پێویستە كۆمپانیاكان لە هاوردەكردنی بە رهەمەكانی گۆشتدا پابەندی مەرجەكانی وەزارەت بن

پێویستە كۆمپانیاكان لە هاوردەكردنی بە رهەمەكانی گۆشتدا پابەندی مەرجەكانی وەزارەت بن
گوڵان- بەهادین جەلال

عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جەختی لەوە كردەوە كە وەك وەزارەت هیچ دەوڵەت وكۆمپانیایەكی هەناردەكاری گۆشت بە ناحەزو نەیاری خۆمان نازانین، تەنیا لای ئێمە تەندروستیی هاووڵاتیان وكوالیتی بەرهەمی هاوردە گرنگە، ئەمەش لەمیانی پێشوازی كردنی لە شاندێكی هاوبەشی دوو كۆمپانیای هیندی و توركیدا هات كە پێكهاتبوون لە (ئەفزەڵ عەبدولعەزیز) بەڕێوەبەری لقی سەرەكی كۆمپانیای ئالانی هیندی بۆ بەرهەمەكانی پەلەوەرو ئاژەڵ و( تەیسیر بەسام) بەڕێوەبەری لقی عێراقی كۆمپانیاكە و (ئۆرهان عەبدولرەحمان) بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆنمزلەر و بریكاری كۆمپانیاكە (سالم یوسف عەڤدی) و شاندێكی یاوەریان لە هەردوو كۆمپانیاكە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری و سامانی ئاژەڵ بە وەكالەت، شاندی میوان دووپاتی كردەوە كە ئەوان ئامادەن بۆ هەموو تێبینی و سەرنجێك دەربارەی بەرهەمی هاوردەی گۆشت و بەرهەمی مریشك لە هیندستان، لەم رووەوە وەزیری كشتوكاڵ روونی كردەوە كە ماوەیەك لەمەوبەر شاندێكی پسپۆڕو شارەزا لە وەزارەت سەردانی هیندستانی كرد و لە نزیكەوە بە بەرهەمی كارگەكان ئاشنابوو، بەڵام چەند تێبنییەكی وردمان هەیەو لەم نزیكانە لەمیانی راپۆرتی كۆتایی سەردانەكە دەیخەینەڕوو، جەختی لەوەشكردەوە كە ئەوان تەنیا قبوڵ دەكەن لەو كارگەیە گۆشت هاوردەی كوردستان بكرێت كە لیژنەكە سەردانی كردووە، هاوكات دەبێ هەموو مەرجەكانی تەندروستی تێدا بێت، بەڵام هەر گۆڕانكاریەكی تێدا رووبدات ئەوا هاوردەی بەرهەمەكە دەبڕین و بە یەكجاری هاوردەی ناكەین. لەلای خۆشییەوە بەڕێوەبەری لقی سەرەكی كۆمپانیای ئالانی هیندی بۆ بەرهەمەكانی پەلەوەرو ئاژەڵ بەڵێنی دا كە پابەندی هەموو مەرجەكانی وەزارەت دەبێت و لەم بارەوە هەماهەنگی تەواو دەكەن، ئەمەو لە كۆتاییدا دیارییەكی پێشكەش بە وەزیر كرد و ئەویش سوپاسی كۆمپانیای ناوبراوی كرد.
Top