كرد، هەموو رۆژێ هەستم پێ بریندار دەكەی، خۆ بە خۆم عەقڵم هەیەـ، هەستم هەیە، دەزانم هەق و حقوقم چییە، پێویست ناكات بە بیرم بێنیەوە، ئەگەر ویستم لەبەر منداڵ جیا ببمەوە، لێت جیا دەبمەوە و پرسیشت پێناكەم، دەبیبڕێنەوە و بەسە، چیدی ئەو باسە مەكەوە.
لە دوای ئەو وەڵامەم چیدیكە ئەو باسەی نەكردەوە ئێمە نزیكەی نۆ ساڵان بەوپەڕی خۆشی و تەباییەوە، ژیانی ژن و مێردایەتیمان بەسەر برد تا ئەو رووداوە نەفرەتییە روویداو ژیانمان سەرتاپا بەرەو خراپی و ناخۆشی و زەحمەتی گۆڕا، رۆژێكی هەینی لەگەڵ خزمان چووینە سەیران، لە ئۆتۆمبێلەكەی ئێمە تەنیا خۆم و خۆی تێدابووین، كە لە شەقڵاوە دەرچووین، دوو ئۆتۆمبیل پێشبڕكێیان دەكرد و وەكو گوللە لە تەنیشتمان دەرپەڕین، خێرایان دەكرد و هێواشیان دەكردەوە، فڕكان فڕكانێیەیكان بوو ئەوسەری دیار نەبێت، هێندە ئەو بەزمەیان كرد تا ئۆتۆمبێلەكەی پێشەوە لە خێراییان وەرگەڕا و ئەویتریش خۆی لە ئۆتۆمبێلێكی تردا و ئۆتۆمبێلێكی دیكە ویستی خۆی لێدەرباز بكاتە بەڵام خۆی بە ئێمە دا كێشا و ئێمەش وەگەڕاین بەهەرحاڵ من بە سووكی برینداربووم، بەڵام پیاوەكەم زۆری ئازار خواردبووـ، لە هۆش خۆی چووبوو دوو سێ رۆژ لە نەخۆشخانە هەر بەبێ هۆشی مابۆوە، پاشان كە بە ئاگاهاتبۆوە نەیدەتوانی پێیەكانی بجوڵێنی، پزیشكەكان جۆرەها پشكنینیان بۆی كرد، بڕبڕەی پشتی ئازاری زۆر پێگەیشتبوو، گوتیان دەماری ناو بڕبڕەی پشتی خوێنی بۆ نەچووە و لە ئەنجامدا دەمارەكە وشك بۆتەوە و هەردوو پێیەكانی ئیفلیج بوونە و لە پیاوەتیشی خستووە، هەر چەندە لە پیاوەتی خستنەكەی دەروونییە زیاتر و ئومێدی چاكبوونەوەی هەیە، چونكە لە رووی دەمارەوە، راستەوخۆ زیانی پێنەگەیووە، بەڵام لەبەر زەرەری، دەماری پشتی ئەویش كاریگەر بووە بەو زەرەرە بەڵام چاكبوونەوەشی لەو زەبرە ماوە و پشووی دەوێ و دەبێ لە ژێر چاودێری پزیشك بێ، نیزیكەی دوو مانگێك لە نەخۆشخانە مایەوە ئەوجا دەرمانهێنا و هێنامانەوە ماڵەوە، من دوو سێ مانگان لەدیاری بووم، بەردەوام خزمەتیم دەكرد، لەو وەزیفەیەی كە هەبوو خانەنشین كرا، لەباری خەرجی و مەسرەفەوە چ كێشەیەكمان نەبوو، داهاتمان زیاد بوو كەم نەبوو، بەڵام (گەیلان) كە لە نەخۆشخانە دەرمانهێنا، بەردەوام خەونی ناخۆش ناخۆشی دەدەیت و رادەچنی، بەڵام دوای دوو مانگ لە ماڵەوە مانەوە، تەماشام دەكرد، زۆر هەستیار بووە، دڵی ناسك بووە، بە بچووكترین شت هەڵدەچوو، توڕە دەبوو، هاواری دەكرد، رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبوو، هەستم دەكرد بەردەوام خۆی دەخواردەوە و قەهری لە خۆی دەخوارد، رۆژی چەندین جار دەیگوت بریا بمردبام بەس ئەو وەزعەم بەسەر نەهاتبا و خۆم بە ئیفلیجی نەدیتبا، من كە دڵیم دەدایەوە هێندەی دیكە دەهری دەبوو، شێت و هارتر دەبوو، بۆیە منیش وازم لێهێنا چیدیكە دڵی بدەمەوە، كە دەمبردە لای پزیشكی دەروونی خۆی، هەتا دوو سێ رۆژان باش دەبوو، بەڵام دیسان دەستی پێدەكردەوە و ژیانی لێتاڵ دەكردمەوە، بەڕاستی لەوزەم نەما، باشە ئاخر كابرا بە هەموو شێوەیەك دڵت رادەگرم، بە هەموو شێوەیەك خزمەتت دەكەم، پێم ناڵێی ئەو هەموو منەتە چییە لەسەرم دەكەی؟
گومان لێكردن
(فەلاح) ی پارێزەر دەمێك لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی ژنەكە وەستا و پەرداخە ئاوێكی خواردەوە و بانگی چایچییەكەی خۆی كرد كە دوو چای گەرم و خەست بێنێت، ئەویش دوای دوو خولەك دوو چای هێنا و جارێ هەر زوو چایەكەی خۆی تێكدا و فڕێكی گەورەی لێدا و گوتی: من بە باشی و وردی گوێم بۆ ژنەكە شل كردبوو، كە بەو دوورو درێژییە وەسفی ژیانی خۆی كرد، مەبەستی ئەوە بوو، وەكو خۆی دەیگوت باشتر لە هۆكاری داواكردنی جیابوونەوەكەی بگات، ئەوجا هاتە سەر هۆیە راستەقینە و سەرەكییەكەی كە وایلێكرد بڕیاری جیابوونەوەی لێبدات، ژنەكە دەستی بە گێڕانەوە كردەوە و بەمشێوەیە هاتە سەر بابەتێكی دیكەی كێشەی نێوان خۆی و مێردەكەی و گوتی: من لە دڵی خۆمدا دەمگوت كابرا لێی قەوماوە هەست بە كەمی دەكات و دڵی بەخۆی دەسووتێ، كە بە كەسوكاری خۆمم دەگوت ئەوها دەكات و ئەو قسانەم پێدەڵێ دەیانگوت: كچم كابرا لیێ قەوماوە، ئەوەی بەسەریدا هاتووە كەم نییە، لێی مەگرە، بەخودا هەم نازت بەسەردا دەكات و هەمیش شەرمی بەخۆ دێتەوە، دەمگوت: كوڕە بابە وەڵلا ئەو نازەم ناوێ با نەیكات من بەخۆم نازی هەڵدەگرم و لەوەش زیاتر بەس با زمانی شیرین بكات و واز لەو تەبیعەتە تووند و شەڕانگێزیەی بێنێ، سەیر لەوەدابوو هەستم دەكرد، پرسیاری سەیر سەیرم لێدەكات و پرسیارەكانیشی هەمووی بۆنی گومانی لێدێت، دەچوومە بازاڕ، كە دەهاتمەوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵم دەست پێدەكرد و دەیپرسی، بۆ كوێ چووی، چوویتە كام دوكان، بە كوێدا چووی، لەگەڵ كێ قسەت كرد، بۆ ئەوەندەت پێچوو؟ ئەوجا نەیدەبڕیەوە، جاری وا هەبوو شەو خەوی بەمنەوە دەدەیت، بەیانی كە لە خەو هەڵدەستاین دەیگوت : ئەمڕۆ بە هیچ شێوەیەك نابێ بچیتە دەرەوە، بۆ هیچ شوێنێك ناڕۆی، ماڵەوەی لێدەكردمە بەندیخانە، تووشی داوی خۆم ببوم، باشە ئاخر من ئەوەندە خزمەتت دەكەم، ئەوەندە نازو فیزت هەڵدەگرم پێم ناڵێی تۆ من بەچی تێدەگەی، ئایا من كۆیلەی تۆم یا بەندی تۆم تا بەمشێوەیە مامەڵەم لەگەڵدا بكەی!؟ نەدەبوو پیاوێك، هەرچەندی نێزیك و خزممان بایە بێتە ماڵمان، خۆ ئەگەر بهاتایە، چاوی لە دووڕ چاوم دەناو و چاودێری دەكرد، بەجۆرێك بەڕاستی لەخۆم تەریق دەبوومەوە، ئاخر كابرای میوان هەستی بە چاودێریكردنی ئەو بۆمن دەكرد و زوو دەیزانی، ئینجا لەوەش بترازێ، فێرببوو جنێوی پێدەدام، رۆژێك نەبوو دووان نەبوو ئیتر منیش لەوزەم نەما و لەگەڵی بڕاندمەوە و پێمگوت (گەیلان) ئەوە چەند مانگێك لە ناو جێگا كەوتووی و بێ قسور خزمەتت دەكەم و لەسەر دەستان رامگرتووی سەرەتا دەستت بە بۆڵە بۆڵ كرد گوتم قەیناكە، پاشان شەڕ و ئاژاوە نانەوەت گرتەبەر، هەر گوتم قەیناكا، ئەوجا گومان كردن، و پاشان جنێودانت دەستی پێكرد، سەدان جار هەستت برینداركردووم، سەدان جار روو شكێنت كردووم، هەر قبوڵم كرد، شك و گومانت بۆ جنێوت بۆـ تۆ نە منداڵت هەیە، تۆ نە پیاوەتیت ماوە، نەدەتوانی بڕۆی بە پێیان نە كارێكت پێدەكرێت، ئەو رەزاڵەتە چییە پێم دەدەی، ئەو تاڵاوە چییە پێم دەچێژی؟، ئەوە من رۆیشتم دەوجا با یەكێك بێت خزمەتت بكات، بەمجۆرە لە ماڵ دەرچووم و چوومە ماڵی بابم، ئەوانیش لەگەڵ ماڵی باوكی دانیشتن و پێمان گوتن ئیتر ئەو هەموو سوكایەتی و ئازاردانەی كچمان بەسە، ئەوان گوتیان حەق بە ئێوەیە و هەرچی بڵێن راستەو هەقی خۆتانە.
دادگا ئاشتی كردنەوە
(فەلاح)ی، پارێزەر درێژەی بە قسەكانی دا و گوتی: ژنەكە پێی گوتم تەڵاقم بۆ وەربگرە و هەرچی هەقێكیشم هەیە، بۆمن بستێنە، منیش دوای چەند رۆژێك داوام لەسەر مێردەكەی تۆمار كرد و لە رۆژی دادبینی بەخۆو بە عارەبانەوە هاتە دادگا، كە بانگیان كردن چووینە ژوورەوە، دادوەر لە ژنەكەی پرسی كەچی دەوێ؟ ئەویش گوتی: جیابوونەوە، كە لێی پرسی بۆ، ویستی قسە بكات، پیاوەكەی ئارەقەی كرد و رەنگ و رووی گۆڕا و هەموو ئامادەبووان زانیان لەشەرمان رەنگ و رووی گۆڕاوە و سوور هەڵگەڕاوە، ژنەكەی پێش ئەوەی وەڵام بداتەوە سەیرێكی پیاوەكەی كرد و لە وەزعی گەیشت، كە وەڵامی دایەوە تەنیا گوتی: جەنابی دادوەر خەتای منە، من تەحەمولم نەماوە، ناتوانم لەگەڵی بژیم، هیچ هۆی دیكە نییە، كە وایگوت مێردەكەی فرمێسك بەچاویدا هاتە خوارەوە و پڕی دایە دەستی ژنەكەی و ماچی كرد، دادوەر سەری لەم هەڵوێستە سووڕما، ژنەكە كە ئەم وەزعەی دیت و گوتی: جەنابی دادوەر من لە داواكەی خۆم پەشیمانم بوومەوە، دادوەریش لە مەسەلەكە گەیشت و هەردووكی پێك هێنانەوە و دڵی هەردووكیانی دایەوە و پیاوەكە دەستی بە قورئانـــــــەكەی سەر مـــــــێزی حاكم دادا و گوتی: بـــــەو قورئانە هەتا ماوم لە گوڵ كاڵتری پێنەڵێم من لە بەرامبەری ئەودا ستەمكار و هەڵە بووم، ئەو ژنەم زۆر بەشەرەف و نامووسە ئەگەر ئەو بە من رازی بێ، مەمنوونی دنیا و قیامەتی دەبم.
Top