ئەو پیاوەی شایــەنی ژیـانی هاوž

ئەو پیاوەی شایــەنی ژیـانی هاوž
نەبــوو(چنار) كە لە رۆژی دادبینییەكەیدا لە ناو هۆڵی دادگا و لەبەردەم دادوەر راوەستابوو، بۆ ئەوەی بڕیاری جیابوونەوەی خۆی لە(یوسف)ی مێردی وەربگرێت و بەیەكجاری دەستی لەم پیاوە بەربێت و سەر لە نوێ ژیانێكی دیكە دوور لەو پیاوەی بباتە سەر، هەردووكیان راوەستابوون لەبەردەم دادوەر و چاوەڕێی پرسیارەكانی دادگا بوون، دادوەر یەكەم پرسیاری ئاڕاستەی (چنار) كرد كە ئایا هەر سوور، لەسەر داواكەی ئەویش گوتی بەڵێ: لە پرسیاری دووەم دا دادگا ویستی بزانێ كە بۆچی داوای جیابوونەوەی لە مێردەكەی دەكات لە كاتێكدا كە دوو منداڵیشیان لەیەك هەیە، ویستی وەڵام بداتەوە(یوسف) لەبن زمانەوە بە دەنگێكی نزم گوتی: وەڵڵا دیارە هار بووە بۆیە دەنا شەرمی بەخۆی نییە كە داوای جیابوونەوە دەكات.؟
دادوەر گوێی لە پسكە پسكەكەی بن لێوانی(یوسف) بوو، بۆیە بە توندی وەڵامی داوە و گوتی: ئەمجارە وەڵامی بدەیتەوەو لە خۆتەوە قسە بكەی بەبێ ئیزنی دادگا، یەكسەر زیندانیت دەكەم، فڕێت دەدەمەوە ژوورەوە، لەم دەمە گفتوگۆیەكی كورت و تایبەت لە نێوان دادوەر و ئەندامی داواكاری گشتی دروست بوو، دیاربوو ئەندامەكەی داواكاری گشتی چەند پرسیارێكی تایبەتی هەبوو، بۆیە بە هێواشی و بە چڕیەوە، لەگەڵ دادوەر دوا كە دادوەریش بەرپەرچی(یوسف)ی دایەوە، و بێدەنگی كرد،(چنار) بە تیلەی چاو، بەتەوسەوە سەیرێكی (یوسف) ی كرد، ئاخ و ئەسەفێكی قوڵی هەڵكێشا و بە خەیاڵ و بروسكە، گەڕایەوە سەرەتاكانی ژیانی هاوسەرێتیان و ئەو ساتانەی بیردەهاتەوە كە چۆن پەیوەندی خۆشەویستیان دروستبوو، چۆن( یوسف) بەڵێنی سەوزو خەونی ئەرخەوانی بۆ دەبینی و دەیدایێ، پاشان چۆن دوای ئەوەی كە دوو منداڵیان دەبێ خیانەتی لێدەكات و پەیوەندی لەگەڵ ژنێكی تر دەبەستێ و پاشان ئەو ساختە و ساختەكارییەی كە دەیكرد و پارەی ئەم و ئەوی دەخوارد، لە یەكەم ساتی بینینی (چنار) ئەوەی بیرهاتەوە كە (یوسف) پێی گوت:
واهەست دەكەم تازە لە دایكبوویمەوە و دنیا بە تۆ رووناك بۆتەوە، بەڵێن دەدەم تا ماوم لە ژیاندا لە تۆ زیاتر كەسی ترم خۆش نەوێت.
