بوونە قوربانی هەڵپەیی و زوو هەڵ

بوونە قوربانی هەڵپەیی و زوو هەڵ
بنەماڵەی (نورەدین) و بنەماڵەی (زرار) دوو بنەماڵە بوون كە لەسەر زەوی و شینایی و ئەو شتانەوە دوژمندارییەتی گەورە دەكەوێتە نێوانیان و بەو هۆیەشەوە چەندین كەس لەیەكتری دەكوژن، وەكو دەڵێن هەتا دوژمندارییەكە رادەگرن یەكتر قڕ دەكەن. (سەعید) كە كوڕە بچوكی (نورەدین) بوو ئەو ناكۆكییەمان ئەوها بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: دوژمنداری خێڵەكی تا بڵێی پیسە، وەكو قیڕو بنێشت بە كەسوكاری هەردوولاوە دەنووسێت، ئێمەش چەند ساڵێك پێش ئێستا دووچاری وەها دوژمندارییەك بووین كە زۆر بەزەحمەت توانرا رادەیەكی بۆ دابنرێت. ئەگەر هەوڵی خێرخوازان و سوڵح كردن و پارەدان یا ژن بەخشین نەبایە زۆر زەحمەت بوو بەری لێبگیرێت، من بۆخۆم دوو سێ ساڵان لە زیندان پاڵم دایەوە و حوكم درام.
هۆی سەرهەڵدانی دوژمندارییەكە
دیارە هەرناكۆكییەك و خوێندارییەكیش هۆكاری خۆی هەیە، با بزانین هۆی راستەقینەی ناكۆكی نێوان هەردوو بنەماڵە (نورەدین و زرار) چی بوون، (سەعید) لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا بەمشێوەیە هۆیەكانی دوژمندارییەكەیان باس دەكات و دەڵێ: بابم كابریەكی دنیا دیتە بوو، زۆر بەپارێزبوو لە ئێمە، هەمیشە وریای دەكردینەوە كە لەگەڵ دراوسێیان یان لەگەڵ ئەوانەی زەویان بە رۆخ و زەوی ئێمەوەیە بە پارێز و وریا و لەسەرەخۆ بین. شتێكی وا نەكەین ببێتە هۆی ناكۆكیمان لەگەڵ ئەو دراوسێیانە. بەڵام برا گەورەكەم كە ئەوسا تەمەنی لە دەوروبەری بیست و سێ ساڵییەك دادەبوو، كارێكی وای كرد تووشی دوژمندارییەكی گەورەبین و بە ئامان و زەمانیش لە ژێری دەرنەچین، ئەو برایەم ناوی (عەلی) بوو، ماوەیەك تەماح لەیەكێ لە كچەكانی (زرار)ی دراوسێمان دەكات، زەوی ئێمە و ئەوان لە تەنیشت یەك دەبێ و ئەوانیش و ئێمەش خەریكی شینایی دەبین، رۆژێك ئەو كچەیان كەناوی (سەعدیە) دەبێ، دێتە شیناییەكەی ئێمە و داوای دوو خاكەناسی زیاد دەكات براكەشم ئەوە بەدرەفەت دەزانێ و لێی دەچێتە پێشەوە و قسەی لەگەڵدا دەكات، بەمشێوەیە یەك دووجاری دیكەش (سەعدیە) بە بیانووی دیكەوە دێتە لامان و ج مەیلیان بۆ یەكتری دەجوڵێ، ئەو مەیل بۆ یەك جوڵانە پەرە دەسەنێ و دەیكەنە پەیوەندی، پەیوەندی بەیەكەوە دەبەستن و هەفتەی یەك دوو جار یەكتر دەبینن. رۆژێك (سەعدیە و عەلی) ی برام لە شینایی خۆمان لە بن كەپرێكی نزیك بیرە ئاوەكەمان دادەنیشن و خەریكی قسەكردن دەبن و لەو دەمەش (برزۆ)ی برا گەورەی (سەعدیە) بە رێكەوت بۆ لای (عەلی) دێت، وەكی چاوی پێدەكەوێ وا دوو بەدووی دانیشتوونە، چاوی دەچێتە پشتی سەری و دەڵێ: ئەوە چۆنە لێرە دووبەدوو دانیشتوونە، ئەوانیش زمانیان تەتەڵە دەكات و دەشڵەژێن، كەوایان دەبینێ تێدەگات ئەوانە پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە، پڕ دەداتە (عەلی) برام و لەیەك دەدەن. (سەعدیە)ش دەكاتە قیژ و هۆڕ، باوكم و براكانی دیكەم ئاگادار دەكاتەوە، رێكەوتێكی سەیر بوو، ئەوان لەو شەڕ و یەخەگرتنەی یەكتر بوون، منیش مێوانی ماڵی بابی (سەعدیە) بووم.
باوكم و براكانی دیكەم، زوو بە فریایان دەكەون و لێیكیان دەكەنەوە، بەڵام (برزۆ) راناوەستێ). (سەعدیە) لەتاو گیانی خۆی و بۆ ئەوەی شتەكە گەورەتر نەبێ، بە پەشۆكاوی و ترساوییەوە دێتەوە ماڵی خۆیان و باوكیشی لێیدەپرسێ: هاكچم چییە بۆ واشێواوی. ئەویش دەڵێ (عەلی و برزۆ) وا تێكگیربوونە و خەریكن یەكتری دەكوژن، كەوا دەڵێ یەكێ لە براكانی (سەعدیە) پڕ دەداتە من، بێ ئەوەی ئەوەی لەبەرچاو بێ كە من میوانیانم و ناشزانم مەسەلەكە چیە و دەستم لەو مەسەلەیە هەر نییە، براكانی دیكەشی لەسەری دەكەنەوە و بەهەمووان پەلامارم دەدەن. باوكیان ئەو شتەی پێ قبوڵ ناكرێت و بە گۆچان لە كوڕەكانی دەدات و من لە بن دەستیان رزگار دەكات و بەهەرجۆرێك بێت خۆم دەرباز كرد و رامكرد. كە گەیشتمەوە شینایی خۆمان بینیم خەڵكی شیناییەكانی دیكە (برزۆ) دووردەخەنەوە و بەخۆیان دەیبەنەوە ماڵی خۆیان. بۆ ئێوارە دراوسێ و ناسیاوان هەوڵیاندا كێشەكە كۆنترۆڵ بكەن و لەوە زیاتر تەشەنە نەكات و لە بنج و بنەوانی كێشەكەش بكۆڵنەوە بۆ ئەوەی چارەسەری بكەن. ئەوان گوتیان جارێ هیچ شتێك ناكەین هەتا بە تەواوەتی تێدەگەین (عەلی) چ پەیوەندییەكی لەگەڵ (سەعدیە) هەیە. كە تێگەیشتین ئەوسا قسەی خۆمان دەكەین، دوو سێ رۆژان خۆیان كڕ كرد، بەڕاستی ئێمەش وامانزانی ئیدی سارد بووینەوە بۆیە هیچ قسەیەك ناكەن، ماوەیەكی دیكە بە خۆمان هەندێ پیاوی ماقووڵ و ریش سپی دەبەین و بەیەكجارەكی عاجزییەكە دڕەوێنینەوە، بەڵام ئەوەی قەت چاوەڕێیمان نەدەكرد، ئەوەیان كرد. پاش بەسەرچوونی ئەو دوو سێ رۆژە، (زارێ) ی خوشكم، نیوەڕۆی بوو، كە لە كۆتایی زەوییەكەمان خەریكی رنینی هەندێ تەماتە و باینجان بوو، بۆ كەرەستەی چێشتی نێوەڕۆ، لە پڕ دوو لە براكانی (سەعدیە) لە پشتەوەڕا تاویان دایێ و بە مقەسێك هەردووكەزیان بڕی و ئەتكیان كرد. (زارێ) یش بە گریان و زارەترەك گەڕایەوە ماڵێ و وەك بروسكە خۆی كوتایە ئەو ژوورەی كە دایكمی لێبوو. بەگریان و لەخۆدانەوە، بەهەر جۆرێ بێ لەدایكمی گەیاند، لەو دەمەش (عەلی) و ئەحمەدی برام كە یەك ساڵ لەو بچووكتر بوو گوێیان لەو قسانە دەبێ. هەردووكیان تەگبیر دەكەن، بێ ئەوەی باوكم ئاگادار بێت، دەچنە ژوورەكەی ئەولاتر، سەرو تفەنگێك بەدەست دێنن و رێكدەكەون كە تۆڵەی ئەو ئەتككردنە بكەنەوە. ئەوە بوو كە دەڕۆن دایكم پێی دەزانێ. هاوار لە باوكم دەكات كە بیانگاتێ، باوكیشم بەراكردن بەدوایاندا دەڕوات. براكانی (سەعدیە) كە دەیانبینن، بە خۆ و بەتفەنگەوە هاتوون. لەبەر ئەوەی دەستیان بە تەفەنگێ راناگات، لەترسان رادەكەن. (ئەحمەد) بە (عەلی) برام دەڵێ، ئەو كێشەیە هەمووی لەسەرینی (سەعدیە)یە و (زارێ)ی خوشكیشمان هەر بەو هۆیەوە ئەتك كرا تۆش مەرد بە، رێم بدە با من ئەو ئەتك بكەم. بەڵام (عەلی) برام رێگەنادات و دەگەڕێنەوە. دیسان خەڵك دێنەوە ناوبژی و باوكم و براكانم تەنیا دوو رێگەیان لەپێشدا دەهێڵنەوە یان باربكەن و بڕۆن یان تۆڵەیان لێدەستێندرێتەوە، ناچار باردەكەن، بەڵام ماڵە مامێكیان دێتە جێگەیان و كارەكانیان بۆ هەڵدەسوڕێنن، یەك دوو ساڵان كارەكە وەها دەڕوات. پاش سێ ساڵان بێ پرسی ئێمە وردە وردە دێنەوە شوێنی خۆیان و ئاخیرییەكەی بەدەردەكەوێت كە بە یەكجارەكی هاتوونەتەوە، ئێمەش زۆر بەوە نارەحەت بووین، شەوێك (ئەحمەد)ی برام بەدزییەوە دەچێتە سەریان و یەكێ لە براكانی (سەعدیە) ئەوەی كە پرچی (زارێ)ی خوشكمانی بڕی بوو، دەداتە بەرخەنجەران و وازی لێناهێنێ هەتا دەیكوژێ، بەڕێكەوت باوكی (سەعدیە) كە ئەو دەمە دەچێتە سەر ئاو بە كوشتنی كوڕەكەی دەزانێ. هەموویان لە خەو رادەپەڕێنێت و ئاگاداریان دەكاتەوە، بەڵام ناهێڵێ دەنگیان بێتە دەر. خڕیان دەكاتەوە و تەگبیریان بۆ دەكات كە بەرە بەرەی مەلابانگدان، ئەوانیش بێنە سەرمان یەك و دوانێكمان لێبكوژن، (ئەحمەد) لەترسی تۆڵەسەندنەوە ئەو شەوی كەهاتەوە نەخەوت. لەبەر هەندێ كە ماڵی (سەعدیە) بەسەریان داداین، ئەو هەرزوو دوانی لێكوشتن، كە تەقە دەست پێكرد، ئێمەی بە ئاگاهێنا و پێشتریش هەر شەوێ تفەنگی دیكەی هێنابوو لەوێی دانابوو، حسابی ئەوەی كردبوو كە دێنە سەرمان، ئیدی ئێمەش كە لەخەو هەڵساین، زانیمان شەو چ كەتنێكی كردووە و ئێستاش دوانی دیكەی لێكوشتوونە، بەڵام یەكێ لە براكانی (سەعدیە) نارنجۆكێكی فڕێدا كە بووە هۆی كوژرانی (عەلی) و برینداربوونی باوكم و (ئەحمەد)ی برام. منیش سێرەم لەو كەسە گرت كە نارنجۆكەكەی فڕێدا و گوللیەكم تێگرت و كوشتم، خەڵك و راوسێ و ناسیاوەكانی هەردوولا هەواڵیاندایە پۆلیس و ئەوانیش هەتا هاتن ئێمە هەر تەقەمان لەیەك دەكرد، كە پۆلیس گەیشتێ ئێمە و ئەوانیان تۆق كرد و پاش هەوڵێكی زۆر ئینجا توانیان وەزعەكە كۆنترۆڵ بكەن و هەردولامان چەك بكەن. ئەوەبوو هەموومانیان دەستگیر كرد و تەرمەكانیشیان بردە داد پزیشكی و ئەوەی برینداریش بوو لە ژێر چاودێری و پاسەوانییەوە خرایە نەخۆشخانە.
دادگاییكردن و سزادان
(سەعید) لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا دەڵێ: بەراستی كارەساتێكی دڵتەزێن بوو، لەسەر شتێكی زۆر هیچ و پووچ چ كێشەیەكی گەورە قەوما، راستییەكەی هەڵەی هەردوولایان بوو، چونكە شتێكی وەها رووینەدابوو تا وەها گەورە بكرێت، ئەوەی هەبوو، نەبوو (عەلی) برام و (سەعدیە) پێكەوە دانیشتوون و قسەیان دەكرد، پێدەچوو دڵیان چووبوە یەك، چونكە ماویەەك بوو كە (عەلی) برام باسی ژنهێنانی دەكرد و بەدڵنیایشەوە تەماحی لە (سەعدیە) كردبوو بیخوازێت، كەچی مەسەلەكە چۆن و بەچی شكایەوە. كە ئێمە دەستگیركراین، پۆلیس لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كردین و پاشان ئێمەیان دایە دادگا بۆ ئەوەی دادگایی بكرێین. باوكم دوو پارێزەری بۆ گرتم و پاش چەندین مانگ دادگاییكردن ئەوجا سێ ساڵ و پێنج مانگ حوكم درام. كە حوكمیش درام كێشەكە هەر نەبڕایەوە، بۆیە بە هەوڵی خزم و كەسان، ناچار بووین سوڵحیان لەگەڵدا بكەین و ئێمە بڕە پارەیەكی زۆرمان دا و زەوییەكانیشمان فرۆشت و لەوێش بارمان كرد، منیش ماوەی حوكمم سەربرد و هاتمە دەرەوە. بەمجۆرە هەموومان تەنیا زەرەرمان كرد و باجی كەللەرەقییەكی بێ عەقڵانەمان دا.
Top