قۆناغی دووەمی پڕۆژەی رووپێوی پێشكەوتووی سەرچاوە ئاوییە جیۆلۆجییەكان لە عێراق كرایەوە

قۆناغی دووەمی پڕۆژەی رووپێوی پێشكەوتووی سەرچاوە ئاوییە جیۆلۆجییەكان لە عێراق كرایەوە
گوڵان/بەهادین جەلال
بە ئامادەبوونی بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رێورەسمی كردنەوەی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پڕۆژەی رووپێوی پێشكەوتووی سەرچاوە ئاوییە جیۆلۆجییەكان- قۆناغی دووەم- لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەكانی ئاو دەستی پێكرد. كە لەلایەن رێكخراوی یۆنسكۆو هەردوو وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق و كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان و بە پاڵپشتیی ماددی یەكێتیی ئەروپا بەڕێوەدەبرێت، لەم رێوڕەسمەدا هەریەك لە سەرۆكی رێكخراوی یۆنسكۆ لە عێراق و بریكاری وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق و مستەر ئەندریاس بەڕێوەبەری پڕۆژەكەو نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی پلان و دارایی عێراق و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و پسپۆڕو شارەزایانی بواری ئاو ئامادەبوون، سەرەتا بەڕێوەبرەی پڕۆژەكە لە وتەیەكدا كورتەیەكی دەربارەی بڕگەكانی ئەم پڕۆژەیە خستەروو كە ئاماژەی بەوە دا مەبەستی سەرەكی لەمەدا بەرزكردنەوەی ئاستی توانای ئەو كارمەندانەیە كە لە كەرتی ئاودا كاردەكەن و ئەمەش قۆناغی دووەمە و هیوای خواست كە لەم كارەدا سەربكەون و ئەنجامی بەسوودی لێ بكەوێتەوە. دواتر وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە وتەیەكدا سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی كرد لە یەكێتیی ئەوروپاو رێكخراوی یۆنسكۆو حكومەتی فیدڕال و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی وەزارەت بۆ كردنەوەی ئەم جۆرە خولانە و سەرەتا ئاماژەی بە گرنگیی ئاو كرد لە ژیانی خەڵكدا و دووپاتی كردەوە كە ئاسایشی ئاو پێش ئاسایشی خۆراك دێت و روونیشی كردەوە كە لە قۆناخی یەكەمدا 650 هەزار دۆلار بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان كرابوو، لە قۆناغی دووەمیشدا 5 ملیۆن یۆڕۆ كە لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاوە تەرخانكراوە، بەبیرئامادەبووانیشی هێنایەوە كە 160 كارمەن لە بوارە جیاجیاكان لەو پڕۆژەیە سوودمەندبوونە، دواتر ئامانجی ئەو خولانەی روونكردەوە كە بۆ دیاریكردنی داتاكان و بەڕێوەبردن لە بواری سەرچاوەكانی ئاوو دیزایینی پڕۆژەكان و چاودێری كردنی بیرەكان و پارێزگاریكردن لە سامانی ئاو و بەفیڕۆنەدانی و هۆشیاركردنەوەی خەڵك بۆ ئەم مەبەستە، ئینجا هەریەك لە بەڕێوەبەری یۆنسكۆ لە عێراق و جێگری وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق وتاریان خوێندەوەو سوپاسی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و یەكێتیی ئەوروپایان كرد بۆ ئاسانكاری و سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە، دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رۆشنایی خستە سەر ناوەڕۆك و ئامانجەكانی كردنەوەی ئەم پڕۆژەیە.
Top