(چنار) لەو خەیاڵانەدا بوو كە دادوەر لێی پرسییەوە ئایا بۆچی داوای جیابوونەوەی لێدەكات، ئەویش بەم شێوەیە دوا و گوتی: وەڵڵا چ بڵێم، تۆماری ئەو داوایانەی كە لەسەریەتی و لەم دادگایەیە، دیارە و بەڵگەنە، ئەو پیاوەم سەرەڕای ئەوەی كە زۆر بۆی باش و دڵسۆز خۆ ڕاگر بووم كەچی، جگە لە خیانەت و خیانەتكاری و كێشە نانەوە و بە هانە گرتن لەسەر شتی بچووك و ئەوجا شەڕ و ئاژاوە، نانەوەو دواجاریش لێدانم و لەماڵ دەركردنم، هیچی ترم لێنەبینوە، بەخۆشتان دەزانن كە بە فروفێڵ و ساختە و ساختەكاری پارەی چەند كەسی خواردووە و فێڵی لێكردوون، ماوەیەك پێش ئێستا چەند جارێك گیرا و بە كەفالەت ئازاد كرا، ئەوە نزیكەی شەش مانگێكە پەیوەندی عەشق و عەشقبازی لەگەڵ بێوەژنێك هەیە كە كەس نازانێ كێیە و بۆچی و لەسەرچی و كەی تەڵاقدراوە، باشە من پێمگوتووە، كە ئاخر من چ كەموكوڕییەكم بەرامبەر بەتۆ هەیە، تۆ كە خاوەنی ماڵ و منداڵی و بەو پەڕی دڵسۆزییەوە بە هەموو وەزعێكت رازی بوومە، تۆ بۆچی خیانەتم لێدەكەی، ئایا تۆ منت دەوێ ئەگەر خیانەتت لێبكەم، بە من رازی دەبی؟ ئەی گەر دەست لەگەڵ پیاوێكی بێگانە تێكەڵ بكە؟ پێم دەڵێ شتی وا بكەی لووتت دەبڕم، من كە شتی وا ناكەم نەك لەبەر ئەو بەڵكو هەر لەبەر كەرامەت و كەسایەتی و ئابڕووی خۆم، جا كە شتی وا ناكەم، لە تۆش قبوڵ ناكەم كە هاوسەرت بم و بەم جۆرە هەڵسوكەوت بكەیت.
ئەوە بێجگە لەوەی زۆرجار كە لەگەڵ ئەو ژنە دۆستەی دەبێتە ناكۆكی و ناخۆشیان ، لەمن بەردەبێ و داخی دڵی خۆی بە من دەردەكات، لەبەر هەندێ، ئەوانەی كە گوتم بەشێكی هۆییەكانن، هۆی دیكەی زۆر هەن كە من بەدەست ئەم پیاوەوە لە ژیانێكی نا لە باردا دەژیم و دەگوزەرێنم، بۆیە داوا دەكەم كە لێی جیا ببمەوە و لە كۆڵم بێتەوە، بۆ خۆم لەسەر منداڵەكانی خۆم دادەنیشم، چ پێویستم بە مێرد نییە، وەزیفەیەكم هەیە و بەهۆیەوە مووچەی پێوەردەگرم و خۆم و منداڵەكانم بەو پەڕی سەربەرزییەوە دەژیەنم و چ پێویستم بە پیاوێكی وا سەر بە گێچەڵیش نییە، با بۆ خۆی سابڕوا ژیانی خۆی هەڵبژێرێت و چیتر بیر لەوە نەكاتەوە جارێكی تر من لەلای بم.
دوای ئەو قسانە دادگا داوای شایەتی لێكردو پاشان دانیشتنەكە دواخرا بۆ كاتێكی تر.
ساختەكارییەكانی(یوسف).
سەبارەت بە كێشە و ساختەكارییەكانی تری(یوسف) بە باشمان زانی ئەو كێشانە لە زاری(چنار) خۆی ببیستین و بزانین چین، لەو بارەیەوە(چنار) بەمجۆرە دەستی بە قسان كرد و گوتی: من زۆر خەفەت لەوە دەخۆم ئەوەندە ساڵەی ژن و مێردایەتیم لەگەڵ كابرایەكی وەها پارە خۆر و ساختەچی و قۆڵ بڕ بردەسەر، كاتێك پەیوەندی لەگەڵ ئەو بێوەژنە پەیدا دەكات، من لە پێش چاوم كەوت و چیتر وەك مێردێك حسابم بۆی نەدەكرد، چونكە بەڕاستی حورمەتی ماڵ و منداڵمی شكاند و حورمەتی خۆشی لەلام شكاند، (یوسف) پارچە زەوییەكی وەرگرتبوو، منیش خانوویەكی بچكۆڵەم هەبوو، كە باوكم بۆی كڕی بووم، بەناوی كردبووم، دەیویست بە زۆر خانووەكەم پێ بفرۆشێ و زەوییەكەی خۆشی بفرۆشێ تا ئەو بێوەژنە بخوازێ و زێڕی بۆ بكات و ماڵی بۆ دابنێت، منیش پێم گوت كە خانووی خۆم بەهیچ شێوەیەك نافرۆشم، ئەم خانووە هی ئەم دوو منداڵەمە و دەستی لێنادرێت. ئینجا كردیە شەڕ لەگەڵم و لێیدام و پاشان دەریشی، كردم، هەموو ئامانجەكەی ئەوە بوو، خانووەكەم لەبن دەست دەربێنێ بۆ رازی كردنی خانمی بێوەژن، ئینجا كە ئەوەی بۆ نەچووە سەر هەستا بازرگانی و كڕین و فرۆشتنی بە زەوییەكە كرد، بەڵام چۆن كڕین و فرۆشتنێك، زەوییەكەی خۆی دا بە یەكێك بە مەبلەغێك پارە ، پاشان قەواڵەی زەوییەكەی بە رەنگاورەنگی لەبەرگرتەوە و هەر بەو قەواڵەیە فرۆشتییە كەسێكی تر و بڕە پارەیەكی دیكەی لەویش وەرگرت و قەواڵەكەی پێدا، پاشان بە قەواڵەیەكی لەبەر گیراوی دیكەوە فرۆشتییە كەسێكی تر و بڕە پارەیەكی لەویش وەرگرت، بەم حاڵەوە مەبلەغێك پارەی باشی كۆكردەوە، ئینجا چوو بەناوی(نیشان)كردنەوە، سی چل مسقاڵێك زێڕی بۆ بێوەژنەكە كڕی، وادەیان بۆ دانابوو، كە دوای هەفتەیەكی تر مارەی دەكەن و دەچن كەسوكاریان لە بەغدا دێنن بۆ ئەوەی خۆیان بۆ رێوڕەسمی مارەكردن ساز بكەن، كە رۆیشتن، ژنە ژمارەی مۆبایلەی گۆڕی بوو، چۆنیش رۆیشت، هەروا رۆیی و كەسیش نەیزانی بۆ كوێ چوو، ئەوەبوو دوو هەفتەیەك ئینجا زانی ژنە كڵاوی كردۆتە سەر و دەستی بڕیوە، هەر دوای هەفتەكەش كڕیارەكان بۆیان دەركەوت كە(یوسف) فێڵ و ساختەی لێكردوون، ئەوانیش یەخەیان گرت و تێرو پڕیان لێدا و ئەوجا بە گرتنیشیان دا و ئیتر دە دوانزە رۆژێك لە بەندیخانەدا مایەوە و ئینجا بە كەفالەت ئازادكرا، كەسیان لە دادخوازەكان لە حەقی خۆیان خۆش نەبوون و هەموویان هەم پارەی خۆیانیان دەویستەوە هەمیش داوای سزادانیان دەكرد.
بەندكردن بۆ ماوەی یەك ساڵ
كە دانیشتنەكانی دادگا دەستی پێكردەوە و چەند جارێكی تر لە كێشەی نێوان(چنار و یوسف)ی كۆڵێیەوە، دواجار بڕیاریدا بە جیابوونەوەی(چنار) لە(یوسف) و هەموو مافەكانی بۆ مسۆگەركرا و هەردوو منداڵەكەش درایە(چنار)بەمجۆرە كێشەی نێوانیان لە رووی هاوسەرییەوە كۆتایی پێهات، سەبارەت بە كێشە ساختەكارییەكانیش، دۆست و برادەرانی(یوسف) زۆریان هەوڵدا كە دادخوازەكانی یارمەتی(یوسف) بدەن و لێیخۆشبن، نەبادا حوكم بدرێت، بەڵام كەسیان ئامادەنەبوون لە مافی خۆیان خۆش بن و ئەویش وەكو بەرزەكی بانان بۆ دەرچێ و لە سزای ئەو كەتنانەی دەربازببێت ئینجا دووبارە دادگاییكردنی دەستی پێكردەوە و بۆ دادگا روون بۆوە كە فێڵ و ساختەكاری كردووە كەسێكی تەڵەكەبازە و هەقی سێ كەسی خواردووە، پاش تەواوبوونی دادگایی، دادوەر بڕیاریدا بە ساڵێك زیندانی بەند بكرێت، و مافی هەر سێ كەسەكەش بداتەوە، بەمجۆرە لە سەرێكەوە، بێوەژنەكە قۆڵی بڕی، لەسەرێكی ترەوە ژنەكەی لێجیابۆوە منداڵەكانی لەبن دەستیدا نەمان و خۆشی جگە لە پێژماردنی ئەو پارانەی كە بە فێڵ وەریگرتوون، بڕە پارەیەكی باشیشی لە كیس چوو، دادگاش بە ساڵێك زیندانیكردن حوكمی دا.
Top